. : NRT TV :.
تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی (ئێن ئاڕتی)
NRT– هه‌ولێر: هاوكات له‌گه‌ڵ يادكردنه‌وه‌ى هه‌شتى مارس (رۆژى جيهانى ژنان)، ماڵپه‌ڕى "ئێن ئاڕ تى" پانۆراماى ره‌وشى ژنان له هه‌رێمى كوردستان و سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، له ماوه‌ى نێوان 1ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014 تا 8ى ئازار – مارسى 2014 ده‌خاته‌ڕوو. به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى بڵاوكراوه، له سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه 16 ژن كوژراون يان خۆيان كوشتووه و 6 حاڵه‌تى سووتان و حاڵه‌تێكى ده‌ستدرێژى سێكسى به كۆمه‌ڵ و يه‌ك حاڵه‌تى رفاندن و يه‌ك حاڵه‌تى بێسه‌روشوێن بوون و حاڵه‌تێكى هه‌ڕه‌شه له چالاكى ژن تۆمار كراوون.
وێڕاى بانگه‌شه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنى ره‌وشى ژن و كه‌مكردنه‌وه‌ى تاوانه‌كانى ژن كوشتن و توندوتيژى دژى ژنان و سازكردنى ده‌يان كۆڕ و سيمينار و فيستيڤاڵى وتارخوێندنه‌وه، ساڵى 2013 تێنه‌په‌ڕى تا له دوا رۆژه‌كانيشدا خوێنى ژنان به به‌رچاوى ده‌زگا ئه‌منييه په‌يوه‌ندييداره‌كانه‌وه نه‌ڕژا.
به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژ به ژنان، مانگانه ئامارى حاڵه‌ته‌كانى توندوتيژى بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له باره‌ى ئامارى مانگى كانوونى دووه‌م و شوباتى ئه‌مساڵ، تا ئێستا به‌ڕێوبه‌رايه‌تييه‌كه ئاماره‌كانى رانه‌گه‌ياندووه و له به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئاماره، به‌رپرسێك له به‌ڕێوبه‌رايه‌تى گشتى توندوتيژى رايگه‌ياند، وردبينى ئاماره‌كان ته‌واو نه‌بووه، بۆيه هێشتا ناتوانرێت رابگه‌يه‌ندرێن.
دوا رۆژه خوێناوييه‌كانى 2013
له شارى هه‌ولێر له هه‌فته‌ى كۆتايى مانگى ديسه‌مبه‌رى رابردوودا، ژنێكی 23 ساڵ، لە گەڕەكی ئەندازیارانی شاری هەولێر، لە لایەن برایەكییەوە بە چەكی كلاشینكۆف كوژرا و بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر رایگه‌ياند، تاوانی كوشتنی "ب. ك. خ" 23 ساڵ، به‌هۆى كێشه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه بووه و ئه‌و ژنه ژيانى هاوسه‌رگيرى پێكهێناوه و دواى جيابوونه‌وه به ئاگادارى باوكيى له لايه‌ن برايه‌كييه‌وه كوژراوه.
له دوا رۆژى ساڵى رابردوودا، له شارۆچكه‌ى "كفرى" دوای ئەوەی "ر.ع.خ" لەدایكبووی 1997، بە بڕیاری دادوەر رادەستی كەسوكاری كرابوويه‌وه، له لايه‌ن برايه‌كى ته‌مه‌ن 13 ساڵييه‌وه به ناوى "ب. ع.خ" له گوندی "زنانه"ی سەر بە كفری كوژرا.
ئەو كچە پێشر بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە لە لایەن پۆلیسەوە دۆسیەی بۆ كراوەتەوە و دواجار لە 7ی ئایار – مایۆی 2012 بە بڕیاری ژمارە 79ی دادگای لێكۆڵینەوەی كفری كچەكە رادەستی كەسوكاری كرابوويەوە و سه‌ره‌نجام كوژرا و بكوژه‌كه‌ش به‌ره‌و شوێنێكى ناديار رايكردبوو.
حاڵه‌ته‌كانى ژن كوشتن و توندوتيژى له 2014 دا
له گه‌رماوى ماڵه‌كه‌يدا ژنێك ژيانى له‌ده‌ستدا
رووداوه‌كه رۆژى 1 كانوونی دووه‌م - یه‌نايرى 2014، له گه‌ڕه‌كی "حه‌مه‌ی كه‌ریم" شارۆچكه‌ى كه‌لار روويداوه. پۆليس له بوونى ته‌رمى ژنێكى ته‌مه‌ن 48 ساڵ ئاگادار كرابوويه‌وه، ئه‌و ژنه ناوى "ح. ح. ع"ه‌و ژیانی هاوسه‌رگيری پێكهێناوه و چه‌ند منداڵێكیشی هه‌یه، له ناو گه‌رماوی ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا له كاتی خۆ شوردن، گیانی له ده‌ستداوه.
به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان له گه‌رمیان موقه‌ده‌م له‌میعه محه‌ممه‌د بۆ ميديا له باره‌ى ئه‌و ژنه‌وه رايگه‌ياند، پێشتر له كاتی رووداوه‌كه واده‌ركه‌وت ئه‌و ژنه به‌هۆی خنكانه‌وه گیانی له ده‌ستدابێت، چونكه هیچ شوێنه‌وارێك به له‌شیه‌وه دیارنه‌بوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی چوونه شوێنی رووداوه‌كه و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد و هه‌روه‌ها پاش توێكاری پزیشكی، ده‌ركه‌وت ئه‌و ژنه به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه گیانی له ده‌ستداوه و رووداوه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به خنكانه‌وه نییه.
ئه‌و کەسەی له‌شفرۆشی به دوو ژنی خۆی ده‌كرد، سزادرا
گۆڤارى زين، رۆژى 1ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، بڵاويكردووه‌ته‌وه، له شاری دهۆك پیاوێك به‌ناوی (غ) ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه كاری له‌شفرۆشی به دوو هاوسه‌رى ده‌كات، به‌وهۆیه‌وه دادگای تاوانه‌كانی ئه‌و شاره بڕیاریدا سزای دوو ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده ژنه‌كان ئه‌وه‌یان وتبوو كه‌بێ ئاگاداری پیاوه‌كه‌یان ئه‌و كاره‌یان كردووه.
دادگای تاوانه‌كان به‌پێی ماده‌ی 3 ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بێڕه‌وشتی سزای 2 ساڵ زیندانی بۆ (غ) ده‌ركرد، كه‌له ده‌قی یاساكه‌دا هاتووه: "هه‌ركه‌سێك خاوه‌نی ماڵێك یان ژورێك یان به‌ڕێوه‌به‌ری هۆتێلێك بێت و كاری له‌شفرۆشی تێدا بكرێت، به‌ند ده‌كرێت یان غه‌ڕامه ده‌كرێت یان هه‌ردوو سزاكه پێكه‌وه".
سلێمانی: تەرمی كچێكی گەنج دۆزرایەوە
پۆليسى سلێمانى رۆژى 2ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، رايگه‌ياند، كاتژمێر 05:00ی بەرەبەیانی، بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ لە بوونی حاڵەتێكی ژیانلەدەستدانى كچێكی تەمەن 17 ساڵ، بەناوی "ز.ی.ر" فێرخوازی پۆلی دووەمی پیشەسازی سلێمانی ئاگادار كراونه‌ته‌وه، كه به پەت و بە شێوەی هەڵواسین ژیانی لەدەستداوه". پۆلیس گوتەی لە دایك و باوكی كچەكە وەرگرتووە و ئەوان رایانگەیاندووە، "كچەكەیان خۆی خنكاندووە".
هه‌ولێر: ته‌رمى گوڵان دۆزرايه‌وه
رۆژى 3ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، له دوورى چه‌ند كيلۆمه‌ترێك له باره‌گاى حكومه‌ت تەرمی ژنێكی به‌چه‌ك كوژراو لە سەر رێگەی پاڵاوتگەی نەوتی كەورگۆسك، لەسەر رێگەی ناحیەی "رزگاری"ی هه‌ڵكه‌وتوو له دوورى 35 كيلۆمه‌تر له هه‌ولێر، تەرمی ژنێك بە ناوی "گوڵان م. "ی تەمەن 20 ساڵ دۆزرایەوە كە بە چەك كوژرا بوو.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى هه‌ولێر، گوڵان تەمەنی 20 ساڵە و ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و بەهۆی بەركەوتنی چەند فیشەكێك بە سەری، سەرەتا نەتوانرابوو بناسرێتەوە و دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوتووه، ئەو ژنە ماڵی باوكی نیشتەجێی شارۆچكەی شەقڵاوەن و باوكی بانگكراوەتە پۆلیس و ئیفادەی لێوەرگیراوە و تا ئێستا هۆكاری ئەنجامدرانی ئەو تاوانە روون نەبووەتەوە".
شه‌ش كه‌س ده‌ستدرێژيان كرده سه‌ر كچێكى شانزه‌ساڵى ئاواره
رۆژى 6ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، هه‌واڵى ده‌ستدرێژيكردنه سه‌ر كچێكى شانزه ساڵى ئاواره‌ى خۆرئاواى كوردستان به به‌ربڵاوى له ميدياى كوردييدا بڵاو بوويه‌وه. ئه‌و كچه ناوى" س. م"ه خه‌ڵكی شاری كۆبانی رۆژئاوای كوردستانه، له ئيش گه‌ڕابوويه‌وه بۆ ماڵ و له رێگه چه‌ند كه‌سێك به زۆر راپێچيى ناو ئۆتۆمبێليان كردبوو، دواى ده‌ستدرێژيكردنه سه‌رى به مۆبايل سێ كه‌سى ديكه‌يان بۆ گيان ئه‌و كچه بانگكردبوو، ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كه له لايه‌ن هێزه ئه‌منييه‌كانه‌وه ده‌ستگير كران و يه‌كێك له‌وان پێشمه‌رگه بوو. ئه‌و تاوانه ناڕه‌زايه‌تى به‌ربڵاوى لێكه‌وته‌وه.
سێ رۆژه ژنێك بێ سه‌رو شوێنه
سايتى خه‌ندان بڵاويكردووه‌ته‌وه، رۆژی 12كانوونی دووه‌می – يه‌نايرى 2014 له كۆمه‌ڵگه‌ی باعه‌درێ سه‌ر به قه‌زای شێخان ژنێكی ئێزدی به‌ناوى "ه.خ.أ" ته‌مه‌نی 35 ساڵ، دايكى سێ منداڵ، كه هه‌رسێكیان كوڕن و منداڵه‌كانی خۆی له ماڵه‌وه به‌جێ هێشتوون بێ سه‌رو شوێنبووه، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه،"پێده‌چێت ئه‌و ژنه موسڵمان ببێت و چونكه دوو جاریديكه‌ش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه موسڵمان ببێت".
ته‌رمی كچ و كوڕێك له گه‌ڕه‌كێكی سلێمانی ده‌دۆزرێته‌وه
رۆژى 7ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، ته‌رمی كچ و كوڕێك له باره‌گای حزبێكی كوردستانی رۆژهه‌ڵات له گه‌ڕه‌كێكی شاری سلێمانی دۆزرانه‌وه، به گوێره‌ى زانيارييه رۆژنامه‌وانييه‌كان له‌پێشدا كوڕه‌كه كچه‌كه‌ی كوشتووه، كه خۆشه‌ويستى بووه و دواتر خۆيی كوشتووه. كچه‌كه ناوی "ش.ت."ه‌و ته‌مه‌نی 20 ساڵ و كوڕه‌كه‌ش ناوی "ئ. ر."ه و ته‌مه‌نی 25 ساڵ بووه.
پاسه‌وانێك ئافره‌تێك ده‌باته ناو مه‌كۆییه‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه
له خانه‌قين پاسه‌وانى مه‌كۆيه‌كى گۆڕان شه‌وى 9ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى درايه پاڵ، ژنێكى بردووه‌ته ناو نووسينگه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ى و به‌و هۆيه‌وه ئه‌و پاسه‌وانه له كاره‌كه‌ى ده‌كرا.
راسپێردراو به لێپرسراوێتی مه‌كۆی گۆڕان له خانه‌قین نه‌جم عه‌بدوڵا، بۆ خه‌ندان ئه‌و زانيارييانه‌ى پشتڕاست كردبوويه‌وه و وتبووى:"به‌ڵێ راست بووه، ئه‌و پاسه‌وانه سه‌ر به گۆڕان نییه، به‌ڵام له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمه‌وه وه‌ك پاسه‌وان دانراوه بۆ باره‌گاكه‌مان، پاسه‌وانه‌كه ئه‌وه‌ی قۆستووه‌ته‌وه باره‌گاكه‌مان له شه‌واندا چۆڵه و بۆیه ئه‌و ئافره‌ته‌ی بردووه‌ته ناو مه‌كۆكه‌وه".
له رانييه و قه‌ڵادزێ دوو ژن سووتان
رۆژى 11 كانونی دووه‌م - یه‌نایه‌رى 2014، نووسينگه‌ى توندوتيژى رانييه رايگه‌ياند، لێكۆڵينه‌وه له رووداوى دوو ژن ده‌كه‌ن كه 24 كاتژمێر له‌وه‌و به‌ر له سنووره‌كه‌يان سووتابوون. به گوێره‌ى زانيارييه‌كان، رووداوی یه‌كه‌م له شارۆچكه‌ی رانیيه بووه، كه ژنێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵ ته‌واوی جه‌سته‌ى سووتاوه و رووداوی دووه‌میش كچێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ بووه له شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ خۆی سووتاندووه.
خانەقین ژنێك خۆى سووتاند
رۆژى 12ی كانوونی دووه‌م - یه‌نایه‌ر ژنێك بە ناوی "سەراب مەحموود" لە ماڵی خۆیدا لە شارۆچکەی خانەقین، ئاگری لە جه‌سته‌ى خۆی بەردا و بە رێژەی 90 لەسەدی جه‌سته‌ى سووتا. توندوتيژى گه‌رميان له‌و باره‌يه‌وه رايگه‌ياندووه، سه‌راب دايكى سێ منداڵه و هاوسه‌رى له‌ده‌ستداوه و هۆكارى خۆسووتاندنى بوونى كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى بووه له‌گه‌ڵ خزمه‌كانى. دواى رووداوه‌كه پۆليس كه‌سى ده‌ستگير نه‌كردووه.
لە كەلار دایك وكوڕێك سووتان
رۆژى 26ى كانونی دووه‌م - یه‌نایه‌ر له شارۆچكه‌ى كه‌لار ژنێك به‌ناوى "بەهار حەسەن" تەمەن 31 ساڵ، له‌گه‌ڵ منداڵه ته‌مه‌ن 10 ساڵه‌كه‌ى سووتان. به‌ڕێوبه‌رايه‌تى توندوتيژى گه‌رميان رايگه‌ياندووه، رووداوه‌كه به هۆى گڕگرتنى په‌ره‌مێزه‌وه بووه و به‌هۆى زۆرى رێژه‌ى سووتانييه‌وه به‌هار ره‌وانه‌ى سلێمانى كراوه.
هاوسه‌ره‌كه‌ی سامی عه‌بدولڕه‌حمان كۆچی دوایی كرد
رۆژى يه‌كشه‌ممه 26 كانوونی دووه‌م – يه‌نايرى 2014، فه‌وزیه ئه‌مین عبدولڕه‌حمان هاوسه‌ری سامی عه‌بدولڕه‌حمان يه‌كێك له كه‌سايه‌تييه سياسييه‌كانى پارتی دیموكراتی كوردستان له ته‌مه‌نی 68 ساڵیدا به هۆی جه‌ڵته‌وه گیانی له ده‌ستدا. فه‌وزیه له ساڵی 1945 له شارۆچكه‌ی سنجار له‌دایك بووه و له ساڵی 1961 ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ سامی عبدولڕه‌حمان پێكهێنابوو.
لە چەمچەماڵ کچە قوتابییەک به رێژه‌ى %80ى جه‌سته‌ى سووتا
رۆژى 30 کانونی دووەم - یەنایەر لە گەڕەکی ئاسودە لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کچە قوتابییەکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی "ر. ئ. ع" به رێژه‌ى %80ى جه‌سته‌ى سووتا و بەھۆی زۆری سوتانەکەیەوە ژیانی لە مەترسیدایە. بە وتەی سەرچاوەیەکیش رووداوەکە بەھۆی نەوت کردنە سۆباوە روویداوە.
نووسینگەی چەمچەماڵی توندوتيژى ئه‌وه‌ى راگه‌ياندبوو، كه ئه‌و كچه، "نەوتی کردووه‌تە سۆباوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سۆباکە ئیشی کردووە گڵپەی سەندووە و بووه‌تە ھۆی سوتاندنی لەبەر ئەو ھۆیەش سکاڵای لەسەر کەس نەبووە".
کەرکووك: ژنێک "خۆی کوشت"
رۆژى 30 ى کانوونی دووەم - یەنایەرى 2014، پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، لە گەڕەکی رەحیماوە لە ئەنجامی کێشەی کۆمەڵایەتی ژنێک بە چەکی مێردەکەی "خۆی کوشت". ئەو ژنە کە ناوی "ر. س" و لە دایکبووی 1995 بووه، به چەکی مێردەکەی ژيانى له‌ده‌ستداوه.
ژنێك گیانی لەدەستدا و كچێكیش بەسەختی بریندار بوو
رۆژى 31ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پولیسی قه‌زای زاخۆ به‌خه‌ندانی راگه‌یاندووه، له دوو رووداوی جیادا، ژنێك گیانی له ده‌ستداوه و كچێكیش گوله‌یه‌كی بەخۆیه‌وه ناو برینه‌كه‌ی سه‌خته .
ملازمی یه‌كه‌م، نه‌هشه‌د سه‌لمان له باره‌ى ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌وه ئه‌وه‌ى روونكردووه‌ته‌وه، "رۆژى 31ى يه‌ناير، ژنێك به‌ناوی "م.ع.ع" ته‌مه‌ن 32 ساڵ له نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی قه‌زای زاخۆ له بەشی منداڵبوون گیانی له ده‌ستداوه به‌هۆى ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رييه‌كه‌ى سه‌رنه‌كه‌وتووى منداڵبوون".
سه‌باره‌ت به حاڵه‌تى دووه‌ميش ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو، شه‌وی 30ى يه‌ناير، كچێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ به‌ناوی "ك. ئ. خ" گوله‌یه‌كی ده‌مانچەی به‌خۆیه‌وه ناوه‌و بەوهۆیەوە بریندار بووەو گەیەندراوەتە نه‌خۆشخانه‌ی زاخۆ.
دوو ژن بەهۆی چەكەوە كۆتایی بە ژیانیان هات
رۆژى 1ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014 خه‌ندان بڵاويكردووه‌ته‌وه، لەدوو رووداوی جیا لە دوو گوندی سەر بە قەزای داقوق و ناحییەی یایچی، دوو ژن بە هۆی چەكەوە كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە و دوو رووداوە دەست پێكردووە.
عەمید كاوە غەریب، بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی قەزای داقوق رايگه‌ياندووه، لە لایەن دانیشتوانی گوندی "توێلعە"ی سەر بە قەزای داقوق، ئاگاداركراوينه‌ته‌وه‌لە كوژرانی ژنێك لە گوندەكە"، بە پێی وتەی كەسە نزیكەكانی ئەوژنە كوژراوەو لە لێكۆڵینەوەكەشدا دەركەوتووە كە،" ژنەكە برایەكی ئەندامی سەحوەیە، لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە چەكەكەی كە گولەی لە بەربووە دایناوە، خوشكەكەشی بەناوی "س. م"، تەمەنی 24 ساڵ بەمەبەستی هەڵگرتن چەكەكە، دەستی بەر پەلەپیتەی چەكەكە كەوتووە و گولەیەك دەرچووە و بەر سەری كەوتووە، بەوهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
لە لایەكی دیكە، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك رایگەیاند،"ئێوارەی هه‌مان رۆژ، لەگوندی "ئەلبوشەهر"ی سەر بە ناحییەی یایچی، ژنێك بە ناوی "ز. م"ەو ژنی ماڵەوەیە به‌هۆی دەستكاریكردنی چەكەوە، گولەیەك لە دەستی دەرچووە و بەوهۆیەوە كۆتایی بە ژیانی هاتووە".
به‌هۆى كێشه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه توێژه‌رێكيان سه‌ربڕى
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، نه‌قیبی ماف په‌روه‌ر جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌مین، وته‌بێژی پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی 15ى شوبات ته‌رمی توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌سەربڕاوی دۆزرایه‌وه، هێزه‌كانیان ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كرد و دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ خۆی راده‌ستی هێزه‌كانیان كردوه‌و دانی ناوه به‌وه‌دا كه ئه‌و توێژه‌ره‌كه‌ی كوشتووه و هۆكاره‌كه‌ی بۆ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
كەركوك، ژنێك لەناو ماڵەكەی خۆیدا رفێندرا
هێزە ئەمنیەكانی پارێزگای كەركووك ئاشكرایانكردووە، سەر لە ئێوارەی رۆژى 17ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، لە گوندێكی سەر بە كەركوك، چەند كەسێكی نەناسراو لە ماڵەكەی خۆیدا ژنێكیان بەرەو شوێنێكی نادیار رفاندووە. رووداوه‌كه له گوندی حلیوە-ی سەربە ناحییەی زاب روويداوە.
سلێمانی: ژنە پزیشکێک ژيانى له‌ده‌ستدا
رۆژى دووشه‌ممه 17ی شوبات – فێبرايه‌رى 2014 ته‌رمی ژنه پزیشکێک ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی كرا، به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له‌هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانه‌كه‌ی. نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی سلێمانی راگه‌یاند: ئەو ژنه پزیشکەی گیانی له‌ده‌ستداوه، ناوى "ش.ع.ق" له‌دایكبووی ساڵی 1980 و بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیاری لێكۆڵینه‌وه‌ی له هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانی ژنه‌كه ده‌ستپێكردووه.
به‌يه‌كه‌وه كچ و كوڕێك خۆيان سووتاند
رووداوه‌كه رۆژى 19ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، له شارۆچكه‌ى زاخۆ روويداوه. كچه‌كه له 18 ساڵ و كوڕه‌كه 22 ساڵى ته‌مه‌ندان و له ناو ماڵى خۆيان له گه‌ڕه‌كى "سێ مالكا" خۆيان سووتاندبوو، به گوێره‌ى زانيارى سه‌ره‌تايى رێژه‌ى سووتانيان %80 بووه و ژيانيان له مه‌ترسيدا بووه.
پۆليس ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه، كوڕه‌كه "م.ع" كارى وێنه‌گر بووه و كچه‌كه‌ش فێرخواز بووه و كه‌سوكاريان رێگر بوونه له‌وه‌ى ژيانى هاوسه‌رگيرى پێكبهێنن و به‌يه‌كه‌وه ئه‌و بڕياره‌يان داوه.
پرسى ده‌ستدرێژيكردنه سه‌ر هاوسه‌رى زيندانييه‌ك ئاشكرا بوو
سێ زیندانیی محه‌ته‌ی هه‌ولێر له نامه‌يه‌كياندا رايانگه‌ياند، ئه‌وان خراونه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ستدرێژيكردنى سێكسى بۆ سه‌ر هاوسه‌ره‌كانييان بۆيه ناچار بوونه دان به تاوانێكدا بنێن كه وه‌ك خۆيان وتيان ئه‌نجاميان نه‌داوه.
رۆژى چوارشه‌ممه 19ی شوباتی – فێبرايه‌رى 2014 له شاری هه‌ولێر له كۆنگره رۆژنامه‌نووسیدا هاوسه‌ری یه‌كێك له‌و سێ زیندانیه‌ی محه‌ته‌ی هه‌ولێر كه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان كرابوو نامه‌ی هه‌رسێ زیندانیه‌كه‌ی خوێندنه‌وه كه ئاڕاسته‌ی داواكاری گشتی و په‌رله‌مانتاران كراوه.
له‌نامه‌كه‌دا هاتبوو: "ئێمه هه‌رسێ گیراو، له زیندانی محه‌ته‌ی هه‌ولێر به‌پێویستمان ئه‌م رونكرده‌وه‌یه بۆرای گشتی بخه‌ینه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌كێشه‌كه‌ی ئێمه و لێدوانی ئه‌م دواییه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه ئێمه له یه‌كه‌م سه‌ردانی لیژنه‌ی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ كه هاتنه لامان له 10 ئه‌م مانگه، پێمان راگه‌یاندون، كه ئه‌ونوسراوه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه راسته‌و ئێمه نووسیومانه و هه‌ر له‌لای ئه‌وان ئیمزامان له‌سه‌ر نوسراوه‌كه كردوه‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیانمان دایه‌وه.
له درێژه‌ی نامه‌كه‌شدا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو: "ئێمه له‌یه‌كه‌م سه‌ردانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پێمان ووتون كه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆسه‌ر خێزانه‌كانمان لێكراوه، ئێمه‌ش له ترسی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه دانمان به‌وتۆمه‌ته داناوه كه‌بۆمان درووستكراوه، ده‌ستدرێژی سێكسی نه‌كراوه‌ته سه‌رخێزانه‌كانمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دانمان به‌و تۆمه‌ته‌ناوه كه خراوه‌ته پاڵمان".
ئه‌م سێ زیندانیه پێشتر له 2005 به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی ته‌قه‌ینه‌وه‌یه‌ك له‌هه‌ولێر ده‌ستگیركراون، كه بۆ به‌رپرسێك دانراوه. له‌سه‌ر هه‌مان دۆسیه‌ی وته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ نازم دڵبه‌ند ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه.
ژنێك به تۆمه‌تى كوشتن ده‌ستگير كرا
شه‌وی 20ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014 له شاره‌دێی داره‌تووی سه‌ر به قه‌زای به‌رده‌ڕش هاووڵاتی "ه. ف ح" ته‌مه‌ن 29 ساڵ خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان له ماڵه‌كه‌ی خۆی ده‌ستڕێژی گولـه‌ی لێكرا و گیانی له ده‌ستدا، پۆلیسیش ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ى ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
به‌ڕێوبه‌ری پۆلیسی قه‌زای به‌رده‌ڕش عه‌قید زێدان زه‌كه‌ریا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند، "یه‌كێك له بكوژانی ئه‌و هاووڵاتیيه، هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی بووه كه ناوی "ش. أ. خ" كه دایكی سێ منداڵ بووه و له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی دیكه به‌ناوی "ب. م " كه خوشه‌ویستی ژنه‌كه بووه ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامداوه".
پۆليس ده‌ڵێـت: "ژنێك خۆی خنكاند"
رۆژى 22ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014 له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا عه‌قید زێدان زه‌كه‌ریا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش رايگه‌ياند، "به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كومه‌ڵايه‌تیيه‌وه له سه‌نته‌ری قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش ژنێكی ته‌مه‌ن 23 ساڵ خۆی خنكاندووه".
كوڕێك خوشكى خۆى كوشت
رۆژى 23ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، له شارۆچكه‌ى زاخۆ، برايه‌ك خوشكه ته‌مه‌ن 19 ساڵييه‌كه‌ى خۆى به 4 فيشه‌ك كوشت. تاوانه‌كه له كۆمه‌ڵگه‌ى "هێزاوا"ى سه‌ر به شارۆچكه‌ى زاخۆ ئه‌نجامدرابوو، كچه‌كه ناوى "ر.أ" بوو، بكوژه‌كه به‌ره‌و شوێنێكى ناديار رايكردووه و تا ئێستا ده‌ستگير نه‌كراوه.
كچێكى شانزه ساڵ به 15 فيشه‌ك كوژرا
كات 08:00ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژى 27ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، له گه‌ڕه‌كی 94ی باداوه‌ی شاری هه‌ولێر، "ئیمان.ع.و"، له خه‌ودا بوو، ئه‌و كاته‌ی درایه به‌رده‌ستڕێژی گوله و كوژرا و پۆلیسیش رایگه‌یاند، تاوانه‌كه له لایه‌ن باوكییه‌وه ئه‌نجام دراوه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی (NRT)، به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی هه‌ولێر رائید ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر رایگه‌یاند، تاوانه‌كه به چه‌كی كڵاشینكۆف ئه‌نجامدراوه و بكوژه‌كه به‌ره‌و شوێنێكی نادیار رایكردووه و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه. ئه‌و كچه به هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له رابردوودا ناچار بووه، ماڵ به‌جێبهێڵێت و له‌و باره‌یه‌وه به‌رپرسه‌كه‌ى توندوتيژى وتی: "پێشتر به هۆی بوونی كێشه له‌گه‌ڵ كوڕێكدا له بنكه‌ی پۆلیسی سه‌روه‌ران په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ كێشه‌كه كراوه‌ته‌وه و كوڕه‌كه به بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و ئیمانیش ره‌وانه‌ی شه‌ڵته‌ری ژنان له هه‌ولێر كراوه".
وتیشی "له كاتی مانه‌وه‌ی له شه‌ڵته‌ردا، به هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌ی درووستكردووه، شوێنی خه‌وتنی ئه‌و كچه و هاوڕێیه‌كی جیاكراوه‌ته‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا ئیمان ناڕازی بووه و چه‌ند شووشه‌یه‌كی په‌نجه‌ره‌ی شه‌ڵته‌ره‌كه‌ی شكاندووه و به‌و هۆیه‌وه له لایه‌ن چاودێرانی شه‌ڵته‌ره‌كه‌وه سكاڵای له دژ تۆمار كراوه".
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی، ئیمان راپێچی دادگا كراوه و به تۆمه‌تی زیانگه‌یاندن به موڵك و ماڵی گشتی و حكومی خراوه‌ته زیندان و ماوه‌ی یه‌ك مانگ و نیو له زینداندا بووه، سێ رۆژ پێش كوژرانى ئه‌و كچه له لایه‌ن دادگاوه، به كه‌فاله‌تی یه‌ك ملیۆن دیناری عێراقی، راده‌ستی مامی كراوه‌ته‌وه.دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ، له لايه‌ن باوكييه‌وه كوژراوه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی (NRT)، به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن و وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر رائید كاروان عه‌بدولكه‌ریم رایگه‌یاند، "هێشتا نه‌توانراوه باوكه‌كه ده‌ستگیر بكرێت". ئه‌و وتیشی: "به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پۆلیس ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه، تۆمه‌تبار سنووری پارێزگای هه‌ولێری به‌جێهێشتبێت و رووی كردبێته ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه".
سه‌يدسادق: ته‌رمى دوو كچ له گۆمه‌ئاوێكدا دۆزرانه‌وه
رۆژى پێنجشه‌ممه 27ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014 له لايه‌ن پۆليسه‌وه له گۆمه‌ئاوێكى "چه‌مى چه‌قان" له شارۆچكه‌ى سه‌يدسادق ته‌رمى هه‌ريه‌ك له شلێر و حه‌ليمه دۆزرانه‌وه.
به گوێره‌ى ئه‌و زانيارييانه‌ى ده‌ست ماڵپه‌ڕى (NRT) كه‌وتون، ئه‌و دوو ژنه، خوشكن و به‌يه‌كه‌وه ماوه‌ى 12 رۆژ ديار نه‌ماوون. ئه‌و دوو خوشكه يه‌كێكيان ناوى "شلێر.ع" ته‌مى 17 ساڵ و ئه‌وى ديكه‌يان "حه‌ليمه.ع" ته‌مه‌نى 15 ساڵ بووه و فێرخواز بووه له قۆناغى بنه‌ڕه‌تى.
خێزانى ئه‌و دوو ژنه جگه له دايك و باوكيان، شه‌ش خوشك و برايان هه‌يه و باوكيان ماوه ماوه ئيشى كڕين و فرۆشتنى ئاژه‌ڵى كردووه و ده‌وترێت باوكيان له رووى ته‌ندروستييه‌وه "گرفتى ده‌روونى" هه‌يه و خه‌ڵكيش هاوكارى ماددى كردوون، به‌و پێيه‌ى "بارى گوزه‌رانيان سه‌خت بووه". له لايه‌ن پۆليسه‌وه هه‌ريه‌ك له باوك و خاڵى ئه‌و خوشكانه ده‌ستبه‌سه‌ر كران، به‌ڵام باوكى ئازاد كراوه و خاڵى له لاى پۆليس گلدرايه‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ماڵپه‌ڕی (NRT) كه‌وتووه له رۆژی 5ی ته‌مموز - یۆلیۆی 2013، ئه‌و دوو خوشكه به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه رێگرن له‌به‌رده‌م شوكردنیان؛ سكاڵایان له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كه له‌باوكیان و خاڵ و خاڵۆژنیان تۆماركردووه.
له 12 ی ته‌مموز – یۆلیۆی هه‌مان ساڵدا ئه‌و دوو كچه ده‌چنه شه‌ڵته‌ری په‌نادانی ژنان له سلێمانی و پاش چه‌ند رۆژێك و له 21ی ته‌مموزدا به‌بڕیارێكی دادگای سه‌یدسادق له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێننامه‌یه‌ك كه به باوكیان پڕكراوه‌ته‌وه، ده‌درێنه‌وه به باوكیان. له لايه‌كى ديكه‌وه ده‌رهێنانى ته‌رمى ئه‌و دوو خوشكه له گۆمه‌ئاوى چه‌مى چه‌قاندا، به شێوه‌يه‌ك بوو، كه به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان به تايبه‌تى فه‌يسبووك، هاوڕێ له‌گه‌ڵ پۆستكردنى وێنه‌كاندا نووسيبوويان: "تاوانه‌كه چه‌نده دڕندانه و ئازار ده‌ره، ده‌رهێنانى ته‌رمه‌كانيشيان هێنده ناشايسته‌يه".
كوژران و شێوازی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمی شلێر و حه‌لیمه ناڕه‌زایه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا
پۆلیسی شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق، هه‌ریه‌ك له شلێر 17 ساڵ و حه‌لیمه‌ی 15 ساڵی له گۆمه‌ئاوێكی چه‌می چه‌قانی شارۆچكه‌كه دۆزییه‌وه و كوژران و شێوازی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و دوو ژنه بووه‌ته باس و خواسی چالاكانی پرسی ژن له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكدا.
به گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ماڵپه‌ڕى (NRT)، ئه‌و دوو ژنه، به هۆی كێشه‌یانه‌وه په‌نایان بردووه‌ته به‌ر رێكخراوێكی ژنان له سلێمانی و له رێگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌وه به كه‌فاله‌ت دراونه‌ته‌وه ده‌ست كه‌سوكارییان و ماوه‌ی دوو هه‌فته بێ جێگه و رێگه ژیانیان به‌سه‌ر بردووه. چالاكانی پرسی ژن، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانییان، له رێگه‌ی پۆستی جیاجیاوه ره‌خنه‌یان له شێوازی ده‌رهێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان گرت.
به بێ ئاگادارى چالاكانى ژن ته‌رمى شلێر و حه‌ليمه راده‌ستى كه‌سوكاريان كرايه‌وه
سه‌رله‌به‌يانى رۆژى شه‌ممه 1ى ئازار – مارسى 2014، ژماره‌يه‌ك له ئه‌ندامانى گروپى ژيان، سه‌ردانى په‌يمانگه‌ى پزيشكى دادوه‌رى سلێمانييان كرد و داوايانكرد، له مه‌راسيمى راسپاردنى ته‌رمى هه‌ردوو خوشك به كه‌سوكارييان ئاماده‌بن. ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ ته‌رمه‌كان راده‌ستى كه‌سوكاريان كرانه‌وه. به بێ ئه‌وه‌ى چالاكانى ژن و رێكخراوه‌كان ئاگادار بكرێنه‌وه. رۆژى 2ى ئازار ژماره‌يه‌ك له چالاكانى پرسى ژن و گروپى ژيان، سه‌ردانى شارۆچكه‌ى سه‌يدسادقيان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى له لاى پۆليس، به‌دواداچوون بۆ ئه‌نجامى راپۆرتى پزيشكى بكه‌ن.
له كه‌لار ئیدانه‌ی "كوشتن"و شێوازی ده‌رهێنانی ته‌رمی شلێر و حه‌لیمه كرا
له راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له گه‌رمیان، ئیدانی كوشتن و شێوازی ده‌رهێنانی ته‌رمی شلێر و حه‌لیمه‌ی كرد، كه له لایه‌ن پۆلیسه‌وه، له گۆمه‌ئاوێكی چه‌می چه‌قانی سه‌یدسادق دۆزرانه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه وێنه‌یه‌كی بۆ ماڵپه‌ڕی (NRT) نێردراوه، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی گه‌رمیان رایگه‌یاندووه: "وێرای ئیدانەكردنی تاوانی كوشتنەكە، هاوكات بە توندی ئیدانەی شێوازی دەرهێنانەوەی تەرمی ئەو دوو خوشكە دەكەین و ئەو شێوازیی دەرهێنانەوەیە وەكو لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، دیمەنێكی زۆر ناشرین و قێزەونە بە شێوەیەك هەموانی بەڕادەیەك تووشی بیزاری و نیگەرانی كردووە كە دیمەنی دەرهێنانەوەی تەرمەكان وەكو تاوانی كوشتنەكە و بگرە بە ئازارتر و خراپتر سەیر بكرێت".
دادوه‌ر گشتاندنى نه‌كردبوو
رۆژى یه‌كشه‌ممه، 2ی ئازار – مارسی 2014، چالاكانی گروپی ژیان چالاكییه‌كی پرۆتستۆكردنیان له سه‌یدسادق ئه‌نجامدا. رێكخه‌ری گرووپه‌كه‌ش رایگه‌یاند، دادوه‌ر گشتاندنی بۆ سۆراغكردنی شلێر و حه‌لیمه نه‌كردووه و دۆسییه‌كه‌یان ناڕوونه و ئه‌و دوو كچه پێشتر له شه‌ڵته‌ر بوون و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ڵێننامه راده‌ستی كه‌سوكاریان كراونه‌ته‌وه. له باره‌ی ئه‌نجامی راپۆرتی پزیشكییه‌وه، رێكخه‌ری گروپی ژیان به‌هار مونزیر، تایبه‌ت به ماڵپه‌ڕی (NRT) رایگه‌یاند، دۆسیه‌ی شلێر و حه‌لیمه "ته‌مومژاوییه و روون نیه".
وتیشی: "ئه‌و دوو كچه پێشتر داوای یاساییان تۆمار كردووه و چوونه‌ته پۆلیس و ره‌وانه‌ی شه‌ڵته‌ری سلێمانی كراوون و له‌وێ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی شه‌ڵته‌ره‌كه له باره‌یانه‌وه وتویه‌تی ئه‌مانه به‌كه‌ڵكی مانه‌وه له شه‌ڵته‌ر نایه‌ن".
به‌هار مونزیر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی له ماڵ هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه، كه‌سوكارییان پۆلیسیان له دیار نه‌مانییان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دادوه‌ری دۆسییه‌كه، بڕیاری سۆراغ كردنی به‌سه‌ر داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كاندا نه‌گشتاندووه و ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌و وتی: "گومانه‌كانی زیاتر كردوون و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی دۆسییه‌كه‌یانه" و پێویسته داواكاری گشتی له‌و باره‌یه‌وه بێته ده‌نگ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و "خه‌مساردییه"ی دادوه‌ر بكات.
حكومه‌ت ليژنه‌ى بۆ پێكهێنا
دۆسيه‌ى شلێر و حه‌ليمه نه‌ك ته‌نيا به‌رپرسيارێتى رووبه‌ڕووى حكومه‌ت كرده‌وه، به‌ڵكو پرسيارى جديشى له‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه درووست كرد، كه له ساڵانى رابردوو، حكومه‌ت به پاساوى كاركردن له‌سه‌ر ره‌وشى ژن دايمه‌زراندوون.
بۆ كه‌يسى ئه‌و دوو كچه، حكومه‌ت ليژنه‌يه‌كى به‌دواداچوونى پێكهێنا. ئه‌و ليژنه‌يه ئه‌وه‌ى پشتڕاستكرده‌وه، لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌ت "كه‌مته‌رخه‌م بوونه له پاراستنى شلێر و حه‌ليمه".
له راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی وه‌فدێكی حكوومی سه‌ردانی سه‌یدسادق و عه‌ربه‌ت و هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ی كردووه و له‌گه‌ڵ دادوه‌ر و داواكاری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیس و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌دا كۆبۆته‌وه بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی ته‌واو و به‌دواداچوون له دۆسیه‌ی ئه‌م دوو خوشكه.
شانده‌كه‌ى حكومه‌ت له لايه‌ن نه‌زه‌ند به‌گیخانی وه‌ك ئه‌ندامی بۆردی چاودێریی مافه‌كانی ژن سه‌رۆكایه‌تی كراوه، له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌يدا ئه‌وه‌ى دووپاتكردووه‌ته‌وه، كه له‌و دۆسيه‌يه‌دا، "له ته‌واوی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك پێویست چالاك و جددی نه‌بوون له كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه، بۆیه كه‌مته‌رخه‌می هه‌بووه له پاراستنی شلێر و حه‌لیمه".
هه‌ڕه‌شه‌ی لوتبڕین له چالاكێكی ژنان ده‌كرێت
رۆژى 12ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، كه‌ناڵى ئێن ئاڕ تى بڵاويكرده‌وه، چه‌ندین جاره له رێگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و لوتبڕین له به‌هار مونزير ده‌كرێت.
به‌هار بۆ ئه‌و كه‌ناڵه ئه‌وه‌ى وتووه: "ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كه‌ن ناسراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیربكرێن".
دايك و كوڕێك كه‌وتنه رووبار‌ى هيزل و خنكان
رۆژى 20ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، دواى ئه‌وه‌ى له رۆژئاواى كوردستانه‌وه ده‌ربازى سنوورى هه‌رێم بوو بوون، به‌هۆى ته‌قه‌كردنى سه‌ربازانى توركياوه، دايك و كوڕێك كه‌وتنه ناو ئاوى رووبار‌ى هيزل و ژيانيان له‌ده‌ستدا.
پۆليسى زاخۆ رايگه‌ياند، ئه‌و دايك و كوڕه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌يان نيوه‌شه‌و ويستوويانه له سنووره‌وه ده‌ربازى ديوى هه‌رێم بن، به‌ڵام سه‌ربازانى توركيا ته‌قه‌يان لێكردوون و به‌و هۆيه‌وه، ئه‌و جه‌ميلا نو‌عمان 40 ساڵ و عومه‌ر جومعه 7 ساڵ كه‌وتوونه‌ته ناو ئاوى رووبار‌ى هيزل و ژيانيان له‌ده‌ستداوه.
ژن و مێردێک گیانیان لە دەستداو ھەشت کەسی دیکە برینداربوون
رۆژى 14ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، لەسەر رێگای کەلار – سلێمانی و لە نزیک دەروازەی کەلار، بەھۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیل پیاوێک و ژنەکەی گیانیان لە دەستداو ھەشت کەسی دیکەش برینداربوون کە ژمارەکیان برینەکانیان سەختە. رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبیل لە جۆری تۆیۆتا دەبڵ و مینی پاسێکدا بووە بەھۆیەوە، لە ناو دەبڵەکە ژن و مێردێک بە ناوەکانی "جەلال محەممەد و گەلاوێژ ئەحمەد" گیانیان لە دەستداو ھەروەھا حەوت کەسی دیکە لە ناو دەبڵەکە و کەسێکیش لە ناو مینی پاسەکە برینداربوون.
سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌یوت "توندوتیژی كه‌میكردووه"
هه‌موو ئه‌م تاوانانه له كاتێكدا رووده‌ده‌ن، كه نێچيرڤان بارزانی سه‌رۆكی كابینه‌ی حه‌وته‌می حكومه‌تی هه‌رێم له كۆنفرانسی تایبه‌ت به 25ی نۆڤه‌مبه‌رى 2013، له هه‌ولێر وتاری خوێنده‌وه و رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌وڵه‌كانی سه‌ركه‌وتوو بوونه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژن و توندوتیژییه‌كان كه‌میان كردووه.
له هه‌رێمى كوردستان هه‌ريه‌ك له ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان، كه له سه‌رده‌مى دوو ساڵى كابينه‌ى به‌رهه‌م ساڵح دامه‌زراوه و بۆردى چاودێريكردنى مافه‌كانى مرۆڤ و ژن كه له لايه‌ن نێچيرڤان بارزانييه‌وه دامه‌زراوه و به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان كه له كابينه‌ى پێشووى حكومه‌ت له لايه‌ن نێچيرڤان بارزانييه‌وه دامه‌زراوون، كار له‌سه‌ر پرسى توندوتيژى دژ به ژنان ده‌كه‌ن.
ئاماره‌كان
له سۆران توندوتيژى زيادى كردووه
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له سۆران له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رۆژى 8ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، رايگه‌یاند، له سنووری هه‌رچوار قه‌زای سۆران، رواندز، باڵه‌كایه‌تی و مێرگه‌سور، به گشتی كێشه‌ی ژنان زیادی كردووه، به‌ڵام خۆسوتاندنی ژنان كه‌می كردووه له‌ماوه‌ی ساڵی 2013 شدا 164 كێشه‌ی جۆراو جۆری ژنان تۆمار كراوه.
رائید خۆشه‌وی باڵه‌كی، وتى: له‌ماوه‌ی ساڵی 2013 له سنووری به‌ڕێو‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان 164 كێشه‌ی جۆرا و جۆری ژنان تۆمار كراون، كه ئه‌وانیش بریتی بوون له 65 سكاڵای ژنان، 78 ئه‌شكه‌نجه‌دانی ژنان، 16 خۆسوتاندنی ژنان و دوو كوشتن، یه‌ك خۆكوشتن، یه‌ك توند‌و تیژی سێكسی.
وتیشی: "كار له‌سه‌ر ته‌واوی كێشه‌كان كراوه و تا ئێستاش 85 كێشه له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه ماون، 73 كێشه‌ش دوای سزادانی تاوانباران كۆتایان هاتووه و داخراون، شه‌ش كێشه‌ش ره‌وانه‌ی دادگا كراون بۆ حوكمدانی تاوانباران و 57 كه‌س دوای لێكۆڵینه‌وه به‌پێی یاسا به‌ندكراون كه به‌ندكردنه‌كه‌ش به‌پێی گه‌وره‌یی تاوانه‌كه بووه".
به‌پێی وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له ساڵی 2012 دا 153 كێشه‌ی تایبه‌ت به‌ژنان هه‌بووه، به‌لاَم له ساڵی 2013 ژماره‌كه بۆ 164 كێشه‌ی جۆراو جۆر به‌رزبۆته‌وه، و دیارده‌ی خۆسوتاندنیش به‌به‌راورد به‌سالاَنی پێشوتر كه‌می كردووه.
نزيكه‌ى 500 پياو بۆ هاوسه‌رگيرى دووه‌م روويان له كه‌ركووك كردووه
رۆژى 13ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، رۆژنامه‌ى باس بڵاويكردووه‌ته‌وه له پیاوانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاوسه‌رگیری دووه‌م و سێیه‌م روو له شاری كه‌ركووك ده‌كه‌ن و به‌پێی یاسای عیراقی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن، تا ئێستا له دوای قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنییه‌وه له كوردستان 500 پیاو له هه‌رێمی كوردستانه‌وه رۆشتوونه‌ته شاری كه‌ركووك و ژنی دووه‌میان له‌وێ ماره كردووه.
به‌پێی یاسا هه‌مواركراوه‌كانی هه‌رێم هیچ پیاوێك بۆی نییه ژنی دووه‌م بهێنێت، مه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژنی یه‌كه‌م نه‌زۆك بێت‌و خۆیشی له‌سه‌ر هێنانی ژنی دووه‌م رازی بێت، هه‌روه‌ها پیاوه‌كه توانای دارایی باش بێت‌و بتوانێت دادپه‌روه‌ری به‌ده‌ست بهێنێت. هه‌ر به‌پێی ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه هه‌ر پیاوێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م یاسایه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، سزا ده‌درێت به‌ساڵێك زیندانی‌و بڕی 10 ملیۆن دیناریش غه‌رامه ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ی ئامارێكی نافه‌رمی كه له‌دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه، له‌ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوودا ژماره‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ هێنانی ژنی دووه‌م چوونه‌ته دادگای كه‌ركوك‌و گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان ئه‌نجام داوه 1150 پیاو بووه، 450 گرێبه‌ستیان ساڵی پار ئه‌نجام دراون.
دهۆك: زياتر له هه‌زار حاڵه‌تى توندوتيژى تۆمار كراوون
رۆژى 29ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دهۆك ئامارى ساڵى 2013ى حاڵه‌ته‌كانى توندوتيژى بڵاو كرده‌وه‌و و رايگه‌ياند، زياتر له هه‌زار حاڵه‌ت تۆمار كراوون.
به گوێره‌ى ئاماره‌كه، توندوتيژييه‌كان به رێژه‌ى %25 زيادييان كردووه به به‌راورد به ساڵى پێشووتر. له 2013 دا يه‌ك هه‌زار و 329 حاڵه‌ت تۆمار كراوون له‌وانه 11يان خۆسووتان و 28 حاڵه‌تيان ده‌ستدرێژى سێكسى و يه‌ك هه‌زار و 225 حاڵه‌تييان سكاڵا بوونه. هه‌روه‌ها 200 كێشه ره‌وانه‌ى سه‌نته‌رى راوێژكارى خێزانى كراوون و له‌و ژماره‌يه‌ش 126يان چاره‌سه‌ر كراوون و 74 يان ره‌وانه‌ى دادگا كراوون و زياتر له 600 چالاكى وشياركردنه‌وه‌ش ئه‌نجام دراوون.
پزيشكى دادوه‌رى: ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ر 21 كچی منداڵ
به‌گوێره‌ى ئامارێكی په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان، ساڵی رابردوو له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك زیاتر له 650 كچ پشكنینی په‌رده‌ی كچێنیان بۆ كراوه.
رۆژى دووشه‌ممه 3ی شوباتی – فێبرايه‌رى 2014 ئامارێكی په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵى رابردوو له شاری هه‌ولێر بڵاوكرايه‌وه و به گوێره‌ى ئاماره‌كه 313 كه‌س، كه به هۆكاری جیا جیا له شوێنی به‌رز كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه سه‌ردانی بنكه‌كانی ئه‌و په‌یمانگایه‌یان كردووه، بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه كچێنییان ماوه یان نا. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ربوونه‌ته‌وه كه 235 كچن، ته‌مه‌نیان له نێوان 1- 10 ساڵانه. هه‌روه‌ها 57 كچی دیكه‌ش كه ته‌مه‌نیان له نێوان 11 تا 40 ساڵان بووه به‌ربوونه‌ته‌وه و له پشكنیندا ده‌ركه‌وتووه هه‌شتیان كچێنییان له‌ده‌ستداوه".
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره ساڵی رابردوو 88 كچ كه ده‌ستدرێژییان كراوه‌ته سه‌ر، بۆ پشكنینی په‌رده‌ی كچێنی سه‌ردانی په‌یمانگای پزیشكی دادوه‌ریی هه‌ولێریان كردووه، 19 له‌و كچانه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 1 – 10 ساڵاندا بووه و به‌و هۆیه‌وه دوو له‌و كچانه كچێنییان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: 69 كچیش كه ته‌مه‌نیان له نێوان 11 تا 40 ساڵان بووه به‌و هۆیه‌وه سه‌ردانی په‌یمانگه‌ی ناوبراویان كردووه، 15 له‌وانه كچێنییان له‌ده‌ستداوه.
ئاماره‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه: "دیارترین حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی له ساڵی رابردوودا ده‌ستدرێژی گه‌نجێكی شاری موسڵ بوو كه له شاری هه‌ولێر كاری ده‌كرد و ده‌ستدرێژی كردبووه سه‌ر چه‌ند منداڵێكی كچ كه ته‌مه‌نیان نزیكه‌ی 10 ساڵان بووه، ئه‌و گه‌نجه دوای ده‌ستگیركردنی دانی به هه‌موو تاوانه‌كاندا نا".
به‌پێی ئاماره‌كه، ساڵی رابردوو 114 كچ كه شوویان كردووه و ته‌مه‌نیان له نێوان 11 تا 40 ساڵاندا بووه، سه‌ردانی په‌یمانگه‌ی دادپزیشكییان كردووه، دوای پشكنین ده‌ركه‌وتووه كه 85یان هێشتا كچن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌پێی ئاماره‌كه‌ی په‌یمانگای ناوبراو، 48 كچی دیكه كه 27یان ته‌مه‌نیان له نێوان 1- 11 ساڵاندا بووه، له‌به‌ر "هۆی تر" پشكنینیان بۆ كراوه، ده‌ركه‌وتووه چواریان كچێنییان له‌ده‌ستداوه كه ته‌مه‌نیان له نێوان 11 تا 30 ساڵاندا بووه.
هه‌روه‌ها، "پشكنین بۆ 102 كچ كراوه كه له دواوه سێكسیان له‌گه‌ڵ كراوه له ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وتووه 36 كچ "كۆم"یان دڕاوه، سێ له‌وانه‌ش ته‌مه‌نیان له نێوان یه‌ك تا 10 ساڵان بووه، 30 له‌وانه ته‌مه‌نیان له نێوان 11 تا 30 ساڵان بووه، هه‌روه‌ها سییانه‌كه‌ی دیكه‌ش ته‌مه‌نیان له نێوان 31 تا 40 ساڵان بووه".
به‌گوێره‌ى ئاماره‌كه، "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له شاری هه‌ولێر 665 كچ و ژن پشكنینی په‌رده‌ی كچێنی و پشكنینی كۆمیان بۆ كراوه و ده‌ركه‌وتووه كه 61 له‌وانه به هۆكاری جیا جیا كچێنییان له‌ده‌ستداوه".
هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری په‌یمانگای پزیشكی دادی پارێزگای دهۆكیش، ساڵی رابردوو پشكنینی په‌رده‌ی كچێنی بۆ 91 كچ كراوه، به‌ڵام ئاماژه به ئه‌نجامی پشكنینه‌كان نه‌دراوه، هه‌ر له دهۆك پشكنینی كۆم بۆ 37 كه‌س له ره‌گه‌زی مێ و 284 كه‌س له ره‌گه‌زی نێر كراوه.
رێكخراوێك ئاماره‌كان ده‌خاته‌ڕوو
رۆژى شه‌ممه 15ی شوبات – فێبرايه‌رى 2014 رێكخراوی هاریكاریی یاسای ژنان راپۆرتی چاودێریی جێبه‌جێكردنی یاسای توند‌و تیژیی خێزانی له هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه.
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌نووسیه‌دا شۆخان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی رێكخراوی هاریكاریی یاسای ژنان ئاماری توندوتیژی ساڵی 2013ی خسته‌روو و رایگه‌یاند: به‌پێی ئاماره‌كانی ساڵی رابردوو پێنچ هه‌زار و 307 توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان له هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌و زۆرترین رێژه‌ی توندوتیژیش له شاری هه‌ولێره كه هه‌زار و 745 حاڵه‌ت بووه و پاشان له شاری دهۆك كه هه‌زار و 329 حاڵه‌ت بووه به‌ڵام له سلێمانی كه‌مترین حاڵه‌ت تۆمار كراوه كه هه‌زار و 270 بووه.
سه‌باره‌ت به حاڵه‌ته‌كانی توندتیژیی سوتان و كوشتن، وتی: له شاری هه‌ولێر 43 حاڵه‌تی كوشتن و 146 حاڵه‌تی سوتانی ژنان هه‌بووه له شاری دهۆكیش 18 حاڵه‌تی كوشتن و 58 حاڵه‌تی سوتان هه‌بووه له شاری سلێمانیش حاڵه‌تی كوشتن 12 و سوتان 78 حاڵه‌ت بووه.
به گوێره‌ى ئامارێكى فه‌رمى په‌يمانگه‌ى پزيشكى دادوه‌رى هه‌رێم، ژماره‌ى ئه‌و ژنانه‌ى به چه‌ك كوژراوون زياتره له‌و ئاماره‌ى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى بڵاويكردووه‌ته‌وه.
ئاماری رەسمی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارەی حاڵەتەكانی كوشتن بە فیشەكی 50 حاڵەت تۆمار كردبوو، بەڵام بە گوێرەی ئاماری پزیشكی دادوەری تەنیا لە ساڵی رابردوودا 76 حاڵەتی كوشتنی ژنان بە فیشەكیان چووەتە بەر دەست.
لە سەرەتای ساڵی رابردووداشدا سەرۆكی كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێم بڕی 500 ملیۆن دیناری بۆ كڕینی پێویستی نوسینگەكان دیار كرد، بەڵام وەزارەتی دارایی حكومەت بە پاساوی نەبوونی پارە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی بۆ كڕینی پێویستی نوسینگەكانی لێكۆڵینەوە خەرج نەكردووە و ئه‌مه‌ش يه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانى راپۆرتى رێكخراوى هاريكارى ياسايى بوو.
لە پشدەر توندوتیژی دژ بە ژنان کەمیکردووە
بەگوێره‌ى ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی قەزای پشدەر، لە ساڵی 2012 دا 248 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لەسنووری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمارکراوە، بەڵام لەساڵی 2013 ژمارەکە بۆ 203 حاڵەت کەمیکردووە. وه‌ك ئه‌وه‌ى له ميدياكاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه.
لە گەرمیان 13 ژن مەترسی لەسەر ژیانیان ھەبووە
رۆژى 12ى کانوونی دووەم - یەنایەر بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، ئامارێكى بڵاو كرده‌وه و به گوێره‌ى ئه‌و ئاماره له ماوەی ساڵی 2013دا 13 ژن بەھۆی مەترسی لەسەر ژیانیان داڵدەدراون.
كۆرپه‌له‌يه‌كى دوو رۆژه دۆزرايه‌وه
رۆژى 12ى کانوونی دووەم - یەنایەرى 2014، لە لە ناوچەی تەکیەی کاکە مەندی سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ منداڵێکی تەمەن دوو رۆژە، بە زیندوویی دۆزرایەوە، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند ئەگەر کەسوکارەکەی لە بەر ھەژاری فرێیان داوە، وەکو قایمقامیەت بژێوی منداڵەکە لە ئەستۆ دەگرن و ھاوکاری مادیی دەکەن، بۆیە کەسوکارەکەی دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.
بیست ژنى سواڵکەر دەستگیر کران
رۆژى 3ى ئازار – مارسى 2014، بە بڕیاری قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی و بە مەبەستی کەم کردنەوە و نەھێشتنی دیاردەی سواڵکردن، لیژنەیەکی تایبەت بۆ ئەو مەبەست پێکھێنرا و لە ھەڵمەتێکدا لە ناوچەی پیشەسازی 20 ژنى سواڵكار ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی دیاردەی سواڵکردن "کامیل غەفور" رايگەیاندووه "پاش دەستگیرکردنی ئەم کەسانە رادەستی پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان کران و دوای لێکۆلینەوە لەگەڵیاندا رەوانەی شوێنەکانی خۆیان کرانەوه."
به تۆمه‌تى دزيكردن سێ ژن ده‌ستبه‌سه‌ر كران
رۆژى 24ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، له دهۆك 3 ژن له لايه‌ن پۆليسه‌وه به تۆمه‌تى دزيكردن ده‌ستبه‌سه‌ر كران.پۆليس رايگه‌ياند، ته‌مه‌نى ئه‌و ژنانه له سه‌رووى 30 ساڵه‌وه‌يه و دوانيان خه‌ڵكى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى سه‌ر به دهۆك و يه‌كيان خه‌ڵكى هه‌ولێر بووه.
چالاكييه‌كان
ناڕه‌زايه‌تى دژ به ده‌ستدرێژى به‌كۆمه‌ڵى شه‌ش كه‌سه‌كه
رۆژى پێنجشه‌ممه 9ی كانوونی دووه‌می – يه‌نايرى 2014، كۆمه‌ڵێك له چالاكان و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسانی كۆیه گردبوونه‌وه‌یه‌كیان دژی ده‌ستدرێژی كردنه‌سه‌ر ئه‌و كچه 16 ساڵه ئاواره سورییه ئه‌نجامدا. گردبوونه‌وه‌كه به‌هاوكاری فیدراسیۆنی رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان و تۆڕی چه‌تری ڕێكخراوه‌كانی كۆیه له سه‌نته‌ری گه‌نجانی كۆیه ئه‌نجامدرا. به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر ئه‌و كچه 16 ساڵه‌ی خه‌ڵكی خۆرئاواری كوردستانیان ئیدانه كرد رایانگه‌یاند كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌و كرداره قێزه‌ونه‌ن كه له شاری هه‌ولێر پایته‌ختی گه‌شتیاری ئه‌نجامدراوه.
يادى تيرۆرى سێ چالاكه‌كه كرايه‌وه
رۆژى پێنچشه‌ممه، 9ی كانووی دووه‌می – يه‌نايرى 2014، له به‌رده‌م باخی گشتیی شاری سلێمانی، رێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان و چه‌ند چالاكێكی بواری ژنان، به‌هۆی له سێداره‌دانی ژنانی چالاكوانی مه‌ده‌نی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر تیرۆركردنی هه‌رسێ ژنه سیاسه‌تمه‌داری كورد، سه‌كینه جانسز و فیدان دۆغان و له‌یلا سۆیله‌مه‌ز، كه له فه‌ڕه‌نسا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه تیرۆركران، كه‌مپنی (نا بۆ كۆمه‌ڵكوژیی ژنان و سێداره)يان راگه‌یاند.
بڕياره كه‌مپینه ماوه‌ی شه‌ش مانگ بۆ ساڵیك بخایه‌نێت و واژوو كۆده‌كرێته‌وه و دواتر له لایه‌ن چالاكانی مه‌ده‌نی له ئه‌وروپا ده‌درێت به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تا رایگشتی ئاگادار بكرێته‌وه له‌وه‌ی له ئێران كۆمه‌ڵكوژیی ژنان له ئارادايه.
رۆژی 9-1-2013 له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه هه‌رسێ ژنه چالاكوانی كورد ساكینه جانسز، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری په‌كه‌كه و فیدان دۆغان، نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و له‌یلا شایله‌مه‌ز، چالاكوان، تیرۆركران.
چالاكانی ژنان و مه‌ده‌نی له ئاستی كوشتنی ژنان دێنه ده‌نگ و نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی رای گشتی ده‌كه‌ن
رۆژى 14ى كانوونى دووه‌م ژماره‌یه‌ك چالاكوان و رۆژنامه‌نووس و كه‌سایه‌تی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دژی ده‌ستدرێژی سێكسی كردنه سه‌ر ژنان و كوشتن‌یان به ناوی ناموس و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن و له نامه‌یه‌كی كراوه‌شدا داوا ده‌كه‌ن هه‌موو لایه‌ك دژی كوشتار و توندوتیژی دژی ژنان بێنه مه‌یدان.
له و نامه‌یه كراوه‌یه‌دا 32 چالاكی ژنان و مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووس و كه‌سایتی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی رايانگه‌ياندبوو، "له ماوه‌ی 23 ساڵی رابردووی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، كوردستان بوه‌ته دۆزه‌خێك بۆ ژنان، له مێژووی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا به هه‌زاره‌ها ژن به به‌هانه‌ی نامووس په‌رستی یان كوژراون یان له ژێر فشاری كۆمه‌ڵایه‌تی و له بێ چاریدا خۆیان كوشتوه و بوونه‌ته قوربانی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: "ژماره‌ی ژنانی قوربانی، ژماره‌ی قوربانیانی جینۆساید‌و چه‌كی كیمیاوی تێپه‌ڕاندوه، ئه‌گه‌ر ته‌نها سه‌یرێكی هه‌واڵه‌كانی 20 رۆژی رابردوی قوربانیانی توند‌و تیژی و تیرۆر بكه‌ین".
له نامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌دراوه، رۆژی 23-12-2013 ژنێكی كارگوزار كه له نیپاڵه‌وه بۆ كاركردن هاتبوو بۆ هه‌رێمی كوردستان به هه‌ڵواسراوی دۆزرایه‌وه، له رۆژی 29-12 له شه‌ڵته‌ری حكومی بۆ پارێزگاری له ژنان، ژنێك سوتا، له 31-12 كچێك له لایه‌ن براكه‌یه‌وه له گوندێكی سه‌ر به كفری ده‌كوژرێت. ئه‌م ژنه كه‌یسه‌كه‌ی له‌لای فه‌رمانگه‌ی گه‌رمیانی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توند‌و تیژی ده‌بێت و به فه‌رمانی دادوه‌ر راده‌ستی كه‌سوكاری ده‌كرێته‌وه. له 31-12 ژنێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ له گه‌ڕه‌كی ئه‌ندازیارانی شاری هه‌ولێر به‌ده‌ستی برایه‌كی به كلاشینكۆف ده‌كوژرێت. 2-1 كچێكی ته‌مه‌ن 17 ساڵ له ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌هه‌ڵواسراوی دۆزرایه‌وه. 5-1 ته‌رمی ژنێكی ته‌مه‌ن 20 ساڵ به‌ناوی گوڵان كه پێنج فیشه‌ك به‌سه‌ریه‌وه ندرابوو له دووری 35 كیلۆمیتری شاری هه‌ولێر دۆزرایه‌وه. 6-1 كچێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ كه ئاواره‌ی سوریایه له هه‌ولێر رفێنرا و له‌لایه‌ن شه‌ش كه‌سه‌وه ده‌ستدرێژی كرایه سه‌ر. 7-1 كوڕێك دوای ئه‌وه‌ی كه كچێك ده‌كوژێت له شاری سلێمانی خۆشی ده‌كوژێت.
ژنێكی په‌نابه‌ری كورد له توركیا چاوه‌ڕێی هاوكاری ده‌كات
رۆژى 16ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، رێكخراوی ژنانی كورد و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌ریتانیا بڕياريدا سندوقێكى كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه بۆ ژنه په‌نابه‌رێكى كورد له توركيا به‌ناوى "خه‌نده" دابمه‌زرێنێت، كه ئه‌و ژنه وه‌ك قوربانييه‌كى توندوتيژى له هه‌رێمه‌وه رايكردووه بۆ توركيا و خۆى و دوو منداڵى نه‌خۆشيى پێويستييان به هاوكارى و كۆمه‌ك هه‌يه. ئه‌و ژنه په‌نابه‌ره نامه‌يه‌كى ئاراسته‌ى رايگشتى كردبوو، تێيدا نووسيويه‌تى: "منیش ژنێكم وه‌ك ئێوه به‌ناچاری ملی ئه‌و رێگه‌یه‌م گرتووه. به‌ڵام ژیانێكی سه‌خت ده‌گوزه‌رێنم، ره‌نگه زۆرتان ژیانی په‌نابه‌ریتان له توركیا چه‌شتبێت، كه چه‌نده ژیان لێره سه‌خته، من ساڵی 2011 به‌ناچاری ژیانی په‌نابه‌ریم هه‌ڵبژارد، به‌ڵام به‌هۆی ژیانی منداڵێكمه‌وه كه له عیراق به‌جێم هێشتبوو له تاو منداڵه‌كه‌م ناچار بووم بگه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام ئه‌م جاره تووشی كاره‌ساتێكی دیكه بووم كه له‌مردن گه‌رامه‌وه.
من به‌شێكی جه‌سته‌م سوتێندراوه ئه‌م جاره‌ش كه گه‌ڕامه‌وه عیراق به‌رچه‌قۆ درام و له مردن گه‌ڕامه‌وه، بۆیه دیسان جارێكی تر هه‌ردوو مناڵه‌كه‌م هێناوه‌و ژیانی په‌نابه‌ریم به ناچاری هه‌ڵبژارده‌وه، رووم كرده‌وه وڵاتی توركیا و جارێكی دیكه داوام له یوئێن كرده‌وه وه‌ك په‌نابه‌رێك قبوڵم بكات، سه‌ره‌نجام دوای زیاتر له هه‌شت مانگ له لایه‌ن یوئێنه‌وه قبوڵ بووم به‌ڵام تا ئێستا وڵاتی سێیه‌مم بۆ دیاری نه‌كراوه و رۆژ به‌رۆژ ژیانم سه‌ختر ده‌بێت. ئێستا ژیانێكم هه‌یه هه‌ر رۆژه‌و مردنێكه نه‌بوونی وای لێكردوم شان بده‌مه به‌ر ئیش كردن، به‌ڵام كاتێك ئیش ده‌كه‌م ده‌بێت پاره‌كه‌م بده‌مه ده‌رمان ده‌سته‌كانم به‌هۆی سوتاندنیانه‌وه،خۆم نه‌خۆشی رۆماتیزمه‌م هه‌یه كوڕه 10ساڵانه‌كه‌م هه‌ر هه‌مان نه‌خۆشی هه‌یه كچه‌كه‌م شه‌ش ساڵانه تووشی نه‌خۆشی شه‌كره بوو، مانگانه زیاتر له 100 دۆلاری بۆ ده‌ده‌م به عیلاج، مانگی وا هه‌یه سێ بوتڵ خوێنی تێ ده‌كه‌م، چونكه خوێنه‌كه‌ی داده‌به‌زێت ناچارم خوێنه‌كه‌شی بۆ بكڕم هه‌ر بوتڵێكیش نزیكه‌ی 100 دۆلاری ده‌وێت".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "هیچ كه‌س شك نابه‌م تا هاوكاریم بكات، شه‌وانه له ده‌ست ئازاری نه‌خۆشی خۆم ده‌ناڵێنم، پیویستم به نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه و كیس له ناو سكم دروست بووه، رۆژنانه به‌م نه‌خۆشیه‌شه‌وه جاری وا هه‌یه دوو جار ده‌بورێمه‌وه، پاره‌م نیه نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكه‌م تێچوونه‌كه‌ی دوو هه‌زار و 500 دۆلاره، شه‌وانه هێنده ئازارم هه‌یه چاوه‌كانم ناچنه خه‌و. ژیانیكم هه‌یه هه‌ر ساته‌و مردنێك به‌ئاوات ده‌خوازم، هێنده ژیانه‌كه‌م سه‌خته، ناچار به‌وه بووم داوا له هه‌موو مرۆڤدۆستێك بكه‌م هه‌رچۆنێك هه‌رچه‌ندێك ده‌توانن بێن به‌هاوارمه‌وه هاوكاری مادیم بكه‌ن، كاتێك ئه‌م چه‌ند دێره ده‌نوسم ناره‌حه‌تم كه داوای هاوكاریتان لێ ده‌كه‌م، به‌ڵام ناچاری وای لێ كردوم كه داوا له هه‌موو ئینسانێكی به‌ویژدان بكه‌م هاوكارم بن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی ئه‌و دوو منداڵه‌م نه‌فه‌وتێت، هاوكاریتان جێگای وه‌فاو دڵسۆزیه چاوه‌ڕێی ده‌ستی هاوكاری ئێوه‌م".
ژنان شه‌ونخونييان كێشا
شه‌وی 24ی كانوونى دووه‌م وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانه‌ی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌كرێت، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى گروپى ژيان له نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان مانه‌وه.
رۆژى شه‌ممه 25ی كانوونی دووه‌می - يه‌نايرى 2014، گروپى ژيان كۆتاييان به شه‌ونخونى كێشانيان هێنا و به‌ياننامه‌يه‌كيان ئاراسته‌ى په‌رله‌مان كرد و تێيدا داوايان كرد، په‌رله‌مانی هه‌رێمى كوردستان كه‌یسی ژنان به هه‌ند وه‌ربگرن و هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن "تاوانباران"ی كوشتنی ژنان ده‌ستگیر بكرێن و به سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن و یاسای توندیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌و گروپه له شه‌ش خاڵدا داواكارييه‌كانيان خستبووه‌ڕوو كه ئه‌مانه بوون:
یه‌كه‌م: به‌جدی وه‌رگرتنی كه‌یسی ژنان و ده‌ستگیركردنی تاوانباران و دانانی سزای توند بۆیان، نهێنی پاراستنی دۆسیه‌كان و پاراستنی به‌ڵگه‌كانی تاوان له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا.
دووه‌م: گرنگیدان به شێڵته‌ری داڵده‌دانی ئه‌و ژنانه‌ی رووبه‌رووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، دابینكردنی ژیانێكی ئاسوده‌و شایسته بۆیان و پاراستنی كه‌سایه‌تی و شه‌خسیه‌تیان، به سیسماتیك كردنی كاروباری شێڵته‌ره‌كان كه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بگونجێت راهێنه‌رانی به‌رده‌وامی ستافی ناو شێڵته‌ره‌كان.
سێیه‌م: جێبه‌جێكردنی یاسای توندوتیژی خێزانی ژماره 8 ساڵی 2011، به‌شێوه‌یه‌كی دروست و ته‌رخانكردنی سه‌رچاوه‌ی مادی و مرۆیی پێویست بۆ ئه‌م كاره.
چواره‌م: رۆڵی سیاسی ژنان هه‌ر به‌ڕواڵه‌ت نه‌بێ، ده‌بێت ژنان له پڕۆسه‌ی سیاسی و ناوه‌نده‌كانی بڕیارداندا به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌شداربن و یه‌كسانی جه‌نده‌ری له پۆسته باڵاكاندا ره‌چاوبكرێت.
پێنجه‌م: ده‌ستدرێژی و گێچه‌ڵی سێكسی به‌رامبه‌ر به‌ژنان وه‌ك تاوان ئه‌ژماربكرێت و ئه‌نجامده‌رانی رووبه‌رووی لێپێچینه‌وه‌ی توندی یاسایی ببنه‌وه.
شه‌شه‌م: بنه‌بڕكردنی دیارده‌ی چه‌كداری كه‌هۆكارێكی سه‌ره‌كیه بۆ ئاسانكردنی كوشتنی ژنان، به‌كارهێنان و مامه‌ڵه‌كردن به چه‌كه‌وه به‌پێی یاسا قه‌ده‌غه‌بكرێت.
هه‌مان گرووپ رۆژى سێشه‌ممه 28ی كانوونی دووه‌م، به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی داخوازییه‌كانیان سه‌ردانى هه‌ولێريان كرد و له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داواكارییه‌كانیان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام له لايه‌ن حكومه‌ته‌وه له ئاستى باڵا پێشوازييان لێنه‌كرا.
يه‌كه‌م كۆنفرانسى ژنانى ئێزدى به‌ڕێوه‌چوو
رۆژى شه‌ممه 25ی كانوونی دووه‌می – يه‌نايرى 2014 له شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌مین كۆنفرانسی ژنانی ئێزیدی به‌ڕێوه‌چوو كه له لایه‌ن فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌كانی ئێزیدی سازكرابوو و 100 ژنی ئێزیدی له ئه‌وروپا و 30 ژنى ميوان به‌شداریان تێداكرد. له كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ندین وتار و لێكۆڵینه‌وه پێشكه‌ش كران و گفتوگۆ له‌باره‌ی چه‌ندین ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندیدار به ژنان كرا.
له‌و كۆنفرانسه‌دا باس له پێگه‌ی ژنانی ئێزیدی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی له مێژووی كوردستاندا كرا و تێكۆشان و كێشه و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی رووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه. بابه‌تی سه‌ره‌كی بریتی بوو له ماره‌یی ژنان له هاوسه‌رگیریدا و هاوسه‌رگیری له ته‌مه‌نی بچووك و هاوسه‌رگیری به‌زۆر و فره‌ژنی و توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان. له به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ش مۆدێلی رێكخستنی ژنانی ئێزیدی و رێبازی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ژنان دیاریكرا، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی ژنانی ئێزیدی له ئه‌ڵمانیا راگه‌یه‌ندرا.
قه‌رز به ژنان ده‌درێت
رێكخراوی فریاكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی وه‌ك هاوكارییه‌ك بۆ ژنانی هه‌رێمی كوردستان، قه‌رز ده‌دات به‌و ژنانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له بواری بازرگانیدا كار بكه‌ن.
رۆژى 5ى ئازاری - مارس 2014، له ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مه‌ده‌نیه‌ت (C.D.O) له سلێمانی، رێخكراوی فریاكه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی وۆركشۆپێكی دوو رۆژه‌ی بۆ ژنانی پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك و نه‌جه‌ف كرده‌وه به‌مه‌به‌ستی فێركردنی كاری بازرگانی.
یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوبه‌ری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی روونیشیكرده‌وه كه قه‌رزه‌كه له پێنج هه‌زار دۆلاره‌وه ده‌ست پێده‌كات تا 20 هه‌زار دۆلار و له رێی مامۆستای زانكۆوه فێری كاری كارگێڕی ده‌كرێن و له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه مامۆستایان له ئه‌وروپا بۆ دابین ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست بكه‌ن و زانیاری‌یان پێ بده‌ن له‌سه‌ر كاره‌كان.
كۆنفرانسێك له برۆكسل
رۆژى 29ى كانوونى دووه‌م – يه‌نايرى 2014، هه‌ريه‌ك له ئه‌ميندارى ئه‌نجومه‌نى خانمان پەخشان زەنگەنە، خاتوو چنار سەعد، دلاوەر ئاژگەیی به هاوكارى نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له برۆكسل كۆنفرانسێكيان به به‌شدارى چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى ئه‌وروپايى رێكخست و هيچ چالاكێكى ژنى كورد له ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت و حزبى ده‌سه‌ڵات به‌شدارييان پێنه‌كرا.
له‌و كۆنفرانسه‌دا راگه‌يه‌ندرا، حكومه‌تى هه‌رێم كێشه‌ى ژنانى به‌ره‌و چاره‌سه‌ر كردن بردووه و ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه شوێنه‌وارى سياسه‌تى به‌عسه و داتاكان به‌شێكيان هيى عيراقن و تێكه‌ڵ به داتاى هه‌رێم ده‌كرێن.
پارتی ژنێك ده‌كاته به‌رپرسی لق
پارتی دیموكراتی كوردستان دوای 67 ساڵ له دامه‌زراندنی بۆ یه‌كه‌مین جار ژنێك ده‌كاته به‌رپرسی لق، ئه‌و ژنه‌ش ناوی ئه‌ڤین هروریه، كه له دوا كۆنگره‌ی پارتیدا یه‌كێك بوو له‌و سێ ژنه‌ی كه به كۆتا بوونه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، له دوا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه و به بڕیاری سه‌رۆكی پارتی پۆستی به‌رپرسی لقی 25 به‌و ژنه دراوه.
ئه‌ڤین هروری، خه‌ڵكی گوندی هروره له ناوچه‌ی به‌رواری، له كاتی ئاواره‌یی له وڵاتی ئێران‌دا له ساڵی 1990 په‌یوه‌ندی به پارتی كردوه و ده‌ستی به كاری حزبی كردوه، له ساڵی 1992 بوه‌ته به‌رپرسی رێكخراو، پاشان پله‌كانی تری حزبی بڕیوه.
به‌گوێره‌ى وته‌ى ئه‌و ژنه بۆ رۆژنامه‌يه‌كى هه‌ولێر، "تا كۆنگره‌ی 13 ته‌نها ئافره‌تێكی تاقانه له سه‌ركردایه‌تی هه‌بوو، به‌ڵام له كۆنگره‌ی 13 گرێیه‌ك كرایه‌وه كاتێك كۆتای 10% بۆ ئافره‌تان دانرا، شه‌ش ئافره‌ت بوونه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، ئێستاش ره‌خنه له پارتی ده‌گیرێت كه بۆچی تا ئێستا ئافره‌ت له نێو پارتی له مه‌كته‌بی سیاسی نیه، ئه‌گه‌ر پێدانی پۆستی لق بۆ رازی كردنی ئافره‌ت بێت ده‌ستبه‌كار ناكه‌م، به‌ڵام گه‌یشتومه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه بۆ رازی كردن نیه و بۆ پێدانی رۆڵه".
ژنانی هه‌رێم گله‌ییان له‌حزبه‌كان هه‌یه
رۆژى 1ى شوبات – فێبرايه‌رى كه‌ناڵى ئێن ئاڕ تى راپۆرتێكى ته‌له‌فزيۆنى بڵاوكرده‌وه و تێيدا پرسى به‌شدارى ژنانى له پرۆسه‌ى سياسى خسته‌ڕوو، لةو راپۆرته‌دا ژنانى ناڕازى رایانگه‌یاند، كه حیزبه‌كان ناتوانن توانای ژنان له‌به‌رچاو نه‌گرن. بۆيه پێويسته حزبه‌كان له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گرنگی به ژن ده‌ده‌ن، له‌پرسه سیاسیی و بڕیاره سیاسیه‌كانیشدا رۆڵی ژن له‌به‌رچاوبگرن.
داوا لە پەرلەمانی ئەوروپا دەكرێت لیژنەكانی دەسەڵاتی هەرێم بە رەسمی نەناسن
رۆژى 17ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، لە كەمپینێكدا، دەیان كەسایەتی و چالاكی كورد لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، داوايان لە پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا كرد، "چیدیكە لیژنە و نوێنەرانی دەسەڵاتی هەرێم لە بارەی پرسی ژنەوە بە رەسمی نەناسن و راشیدەگەیەنن، شاندی هەرێم رەوشی ژنانی چەواشەكردووه".
ئەو كەمپینە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتی چالاكان دژی چالاكییەكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەلجیكا ئەنجامدراوە، كە تێیدا شاندێكی ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێم، بانگەشەی ئەوەی كردبوو، لە هەرێم كێشەی ژنان رووی لە چارەسەرە و ئەوەی ماوەتەوە شوێنەواری سیاسەتی بەعس بووە. لە نامەی كەمپینەكەدا، كە وێنەیەكی دەست ماڵپەڕی (NRT)، لە بارەی ئەندامانی شاندەكەی هەرێمەوە هاتووە: "ئەمانە بە گشتی بە مەبەستی هەڵگێڕانەوەی راستییەكان لەم كۆنفرانسەدا بەشداربوون ".
هەروەها هاتووە: "ئێمە واژۆكارانی ئەم كەمپەینە ئەو كۆنفرانسە و چەندین كۆنفرانسی تر كە لەڕێگای نوێنەرایەتی برۆكسل و سەرۆكی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق ئامادەكراون بە كاری بەلاڕیدابردنی راستیەكان دەزانین. ئێمە ئێستا و لەداهاتووشدا بەتوندی دژی ئەو جۆرە بەلارێدابردنە دەوەستینەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا و هەر ناوەندێكی تری جیهانیدا".
هه‌روه‌ها هاتووه، كۆنفرانسەكە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت وەك زۆربەی كۆنفرانس و بۆنەكانی تری نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەلجیكا جگە لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەسەڵات، پارتی دیموكراتی كوردستان (پدك) و رێكخراوە سێبەرەكانیان، ئاگاداری هیچ یەكێك لە رێكخراوە مەدەنیەكان و بەتایبەتی رێكخراوە داكۆكیكار و بێلایەنەكانی بواری ژنانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان نەكرابوون. هیچ میدیایەكی لایەنەكانی ترومیدیای ئەهلیش بانگ نەكرابوون، جگە لە تەلەڤزیۆنی فەرمی (پدك).
ئەمانە بە گشتی بە مەبەستی هەڵگێڕانەوەی راستییەكان لەم كۆنفرانسەدا بەشداربوون. پەخشان زەنگەنە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان لەهەرێمی كوردستان لە دوانەكەیدا وتویەتی "سەرجەم كێشەكانی ژنان پاشماوەی رژێمی لەناوچوی بەعسە، دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمیش پشتیوانی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژنانە، چەوساندنەوەی ژنان كێشەیەكی كۆمەڵایەتیە لە هەرێمەكەدا".
تەواوی بەشداربوان وەكو كرداری هەمیشەیی بۆ پیاهەڵدانی بێ بنەما لەبەراوردی هەرێمی كوردستان دێت بە بەشەكانی تری عێراق. لەبری رادەربڕین لەسەر داتاكانی ڕێكخراوە جیهانیەكان.
ئازاری ژنان لە کۆنفرانسێکدا
رۆژى 27ى شوبات – فێبرايه‌رى 2014، رێکخراوی مەسەلە بەھاوکاری ڕێکخراوی لیژنەی رزگاری نێودەوڵەتی کۆنفراسێکیان ئەنجامدا بەمەبەستی داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان، له‌و كۆنفرانسه‌دا رێکخراوەکانی ژنانى شاری ھەولێر، کە ڕێبەریەکیان ئامادەکردبوو ئەدرەسی سەرجەم ڕێکخراوەکانی ئافرەتانی تێدابوو، بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتانەی ھەڕەشەیان لێ دەکرێت و توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدەرێت پەیوەندی بە رێکخراوەکانەوە بکەن.
تێبينى:
به سوود وه‌رگرتن له كه‌ناڵه‌كانى راگه‌ياندن، ئه‌م پانۆرامايه ئاماده كراوه و مه‌رج نييه هه‌موو حاڵه‌ته‌كانى توندوتيژى و بابه‌ته‌كانى په‌يوه‌ست به پرسى ژن يادداشت كرابن.
ئاماده‌كردنى: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان