شه‌ڕى ده‌روونی.. ئه‌و چه‌كه‌ی هه‌رێم فه‌رامۆشیكردووه -به‌شى سێيه‌م
رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر: له به‌شى يه‌كه‌مى ئه‌م باسه‌دا، پوخته‌يه‌كمان سه‌باره‌ت به شه‌ڕى ده‌روونى و ئامانج و جۆره‌كانى و قۆناغه‌كانى جێبه‌جێكردنى و گرنگى ئه‌و جۆره شه‌ڕه و ئاسته‌كانى و رێككاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى و ميكانيزمى جێبه‌جێكردنى رێككاره‌كان خسته‌ڕوو. له به‌شى دووه‌ميشدا يه‌كه‌م كه‌رسته‌ى شه‌ڕى ده‌روونى، كه چه‌كى پڕوپاگه‌نده بوو، خرايه‌ڕوو، له‌م به‌شه‌شدا باس له دوو كه‌رسته‌ى ديكه‌ى شه‌ڕى ده‌روونى ده‌كه‌ين كه هه‌ريه‌ك له پرسى ژه‌هراويكردنى سياسى و ده‌نگۆن.
به‌شی سێيه‌م: كه‌رسته‌كانى شه‌ڕى ده‌روونى
2.ژه‌هراويكردنى سياسى:
يه‌كێكى ديكه له كه‌رسته‌كانى شه‌ڕى ده‌روونى ژه‌هراويكردنى سياسييه، كه مه‌به‌ست لێى ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌تێكى گشتگيرى ده‌روونييه له رێگه‌ى هه‌موو ئامرازه‌كانى راگه‌ياندنه‌وه بۆ گه‌ياندنى په‌يام به مه‌به‌ستى درووستكردنى كاريگه‌رى له‌سه‌ر به‌ره‌ى نه‌يار، يان كۆمه‌ڵگه‌ى دوژمن له پێناو گۆڕينى ئاراسته‌ى بيركردنه‌وه و سڕينه‌وه‌ى زيهنى كۆمه‌ڵگه و گۆڕينى له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و لايه‌نه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كه ئه‌نجامده‌دات.
هه‌روه‌ها ده‌وترێت، “ژه‌هراويكردنى سياسى هه‌وڵدانێكه بۆ چاندنى به‌ها و بيروڕايه‌كى دياريكراو، له ميانه‌ى هه‌ڵمه‌تێكى چه‌واشه‌كارانه‌دا و دواتر كاركردنه بۆ گه‌وره‌كردنى پله‌به‌ندييانه‌ى ئه‌و به‌هايه، بۆ ئه‌وه‌ى جێگه‌ى به‌هاى باڵاى كۆمه‌ڵگه‌ى به ئامانجگيراو بگرێته‌وه. به‌م مانايه‌ش بێت ژه‌هراويكردنى سياسى قۆناغێكه له قۆناغه‌كانى شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوژمن و ده‌كرێت وه‌ك پێشه‌كى شه‌ڕ وه‌سفيبكرێت”(1).
ئه‌م پرۆسه‌يه دوو تايبه‌تمه‌ندى سه‌ره‌كى هه‌يه:
1.ئاراسته‌كردنى په‌يام بۆ دوژمن و ئه‌و كۆمه‌ڵگه و گه‌ل و گرووپانه‌يه، كه كراونه‌ته ئامانج.
2.جياوازى له‌گه‌ڵ پڕوپاگه‌نده‌دا ئه‌وه‌يه، كه ته‌نيا كار بۆ بڕواپێهێنانى به‌رامبه‌ر ناكات، به‌ڵكو ئامانجى ئه‌وه‌يه تواناى فيكرى و مه‌عنه‌وى دوژمن و لايه‌نى به ئامانجگيراو تێكبشكێنێت (2).
مه‌به‌سته‌كانى ژه‌هراويكردنى سياسى:
1.تێكشكاندنى بڕوا‌و متمانه‌ى لايه‌نى به‌رامبه‌ر به بيروباوه و سياسه‌ت و ئاين و ره‌وايه‌تى ئه‌و پرسه‌ى كه به‌رگرى لێده‌كات.
2.تێكشكاندنى كه‌سايه‌تى ئاينى و ئايدۆلۆژى و نه‌ته‌وه‌يى لايه‌نى به ئامانجگيراو، له رێگه‌ى تێكشكاندنى ده‌روونى و تواناى ده‌رك كردن و بيركردنه‌وه و عه‌قڵى كۆمه‌ڵه‌كى لايه‌نه‌كه.
3.سوود وه‌رگرتن له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ى لايه‌نى ئه‌نجامده‌رى هه‌ڵمه‌ته‌كه به‌ده‌ستيهێناوون و به‌كارهێنانيان بۆ لاوازكردنى به‌رامبه‌ر و له‌ده‌ستدانى بڕوا و متمانه به سه‌ركه‌وتن و هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌رگريكردن له به‌هاكانى.
شێوازى كاركردن له پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنى سياسييدا:
له دوو ده‌رچه‌ى سه‌ره‌كييه‌وه لايه‌نى ئه‌نجامده‌رى هه‌ڵمه‌تى ژه‌هراويكردنى سياسى كار ده‌كات و ده‌يه‌وێت ئامانجه‌كانى بهێنێته دى، ئه‌وانيش:
1.چاندن و بره‌ودان و گه‌شه‌پێدانى بيروڕا و به‌هاگه‌لێكى مه‌به‌ستدار و سه‌پاندنيان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵدا و وێناكردنيان وه‌ك به‌هاى پيرۆزى تاك و كۆمه‌ڵه‌كه، “له پێناو تێكشكاندنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى، ئاينى، رۆشنبيرى، كۆمه‌ڵايه‌تى و ئيفليجكردنى تواناى بيركردنه‌وه”(3).
2.كاركردن له رێگه‌ى ئاراسته‌كردنى سياسى و پڕوپاگه‌نده‌وه بۆ هه‌نارده‌كردنى بيروڕا و ئايدياى دياريكراو سه‌باره‌ت به پرسێكى تايبه‌ت و چاندنى له‌ناو لايه‌نى به ئامانجگيراو به مه‌به‌ستى جێگرتنه‌وه‌ى بۆچوون و تێگه‌يشتنى باوى ناو لايه‌نه‌كه سه‌باره‌ت به پرسه‌كه و گۆڕينى ئاراسته‌ى بيركردنه‌وه و په‌كخستنى تواناى دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى و زاڵبوون به‌سه‌ر روحيه‌تى به‌ره‌نگاربوونه و هێزى بيركردنه‌وه‌يدا و ئاماده‌كردنى زه‌مينه‌ى تێكشكاندنى (4).
خاڵى هه‌ره گرنگ و مه‌ترسيدار له ژه‌هراويكردنى سياسييدا ئه‌وه‌يه كه راسته‌وخۆ دوژمن ناكاته ئامانج، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات ده‌سته‌بژێرى فيكرى، كۆمه‌ڵايه‌تى، رۆشنبيرى و ئاينى له قۆناغى يه‌كه‌مدا بكاته ئامانج. دواتر له رێگه‌ى ئه‌وانه‌وه قۆناغى دووه‌مى ئه‌نجامبدات، كه بريتييه له كاربۆكردن و بره‌ودان و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و بيروڕا و بۆچوونانه‌ى ئاراسته‌ى ده‌سته‌بژێره‌كه كراوون، له رێگه‌ى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنه‌وه بۆ ناو خه‌ڵك (5).
شێوه‌كانى ژه‌هراويكردنى سياسى:
پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنى سياسى به چه‌ندين قۆناغ و وێستگه‌ى تايبه‌تدا گوزه‌رده‌كات، تا كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر لايه‌نى به ئامانجيگراو درووستده‌كات. به شێوه‌يه‌كى گشتى ئه‌م پرۆسه‌يه، يه‌كێكه له ئامرازه‌كانى شه‌ڕى هێزى باڵاده‌ست دژى لايه‌نى لاواز، ده‌وڵه‌تى به‌هێز دژى ده‌وڵه‌تى لاواز، كۆمه‌ڵگه‌ى خاوه‌ن هه‌ژموون دژى كۆمه‌ڵگه‌ى لاواز و له‌به‌ر يه‌ك هه‌ڵوه‌شاوه و ناكۆك له ناو خۆدا.
قۆناغى كاركردن يان شێوه كاركردنى ئه‌مانه‌ن:
1.ئاساييكردنه‌وه: ئاراسته‌كردنى په‌يام بۆ لايه‌نى به ئامانجگيراو به مه‌به‌ستى خاوكردنه‌وه‌ى گرژى و ئاستى نه‌ياربوونى و حاڵه‌تى دوژمنكارانه‌ى و راهێنانى بۆ ئه‌وه‌ى پله به پله واقيعى حاڵ قبوڵبكات و ده‌ستبه‌ردارى چه‌مك و بيروكه دوژمنكارييه‌كانى ببێت و به‌رگى نه‌يارێتى له خۆى دابماڵێت و پله به پله له‌گه‌ڵ واقيعى نوێ‌دا رابێت و بگاته ئه‌و بڕوايه‌ى شه‌ڕكردن، يان به‌ره‌نگاربوونه‌وه سوودێكى ئه‌وتۆى نييه و باشتر وايه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا خۆى بگونجێنێت.
2-دياركردن و به ئامانجگرتن: لادانى ئيراده‌ى لايه‌نى به ئامانجگيراو له سه‌ر رێگه‌ى سرووشتى و بنه‌ڕه‌تى خۆى و ئاراسته‌كردنى به رێگه‌يه‌كدا، كه لايه‌نى ئه‌نجامده‌رى پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنى سياسى ده‌يه‌وێت بيگرێته به‌ر و له‌مه‌شدا زياتر ده‌سته‌بژێرى سياسى و رۆشنبيرى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاينى ده‌كرێنه ئامانج.
3.نامۆبوون: هه‌وڵدان بۆ نامۆكردنى تاك به ژينگه و سروشتى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌وروبه‌رى. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستێكى دژى به‌رامبه‌ر بگرێته به‌ر. له‌و رێگه‌يه‌شه‌وه ئه‌نجامده‌رى پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنى سياسى كار بۆ درووستكردنى ململانێ له ناو كۆمه‌ڵگه‌كه بكات و تاكه‌كان بكات به گژى سروشتى كۆمه‌ڵايه‌تى، ژينگه‌ى سياسى و ئابوورى و رۆشنبيرى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى خۆيان‌دا.
4.ته‌قينه‌وه: له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پێكهێنه‌ره‌كانى جه‌سته‌ى سياسى و كاركردن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر يه‌ك له‌و پێكهێنه‌رانه ده‌سته‌وه‌ستان بێت له جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانى خۆى به شێوه‌يه‌كى سروشتى و دووربكه‌وێته‌وه له راپه‌ڕاندنى كاره‌كانى و به‌مه‌ش ده‌رفه‌ت هه‌ڵبكه‌وێت تا لايه‌نى ئه‌نجامده‌رى پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنه‌كه، وه‌ك فريادڕه‌س و خاوه‌ن چاره‌سه‌رى نه‌خۆشييه‌كانى جه‌سته‌ى سياسى و ژينگه‌كه‌ى ده‌ربكه‌وێت.
5.ده‌ورگرتن و له‌خۆگرتن: دواى په‌كخستن و بێتواناكردنى جه‌سته‌ى سياسى و دابڕكردنى له يه‌ك و ئيفليجكردنى كاره‌كته‌ره‌كانى و نه‌هێشتن يان لاوازكردنى رۆڵيان، لايه‌نى ئه‌نجامده‌رى پرۆسه‌ى ژه‌هراويكردنى سياسى كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، كۆمه‌ڵگه‌ى به ئامانجگيراو بكاته نێچيرى ده‌سته‌مۆى مه‌رامى خۆى و شوێنكه‌وته و وابه‌سته‌ى په‌يامه‌كانى (6).
3.ده‌نگۆ (واته‌وات):
ده‌نگۆ (الاشاعة)، به يه‌كێك له كه‌رسته و ئامرازه‌كانى شه‌ڕى ده‌روونى هه‌ژمار ده‌كرێت و ته‌نيا له كاتى شه‌ڕدا كاريگه‌رى نييه، به‌ڵكو له كاتى ئاشتييشدا رۆڵى هه‌يه له درووستكردنى كاريگه‌رى نه‌رێنى له ريزى ئه‌و لايه‌نه‌ى ده‌نگۆكه‌ى ئاراسته ده‌كرێت و به ئامانج گيراوه. “ده‌نگۆ به‌وه ناسراوه كه كاريگه‌رى زۆر له‌سه‌ر لايه‌نى سۆزدارى وه‌رگرانى به‌جێده‌هێڵێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش وايكردووه، توانايه‌كى به‌هێزى له بڵاوبوونه‌وه هه‌بێت و به ئاسانى بگاته هه‌موو شوێنێك”(7).
ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى زياتر مه‌ترسيدار كردووه، سرووشتيى بڵاوبوونه‌وه‌يه‌تى، كاتێك ده‌نگۆ بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌وانه‌ى ده‌نگۆكه ده‌گوازنه‌وه و ده‌يگێڕنه‌وه له ناو خه‌ڵكدا گۆڕانكارى تێدا ده‌كه‌ن و به ئاراسته‌ى قه‌به‌كردن و كاريگه‌ربوونى زياترى ده‌نگۆكه تانوپۆى لێده‌كه‌نه‌وه و بره‌وى پێده‌ده‌ن.
خاڵى گرنگ و جێى سه‌رنج ئه‌وه‌يه له بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆدا، پشت به‌و رێسايه ده‌به‌سترێت كه وه‌ك په‌ندێكى باو به‌سه‌ر زارى خه‌ڵكه‌وه‌يه و ده‌ڵێت “ئه‌و دوكه‌ڵه بێ ئاگر نييه”، كاتێك گومان له ده‌نگۆكه ده‌كرێت و وه‌رگر ده‌يه‌وێت خۆى راده‌ستنه‌كات، كه‌سانێك كه ده‌نگۆكه بڵاوده‌كه‌نه‌وه په‌نا بۆ ئه‌و په‌نده ده‌به‌ن. به ئامانجى شاردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى ده‌نگۆكه و نه‌هێشتنى گومان له‌سه‌ر راستى و درووستييه‌كه‌ى.
ده‌نگۆ مه‌رج نييه ته‌نيا سياسى بێت، به‌ڵكو به جياوازى كايه‌كانى ژيان له رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه ده‌نگۆى جياواز هه‌ن، هه‌يانه ئابوورييه، هه‌يانه كۆمه‌ڵايه‌تييه، هه‌يانه ئاينيه.
به تێڕوانينى زانايانى زانستى په‌يوه‌نديكردن، ده‌نگۆ بريتييه له “ده‌ربڕى هه‌واڵێكى سه‌رچاوه ناديار، كه خێرا بڵاوده‌بێته‌وه و به‌شێكى بچووك راستى تێدايه و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و راستييه بچووكه كار بۆ چه‌واشه‌كردنى رايگشتى ده‌كرێت”. هه‌روه‌ها زانايانى بوارى توێژينه‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى سياسى له‌و بڕوايه‌دان، “ده‌نگۆ به‌هێزترين ئامرازێكه كه له رێگه‌ى سوودوه‌رگرتن له هه‌ندێ زانيارى راست كار ده‌كات و دواتر ئه‌و زانيارييانه ده‌ستكارى ده‌كات و زياده‌ڕۆييان تێدا ده‌كات و به شێوه‌يه‌ك كه بونجێت له‌گه‌ڵ سروشتى كۆمه‌ڵايه‌تى و نه‌ريت و به‌ها باوه‌كان دايانده‌ڕێژێته‌وه و به بێ ناوهێنانى سه‌رچاوه به شێوه‌ى ده‌ماوده‌م بڵاويان ده‌كاته‌وه”. كه‌واته ده‌نگۆ “زانيارى، لێدوان، قسه‌يه‌كه كه ژه‌هراويكراوه به مه‌به‌ستى شاراوه و له نێوان خه‌ڵكدا بره‌وى پێده‌درێت، بۆ ئامانجێكى دياريكراو، به بێ ئه‌وه‌ى پشت به سه‌رچاوه‌يه‌كى باوه‌ڕپێكراوى ديار و ئاشكرا ببه‌ستێت” (8).
توێژه‌رانى ئه‌و بواره له‌و بڕوايه‌دان، ده‌نگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى دوو فاكته‌ر هێزى خۆى بنياتده‌نێت و ئه‌و دوو فاكته‌ره وه‌ك دوو مه‌رجى بنه‌ڕه‌تيين بۆ سه‌ركه‌وتنى هه‌ر ده‌نگۆيه‌ك كه بێته ئاراوه، ئه‌وانيش يه‌كه‌ميان: گرنگى بابه‌ته‌كه‌يه سه‌باره‌ت به وه‌رگران و دووه‌ميشيان: نهێنيى بوون و هه‌بوونى گرێيه‌كى نه‌كراوه‌يه له‌ناو بابه‌تى ده‌نگۆكه، كه وه‌رگران لايان نادياره و دنه‌ى ئه‌وه‌يانه بيزانن و نهێنييه‌كه‌يان بۆ ئاشكرابێت. ئه‌و دوو مه‌رجه به كۆڵه‌كه‌ى ده‌نگۆ داده‌نرێن و په‌يوه‌ندى نێوانيشيان له قاوغى “لێكدانه (×)” و به‌و پێيه هاوكێشه‌ى ده‌نگۆ به‌م جۆره‌يه:
كۆڵه‌كه‌ى ده‌نگۆ = بايه‌خى بابه‌ت × نهێنى و گرێى بابه‌ت (9).
ئه‌م هاوكێشه‌يه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كه نه‌بوونى هه‌ريه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانى ده‌نگۆ، ئه‌وى ديكه‌شيان مايه‌پوچ ده‌كات، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ر ژماره‌يه‌ك لێكدانى سفر بكرێت، هه‌ر سفر ده‌رده‌چێت. له هاوكێشه‌ى بيركارييدا.
ئامانجه‌كانى ده‌نگۆ:
ده‌نگۆ به گوێره‌ى سروشت و قۆناغى بڵاوكردنه‌وه گۆڕانكارى به‌سه‌ر ئامانجه‌كانييدا دێن (10)، به‌ڵام به گشتى ده‌كرێت ئامانجه سه‌ره‌كييه‌كانى به تايبه‌تى له كاتى ململانێ و شه‌ڕ و پرۆسه‌ى سه‌ربازييدا له چه‌ند خاڵێكدا كورت بكه‌ينه‌وه.
1.درووستكردنى كاريگه‌رى له‌سه‌ر دوژمن و لاوازكردنى وره‌ى به‌ره‌ى ناوخۆيى دوژمن و هێزه‌كانى.
2.به‌كارهێنانى بۆ شاردنه‌وه‌ى راستييه‌كى دياريكراو و به‌لاڕيدابردنى رايگشتى و نه‌هێشتنى سه‌رنج له‌سه‌ر بابه‌تێكى دياريكراو.
3.بره‌ودان به هه‌واڵى درۆ و گوماناوى بۆ لاوازكردنى وره‌ى به‌رامبه‌ر.
4.به‌كارهێنانى وه‌ك چه‌كێك بۆ داڕووخانى ده‌روونى به‌رامبه‌ر و له‌ده‌ستدانى ئيراده‌ى به‌رگرى.
5.بۆ ئاشكراكردنى نهێنى و راستييه‌كى دياريكراوى شاراوه له باره‌ى بابه‌تێكه‌وه، يان كه‌سێكه‌وه (11).
جۆره‌كانى ده‌نگۆ:
ده‌نگۆ به زۆر شێوه پۆلێنكراوه، له‌وانه:
يه‌كه‌م: له رووى كاته‌وه:
1.ده‌نگۆى خشۆك (كشاو): له ناوه‌كه‌يه‌وه دياره كه به شێوه‌يه‌كى هێمن و له‌سه‌رخۆ ده‌كشێت و رێگه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئاشكرا نييه و زياتر دژى حكومه‌ت و كه‌سايه‌تييه ره‌سمييه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه.
2.ده‌نگۆى خێرا: وه‌ك ئاگرى ناو پووش بڵاوده‌بێته‌وه و خێرايه و سه‌رچاوه‌ى نادياره.
3.ده‌نگۆى وه‌رزى (ناوبه‌ناو): له بارودۆخێكى دياريكراودا سه‌رهه‌ڵده‌دات و كاتێك ره‌وشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌ودا نييه، كپ ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له پشتييه‌وه‌ن كار بۆ ده‌رفه‌ت و هه‌لێكى ديكه ده‌كه‌ن و كه‌ى دووباره ره‌وشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندى بڵاوبوونه‌وه‌يدا بێت بڵاويده‌كه‌نه‌وه و زۆر جاريش له شێوه‌ى نوكته و قسه‌ى خۆش ده‌رده‌كه‌ويت.
دووه‌م: له رووى ناوه‌ڕۆك و په‌يامه‌وه:
جۆره‌كانى ده‌نگۆ له رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه په‌يوه‌ندى به‌و بواره‌وه هه‌يه كه ده‌نگۆكه‌ى له‌باره‌وه بڵاوده‌كرێته‌وه، له‌وانه ده‌نگۆى (رۆشنبيرى، هونه‌رى، سياسى، ئابوورى، كۆمه‌ڵايه‌تى، ئاينيى، وه‌رزشى، ..هتد).
هه‌روه‌ها به جۆرێكى ديكه‌ش له رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه پۆلێنكراوه، كه زياتر جه‌خت له‌سه‌ر جۆرايه‌تى ئه‌و په‌يامه كراوه‌ته‌وه كه ده‌نگۆكه‌ى له‌سه‌ر بنياتنراوه، ئه‌وانيش:
1.ده‌نگۆى راسته‌قينه: ده‌نگۆيه‌كه پشت به راستييه‌ك ده‌به‌ستێت و سه‌رچاوه‌كه‌ى زياتر ئاشكرايه، مه‌به‌ست لێى تاقيكردنه‌وه‌ى باڵۆنه بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت تا چه‌ند ئه‌و بابه‌ته كاريگه‌رى هه‌يه و كاردانه‌وه به‌دواى خۆي‌دا ده‌هێنێت. بۆنموونه ده‌نگۆى درووستكردنى كانتۆنێك له شنگال، به مه‌به‌ستى زانينى كاردانه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان.
2.ده‌نگۆى هه‌ڵهێنجراو، ئه‌نجامگيرى: ئه‌نجامى خوێندنه‌وه و رامانى كه‌سێكه له كاتێكى دياريكراو بۆ بابه‌تێك يان رووداوێك و تا كه‌سه‌كه زياتر په‌يوه‌ست بێت به بابه‌ته‌كه‌وه راده‌ى بڕواكردن پێى زياتر ده‌بێت و تا لێشييه‌وه دوور بێت زياتر فه‌رامۆش ده‌كرێت.
3.ده‌نگۆى خه‌ونئاسا: ئه‌نجامى هه‌ست و سۆز و هيوا و ئاواتى تايبه‌تييه و كه‌سانێك كه دووركه‌وتوونه‌ته‌وه له واقيع و له جيهانێكى خه‌ياڵاوييدا ده‌ژين بڵاويده‌كه‌نه‌وه.
4.ده‌نگۆى درۆيينه: هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ژينگه‌يه‌كى ناته‌ندرووسته‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و له‌ناو وه‌رگرانييدا سه‌رچاوه‌كه‌ى ونده‌بێت.
5.ده‌نگۆى رقاويى: مه‌ترسيدارترين جۆرى ده‌نگۆيه و ناوه‌ڕۆكى له‌سه‌ر بنه‌ماى رق و بڵاوكردنه‌وه‌ى كينه و توڕه‌يى بنياتنراوه. ئامانج لێى درووستكردنى ئاشوب و گێره‌وكێشه‌ى تائيفى و نه‌ته‌وه‌يى و مه‌زهه‌بييه. وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆى سووتاندنى قورئان له لايه‌ن په‌يڕه‌وانى ئاينێكى ديكه‌وه (12).
سێيه‌م: له رووى پاڵنه‌ر و هانده‌ره ده‌روونييه‌كانييه‌وه:
ئه‌م جۆره پۆلينه پشت به هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى ده‌نگۆ ده‌به‌ستێت و به گوێره‌ى ئه‌و توێژينه‌وانه‌ى له‌و باره‌يه‌وه ئه‌نجامدراوون ده‌ركه‌وتووه، زۆرينه‌ى ئه‌و ده‌نگۆيانه‌ى له توێى چيرۆك و سه‌رگوزشته له سه‌رده‌مى شه‌ڕى دووه‌مى جيهانى بڵاوبوونه‌ته‌وه پاڵنه‌ره‌كانى ترس، هيوا و ئاوات، خه‌ون و خه‌ياڵ، دوژمنكارى، رق، خواستى زانين له‌پشتييانوه بووه و كه‌مترينيان هۆكارى ناسه‌قامگيرى ده‌روونى و عه‌قڵى له پشتيانه‌وه بووه. هه‌روه‌ها به گوێره‌ى راپرسييه‌ك كه له 1942 له ئه‌مريكا سه‌باره‌ت به پاڵنه‌ره‌كانى ده‌نگۆ كراوه و هه‌زار ده‌نگۆى جۆراو جۆر توێژينه‌وه‌يان له‌باره‌وه كراوه، ده‌ركه‌وتووه %66ى ده‌نگۆكان دوژمنكارانه، %25يان ده‌نگۆى ترس، %2يان ده‌نگۆى هيواو ئاواتخواستن و %7يان جۆرى ديكه‌ى ده‌نگۆ بوونه (13).
چواره‌م: له رووى ئامانجى بڵاوكردنه‌وه‌وه:
1.ده‌نگۆى ترس و بيم: مه‌به‌ستى بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس و بيمه له دڵ و ده‌روونى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى به ئامانجگيراوه. به سروشتى خۆى مرۆڤ ترسى له ناديار هه‌يه.
2.ده‌نگۆى رقلێبوونه‌وه و بێزراندن: مه‌ترسيدارترين جۆرى ده‌نگۆيه و كار بۆ چاندنى تۆوى رق و توڕه‌يى له نێوان تاكه‌كان ده‌كات.
3.ده‌نگۆى هيوابه‌خش: له كاتى روودانى كاره‌سات و قه‌يرانه‌كاندا دێته ئاراوه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ره‌گێكى خۆشى و هيوابه‌خشينى تێدايه زووتر بڵاوده‌بێته‌وه. وه‌ك ده‌نگۆى پێدانى دوومووچه يان سێ مووچه به‌يه‌كه‌وه له لايه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه به فه‌رمانبه‌ران.
4.ده‌نگۆى خۆشى و كاتبه‌سه‌ربردن: بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كات و چێژ وه‌رگرتن له‌ناو كۆمه‌ڵێكدا بڵاوده‌بێته‌وه (14).
چواره‌م: له رووى ئامرازى بڵاوكردنه‌وه‌يه‌وه:
ده‌نگۆ له مێژوودا به دێرينترين جۆرى چه‌كى ده‌روونى هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى ته‌كنۆلۆژياى گه‌ياندن و راگه‌ياندن، تێكشكانى سنووره‌كان له‌به‌رده‌م شه‌پۆله ده‌نگى و ره‌نگييه‌كاندا، ئه‌و ژانره‌ش پێشكه‌وتنى به‌خۆوه بينيوه: جۆره‌كانيشى ئه‌مانه‌ن:
1.ده‌نگۆيى ميديايى: له رێگه‌ى كه‌ناڵه ته‌قليدييه‌كانى راگه‌ياندنه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه.
2.ده‌نگۆى ته‌كنۆلۆژيايى: له رێگه‌ى ئامێر و ته‌كنۆلۆژيايى پێشكه‌وتووى به‌كۆگه‌ياندن و گه‌ياندنه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه. له‌وانه ئينته‌رنێت (15).
3.ده‌نگۆى زاره‌كى: له ناو خه‌ڵكدا له رێگه‌ى ده‌ماوده‌مه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه. ئه‌ميش به چه‌ند شێوه‌يه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وانه:
*وه‌ك هه‌واڵ و زانيارى.
*وه‌ك نوكته و قسه‌ى خۆش و پێكه‌نين.
*وه‌ك ئه‌ده‌بى زاره‌كى و شيعر و به‌ند و حيكايه‌ت.
4.ده‌نگۆى چاپكراو: جگه له رۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ى ره‌سمى، هه‌ندێكجار وه‌ك بڵاوكراوه‌ى تايبه‌ت و له‌سه‌ر كاغه‌زێك چاپده‌كرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه. بۆ نموونه له‌ناو كورددا، له ساڵانى رابردوو، كاغه‌زێكى روونووسراو، كه باسى له خه‌وبينينى كه‌سێك به پێغه‌مبه‌رى ئيسلامه‌وه ده‌كرد و له كوچه و كوڵان و ناو بازاردا په‌رش و بڵاوده‌كرايه‌وه و له‌سه‌رى نووسرابوو، حه‌وت وێنه‌ى ئه‌م بڵاوكراوه‌يه بڵاوبكه‌ره‌وه با تووشى هيچ رووداوێك نه‌بيت.
هۆكاره‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆ:
1.ره‌وشى ناسه‌قامگيرى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى.
2.ره‌وشى پڕ له هه‌ڵبه‌زو دابه‌زى كۆمه‌ڵگه و داڕووخانى متمانه‌ى نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك.
3.كاتى روودانى رووداوى گه‌وره و كاره‌ساتى سروشتى و ژينگه‌يى.
4.كاتى روودانى ته‌قينه‌وه و شه‌ڕ و ململانێى چه‌كدارى و سياسى.
5.خراپى ره‌وشى ئابوورى و بژێوى خه‌ڵك و بڵاوبوونه‌وه‌ى بێكارى.
قۆناغه‌كانى ده‌ركه‌وتنى ده‌نگۆ:
قۆناغى يه‌كه‌م: د‌رك كردن و هه‌ڵبژاردنى بابه‌تى ده‌نگۆ، به تايبه‌تى ئه‌و هه‌واڵ و رووداوانه‌ى شايسته‌ى ئه‌وه‌ن وه‌ك ده‌نگۆ بڵاوبكرێنه‌وه.
قۆناغى دووه‌م: بارگاويكردن و زيادخستنه‌سه‌ر و گۆڕينى بابه‌تى هه‌واڵ و و زانيارى له باره‌ى رووداوه‌كانه‌وه بۆ ده‌نگۆ.
قۆناغى سێيه‌م: بڵاوكردنه‌وه‌ى له ناو جه‌ماوه‌ر و ونكردنى سه‌رچاوه‌كه‌ى و شێواندنى راستى ده‌نگۆكه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌رگر نه‌يناسێته‌وه و وه‌ك راستييه‌ك وه‌رى بگرێت.
مه‌رجه‌كانى سه‌ركه‌وتنى ده‌نگۆ:
يه‌كه‌م: گرنگى و بايه‌خى ده‌نگۆكه له لاى وه‌رگران و دۆزينه‌وه‌ى بابه‌تێك كه جێى بايه‌خى زۆرينه‌ى وه‌رگران بێت.
دووه‌م: گرێى ده‌نگۆكه، ياخود نهێنى و چاوبه‌سته‌يى ناو ده‌نگۆكه زۆر شاراوه‌بێت، هه‌تاوه‌كو ئامانجى پشت بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆكه شاراوه‌تر بێت، كاريگه‌رييه‌كانى زياتر ده‌بن.
سێيه‌م: بوونى پرسێك، رووداوێك، هه‌واڵێك كه په‌يوه‌ندى راسته‌وخۆى به خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت.
چواره‌م: پله‌به‌ندى له بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆكه: ده‌نگۆ كتوپڕ بڵاونابێته‌وه و سه‌ره‌تا له نێوان كه‌سانێكى نزيك له رووداو يان په‌يوه‌ست به رووداوێك سه‌رهه‌ڵده‌دات و دواتر ته‌شه‌نه ده‌كات. بۆنموونه، بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى سووتانى وه‌ڵامنامه‌ى پرسياره‌كانى قوتابخانه له نێوان فێرخوازاندا.
پێنجه‌م: دووپاتبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆ: دووباره‌كردنه‌وه‌ى ده‌نگۆكه له سه‌ر زارى كه‌سانى ديار و خاوه‌ن هه‌ژموون و ناوه‌نده ميدياييه‌كان هێنده‌ى ديكه رێگه بۆ سه‌ركه‌وتنى ده‌نگۆكه خۆش ده‌كات. بۆنموونه بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى كوژرانى ئه‌بوبه‌كر به‌غداديى له تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان و دووپاتبوونه‌وه‌ى له كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن.
شه‌شه‌م: بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى ديكه بۆ پشتيوانيكردنى ده‌نگۆى يه‌كه‌م و سه‌لماندنى راستى ئه‌و ده‌نگۆيه‌ى يه‌كه‌مجار بڵاو بووه‌ته‌وه.
حه‌وته‌م: نه‌بوونى وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌ى پێويست سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆكه.
هه‌شته‌م: به‌كارهێنانى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن و تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بۆ بره‌ودان به ده‌نگۆكه.
ئاسته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆ:
يه‌كه‌م: ئاستى كه‌سيى: ده‌نگۆيه‌كه بۆ هێنانه‌دى ئامانج و خواستى كه‌سى بڵاوده‌كرێته‌وه و كه‌سه‌كه ده‌يه‌وێت له‌و رێگه‌يه‌وه ده‌ستكه‌وتێك به‌ده‌ستبهێنێت. بۆنموونه بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆى كوژرانى ژنه ميدياكارێك، به مه‌به‌ستى راكێشانى سه‌رنجى خه‌ڵك بۆ به‌رنامه‌كه‌ى.
دووه‌م: ئاستى ناوچه‌يى: تايبه‌ته به پرسێكى دياريكراو له ناوچه‌يه‌كى دياريكراودا، بۆنموونه ده‌نگۆى ده‌ركه‌وتنى خێوێك له ناو دانيشتوانى گوندێكدا.
سێيه‌م: ئاستى نه‌ته‌وه‌يى: ده‌نگۆيه‌كه له ئاستى نه‌ته‌وه‌ييدا بڵاوده‌بێته‌وه و په‌يوه‌ندى راسته‌وخۆى به به‌رژه‌وه‌ندى باڵا و كێشه‌كانى په‌يوه‌ست به‌و نه‌ته‌وه‌يه‌وه هه‌يه.
چواره‌م: ئاستى نێوده‌وڵه‌تى: له كاتى روودانى قه‌يران و ناكۆكييه نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا دێته ئاراوه. بۆنموونه ئه‌و ده‌نگۆيانه‌ى سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مهێنانى بۆمبى ناووكى له لايه‌ن ئێرانه‌وه بڵاوده‌بنه‌وه (16).
تاكتيكه‌كانى به‌كارهێنانى ده‌نگۆ: له بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆدا، زۆر رێگا و شێوازى تاكتيكى هه‌ن و له رێگه‌يانه‌وه لايه‌نى پشت بڵاوكردنه‌وه‌ى ده‌نگۆكه ده‌توانێت ئامانجه‌كه‌ى بپێكێت. ديارترينى ئه‌و رێگايانه ئه‌مانه‌ن:
1.به‌كارهێنانى ده‌نگۆ بۆ لێكترازان و په‌رته‌وازه‌يى ريزى دوژمن:
ئامانجى له‌يه‌ك دڕدۆنگ بوون و ترازانى به‌ره‌ى ناوخۆيى ئه‌و لايه‌نه‌يه ده‌نگۆكه‌ى ئاراسته كراوه. وه‌ك ئه‌و ده‌نگۆيانه‌ى ئه‌ڵمانه‌كان دژى فه‌ره‌نساييه‌كان بڵاويانده‌كردنه‌وه و تا كار گه‌يشته ئه‌وه‌ى فه‌ره‌نساييه‌كان جارێك گه‌شبين و جارێك ره‌شبين بن و نيگه‌رانييان گه‌يشته ئه‌و راده‌يه‌ى جياوازى نێوان راستيى و درۆيان نه‌ده‌كرد و له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا ئه‌ڵمانه‌كان هێرشيان كردنه سه‌ر.
2.به‌كارهێنانى ده‌نگۆ وه‌ك ته‌ڵه بۆ چه‌واشه‌كردن:
لايه‌نێكى ململانێ، رێگه به دزه‌كردنى هه‌ندێك زانيارى نادرووست و شێوێندراو ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى لايه‌نى به‌رامبه‌ر فريو بخوات و وا بزانێت راستيى و نهێنى ده‌ستكه‌وتووه. به‌وجۆره سه‌رى لێبشێوێنێت.
3.به‌كارهێنانى ده‌نگۆ بۆ درووستكردنى به‌ربه‌ست:
بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى درۆ و زانيارى ناڕاست تاوه‌كو دوژمن فريوبخوات و بڵاويانبكاته‌وه، دواتر به‌رپه‌رچدانه‌وه و به‌درۆخستنه‌وه‌ى دوژمن. ده‌وترێت، ئه‌ڵمانياى نازيى له‌وه‌دا شاره‌زاترينى وڵاتان بووه و هه‌ر وڵاتێك ويستبێتى داگيرى بكات به‌و جۆره متمانه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى به ده‌ستهێناوه و بڕواى خه‌ڵكى به ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆيان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندنيان له‌ناوبردووه.
4.به‌كارهێنانى ده‌نگۆ بۆ ده‌رخستنى راستى:
له شه‌ڕى دووه‌مى جيهانييدا ژاپۆنييه‌كان هيچ زانيارييه‌كيان سه‌باره‌ت به ژماره و قه‌باره‌ى زيانه‌كانى ئه‌مريكا نه‌بوو، به‌ڵام هه‌واڵى ناڕاستيان بڵاوده‌كرده‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌مريكاى ناچار كرد، ژماره‌ى راستى قوربانييه‌كانى ئاشكرا بكات و بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و راستييه‌ش كاريگه‌رى له‌سه‌ر وره‌ى خه‌ڵكى ئه‌مريكا درووستكرد. له ئێستاشدا ئه‌م تاكتيكه زۆرتر به‌كارده‌هێنرێت بۆ دۆزينه‌وه‌ى راستى و ئاشكراكردنى نهێنييه‌كانى تايبه‌ت به كه‌سێك يان بابه‌تێك (17).
كاريگه‌رييه ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى بره‌ودان به ده‌نگۆ:
هه‌ريه‌ك له‌و جۆره ده‌نگۆيانه‌ى ئاماژه‌مان پێكردن، وه‌ك چه‌كێك كاريگه‌رى نه‌رێنييان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه به گشتى و تاك به تايبه‌تى هه‌يه. ئه‌زموونه‌كانى مێژوو ده‌ريانخستووه، كه كاريگه‌رى ده‌نگۆكان، هيچيان كه‌متر نه‌بووه، له كاريگه‌رى به‌كارهێنانى زه‌بر و هێز بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان، بگره كاريگه‌رى ئه‌مان زياتر بووه، چونكه ته‌نيا ده‌نگۆيه‌ك له كاتى شه‌ڕدا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌زاران سه‌رباز بكه‌ونه سه‌ر ئه‌ژنۆ و نه‌توانن به‌ره‌نگارى دوژمنه‌كه‌يان ببنه‌وه. ته‌نيا ده‌نگۆيه‌ك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك چيديكه متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵات و نوێنه‌ره‌كانى خۆى نه‌بێت. كاريگه‌رييه‌كانى ده‌نگۆ زۆرن، ده‌كرێت له چه‌ند خاڵێكدا كورتيان بكه‌ينه‌وه:
1.تێكشكاندنى سيستمى به‌ها و ئاسايشى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى.
2.گشتاندنى هه‌ستكردن به لاوازى و داهێزرانى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و رۆشنبيرى و سه‌ربازى كۆمه‌ڵگه و نامۆكردنى تاك به واقيعى خۆى.
3.دابه‌زاندنى وره و په‌كخستنى لۆژيك و عه‌قڵ له رێڕه‌وى بيركردنه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تى و جه‌ماوه‌رى لايه‌نى به‌ئامانجگيراو (18).
4-رێگه‌خۆشكردن بۆ زاڵبوونى دوژمن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و وڵات‌دا و له‌ناوبردنى متمانه و بڕوا به هێز و ئيراده‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه.
5.دواخستنى كۆمه‌ڵگه و به‌لاڕێدابردنى و سه‌رقاڵكردنى به بابه‌تى لاوه‌كييه‌وه.
6.درووستكردنى گيانى شه‌ڕه‌نگێزانه و هه‌ستياركردنى خه‌ڵك و ئاماده‌كردنيان بۆ به‌گژيه‌كداچوون و درووستكردنى ناكۆكى.
7.چاندنى رق و قينه له ناو پێكهاته‌كان و تاكه‌كانى يه‌ك گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌كارهێنانى ئه‌و رق و كينه‌يه وه‌ك بۆمبى چێندراو له‌لايه‌ن دوژمنه‌وه.
8.درووستكردنى پشێوى و لێڵكردنى ئاسۆى بيركردنه‌وه و په‌كخستنى تواناى بڕياردان. به‌تايبه‌تى له كاتى شه‌ڕ و ململانێى چه‌كدارييدا.
9.تێكه‌ڵبوونى راستى و درۆ، هێنانه‌كايه‌ى ره‌وشێكى ئه‌وتۆ كه جه‌ماوه‌رى به ئامانجگيراو دۆست و دوژمنى خۆى نه‌ناسێت.
10.كاڵكردنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يى و ئينتيما و دڵسۆزى تاكه‌كان بۆ وڵات و نه‌ته‌وه و گه‌لى خۆيان و بێكه‌ڵكردن و داهێزرانى تواناكان.
چۆن رێگه له ده‌نگۆ ده‌گيرێت:
1.بڕوا به هه‌موو هه‌واڵێك، يان قسه‌يه‌ك مه‌كه.
2.هه‌وڵدان بۆ دۆزينه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى ده‌نگۆكه و دڵنيابوون له سه‌رچاوه‌كه‌ى.
3.به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى رۆشنبيرى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه و شاره‌زاكردنيان به چه‌كه‌كانى ده‌روونى و بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه نێچيرى شه‌ڕى ده‌روونى.
4.تواناى بيركردنه‌وه‌ى لۆژيكيت هه‌بێت، هه‌ر زانيارييه‌كت به‌رگوێ ده‌كه‌وێت لێكدانه‌وه‌ت بۆى هه‌بێت و به وردبينى و ژيرييه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكه.
5.گواستنه‌وه‌ى ده‌نگۆ بۆ ده‌سته‌يه‌كى دياريكراو و تايبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ بكه‌ن و لێى بكۆڵنه‌وه.
6.به‌كارهێنانى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى راستى و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ده‌نگۆ و زياتر درووستكردنى متمانه له نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا.
7.درووستكردنى پردى په‌يوه‌ندى و متمانه له نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدا (19).
8.دامه‌زراندنى ده‌سته و تيمى تايبه‌ت به به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى شاڵاوى ده‌روونى دوژمن به تايبه‌تى له‌كاتى شه‌ڕدا.
9.بێكارى و مێشك به‌تاڵى دوو له به‌هێزترين هۆكاره‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆن و كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و دوو حاڵه‌ته باش‌ترين ده‌سته‌به‌رى له‌ناوبردنى ده‌نگۆن (20).
10.كاراكردنى رۆڵى ناوه‌نده زانستييه‌كان و به‌ده‌نگهاتنيان بۆ ناساندنى ده‌نگۆ و بڵاوكردنه‌وه‌ى رۆشنبيرى له‌باره‌يه‌وه (21).
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌كان:
5- عبدالفتاح، د. سيف الدين، الخطوط الحمر.. والتسميم السياسي!، هه‌مان سه‌رچاوه.
7- الهمص، شلدان، (الدكتور عبدالفتاح عبد الغني، الدكتور فايز كمال)، الأبعاد النفسية و الاجتماعية في ترويج الاشاعات عبر وسائل الاعلام و سبل علاجها من منظور اسلا‌مي، (2008-2009)، بحث منشور في الانترنيت، DOC، ص3.
8- المبيض، عقيد د. عاكف محمد، مباديء اساسية لتحصين المجتمع ضد الشائعات، (دورة التدريبية: أساليب مواجهة الشائعات)، كلية التدريب، قسم البرامج التدريبية، خلال الفترة من 20-24/4/2013. رياض 2013. PDF.
9- النجار، فهمي، الحرب النفسية (أضواء اسلامية)، سلسلة الرسائل الجامعية (40)، دار الفضيلة، الرياض، السعودية، الطبعة الاولى، 1426ه-2005م، نسخة pdf، ص169.
11- الهمص، شلدان، (الدكتور عبدالفتاح عبد الغني، الدكتور فايز كمال)، الأبعاد النفسية و الاجتماعية في ترويج ، ص17.
12- به بێ ناوى نووسه‌ر، الاشاعة، من اصدارات المنتدى التربوي، نشرة رقم 16، منشور على الانترنيت بشكل doc.
13- النجار، فهمي، الحرب النفسية (أضواء اسلامية)، سلسلة الرسائل الجامعية (40)، ص168.
14- الهمص، شلدان، (الدكتور عبدالفتاح عبد الغني، الدكتور فايز كمال)، الأبعاد النفسية و الاجتماعية في ترويج الاشاعات، ص16.
15- المبيض، عقيد د. عاكف محمد، مباديء اساسية لتحصين المجتمع ضد الشائعات، هه‌مان سه‌رچاوه.
16- المبيض، عقيد د. عاكف محمد، مباديء اساسية لتحصين المجتمع ضد الشائعات، هه‌مان سه‌رچاوه.
17- حماد، دكتور شريف على، التأصيل الشرعي للاعلام الدعائي و ترويج الاشاعات، بحث منشور بطريقة doc في الانترنيت. ص 21.
19- الناشرى، السايس، (طلال محمد، آمال عمر)، هه‌مان سه‌رچاوه.
21- المبيض، عقيد د. عاكف محمد، مباديء اساسية لتحصين المجتمع ضد الشائعات، هه‌مان سه‌رچاوه.
ئاماده‌كردنى: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان