الثلاثاء، 11 أكتوبر 2011

چالاكوانێكی ژن: پێویستە ئەو لایەنانەی لێكۆڵینەوە لە پرسی ژنكوژیدا دەكەن بڕوایان بەو پرسە هەبێت

04:22:11/10/2011
وارڤین: دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە (30) ژن بە هۆكار و شێوازی جیاجیا كوژران، چالاكوانێكی بواری مافەكانی ژنان رایدەگەیەنێت پێویستە ئەو پۆلیسانەی بەدواداچوون بۆ كەیسی كوژرانی ژنان دەكەن بڕوایان بە پرسی ژن هەبێت.

رۆژی 29ی ئەیلولی رابردوو، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن لەنجە عەبدوڵڵا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنیا لەماوەی مانگی ئەیلولی رابردوودا زیاتر لە (30) ژن كوژراون و یان خۆیان سووتاندووە، پرسی بەرزبوونەوەی ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە میدیای ناوخۆی و دەرەكیدا بووە بابەتی رۆژ.

چالاكوانانی مافەكانی ژنان بەرزبوونەوەی ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان بە زەنگێكی مەترسیدار دەزانن و لەو بڕوایەدان هەوڵێك لەئارادایە بۆ شاردنەوەی راستییەكان.

شیلان حەمەنوری، چالاكوانی مافەكانی ژن رایگەیاند، كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالارە و هەموو جۆرەكانی توندوتیژی دژی ژنان پەیڕەو دەكرێت و ناكرێت هەموو كاتێك پاساوەكانی ژیان لەدەستدانی ژنان ببەستینەوە بەباری دەروونی ژنەكانەوە.

ئەم گوتانەی شیلان، دوای ئەوە هاتن كە راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرای كردبوو كە ئەو دوو ژنەی لەمیانەی ئەم هەفتەیەدا لە هەولێر ژیانیان لەدەستداوە باری دەروونییان تەواو نەبووە.

شیلان حەمەنوری، گوتیشی: "خۆ كوشتن و خۆسووتاندنی ژنان ئەنجامی مامەڵەی نالەباری كۆمەڵگەو خێزانە لەگەڵیان".

هەروەها گوتی: "ژنان لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەندەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت و دەچەوسێندرێنەوە تووشی بارێكی ئاڵۆزی دەروونی و خەمۆكی و بێهیوایی دەبن و ناچار دەبن پەنا بەرنە بەر كۆتاییهێنان بە ژیانیان".

سەبارەت بە پرسی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی كوژرانی ژنان ئەو چالاكوانە گوتی: "دەبێت ئەو كەسانەی لە پۆلیس لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی ژن كوژی دەكەن بڕوای تەواویان بە پرسی ژنان هەبێت و مەشق و راهێنانی تایبەتییان پێبكرێت و لەبارەی پرسی توندوتیژی و مافەكانی ژنان وشیار بكرێنەوە".

هەروەها سەبارەت بەو لێدوانەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆكاری خۆكوشتن و ژیانلەدەستدانی ژنان گەڕاندبوویەوە بۆ كاریگەری دراما دۆبلاژكراوەكان ئەو چالاكوانەی ژن گوتی: "رەنگە دراماكان كاریگەری نەرێنییان لەسەر تاكەكان هەبێت ئەویش بە دوو شێوەیە: یەكەم ئەوەی كە تاك هەوڵی لاساییكردنەوەی حاڵەتەكان دەدات و دووهەمیشیان رەنگە تاك لەژێر كاریگەری ئەو درامایانەدا بەدوای میسالیەتدا بگەڕێت بەتایبەتی لە ئەڤین و خۆشەویستیدا، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ناكرێت بە بێ لێكۆڵینەوەی زانستی لێدوانی لەو جۆرە بدرێت".

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، كە ئەو ژنانەی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە رەنگە لە خێزانێكی هەژاردا بن و تەنانەت تەلەفزیۆنیشیان نەبێت.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: