سه‌رنووسه‌ره سیاسه‌تمه‌داره‌كان نوێنه‌رایه‌تی كێ ده‌كه‌ن
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
له‌م سێ شاره‌ی هه‌رێمی كوردستان رووداوگه‌لێك رووده‌ده‌ن مایه‌ی سه‌رنج و قسه‌له‌سه‌ر كردنی جدیین. چ له رووی سیاسییه‌وه بێت یان له هه‌ر روویه‌كی دیكه‌ی كایه‌كانی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م سێ شاره‌وه بێت.
ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین كایه‌ی رۆژنامه‌وانی كوردییه، تێبینی ده‌كرێت له شارێكی وه‌كو سلێمانی كاتێك فره كوێخایی و كوتله‌بازی و تاقمچێتی ئه‌م گرد وئه‌و گرد دێنه گۆ و هه‌ركه‌س بۆخۆی خه‌ریكی ماشینه‌وه و خۆ گه‌یاندنه كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌كه، ده‌زگا به‌ناو رۆژنامه‌وانییه‌كانیش بیریان ده‌چێت ئه‌وان حزب نیین و ده‌نگۆیه‌كی تایبه‌ت به گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاری و رای خه‌ڵكن دێن ده‌بنه كه‌وا سووری به‌ر له‌شكر و ره‌فتارییان ده‌بێته ره‌فتاری حزبی سیاسیی، یاخود به‌لانی كه‌م رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی.
ده‌زگای رۆژنامه‌وانی ئه‌ركی گه‌یاندنی هه‌واڵ، زانیاری راست و دروست و له سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵك، ئه‌ركی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه، ئه‌ركی رۆشنبیركردنی خه‌ڵكه، ئه‌ركی درووستكردنی رای گشتی و پیشاندانی واقیعی حاڵه، به‌ده‌ر له‌مه پێی ناوترێت ده‌زگای رۆژنامه‌وانی.
له میانه‌ی رووداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شووباتی رابردووی سلێمانی و تا هه‌نووكه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت ژماره‌یه‌ك له ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌كانی سنووری سلێمانی له سه‌رووشیانه‌وه هاووڵاتی و لڤین وه‌ك باره‌گایه‌كی حزبی و راگه‌یاندننه‌كه‌شیان وه‌ك كه‌ڕه‌نای ئه‌و حزبه خستووه‌ته‌كار. سه‌رنووسه‌رانی ئه‌و ده‌زگا "ئه‌هلییانه" بوونه‌ته وتاربێژی سیاسی و هه‌ر رۆژه‌ی له رێگه‌ی مایكێكه‌وه ده‌یانه‌وێت جه‌ماوه‌ری شاره‌كه نه‌ك خوێنه‌ره‌كانیشیان به ئاقارێكدا به‌رن.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌وان كانتۆنی سیاسیی نیین و حه‌قی ئه‌وه‌یان نییه وه‌ك وتاربێژانی سیاسی ئه‌وه‌ی به حزبایه‌تی بۆیان نه‌لواوه له رێگه‌ی میدیاوه ئه‌نجامی بده‌ن.
كاتێك سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێك یاخود رۆژنامه‌یه‌ك ده‌بێته كاره‌كته‌رێكی سیاسیی و له پشت مایكێكه‌وه خه‌ڵك بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی هانده‌دات، ئیدی ئه‌وه رۆژنامه‌وان نییه و حه‌ق نییه پێی بوترێت رۆژنامه‌وان، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌یكات له‌گه‌ڵ رووحیه‌ت و ماهییه‌تی پیشه‌كه‌ی یه‌ك ناگرێـته‌وه و به‌لانی كه‌م ئه‌گه‌ر هیچ زیانی لێ نه‌كات، ئه‌وا خه‌سڵه‌تی پیشه‌یی بوون و راستگۆیی له گواستنه‌وه‌ی زانیاری له‌ده‌ستده‌دات و ده‌زگا رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی ده‌كاته سه‌نگه‌ری ته‌قه كردن له نه‌یاره‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی له لڤین ده‌یبینیین.
بێگومان تێكه‌ڵكردنی كاری رۆژنامه‌وانی و مه‌یلی بوون به سیاسه‌تچیی له‌م سێ شاره‌دا شتێكی موعجیزه ئاسا نییه و رۆژانه ده‌بینین چۆن سه‌رنووسه‌ری زۆرێك له‌و گۆڤار و رۆژنامه به‌ناو ئه‌هلییانه له شاشه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و له پشت مایكی به‌رنامه رادیۆییه‌كانه‌وه قسه ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی به‌لایدا ناچن هونه‌ر و ئیتیك و رێساكانی پیشه‌كه‌ی خۆیانه و وه‌ك تووتیه‌كی سیاسه‌تچی هه‌مان ئه‌و شتانه ده‌ڵێنه‌وه كه سیاسییه حزبییه‌كان ده‌یلێنه‌وه.
پێویسته ئه‌و راستییه‌مان له‌به‌رچاو بێت ئه‌ركی راگه‌یاندن وه‌ك وتمان گه‌یاندنی زانیاری راست و دروست و خستنه‌ڕووی نهێنییه شاراوه‌كانه بۆ رای گشتی، ئیدی ئه‌وه خه‌ڵكه ده‌بێـت دادوه‌ری بكه‌ن و ئه‌وه خه‌ڵك و گرووپه‌كانی فشار و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه خۆپشاندان ساز ده‌كه‌ن و هوتاف بۆ داواكانییان ده‌كێشن نه‌ك سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه "ئه‌هلییه‌كان" و له هه‌موو دۆخێك‌دا پێویسته رۆژنامه‌وان بێلایه‌ن بێت و نه‌بێته به‌شێك له رووداوه‌كان و ده‌بێت هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی رووداوه‌كان بێت و پارێزگاری له سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی بكات و هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه بێت راستییه‌كان وه‌ك خۆیان بۆ وه‌رگران بگوازێته‌وه.
حه‌قه خوێنه‌ری كورد بپرسێت ئایا ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت میدیای ئه‌هلی ئه‌وه‌ی كردووه؟ بێگومان وه‌ڵام نه‌خێره، ئه‌ی كه‌واته خوێنه‌ران چۆن متمانه به زانیاریه‌كانتان بكه‌ن و ئه‌رێ پیشه‌یی بوونی ئێوه له كوێدایه و ئه‌هلیی بوون چ ئیمتیازێكه و چ سه‌روه‌رییه‌كه له كاتێكدا ئێوه جگه له حزبێكی سیاسیی له توێی دێڕه نووسراوه‌كانی رۆژنامه و گۆڤاره‌كانتاندا هیچ دیكه نیین.