الجمعة، 8 مارس 2013

دەزگای وارڤین: هەشتی مارس رۆژی دەنگهەڵبڕینی ژنانە دژ بە هەڵاواردن و توندوتیژی

دەزگای وارڤین: هەشتی مارس رۆژی دەنگهەڵبڕینی ژنانە دژ بە هەڵاواردن و توندوتیژی
04:55:08/03/2013
لۆگۆى ده‌زگاى وارڤين.
وارڤین – هەولێر: دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، لە بەیاننامەیەكدا، رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی لەم هەرێمەدا جگە لە كاركردنی رووكەشانە و بەكارهێنانی پرسی ژن بۆ جوانكردن و رتووشكردنی سیمای خۆی هیچ كارێكی ئەوتۆی لەسەر زەمینەی واقیع بۆ پرسی ژنان نەكردووە.

دەقی بەیاننامەكە:
هەشتی مارس رۆژی دەنگهەڵبڕینی ژنانە دژ بە هەڵاواردن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی
بۆ رایگشی
ژنانی ئازایخواز و پیاوانی یەكسانیخواز

ژنانی جیهان لە هەشتی مارسی هەموو ساڵێكدا، بە گوڕتر و جەسوورانەتر یادی ئەو رۆژە جیهانییە دەكەنەوە، كە  ژنانی كارگەیەكی ئەمریكا، تێیدا بوونە سەرمەشقی راپەڕین و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمە مێژوویەی لە ژنان دەكرا، لەو رۆژەدا، بە دەیان ژن بوونە قوربانی رێگەی تێكۆشان دژ بە نەریتی دواكەوتوانەی پیاوسالاری و زەبرو زەنگی پیاوانی خاوەن كار و سەردەستە لە كۆمەڵگەدا..

ئێمە دوای سەد و سێ ساڵ لە سەرهەڵدانی ئەو بزاڤە ئاشتیخوازانەیەی ژناندا، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی و دووپاتكردنەوەی بەڵێنی بەردەوامیمان لە سەر رێگەی خەباتی ژنانی ئازادیخواز تا گەیشتن بە تەواوی مافە بنەڕەتییەكانی ژن، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی تەواوی ژنانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و ژنانی جیهان دەكەین.

لێرەوە رایدەگەیەنین، كە كاتی ئەوە هاتووە، هەشتی مارسی ئەمساڵ بكەینە بۆنەیەك بۆ كۆبوونەوەمان لە ژێر چەتری هاوخەباتی و دەست لەناو دەستی بۆ بەدیهانی ماف و ئامانجەكانی كاروانی ئەو خەباتەی كە سەد و سێ ساڵ لەمەو بەر ژنانی جیهان مەشخەڵیان هەڵگرت و بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان كاروانەكەیان خستەڕێ.

بە ئاوڕدانەوە لە خەباتی ژنانی جیهان ئەزموونگەلێك فێردەبین كە توێشووی رێگەی تێكۆشانمان لە هەرێمی كوردستان پێویستی پێ دەبێت و ئەو وانانەی لە خەباتی ژنانی جیهانییەوە فێر دەبین، بۆ ئێمەی ژنانی كوردیش ئیلهام بەخش و سەرچاوەی وزە و تینی تێكۆشانمانن.

ژنانی ئازایدخوازی كورد و پیاوانی یەكسانیخوازی كورد
وەك خۆتان ئاگادارن رۆژ نیە، لە هەرێمی كوردستاندا، لە سایەی بوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری و پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەی تایبەت بە پرسی ژنانەوە بە هەواڵی كوشتن و سووتان و هەڕەشەكردن لە ژنان رانەچڵەكێین.

دەتوانین بڵێین، لە هەرێمدا، وێڕای ئەوەی توانراوە دەستكاری هەندێك بڕگەی یاسایی بكرێت و یاسای نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان دەربكرێن، بەڵام بەداخەوە وەك ئەوەی خودی ژنانی پەرلەمانتار دانیان پێدا ناوە دەسەڵاتی راپەڕاندن و دادگاكان ئەو یاسایانە وەك خۆیان جێبەجی ناكەن و تەنانەت هەندێك لەو كەسانەی لە حكومەت و دادگاكاندا كار دەكەن، بڕوایان بە پرسی ژن نیە.

لە لایەكی دیكەوە، رەوشی ژنان لە هەرێمدا، رۆژ لە دواری رۆژ رووی لە خراپی كردووە و هەر لە ئامارەكانی توندوتیژییەوە بگرە تا پەراوێزخستنی هەمەلایەنەی ژنان لە كایە سیاسی و ئیداری و رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵگەدا، بوونەتە مۆرك و ناسنامەی ئەم هەرێمە و وایلێهاتووە لە ئاستی جیهاندا، هەرێمی سێ پارێزگاییەكەی كوردستان وەك هەرێمی ژن كوشتن و سووتان و توندوتیژی دەناسرێتەوە.

ژنانی ئازایخوازی كورد و خەڵكی كوردستان
لە هەشتی مارسدا كاتی ئەوە هاتووە، هەمووان بپرسین، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری ئەم هەرێمە هێندە بە تەنگ ماف و ئازادی ژنەوەیە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكات، بۆچی ئامارەكان تا دێت روو لە هەڵكشانن؟

بەڕێزان بە گوێرەی تازەترین ئامارك كە هەر دوێنێ (7 / ئازار – مارس / 2013) گروپێكی ژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لە شاری هەولێر بڵاویانكردەوە، لە ساڵی (2011 - 2012)دا، لە سنووری هەرێمی كوردستان (74) ژن كوژراون، بەڵام لە لایەن حكومەت و دادگاوە تەنیا (16) بكوژ سزادراوون.

هەروەها لەو ماوەیەدا (709) ژن خۆیان سووتاندووە و یان سووتاون، بەڵام لە لایەن حكومەت و دادگاوە تەنیا (3) كەس سزا دراوون. (1681) حاڵەتی ئەشكەنجە و ئازاردانی ژنان تۆمار كراوە، بەڵام دادگا و حكومەت هیچ كەسێكی بەو هۆیەوە سزا نەداوە.

لە بەرامبەر تاوانی دەستدرێژیكردنی سێكسیش بۆ سەر ژنان، ئامارەكە روونیكردووەتەوە، كە (279) حاڵەتی دەستدرێژی تۆمار كراوون، بەڵام دادگاكان و حكومەت تەنیا (2) كەسیان سزا داوە.

لە بارەی سوڵحی عەشائیرییەوە ئامارەكە باسی لەوە كردووە لە دادگاكاندا پەڕاوی زیاتر لە (1000) سكاڵاكار لەسەر توندوتیژی لەبەر نەبوونی لیژنەی ئاشتی و ئاشتەوایی (مصالحە) كە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هاتووە، هێشتا بە یەكلانەكراووی ماوونەتەوە.

ئەم ئامارە ئەگەر هیچمان پێ نەڵێت، ئەو راستییەكان بۆ ئاشكرا دەكات، كە حكومەت و دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی لەم هەرێمەدا جگە لە كاركردنی رووكەشانە و بەكارهێنانی پرسی ژن بۆ جوانكردن و رتووشكردنی سیمای خۆی هیچ كارێكی ئەوتۆی لەسەر زەمینەی واقیع بۆ پرسی ژنان نەكردووە.

لێرەوە بە پێویستی دەزانین، جارێكی دیكە چەند داواكارییەكی رەوای ژنان بۆ بەرچاوی لایەنە رەسمییەكان و هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای دادوەری بخەینە بەرچاو:

یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبوردنی گشتی، بە یاسا هەر جۆرە لێخۆشبوون و لە سزا لادانی كەسانی ژن كورد قەدەغە بكرێت. پێویستە لە بڕیاری لێبوردنی تایبەت و مەرجداردا، كە ناوبەناو سەرۆكایەتی هەرێم بۆ تاوانبارانی سزادراوی دەردەكات بە هیچ شێوەیەك بكوژانی ژن نەگرێـتەوە چونكە ئەو جۆرە لێبوردنانە ترسی یاسا و جێبەجێكردنی یاساكانی لەلای بكوژانی ژن كەمكردووەتەوەو یەكێكە لە هۆكارەكانی بەهەند وەرنەگرتنی یاساكان.

دووەم: قەدەغەكردنی چەكهەڵگرتن لە هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی دیاردەی بوونی چەك لە ماڵاندا، بەگوێرەی ئامارێكی دەزگای وارڤین زیاتر لە ملیۆنێك و نیو لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چەكدارن و خاوەنی چەكن، هەروەها بەگوێرەی ئامارەكان سەدا هەشتای ئەو  ژنانەی كوژراون بە چەك كوژراون و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ژیانی ژنان و پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993 ی تایبەت بە چەك هەڵگرتن هەموار بكاتەوەو چیدیكە رێگەنەدات چەك بەدەست خەڵكەوە بێت و تەنانەت ئەو كەسانەش كە بەهۆی ئەركەكەیانەوە چەكییان پێیە پێویستە چەك نەبەنەوە ماڵ و چەك تەنیا لەكاتی ئەركدا بەدەست كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆوە بێت.

سێیەم: بەدواداچوونی جدی بكرێت بۆ كەیسی ئەو ژنانەی لە رابردوودا كوژراوون و بكوژەكانیان بە ئازادی دەسووڕێنەوە و جێبەجێكردنی یاسا بەسەر هەموواندا وەك یەك.

چوارەم: داخستنی تەواوەتی ئەو ناوەندە عەشائیریانەی كە لێیانەوە سوڵحی عەشائیری بە خوێن و جەستەی ژنانەوە دەكرێت و بوونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسادا.

پێنجەم: كۆتایهێنان بەو پەراوێزخستنەی لە ئاستی سیاسییدا لەبەرامبەر بە ژنان لە ئارادایە.

شەشەم: پێویستە حكوومەتی هەرێم پرسی ژنان لە چوارچێوەی ئەنجومەنێكدا بچووك نەكاتەوە و بەهاوكاری تەواوی رێكخراوەكانی ژنان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو پرسە ستراتیژییەكی دوور مەودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دابڕێژێت و ئەو یاسایانەی تایبەت بە پاراستنی مافەكانی ژنان لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوونە وەك خۆی بیانخاتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەحاڵەتی هەبوونی سەرپێچی و فەرامۆشكردندا لێپرسینەوە بكات.

حەوتەم: داوا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین هەرچی زیاترە لە رێگەی لیژنە هەمیشەیی و تایبەتییەكانییەوە چاودێری وردی جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە بكات كە لەپێناو بەرقەراركردنی مافی ژنان دەرچوونەو لە حاڵەتی هەبوونی كەموكورتی و پشتگوێخستندا بانگهێشتی سەرۆكی حكوومەت و وەزیری پەیوەندیدار بكات بۆ لێپرسینەوە.

هەشتەم: داواكارین ناوەندەكانی خوێندنی باڵاو زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان توێژینەوەی زانستی ورد لەبارەی پرسەكانی ژنان ئەنجامبدەن و لەڕووی تیۆرییەوە كار بۆ دەرخستنی لایەنە نادیار و شاراوەو هۆكارە راستەقینەكانی توندوتیژی دژی ژنان بكەن و هاوكارێكی جدی بن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی ژنان و كار بكەن بۆ ئەوەی لەریگەی توێژینەوە زانستییەكانەوە بزاڤی ژنپارێزی لە هەرێمی كوردستان پێشبخەن.

نۆیەم: پێویستە حكوومەت وەك بەرپرسیار لە ماف و ژیانی تاكەكانی ئەم هەرێمە كاری جدی بكات بۆ پێشخستنی ئاستی ژیان و گوزەرانی ژنانی هەرێم بە رەخساندنی دەرفەتی زیاتری خوێندن و كار و ئەركپێسپاردن لە دامەزراوە رەسمییەكاندا.

دەیەم: داواكارین كەناڵەكانی راگەیاندن پرسی ژن وەك پرسێكی مرۆیی چاو لێبكەن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ لەپێناو پیشاندانی واقیعی راستەقینەی پرسی ژنان لە هەرێمی كوردستان و هەوڵنەدەن لە پێناو مەرامی تایبەتی و سیاسیی كەیسەكان بشێوێنن و بە وردی و دیقەت و شارەزاییەوە رووماڵی هەواڵ و رووداوەكانی تایبەت بە پرسی ژن بكەن.

یانزەهەم: پێویستە ژنانی چالاك بە یەكگرتووی و دوور لە مەرامی حزبی و بەرژەوەندی تاك لایەن هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی پرسی ژن و داكۆكیكردنی رەوا لە ماف و چارەنووسی ژنانی كورد.

دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن
8 / ئازار – مارس / 2013

دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، دەزگایەكی ناحكومی قازانج نەویستە، ساڵی (2009) دامەزراوە، ئامانجی خستنەڕووی واقیعی ژن و بەرگریكردن لە ماف و ئازادییەكانی ژنانە و لە رێگەی پڕۆژەكانییەوە كە لەناو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردی و عێراقیدا ئەنجامیاندەدات، كار بۆ هێنانەدی یەكسانی  نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی دەكات.  ئۆفیسی سەرەكی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و بۆ رووماڵكردنی رەوشی ژنانی هەرێم و عێراق، خاوندارێتی لەماڵپەڕی هەواڵ و زانیاری (warvin.org)  دەكات، كە بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) هەواڵ و زانیارییەكانی بڵاودەكاتەوە.

ليست هناك تعليقات: