الجمعة، 24 أكتوبر 2014

فه‌یسبوک له‌ خزمه‌تی داعش دا

رۆژنامه‌وانى: ره‌خنه‌ له‌هه‌ندێک له‌به‌کارهێنه‌رانی فه‌یسبوک ده‌گیرێت که‌ په‌یامه‌کانیان له‌هه‌رێم خزمه‌تی به‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌(داعش) کردووه‌.
da2shh
زیاتر لە دوو مانگە ره‌شه‌بای داعش له‌سوریا‌و عێراقه‌وه‌ روى له‌هه‌رێمى کوردستان کردوه‌، پریشکى ئاگره‌که‌ى جگه‌ له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانى هه‌رێم په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش.
پسپۆڕانى بوارى میدیا ره‌خنه‌ له‌به‌شێک له‌به‌کارهێنه‌رانى فه‌یسبوک ده‌گرن‌و پێیانوایه‌، له‌ڕێگه‌ى په‌یج‌و ئه‌کاونته‌کانیانه‌وه‌ خزمه‌تى ئه‌و گروپه‌یان کردوه‌‌و جه‌نگى ده‌رونیان به‌رپاکردوه‌، ئه‌وه‌ش له‌بڵاوکردنه‌وه‌ى په‌یام‌و گرته‌ ڤیدیۆکانیان، یان بڵاوکردنه‌وه‌ى زانیاری له‌سه‌ر هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ که‌ به‌سودی داعش بوه‌.
د.هێرش ره‌سوڵ، پسپۆڕی ئیتیک‌و یاسای راگه‌یاندن، بڕواى وایه‌ زۆرجار له‌فه‌یسبوکه‌وه‌ به‌ئاگایی یان له‌نائاگاییه‌وه‌ بوبێت خزمه‌تی په‌یامی ئه‌و رێکخراوه‌ کراوه‌.
هێرش ره‌سوڵ به‌‌هاوڵاتی وت «ده‌بینین زۆرجار فه‌یسبوککارانی کوردستان که‌وتونه‌ته‌‌ ژێر کاریگه‌ری هه‌واڵ‌و بانگه‌شه‌کانی داعشه‌وه‌، واته‌ ‌ریکلامی خۆڕاییان بۆ کردون‌و بونه‌ته‌ مینبه‌رێک بۆیان».
به‌لاى پسپۆڕانى میدیاوه‌ فه‌یسبوک‌و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تر له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ى بونه‌ته‌ مینبه‌ر هاوکات بونه‌ته‌ ئامرازێکی گرنگی کاریگه‌ری سیاسی، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و گروپ‌و لایه‌نانه‌ی ناتوانن راسته‌وخۆ که‌ناڵه‌کانی میدیای ته‌قلیدی به‌کاربهێنن.
د. ئیبراهیم سه‌عید، مامۆستاى به‌شى راگه‌یاندنى زانکۆى سلێمانى پێیوایه‌ که‌ له‌ئێستادا ناتوانرێت بوترێت به‌کارهێنه‌رانى کورد له‌فه‌یسبوک ته‌نها خزمه‌تیان به‌لایه‌نێکی دیاریکراو کردوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێت «زۆرێک له‌به‌کارهێنه‌رانی فه‌یسبوک په‌یامه‌کانی داعشیان ده‌گواسته‌وه‌، یاخود به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن ببونه‌ نێوه‌ندێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس‌و دڵه‌ڕاوکێ‌و پشێوی».
ئێستا له‌فه‌یسبوکدا چه‌ندین ئه‌کاونت‌و په‌یج کراونه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌واڵ‌و چلاکیه‌کانى چه‌کدارانى داعش بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ندین ئه‌کاونت‌و په‌یجى دژه‌ داعش هه‌ن.
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان، راگه‌یاندکار، پێیوایه‌ که‌ داعشیه‌کان هه‌رچه‌نده‌ له‌فه‌یسبوک ناکارا‌و ناچالاکبون، به‌ڵام به‌کارهێنه‌رانی کورد له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک به‌هه‌ڵه‌ ئه‌و پۆست‌و گرته‌ ڤیدیۆیی و وێنه‌ پڕ له‌توندوتیژانه‌یان له‌هه‌ژماره‌کانی داعشه‌وه‌ وه‌رده‌گرت‌و له‌فه‌یسبوک بڵاویان ده‌کرده‌وه‌.
ده‌ڵێت «به‌م کاره‌ش ئه‌و به‌کارهێنه‌ره‌ کوردانه‌ به‌بێئاگایی بێت یان به‌ئاگاهی، بونه‌ به‌شێک له‌مه‌نزومه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی داعش دژ به‌میلله‌ت‌و خاک‌و گیانی خۆیان».
له‌ماوه‌ى رابردودا له‌زۆربه‌ی په‌یجه‌ کوردیه‌کان گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی بڵاوکرایه‌وه‌، به‌ناونیشانی «پێشمه‌رگه‌یه‌ک یاری له‌گه‌ڵ داعش ده‌کات»، له‌و گرته‌یه‌دا، پێشمه‌رگه‌یه‌ک ده‌بینرێت، په‌ڕۆیه‌ک به‌لوله‌ی تفه‌نگه‌که‌یه‌وه‌ ده‌کات‌و له‌په‌نای دیوارێک ده‌ریده‌کێشێت بۆ ئه‌وه‌ی داعش توڕه‌ بکات، قه‌ناس به‌ده‌ستانی داعش، به‌قه‌ناس، له‌لوله‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه‌که‌ ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی تر بڵاوکرایه‌وه‌ که‌تێیدا هاوڵاتیه‌ک به‌چه‌کی راوه‌ باڵنده‌ که‌ ناسراوه‌ به‌ساچمه‌، له‌سه‌ر به‌ردێک داده‌نیشێت‌و ده‌یه‌وێت نیشانه‌یه‌ک بشکێنێ، له‌کاتی ته‌قاندنی ساچمه‌که‌ ده‌که‌وێت به‌پشتدا. ده‌وروبه‌ری پێی پێده‌که‌نن. ئه‌م گرته‌یه‌ به‌ناونیشانی (ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه‌ 15 داعشی کوشتوه‌) له‌فه‌یسبوک به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو بڵاوکرایه‌وه‌.
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان ده‌ڵێت «زۆر رون‌و ئاشکرایه‌ ئه‌و دوو گرته‌ ڤیدیۆیه‌ چه‌ند بێئاگایانه‌و چه‌ند نه‌زانانه‌ بۆ خزمه‌تی داعش بڵاوکرانه‌وه‌ له‌بۆته‌ی گه‌مه‌و گاڵته‌دا».
سه‌ره‌تاى مانگى شه‌ش داعش ده‌ستى به‌سه‌ر پارێزگاى نه‌ینه‌وا‌و چه‌ند شوێنێکى عێراقدا گرت‌و رۆژى 29/6/2014 ده‌وڵه‌تى ئیسلامى راگه‌یاند.
سه‌ره‌تاى مانگى هه‌شتیش چه‌کدارانى داعش په‌لامارى شه‌نگال‌و مه‌خمور‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى ترى هه‌رێمى کوردستانیان داو کۆنترۆڵیان کرد.
ئه‌و گروپه‌ جگه‌ له‌جه‌نگ به‌چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نى، کار له‌سه‌ر جه‌نگى ده‌رونى‌و بڵاوبونه‌وه‌ى ترس و تۆقاندن ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ش سودێکى زۆرى له‌فه‌یسبوک‌و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وه‌رگرتوه‌.
به‌سه‌یرکردنێکى خێراى فه‌یسبوک له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌بینرێت که‌ چه‌ندین نهێنی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ ئاشکرا ده‌کرێت، هه‌ر له‌ژماره‌ی هێزه‌کانه‌وه‌، تاکو ژماره‌و جۆری چه‌ک‌و جبه‌خانه‌‌و پێداویستیی سه‌ربازی، وێنه‌ی ساته‌وه‌ختی ئێشکگرى‌و سه‌نگه‌ره‌کان،‌ جۆری خواردن‌و جلوبه‌رگ، ته‌نانه‌ت ئاشکراکردنى پلانه‌ سه‌ربازییه‌کان‌و کات‌و شوێنى هێرشکردنه‌کانیش.
ئه‌مه‌ش به‌بڕواى هێرش ره‌سوڵ له‌ساده‌ترین خوێندنه‌وه‌دا یارمه‌تیدانی به‌رامبه‌رو خزمه‌ت پێکردنیه‌تی.
ئه‌و پێیوایه‌ “کاره‌سات” ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوڵاتیان بچنه‌ ژێر کاریگه‌ری ئه‌و جه‌نگی راگه‌یاندنه‌ی داعشه‌وه‌و ده‌نگوباس‌و هه‌ڕه‌شه‌‌و وێنه‌‌و ڤیدیۆکانیان بڵاوبکه‌نه‌وه‌.
وتى «ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆی دروستبونی هزره‌ وێنه‌ لای تاکی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌نجام به‌قازانجی به‌رامبه‌ر‌و زیانی کوردستان‌و ئاسایشی نیشتمانی ده‌شکێته‌وه‌«.
له‌وڵاتانی رۆژئاوا فه‌یسبوک بۆته‌ نێوه‌ندێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوڕێ‌و دروستکردنی سروتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و قسه‌کردن.
به‌ڵام ئیبراهیم سه‌عید بڕوایوایه‌ له‌کوردستان فه‌یسبوک به‌کارده‌هێنرێت بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و بۆته‌ نێوه‌ندێک بۆ ململانێ  سیاسیه‌کان.
وتى «رۆژانه‌ به‌هه‌زاران ناوی وه‌همی فه‌یسبوک به‌کارده‌هێنرێت‌و داخی دڵ‌و رق‌و کینه‌ی به‌چه‌ندین شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌رژێت».
جۆرێکى ترى «سودگه‌یاندن» به‌چه‌کدارانى داعش، ئه‌و ململانێیه‌ى نێوان لایه‌نگرانى حزبه‌کان بوو به‌تایبه‌تى یه‌کێتى‌و پارتى، که‌ لایه‌نگرانى یه‌کێتى ڤیدیۆى پاشه‌کشه‌ى هێزه‌کانى پارتیان له‌شه‌نگال ده‌ستاوده‌ست ده‌کرد‌و لایه‌نگرانى پارتیش «به‌گاڵته‌وه‌« ده‌یانوت یه‌کێتى گه‌ڕه‌کێکى جه‌له‌ولاى پێ کۆنترۆڵ ناکرێت.
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتى «کاتێک لایه‌نگرانی یه‌کێتی ره‌خنه‌یان له‌پارتیه‌کان گرت که‌ له‌شنگال کشابونه‌وه‌و کامێرای کوردستان تی ڤی به‌جێمابوو، یه‌کێتیه‌کان ئه‌وانیان به‌ (خائین‌و داعشی) تۆمه‌تبار کردبوو، داعشیه‌کان پرێنت سکرینی ئه‌و پۆسته‌یان کردبوو، له‌تویته‌ر بڵاویان کردبویه‌وه‌، که‌ میدیای یه‌کێتی، میدیای پارتی به‌خیانه‌ت‌و داعشی تۆمه‌تبار ده‌کات‌و به‌گاڵته‌پێکردنه‌وه‌ له‌سه‌ریان نوسی بوو».
ئیبراهیم سه‌عیدیش جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌نێو فه‌یسبوکدا ئه‌و ململانێیه‌ زۆر به‌زه‌قی دیاره‌، که‌ ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى ئه‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستاندا نیه‌‌و له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یاره‌کانیه‌تی.
وتى «ئه‌م ململانێیه‌ له‌ڕۆژانی رابردودا زۆر به‌زه‌قی هه‌ستی پێده‌کرا، هه‌ر لایه‌نه‌و به‌شان‌و باڵی حزبه‌که‌ی خۆیدا هه‌ڵیده‌داو حزبه‌کانی دیکه‌یان ریسوا ده‌کرد».
ئه‌و پسپۆڕانه‌ى میدیا ره‌خنه‌ له‌حکومه‌تى هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیش ده‌گرن که‌ رێگه‌ به‌سه‌یرکردن‌و په‌خشکردنى ئه‌و ڤیدیۆ‌و وێنانه‌ى چالاکیه‌کانى داعش ده‌دات که‌ له‌درێژماوه‌شدا خزمه‌تى داعش ده‌کات.
هێرش ره‌سوڵ، وتى «یان نیشانه‌ی نه‌زانیو ناهۆشیاریه‌، یان مه‌به‌ستداره‌‌و ئه‌جێندایه‌کی له‌پشته‌، به‌ڵام هۆکاره‌که‌ هه‌ر کامێکیان بێت، سه‌ره‌نجام مانای به‌کارهێنانی نادروستانه‌ی فه‌یسبوکه‌‌و ناڕاسته‌وخۆ خزمه‌تی سیاسه‌ت‌و ستراتیژی به‌رامبه‌ر ده‌کات.»
سه‌رچاوه‌: هاوڵاتى
ئاماده‌كردنى: مه‌عاز فه‌رحان
http://www.rozhnamawany.com/?p=1448
http://hawlati.co/%D8%A6%DB%95%D8%B1%D8%B4%DB%8C%DA%A4%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86/58176

الاثنين، 29 سبتمبر 2014

تراژیدیا و رۆژنامەنووس


رۆژنامه‌وانى:  “رەنگە هەندێ‌ رۆژنامەنووسی شارەزا ئەم رێبەرە بچووكە وەلا بنێت، كە كارێكی هەڵەیە، چونكە گفتوگۆیەكی راستەوخۆو سانایە و ئاكامی چەندین تاقیكردنەوەو ئەزموونی چڕوپڕە لەمەڕ رۆڵی رۆژنامەنووس لە جیهانێكی گیرۆدەی رووداوی چاوەڕواننەكراودا”.

إجلاء آلاف الإيزيديين المحاصرين من جبل سنجار
شارەزایانی گوشارو رۆژنامەنووسی رووبەڕوو، لەگەڵ كاریگەریی ئەمە، لەسەر كۆمەڵ و هاوكارانیان زانیارییان كۆكردووەتەوە بۆ رێنوێنیكردنی ئەو رۆژنامەنووسانەی كە بە دوای رووداوو چیرۆكە سەخت و دڵتەزێنەكاندا دەچن. ئەم رێنماییانە، لە كاتی كارێكی كاریگەری رۆژنامەنووسیدا، یارمەتیمان دەدەن قووڵترو بنیاتنەرانەتر مامەڵە لەتەك پاشماوەی ترس و دڵەڕاوكێی رووخێنەردا بكەین.
ئەم رێبەرەی بەردەستت دەرفەتێكە بۆ خۆت و دەزگاكەی هەواڵت، بۆ ئەوەی كاتێ‌ سەرقاڵی كارە سەختەكانی ئامادەكردنی بابەتێكی وردو پڕ واتاو هاوكات پڕ ترس و دڵەڕاوكێی رۆژنامەنووسی دەبن، باشتر كاربكەن. جا ئەم بابەتە بۆ بەڕێوەچوونی وتووێژی بەشی هەواڵ بە كەڵك بێ‌ یان بۆ رێبەریكردنی ستافەكان، ئەوا یارمەتیت دەدات ئەركی سەرشانت لە كۆمەڵگەكەتدا جێبەجێ‌ بكەیت”. بێل كۆڤاچ
تراژیدیا، بیرەوەریی تەمەن
هەموو كەس دەزانێ‌ چۆن 11 ئەیلوولی 2001 و 19 نیسانی 1995 روویاندا. رەنگە تۆ هی تریشت لە یادبێ‌، وەكو رۆژی گەردەلولێك كە زۆركەسی لە ناوچەكەتدا كوشتبێ‌، رۆژێ‌ كە ئاگر منداڵی بێ‌ تاوانی سووتاندبێ‌، یا رۆژێ‌ كەسێك ناسراوێكتی كوشتبێ‌، یا .. هتد.
هەواڵدەرو سەرنووسەرو وێنە رۆژنامەنووس و گروپی هەواڵ هەموو لە ژیانیاندا بەشداریی گواستنەوەی چەندین مەرگەساتی وەكو جەنگ و هێرشی تیرۆریستیو كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەو كارەساتی سروشتیو كەوتنەوەی ئاگرو كوشتندا دەكەن. ئەمانە هەموو قوربانییان لێ‌ دەكەوێتەوەو، كار لە كۆمەڵگەكانیان دەكەن و، بیرەوەریی هەمیشەیی دروست دەكەن.
ڕووداوەكانی 19ی نیسانی 1995 و 11ی سێپتێمبەر وردە وردە دەبنە سەرەتای گۆڕینی كولتووری بەشی هەواڵ. بەڵام رۆژنامەنووس، بۆ ئەوەی تراژیدیا مەزنەكان بگوێزێتەوە، دەبێ‌ سێ‌ بواری گرنگ لەبەرچاو بگرێ‌.
یەكەم: قوربانی، مردن و بریندار بوون و كاریگەریی دەروونی 
ئێد كێڵی-ی ئەوسا بەڕێوەبەری نووسینی The Oklahoman، دوای بۆمبارانی شاری ئۆكلاهۆما بە ستافەكەی وت: ئەم تراژیدیایە بە پلەی یەكەم چیرۆكی خەڵكە. هەروەها لە یاداشتێكی بەشی هەواڵەكەیدا نووسیبووی: ” هەموو ئەوانە كە مردن، وەكو ئێمە بوون.. لە ژیانیاندا بە كەڵك و چاك بوون، منداڵەكانیش كە لە تەنیشتیانەوە گیانیان لە دەست دابوو، هەموو بە توانا بوون”.
دووەم: كۆمەڵگە، شێوەی بڵاوكردنەوەی رووداوو كاردانەوەی پاش مەرگەساتی كۆمەڵگە.
كریس پێكی سەرۆكی بەڕێوەبەرانی نووسینی (ئاسۆشیەتدپرێس) لە كۆبوونەوەی 11ی تشرینی یەكەمی 2001ی ئاژانسەكەیدا وتی: “رۆژنامەكانمان یارمەتیی ئەم میللەتەیان دا بۆ ئەوەی بزانن چی لە نیویۆرك و واشنتۆن روویدا. رۆژنامەكانمان بوونە بنەمایەك كە هاوڵاتیان دەهاتن لێیانەوە لە تراژیدیا بگەن و، بە بەهرەكانی مامەڵەو بەزەییو هاوغەمی ئاشنا بن”.
سەرنووسەری Spokesman Review لە واشنتۆن وتی: “رۆژنامەكانمان بەردەوام كۆمەڵگەكان كۆدەكەنەوە. راپۆرتنووس و وێنەگرو سەرنووسەرانمان بەهرەو توانایەكی بێ‌وێنەو گرنگیان هەن و، هاوكاری میللەت بوون لە وەرگرتن و رەچاوكردنی سیاسەتە گشتیو مەسەلە ئاڵۆزەكاندا”.
سێیەم: رۆژنامەنووس، هیچ مرۆڤێك بێ‌ كاردانەوە نییە.
ڕۆژنامەنووس، كاتێ‌ مەرگەساتێكی بە كۆمەڵ و دڵتەزێن دەگوێزێتەوە، تووشی بەرەنگاربوونەوەی نائاسایی دێ‌. رۆژنامەنووسان دەچنە ناو قوربانیەكان و، لەگەڵ كارەساتە ناسروشتیەكاندا ئاوێتە دەبن. ئەمانە كە بە دوای هەر رووداوێكی گۆشت و خوێندا دەچن، دیوارێكی گونجاو و پێویستی پیشەیی لە نێوان خۆیان و ئەو رزگاربوو و شایەتحاڵانەدا دروست دەكەن كە چاویان پێیان دەكەوێ‌، بەڵام كاتێ‌ لەگەڵ كۆستكەوتواندا دادەنیشن و دەیاندوێنن، هەمان ئەم دیوارە دەشێ‌ رێ‌ لە كاردانەوەی رۆژنامەنووس بۆ تراژیدیاكانیان بگرێ‌.
(ئاڵ تۆمپكینس)ی پەیمانگای پۆینتەر بۆ دیراساتی میدیا 15ی ئەیلوولی 2001 لە ماڵپەری (www.pointer.org)دا نووسیبووی: “راپۆرتنووس و وێنە رۆژنامەنووس و ئەندازیارو كارمەندانی دەنگ و بەرهەم هێنەرانی مەیدانی شان بە شانی كارمەندانی باری نائاسایی كاردەكەن. كاریگەریی فشارەكان لەسەر رۆژنامەنووس هاوشێوەی ئەوانی پۆلیس و كارگوزارانی ئاگر كوژێنەوەن كە بەرەنگاری ئاكامە خێراكانی تراژیدیا دەبنەوە، كەچی كەمتر پشتیوانیی رۆژنامەنووسانی رێكخەری چیرۆكی رووداوەكان دەكرێ‌. كارمەندانی بەرگریی میللی پاش رووداوە دڵتەزێنەكان رێنمایو ئامۆژگاری دەكرێن. بەڵام رۆژنامەنووس دەبێ‌ سەرقاڵی بەدواداچوونی چیرۆكێكی تر بێ‌”.
دەبێ‌ بزانین كە لە ئایندەدا مەرگەسات و رۆژانی زیاتری بیرەوەریی هەمیشەیی قوربانیان و كۆمەڵگەو خۆمانمان دێتە رێ‌، بۆیە ئەم رێبەرە یارمەتیت دەدات، كاریگەرتر كۆنترۆڵی ئەم بوارانە بكەیت.
چاوپێكەوتن
قوربانیان پێویستیان بەڕێزو هێمنییە
“پێویستە پرسیارەكانمان، پاش لێكۆڵینەوە، بەڕێزەوە بكەین. دەبێ‌ وریابین، بەڵام ترسنۆك و شەرمن نەبین”. جۆرج ئێسپەر
ڕێنمایی بۆ چاوپێكەوتنی قوربانیان
1. هەمیشە بەرێزو لەسەرخۆ مامەڵەی قوربانی بكە، بەو شێوەیەی كە خۆت حەز دەكەیت لە بارێكی وەهادا هەڵس و كەوتت لەگەڵ بكرێ‌. رۆژنامەنووس هەردەم هەوڵدەدات بگاتە رزگاربووەكان. هاوكات ئەبێ‌ زۆر وریابێ‌ و بزانێ‌ كەی چۆن دێتە دواوە.
2. بەڕوونی خۆت بناسێنە، بۆ نموونە: “من جۆن هایتم، لە رۆژنامەی (ئۆكلاهۆمان) ەوە ئەمەوێ‌ بابەتێك لەسەر ژیانی جێسیكا ئامادە بكەم”، سەرت نەسورمێ‌ ئەگەر بەرەو رووی كاردانەوەی نائاسایی، بە تایبەتی هی دایك و باوكی منداڵانی قوربانی بوویتەوە. تۆیش لەم كاتەدا دان بە خۆتدا بگرەو، كاردانەوەت خراپ نەبێ‌.
3. بڵێ‌ كە هاوبەشی خەمی لە دەستدانی كەسەكەیت، بەڵام هەرگیز نەڵێیت: “لە هەستت دەگەم” یان هەر دەستەواژەیەكی لەم بابەتە. كاتێ‌ بە شوێن رووداوێكی دڵتەزێندا دەچی و دەیگوێزیتەوە، لات سەیر نەبێ‌ گەر داوای لێبوردنت لێ‌ بكرێ‌ و بوترێ‌: “ببوورە، ناتوانم” یان.. هتد. هەر بەڕێزەوە رەفتار بكە.
4. سەرەتا پرسیاری مایەی هەڵچوون و بێزاریی لە بەرامبەرەكەت مەكە. بپرسە: “ئایا ئەتوانی شتێكمان لە بارەی جێسیكاوە بۆ باس بكەی؟” یان “جێسیكا حەزی بە چی دەكرد؟ ئارەزووی چی بوو؟” ئەمجا گوێ‌ بگرە. وریابە! ‍گەورەترین هەڵەی رۆژنامەنووس قسە زۆر كردنە.
5. كاتێ‌ چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری ونبووێكدا دەكەی، زۆر هوشیار بەو، هەوڵبدە روونی بكەیتەوە كە ئەتەوێ‌ لەسەر ژیانی پێش ونبوونی بنووسی نەك پرسەو ماتەمینیەكەی. ئەگەر دەستت نەگەیشتە قوربانی یان رزگاربوو، ئەوا هەوڵبدە پەیوەندی بە كەسوكار یان ماڵی ماتەمگێڕەوە بكەو، داوای چاوپێكەوتن بكە، یاخود تێبینییەكیان لێ‌ وەرگرە. ئەگەر كاردانەوەیان توندو تیژبوو، ژمارەی تەلەفۆنەكەت بەجێ‌ بهێڵەو پێیان بڵێ‌: ئەگەر ویستتان، دەتوانن پەیوەندیت پێوەبكەن. ئەمە بەرهەمی باشی دەبێ‌.
نووسینی چیرۆكەكە 
گرنگی بە باسی ژیانی قوربانی بدە
ڕێنمایی بۆ نووسین لەسەر قوربانیان:
1. بایەخ بە ژیانی قوربانی بدە. هەوڵبدە كەسایەتی و باوەڕو ژینگە (دەوروبەرو حەزو ئارەزوو و خێزان و هاوڕێكانیت) بۆ دەربكەوێ‌. تۆیش هێندەی وردیی وێنەگر لە كاتی گرتنی وێنەدا، لەگەڵ ژیانی كەسەكەدا وردبە.
2. هەمیشە وریابەو، چاوبخشێنەوە بە رێنووسی ناوو راستی و قسەی قوربانییەكاندا، چونكە قوربانی كە یەكەمجار لە گەڵی دەدوێیت، رەنگە بشڵەژێ‌. دووبارە لە وردەكاری دڵنیابە. پێدەچێ‌ زانیاری و قسەی زیاتری بە كەڵكت لەمە دەست بكەوێ‌.
3. زانیاریی پێویست و وێنەیەكی روونی ژیانی قوربانی پێشان بدە. بۆ نموونە: “جەیمس بۆ ئاسوودەیی خێزانەكەی، شەوانە گیتاری لێدەداو، بەمەیش هەندێ‌ لە بارگرانیی ئیش و كاری لەسەر جەستەی شەكەتی سووك دەكرد”.
4. لە زانیاریی وروژێنەری تایبەت بە مەرگی قوربانی دووركەوە. چەند هەواڵدەرێك دوای بۆمبارانی شاری ئۆكلاهۆما نەیانویست وێنەی لەت و پەتی ئەو لاشانە بڵاوبكەنەوە كە بە دارو درەختی نزیك باڵاخانەی فیدراڵییەوە گیرسابوونەوە. لە خۆت بپرسە: “ئایا وێنەكان شیاون؟ خوێنەرو بینەر ئازار دەدەن؟” زاراوەو دەستەواژەی وەكو “كۆتایی” و “میللەت كۆستی كەوتووە” بەكارمەهێنە، بەڵكوو وەكو نووسەرە باشەكان با وشەكانت ساكارو روون بن.
5. هەندێ‌ لە گوتەو دەستەواژەی كەسوكارو هاوەڵانی قوربانی لە باسی ژیانی كەسەكەدا بنووسە، بە تایبەتی ئەوانەی كە قوربانییەكە چۆن توانیویە بەسەر كێشەو گرفتدا زاڵ بێ‌. وێنەی نوێی قوربانی وەرگرە، بەڵام زوو بیگێڕەوە. بەم جۆرە بۆت دەردەكەوێ‌ كەسەكە لە ژیانیدا چۆن بووە.
كۆمەڵگەكەت
شێوەی گواستنەوە كار لە كاردانەوەی تراژیدیا دەكات.
“هەواڵ پێویستە نەبێتە مایەی ترسێكی ناعەقڵانی. زانیاریو چۆنیەتیی گەیاندن، خەڵك بەرەو كارێكی ژیرانەو كەم بوونەوەی رق و كینەو مەترسی دەبەن و، هیوایەك بۆ ئایندە دەبەخشن”. رۆی پیتەر كلارك، لە پەیمانگای پۆینتەر بۆ دیراساتی میدیا.
رێنمایی بۆ گواستنەوەو بە دواداچوونی رووداوە دڵتەزێنەكان
1. بزانە كە گەیاندنی رووداوەكان كار لە خوێنەرو بینەرو بیسەرانت دەكات. بیرت بێ‌، دەم و دووی گواستنەوەكەت لە شێوەی كاردانەوەی كۆمەڵگەكەتدا رەنگ دەداتەوە. بۆیە، دەبێ‌ بەرنامە بۆ كارەكەت دابنێی. بۆ نموونە، گرنگی بە ماتەمینی گشتی، نەك تایبەتی قوربانیان، بدە. خۆ ئەگەر هەر بڕیارت دا رووماڵی پرسەیەكی تایبەت بكەی، ماڵەكە ئاگادار بكە، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابیت كە ئەم كارە بێ‌ پرس ناكەیت.
2. سەربردەی كورت كورت و ئارەزوو و تایبەتمەندی و كارو كاریگەریی ژیانی قوربانی بنووسە. كەسوكاری قوربانی زۆرجار كاتێ‌ حەزدەكەن بدوێن كە بۆیان دەردەكەوێ‌ راپۆرتنووسەكە بە نیازە ئەم بابەتانە بنووسێ‌. The Oklahoman چیرۆكەكانی دوای بۆمببارانی شاری ئۆكلاهۆمای بە “دۆسییەكانی ژیان” ناودەبرد. هەروەها كاتی تەقینەوەی فڕۆكەی تۆرنەیدۆ (F-5) كە چل و چوار كەسی كوشت و، كەوتنە خوارەوەی كانوونی دووەمی ئەو فڕۆكەیەیش كە دە ئەندامی تیمی تۆپی سەبەتەی زانكۆی ئۆكلاهۆمای تێدا لە ناوچوون هەر “دۆسییەكانی ژیان”ی بڵاودەكردەوە. The NewYork Times لە ژێر ناونیشانی “وێنەكانی خەم”و The Asbury Park Press بە “نەوازش” چیرۆكی ژیانی قوربانیانی هێرشی 11ی سێپتێمبەری سەر ناوەندی بازرگانیی جیهانییان بڵاودەكردەوە. ئەم ژیاننامە كورتانەیش دەكرێ‌ رۆژانە بە هەمان شێوە لە چاپ بدرێت، هەتا سەرجەم قوربانیەكان دەگرنەوە، هەرچەندە هەندێ‌ جاریش دەیكێشنەوە بۆ سەربردەی درێژ.
3. بیروڕای خەڵك، بە تایبەتی وشە كاریگەرەكان بخەڕوو. رێگەكانی هاوكاریی خەڵك دیاری بكە. (فرانك ئێم. ئۆچبێرگ) ی سەرۆكی لیژنەی جێبەجێكردنی DART بۆ رۆژنامەنووسی و رووداوی دڵتەزێن دەڵێ‌: “ڕۆژنامەنووس و نەشتەرگەر كە دەزانن ئامانجەكەیان دەكەوێتە مەترسیی زیاتر، هەمان كاردانەوەیان دەبێ‌. هەرچەندە تەكنیكەكان جیاوازن، ئامانجەكان هەر ئاشكراكردنی سەرچاوەكانی هاوكارین”.
4. رێگاكانی هاوكاریی خەڵك، بۆ نموونە بەخشین، دیاری بكەو خەڵكیان پێ‌ ئاشنا بكە. ئەمە گیانێك دەكاتەوە بە بەری كۆمەڵداو، ئومێدێكیان پێ‌ دەبەخشێ‌.
تۆی رۆژنامەنووس ئاگات لە خۆت بێ‌
“مێژووی رۆژنامەنووسی پڕە لە نكوڵی. كەسێكی پیشەیی نیت، ئەگەر نەتوانی كۆنترۆڵی بكەیت رۆژنامەنووسان دەڵێن ناتوانن كار لە هاوكارانیان بكەن، بەڵام ئەم هەڵەیە باجی خۆی دەبێ‌” كراتیس هیپۆكرەیتس، بەڕێوەبەری راهێنانی نووسینی بڵاوكراوەكانی (Fairfax)ی ئوسترالی.
رێنمایی بۆ ئاگا لە خۆبوون
1. سنووری خۆت بزانە. هەر كە بەرەو رووی كارێكی گرفتاوی بووی و زانیت بۆت جێبەجێ‌ نابێ‌، لەسەرخۆ بە سەرپەرشتیارەكەت بڵێ‌ كە تۆ بۆ ئەو كارە ناشێیت و، هۆیەكەیشی بۆ روون بكەرەوە.
2. پشوویەك بدەو، چەند دەقیقە یان سەعاتێك خۆت لەو بارودۆخە دوور بخەرەوە. رەنگە ئەمە یارمەتیت بدات ئەو فشارەت لەسەر بڕەوێتەوە.
3. كەسێكی باش، بۆ نموونە سەرنووسەرێك، پەیدا بكە كە گوێت لێ‌ رابگرێ‌، بەڵام فەرمانت پێ‌ نەكات. پێویستە كەسێك بێ‌ حاڵەتێكی وەكو ئەوەی تۆی دیبێ‌.
4. بزانە چۆن لەگەڵ گوشارەكەت مامەڵە دەكەی. هەوڵبدە ئارەزوویەكت جێبەجێ‌ یان كارێك بكە، یان باشترە لەناو خێزانەكەتدا یا لەگەڵ هاوڕێكانت ماوەیەك بەسەر ببەیت. هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژە، چونكە تۆڕی تەندروستیی رۆژهەڵات (ECHN – The Eastren Connecticut Health Network) ئامۆژگاریت دەكات و، دەڵێ‌ “هەناسەی هێواش و قووڵ وەگرەو، هێواش بیدەرەوە. چونكە هەناسە دانەوە، گرژبوون و، وەرگتنیشی، خاوبوونەوە زیاد دەكەن” ئەمە باری دەروونی و جەستەییت باشتر دەكات.
5. بزانە دەكرێ‌ كێشەكانت چارەسەرببن. ئێرنی پایڵی پەیامنێری جەنگ، پێش مردنی، نیسانی 1945 نووسیبووی “دەمێكە لەمەدا نوقم بووم. رۆحم لەرزۆك و هۆشم ئاڵوزبووە. زامەكە زۆر بەسۆبوو” تۆیش ئەگەر تووشی ئەم حاڵەتەبووی، راوێژ بە شارەزایەك بكە.
لایەنی بینین
رۆژنامەنووسەكان یەكەم كەس لەوێن.
“وێنەگران دەكەونە بەر چەندین كاریگەری. هەمووجارێ‌ كە سەیری وێنەیەك دەكەی، جا لەسەر رووی رۆژنامەیەك بێ‌ یان بۆ پاداشت پێشان درابێ‌، دەنگ و رەنگ و هەست و دڵەكوتێی كاتی گرتنی وێنەكەت لا دروست دەبێ‌”. دەیڤید هاندشۆ بۆ New York Daily News كە كاتی گواستنەوەی مەرگە ساتی 11ی ئەیلوولی 2001 بریندار بوو.
ڕێنمایی بۆ رۆژنامەنووسانی تراژیدیا
1. بزانە كە رەنگە تۆ یەكەم كەس بی گەیشتبیتە جێ‌. رەنگە تووشی بارێكی ترسناك و كاردانەوەی توندوتیژی یاسایی و جەماوەر ببی. وردو لەسەرخۆبە. وریابە! كامێرا لە زامداربوون ناتپارێزێ‌. هەركە زانیت بارودۆخەكە زۆر ترسناك بوو، بێ‌ دوو دڵی شوێنەكە بەجێ‌ بهێڵە. هەموو سەرپەرشتیارو سەرنووسەرێك ژیانی مرۆڤێكی لە وێنە لاگرنگترە.
2. بە هێمنی و رێزو وریاییەوە مامەڵە لە تەك قوربانیانی تراژیدیادا بكە. لە هیچ وەڵامێك نیگەران مەبە. بەڕێزەوە خۆت بناسێنە، ئینجا داوای زانیاری بكە.
3. كاتێ‌ رووداوێكی دڵتەزێن روودەدات، دەتوانی چەندین وێنەی خوێناوی بگری. لە خۆت بپرسە: ئایا ئەو وێنانە بۆ مێژوو بەكەڵكن، یا تەنها بۆ بینەرانن؟
4. خۆت بە هەموو شێوەیەك لە پێشێلكردنی خەمی تایبەتی خەڵك بە دووربگرە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە ئیتر نابێ‌ خۆت لە وێنەی هەست و راو بۆچوونی خەڵك بدەیت. لە ماتەمینیەكاندا قوربانیان بێزار مەكە.
5. بزانە تۆیش مرۆڤیت و، دەبێ‌ ئاگاداری ناخی خۆت بیت. هەستی خۆت دەربڕە. ئەوەی كە دیوتە بۆ هاوڕێ‌، هاوسەر، یان كەسێكی بڕواپێكراوی بگێڕەوەو، لە بارەیەوە بنووسە. وێنە ترسناكەكان بگۆڕە بەهی باش و پۆزەتیڤ. رۆژانە هەڵسوكەوتی دروست بكە. دكتۆر ئێلانا نیومانی دەروونناس كە تاقیكردنەوەی لەسەر هەشت سەد وێنەگری رۆژنامەنووسی كردبوو، لە كۆنگرەی رێكخراوی وێنەگرانی چاپەمەنییە نیشتمانییەكاندا وتی “دیتنی حاڵەتەكانی مەرگ و برینداری، دەبێ‌ باجەكەی بدرێ‌. وێنەگری رۆژنامەنووسی چەند ئەم كارە بكات، ئەوەندەیش دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەروونییەوە”. خۆ ئەگەر كێشەكانت لە چارەسەر دێن، دوودڵ مەبەو، راوێژ بە پیشەوەران بكە.
بەڕێوەبردن
بۆ ئەوەی ئاگات لە ستافەكەت بێ، چەند هەنگاوێك بنێ‌.
“پیشەسازیی میدیا زۆری خایاند تا دەركی كرد رۆژنامەنووسیش ئاسایی وەكو خەڵكی تر هەست بە كاریگەریی رووداوەكان دەكات … میدیا دەبێ‌ بەخەبەربێ‌ و گوشاری رووداوە دڵتەزێنەكان بە بابەتی جێی لێدوان بزانێ‌. بەرپرسانی میدیا ئەبێ‌ بزانن كە ئەم حاڵەتە ڕاستەو، خۆبەخشانەو بە نهێنی ئامۆژگاریی ستافەكانیان لە گشت ئاستێكدا بكەن”. كریس كرامەر، بەرپرسی تۆڕی جیهانیی سی ئێن ئێن CNN.
ڕێنمایی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو كەسانەی كە رووداوە دڵتەزێنەكان دەگوێزنەوە
1. لە یادت بێ‌:
– هەر كەسێكی ناو بەشی هەواڵەكەت رەنگە بە شێوەیەكی جیاواز كاری لێ‌ بكرێ‌. هەندێكیان خێراو هەندێكی دیكەیشیان دوای چەند رۆژو هەفتەو مانگ و تەنانەت ساڵ كاریگەرییان لەسەر دەردەكەوێ‌. ئەو رۆژنامەنووسەی كە دەڵێ‌ كاری تێ‌ نەكراوە، رەنگە لە ژێر زیاترین كاریگەریدابێ‌. كەسانی تر دەشێ‌ شارەزایی و میكانیزمی پێشكەوتوویان هەبێ‌ و یارمەتییان بدەن، كە چۆن لەگەڵ تراژیدیادا مامەڵە بكەن. بەم جۆرە، كاریگەری لەسەریان كەمتر دەبێ‌.
– كێشە شەخسییەكان لە كاردانەوە تایبەتییەكاندا رەنگ دەدەنەوە. بۆ نموونە، هەڵسووڕاوێكی بواری میدیا كاتێ‌ دەست لە كار دەكێشێتەوە، لە خەڵكی تر زیاتر دەكەوێتە بەر كاریگەری.
– ستافەكەت كاتێ‌ دەكەونە ژێر كاریگەرییەوە، رەنگە هەندێ‌ نیشانەی وەكو ماندوویی، دەروون گەرمی، توڕەیی، هەڵچوونی ناوەوەو دەرەوەی ستۆدیۆیان لێ‌ دەركەوێ‌، بۆیە چاودێرو هەواڵنووسی شارەزا، پێویستە گوێیان بۆ رادێرن و، ئاگاداریان بن.
2. كەسێك دیاری بكرێ‌ بۆ چاودێریكردنی حاڵەتی دروستیی ستافەكە كە بتوانێ‌ رێنوێنی بكات. دووبەرپرس لە چاپەمەنیی New Jerseys Absury Park بۆ ئەم كارە دەستنیشان كران. (ئیلەین سیلڤێسترینی)ی هەواڵەنووس كە لەگەڵ (كارۆڵ گۆرگا ویلیامز)دا داوای رووماڵێكی وریایانەو بایەخدان بە پێویستیی تایبەتی ستافیان دەكرد، نووسی “ئامادەی كۆبوونەكانی بەشی هەواڵ بووین. یارمەتیی وەڵامدانەوەی پرسیارەكانمان دا. چاودێریی ئەو كەسانەمان دەكرد كە گوشاریان لەسەر بوو و، قسەمان لەگەڵ ئەوانەدا دەكرد كە دەیانوت گرفتمان هەیە”.
3. راوێژی تایبەت پێشكەش بكە. گروپەكەت كۆبكەرەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەكان و شێوەی گواستنەوەی روداوو هەواڵ و ئەوی كە ئەندامانی ستافەكەت دەتوانن بۆ یارمەتیی خۆیان و كەسانی دیكە بیكەن و، هەروەها چارەسەرەكانی وەكو گەلكاری تاووتوێ‌ بكەن. چاوەڕێ‌ مەبە ئەندامانی گرووپەكەت هەمووشتێكی تایبەت بە خۆیان لەو كۆڕوكۆبوونەوانەدا دەربڕن.
4. بە یاداشت و پۆستی ئەلكترۆنی (e-mail) هانیان بدەو، ئاگادارییان بكەوە لەوەی كە ئیشەكەیان كار لە كۆمەڵ دەكات و، بیریان بهێنەوەو، رێنماییان بكە بۆ خۆ دەربازكردن لە گوشارەكان. نامەو سەرنجی باشی خوێنەرانیان لەسەر بەدواداچوونەكانیان بۆ بنێرە.
ئەمانە چەند نموونەیەكی پاش 11ی ئەیلوولی 2001ی ویلیەم ئی. شمیدتی یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینی The New York Times و یاداشتی هێنری فریمنی سەرنووسەری The Jaurnal News ی نیویۆركن:
“ئێمە هەواڵەكان دەگوێزینەوەو، بەردەوام لە بەرزترین ئاستی رۆژنامەنووسیدا كار دەكەین. خوێنەرانمان ئێستا زیاتر لە هەر شتێكی تر پێویستیان بەئێمەیە، ئەوەی هەمیشەو بە تایبەتی ئێستا دەیكەین، زۆر گرنگە”.
“هەروەها گرنگە ئاگاتان لە خۆتان و یەكتر بێ‌”.
“سەربەرزم و جێی شانازیمە كە سەرنووسەری ئێوەم”.
5. هاوكارانت هان بدە كار بۆ یارمەتیدانی یەكتر بكەن. سەرنج و نامەو نامەی ئەلكترۆنییان بۆ بنێرە.
نائارامیی دەروونیی ئاكامی گوشاری دوای رووداوی دڵتەزێن
(PTSD) چییەو چۆن كارت تێ‌ دەكات؟
“كاپا كە بەیانی بەخەبەرهات زانی نیشانەكانی غەم و مەرگەساتەكەی لێ‌ دەركەوتووە. رەنگی زەرد هەڵگەڕاوەو، چاوەكانی شێواون و ئەو شەوە خەوێكی ناخۆشی دیوە. ئەمە ئەو پیاوەیە كە بە كامێراكەی وێنەی مەرگی چەندین كەس و مەرگەساتی گرتووە. ئێستا بێزارە، لە ئازارو پەشیمانی و خەم خەفەتدا دەتلێتەوە”. ئایروین شۆ، لە باسی رۆبەرت كاپادا
چانتال ماكلۆڤلین لەم لێكۆلینەوەیەدا كە قوتابخانەی دەرچوونی زانكۆی كۆلۆمبیا بۆ رۆژنامەنووسی لەسەر ئینتەرنێت بڵاوی كردەوە، دەڵێ‌ “كۆمەڵەی نەخۆشییە دەروونییەكانی ئەمریكا، (PTSD) بە دەرەنجامی لانی كەم یەك مانگ كەڵەكەبوونی رووداوو مردنی هەست و دوركەوتنەوە لەو خەڵك و شوێنانەی كە دەبنە هۆی بیرهێنانەوەی رووداوەكان دەزانن. نیشانەی تری باوی ئەمە، تووڕەیی و بێزاری و هەڵچوون و ترس و تەركیزی بێهێزو خەولێزڕان و، هەست بەنەبوونی ئارامی و ئۆقرەن. رزگاربووانی رووداوە دڵتەزێنەكان زۆر جار نیگەران و بێ‌ ئومێد دەبن، گرفتیان لە كارو پەیوەندییە خێزانییەكاندا دێتە رێ‌. ئەو كەسانەی تووشی ئەم حاڵەت و ناڕێكوپێكییە دەبن، پێدەچێ‌ نەزانن هۆی ئەم نیشانانە چییە، رەنگە هەر دەریش نەكەوێ‌ و چەندین ساڵ بێ‌ دەنگ پێوەی بناڵێنن”
گوشار كاردانەوەیەكی ئاساییە بۆ توندوتیژی و مەرگەساتی دیكەی مرۆڤ، بەڵام ئەوەی كە سەبارەت بە ئێمەی رۆژنامەنووس جیایە، واهەست دەكەین لە كاردانەوەدا جیاوازین. رووداوی دڵتەزێن و كاردانەوە خێراكانی یەكەمجار كاردەكەنە سەر پۆلیس و پیاوانی ئاگر كوژێنەوەو كارمەندانی فریاگوزاری و رۆژنامەنووس كە زوو بەرەو رووی بارودۆخەكەوە دەچن.
پێویستیی سەكۆیەك بۆ پرسینەوە یان دەرفەتی دەربڕینی هەستەكانی دوایی، بۆ نموونە گۆڕەپانی كوشتارێك، یان هێرشی سەرناوەندی بازرگانیی جیهانی، بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆر رۆژنامەنووسەوە، نیشانەی بێهێزی نییە، بەڵكوو سەركەوتنی ئەم كارە، بەهێزییە. دەربڕین جا بە نووسین بێ‌ یان وێنە كردن، باس كردن، گریان و هاواركردن، گوشاری رووداوەكان لەسەر مێشكی مرۆڤ دەگۆڕێ‌. منداڵانی رزگاربوو هەر لە گواتیمالاوە هەتا بۆسنیا بە وێنەكردن و رەنگكردنی وێنەكانی جەنگ، زامەكانییان ساڕێژدەكەن. ئەم دەرفەتە ئەگەر هاوكاتی كارەسات و خەمەكان بێ‌، ئەوا دەربڕین هەستی مرۆڤەكان هێوردەكاتەوە، وا لە نووسەر دەكات لە ئاییندەدا كەمترو تەنانەت بێ‌ ئازارتریش یادییان بكاتەوە.
ڕۆژنامەنووس هەمان ئەم كارە بە نووسین و ئامادەكردنی راپۆرت دەكات، بەڵام وەكو پێنی ئۆرنی كچە نووسەری The Oklahoman دەڵێ‌ “هەندێ‌ شت ناكرێ‌ بخرێنە روو، چونكە زۆر جێی مەترسین”، هەروەها “ئەوەی، دوای بۆمببارانی ئۆكلاهۆما، پێویستم بوو، كات و چەند رۆژنامەنووسێكی هاوكارم بوو بۆ ئەوەی لە هەموو ئەوانە بدوێین كە روویان دا… ئەوسا لە كارەكانمان خاو بووبووینەوە، هەموومان ماندوی ئەو كارەساتە بووین، چونكە پێشتر كوشتارگەی وا گەورەمان نەدیبوو”.
رۆژنامەنووسیش وەكو خەڵكی دیكە، هەست بە ئازار دەكات، جا هی خۆی بێ‌ یان نا. شاردنەوەو لە دڵ گرتنی، رەنگە كاریگەرییەكان درێژ خایەنترو توندتر بكات. دەربڕینی هەستی دوابەدواداچوونی مەرگەساتەكان، پێویستییەكی ئاشكرایە، ئەگەر راوێژكار ئامادەبێ‌، هەتا زووتر بكرێ‌ باشترە. خزمەتگوزاریی پرسینەوەی پیشەیی قازانجی بۆ دەزگاو كارمەندانی هەواڵیش پێكەوە هەیە. رۆژنامەنووس دەبێ‌ بە شوێن دەرفەتی دەستكەوتنی راوێژی پیشەیی و هاوكارانیدا بگەڕێ‌ و كەڵكییان لێ‌ وەرگرێ‌ .
پەڕاوێزەكان:
1. جۆى هایت (Joe Hight): بەڕێوەبەری نووسینی The Oklahoman و بەڕپرسی (DART)ـە بۆ لیژنەی جێبەجێكاریی رۆژنامەنووسیو رووداوە دڵتەزێنەكان. ساڵی 1995 سەرۆكایەتیی تیمێك راپۆرتنووس و سەرنووسەری دەكرد كە هەواڵی قوربانیانی بۆمببارانی شاری ئۆكلاهۆمایان دەگواستەوە. بەدواداچوونەكەی (The Oklahoman) چەندین خەڵاتی نیشتمانیی وەكو خەڵاتی دارت (DART) بۆ باشترین راپۆرتی تایبەت بە قوربانیانی كارەساتەكانی وەرگرت.
2. فرانك سمیت (Frank Smith) “رۆژنامەنووسێكی ئازادەو، نووسەری تاوانەكانی جەنگ، خەڵك دەبێ‌ چی بزانێ‌؟”یە، كە رۆی گەتمن (Roy Gutman) و دیڤید ریف (David Rieff) بەرهەمیان هێنا. هەروەها نوێنەری واشنتۆنی كۆمسێونی لە نیویۆرك دامەزراوی پارێزگارییە لە رۆژنامەنووسان.
3. سەنتەری دارت بۆ رۆژنامەنووسیو رووداوە دڵتەزێنەكان: لە زانكۆی واشنتۆن دامەزراوە. مەڵبەندی سەرچاوەو پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەو قوتابیو فێرخوازو رۆژنامەنووس و دەزگایانەی هەواڵە كە بایەخ دەدەنە خاڵە هاوبەشەكانی رۆژنامەنووسیو كارەساتە دڵتەزێنەكان. ئەم سەنتەرە باشترین راپۆرت لەسەر قوربانیانی رووداوە دڵتەزێنەكان خەڵات دەكات و، بە هاوكاریی كۆمەڵەی جیهانیی تۆژینەوەی كاریگەریی كارەساتەكان رۆژنامەنووسان لەسەر رووداوە دڵتەزێنەكان رادەهێنێ‌.
4. كۆمەڵی جیهانی تۆژینەوەی كاریگەریی كارەساتەكان:
ساڵی1985دامەزراوە بۆ ئەوەی پیشەوەران زانیارییەكانی تایبەت بە كاریگەریی رووداوە دڵتەزێنەكان تاووتوێ‌ بكەن. ئەم كۆمەڵەیە تەرخان بووە بۆ دۆزینەوەو بڵاوكردنەوەی زانیاریی سەبارەت بە بەرنامەو سیاسەت و خزمەتگوزاری بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی راستەوخۆو درێژخایەنی گوشاری مەرگەساتەكان. ئەندامانی ئەم دەزگایە دەروونناس و توێژەری كۆمەڵایەتیو پەرستارو راوێژكارو لێكۆڵیارو كارگێڕو مافخوازو رۆژنامەنووس و كەسایەتیی دینیو هەڵسووڕاوو شارەزای چەندین بواری ترن كە دیراسەو مامەڵەی فشاری كارەساتەكان دەكەن.
نووسینی:
جۆى هایت(1)
فرانك سمیت(2)
ئامادەكردنی: Dart بۆ رۆژنامەنووسی و رووداوە دڵتەزێنەكان(3)
كۆمەڵەی جیهانیی توێژینەوەی كاریگەریی كارەساتەكان(4)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەلمان عەلی
سەرچاوە:
Tragedy and Journalists، a guide for more effective coverage، 2002
لە گۆڤاری رۆژنامەنووس، ژمارە(1)ی 22/4/2004، وەرگیراوە.

الثلاثاء، 9 سبتمبر 2014

"میدیای‌ كوردی‌ نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات"

په‌رله‌مانتارێكی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ دۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناله‌باره‌‌و پێویسته‌ هه‌موان كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، ئه‌م قۆناغه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی‌ تێپه‌ڕێندرێت، به‌ڵام ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن، به‌تایبه‌ت حزبیه‌كان، نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ دۆخه‌كه‌دا ده‌كه‌ن‌و بونه‌ته‌ هۆی‌ زیاتر گرژبونی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان پێكهاته‌كان، ڕۆژنامه‌نوسێكیش داوای‌ له‌سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ڕێگری‌ له‌و میدیایانه‌ نه‌كه‌ن، كه‌ سه‌رقاڵی‌ ناوزڕاندنی‌ لایه‌نه‌كانی‌ به‌رامبه‌ریانن، ئه‌وا ڕه‌وشه‌كه‌ به‌ره‌و ئاڵۆزبونی‌ زیاتر ده‌ڕوات‌و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر ئه‌زمونی‌ هه‌رێم دروست ده‌بێت.

(سوهام عومه‌ر) په‌رله‌مانتاری‌ كوردستان له‌میانی‌ به‌رنامه‌ی‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ NNAدا ئه‌وه‌ی‌ ڕونكرده‌وه‌، پێویسته‌ له‌ئێستادا سه‌رجه‌م تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، بیركردنه‌وه‌ی‌ جیاواز له‌پێشوتریان هه‌بێت‌و هه‌موان كار بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م قۆناغه‌ مه‌ترسیداره‌ بكه‌ن.

وتیشی‌:"پێویسته‌ له‌م دۆخه‌دا حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر میدیا مه‌له‌فی‌ نه‌شیاو هه‌ڵبداته‌وه‌، ئه‌وا كاریگه‌ری‌ سلبی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی‌ ئه‌زمونی‌ هه‌رێم".

له‌هه‌مان به‌رنامه‌دا (ئه‌رسه‌لان ڕه‌حمان) ڕۆژنامه‌نوس‌و سه‌رنوسه‌ری‌ ماڵپه‌ڕی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ باسی‌ له‌وه‌كرد، دوو جۆر كه‌ناڵی‌ ڕاگه‌یاندن له‌هه‌رێمدا بونیان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان كه‌ناڵه‌ حزبیه‌كانن، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن‌و شه‌ڕیان له‌دژی‌ لایه‌نه‌كانی‌ به‌رامبه‌ر پێ ده‌كه‌ن، جۆری‌ دوه‌میش كه‌ناڵه‌ ئه‌هلیه‌كانین، به‌ڵام وه‌كو ئه‌رسه‌لان وتی‌:"ئه‌وانیش كاریگه‌ریی‌ سیاسیه‌كانیان له‌سه‌ره‌‌و زۆربه‌یان خاوه‌نی‌ ئه‌جێندایه‌كی‌ سیاسین".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی‌ هه‌رێم‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕێگری‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نه‌كه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن میدیای‌ حزبه‌كانه‌وه‌ دژی‌ یه‌كتری‌ ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌وا مه‌ترسیه‌كی‌ گه‌وره‌ دێته‌ پێش، كه‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئاسان نییه‌.

بۆ زانیاریی‌ زیاتر بفه‌رمون گوێبیستی‌ به‌رنامه‌كه‌ بن:

http://radionawxo.org/kurdi/index.php/component/k2/item/2353-2014-08-29-16-33-07

الاثنين، 8 سبتمبر 2014

وتوێژێك له‌ باره‌ى رۆڵى ميديا له‌ شه‌ڕى داعشدا

رۆژنامه‌وانى: وتوێژى راديۆى هاوپشتى له‌سويد، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رى ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌وانى ئه‌رسه‌لان ره‌حمان له‌ باره‌ى ره‌وشى ميدياى كوردى و چۆنێتى رووماڵكردنى رووداوه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ شه‌ڕى داعشه‌وه‌. ئه‌م وتوێژه‌ رۆژى 23ى ئاب/ئۆگستى 2014 له‌ رێگه‌ى په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنييه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.
http://www.rozhnamawany.com/?p=1297
https://soundcloud.com/hawpshti/zq45fzzxtlay

هه‌ڵه‌كانى ميديا له‌ رووماڵى شه‌ڕى داعشدا.. لێدوان

رۆژنامه‌وانى: ميدياى كوردى هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى نه‌رێنى رووماڵى رووداوه‌كانى ده‌كرد، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌يه‌ى كه‌ وێناى چه‌كدارانى داعش به‌ “پاڵه‌وان” بناسێنێت و نه‌ياره‌كانى ئه‌و چه‌كدارانه‌ به‌ تايبه‌تى سوپاى عێراق به‌ “شكستخواردوو” و ده‌سته‌پاچه‌ وێنا بكات. ئه‌مه‌ پوخته‌ى ئه‌و لێدوانه‌يه‌ وه‌ك راگه‌ياندنكار ئه‌رسه‌لان ره‌حمان له‌ باره‌ى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ له‌ به‌شدارييه‌كى ته‌له‌فۆنى به‌رنامه‌ى ڤيه‌رى كه‌ناڵى روناهى تيڤى خستوويه‌تييه‌ڕوو. رۆژى بڵاوبوونه‌وه‌ى 27ى ئاب/ئۆگستى 2014.

http://www.rozhnamawany.com/?p=1301

السبت، 23 أغسطس 2014

سويد.. سێ دايك و سێ كچ به‌ده‌م هاوارى منداڵ و ژنانى شنگاله‌وه‌ دێن . : NRT TV :.

سويد.. سێ دايك و سێ كچ به‌ده‌م هاوارى منداڵ و ژنانى شنگاله‌وه‌ دێن . : NRT TV :.

NRT – ستۆكهۆڵم: سێ دايك له‌گه‌ڵ كچه‌كانيان شه‌و و رۆژيان خستووه‌ته‌ سه‌ر يه‌ك، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سويده‌وه‌ كۆمه‌ك و هاوكارى مرۆيى و داووده‌رمان و شير بۆ منداڵان و پێداويستى ژنان بۆ ئاواره‌كانى شنگال كۆبكه‌نه‌وه.

كاره‌ساتى ئاواره‌بوونى ده‌يان هه‌زار هاووڵاتى شنگالى بووه‌ته‌ سه‌رباسى ميدياى جيهانى و ديمه‌نه‌كانى ئه‌و كاره‌ساته‌ بوونه‌ته‌ ناسنامه‌يه‌ك بۆ قه‌باره‌ى ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى نشينى شنگالييدا هاتووه‌.

كه‌ژاڵ ئاكره‌يى و كچه‌كه‌ى لاڤين له‌گه‌ڵ دوو دايكى ديكه‌دا و دوو ده‌سته‌خوشكى لاڤيندا، ماوه‌ى زياتر له‌ هه‌فته‌يه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارييان بۆ منداڵان و ژنانى شنگالى له‌ ستۆكهۆڵمى پايته‌ختى سويد ده‌ستپێكردووه‌.

له‌ لێدوانيدا بۆ ماڵپه‌ڕى NRT كه‌ژاڵ ئاكره‌يى رايگه‌ياند، ئامانجمان له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ گه‌ياندنى هاوكارى مرۆييه‌ به‌ ئاواره‌كانى شنگال، به‌ تايبه‌تى منداڵ و ژنانى ئاواره‌بوو و كاره‌ساتبارى ئه‌و ناوچه‌يه‌.

وتيشى: "ئێمە سێ دایک و سێ کچەکانمان ئەو کارە دەکەین، بێ یارمەتی هیچ لایەنێک. هەر سێ دایک کار دەکەین و سێ کچەکان خوێندکارن لە ئامادەیی، ‌لە دوای کار تا درەنگی شەو کۆمەک کۆ دەکەینەوە".

روونيشيكرده‌وه‌، ئه‌وان، پێويستييه‌ بنه‌ڕه‌تييه‌كانى وه‌ك خواردن و شير و خۆراكى منداڵان و داو و ده‌رمان و پێويستى ديكه‌ى ژيان وه‌ك جلوبه‌رگ و پێويستى رۆژانه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌ريه‌ك له‌ "لەنجە فه‌وزی" و کچەکەی "سۆما"، له‌گه‌ڵ "‌نەغەدە تاڵەبانی" و کچەکەی "کانی" له‌ دواى ته‌واوبوونى كاريان له‌گه‌ڵ كه‌ژاڵ و لاڤين تا نيوه‌ى شه‌و سه‌رقاڵى رێكخستن و ئاماده‌كردنى ئه‌و شتانه‌ ده‌بن كه‌ كۆيان كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌يان ده‌كه‌ن بۆ ناردنه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى لێدوانى كه‌ژاڵ ئاكره‌يى تا ئێستا زياتر له‌ دوو ته‌ن كه‌رسته‌ و پێداويستيان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و بڕياره‌ به‌ هاوكارى كۆمپانيايه‌كى فڕۆكه‌وانى، رۆژى چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌يه‌، وه‌جبه‌ى يه‌كه‌مى پێويستييه‌كان بگه‌يه‌نرێنه‌وه‌ هه‌رێم.

هه‌روه‌ها وتى: "كۆمه‌كه‌كه‌ ته‌نيا شمه‌ك نييه‌ و بڕێك پاره‌ش كۆكراوه‌ته‌وه‌ و ره‌وانه‌ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لێره‌ بدرێته‌ شمه‌كى تايبه‌ت به‌ منداڵ و ژن بۆ ئاواره‌كان".

سه‌ره‌ڕاى هاوكارييه‌ مادييه‌كان، ئه‌و 3 دايك و 3 كچه‌كانيان بڕێكى به‌رچاو داو و ده‌رمانى پزيشكيان كڕيوه‌ و له‌ رێگه‌ى گروپى پزيشكى كوردى- سويدى له دهۆك، گه‌ياندوويانه‌ته‌ ئاواره‌كان.

كه‌ژاڵ ئاكره‌يى
كەژاڵ ئاكرەیی، لە ساڵی 1996ەوە هاوڕێ لەگەڵ خێزانەكەیان رووی لە سوید كردووە. ئێستا لەو وڵاتە گیرساوەتەوە و توانیویەتی لە بواری ئابووری بخوێنێت. لە بەشی بودجە و كاروباری كۆمەڵایەتی وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتەش پلەی بەرپرسیارێتی بەدەستهێناوە.

وێڕای ئەوەی چالاكی رێكخراوەیی ئەنجامدەدات، بۆ ماوەی چوار ساڵ وەك وەرگێڕی یاسایی بۆ پەنابەرانی كورد و عەرەب لە ئۆفیسی فەرمانگەی كۆچ و پاسەپۆرتی سویدی ئیشی كردووە.

دواتر پەرەی بە كارەكەی داوە، كۆمپانیایەكی بۆ خزمەتگوزارییەكانی زمان و وەرگێڕان و رێپیشاندەری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سوید و هەرێم دامەزراندووە.

لە ئێستادا وێڕای ئەركە فەرمییەكەی وەك فەرمانبەری وەزارەتی دارایی، ئەو لەگەڵ رێكخراوی "UMIA"، كه تاكه پرۆژەیەی سویدیە بە هاوكاری فەندی ئەوروپایی و بە سەرپەرشتی هەریەك لە وەزارەتی كار، شارەوانی ستۆكهۆڵم و فەرمانگەی دڵنیایی كۆمەڵایەتی بۆ هاوكاریكردنی ئەو گەنجانەی سووكە حاڵەتی تێكچوونی باری دەروونیان هەیە كار دەكات.

لە میانەی كاركردنیدا تا ئێستا هیچ لایەن و رێكخراوێكی ناوخۆیی و دەرەكی و حكومەتيی بۆ ئەو كارە مرۆییانە، هاوكاری كەژاڵیان نەكردووە و داهاتی كۆمپانیاكەی و بەخششی زیادە كاركردنی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چالاكیانەی تەرخانكردووە و تەنانەت مانگانە بڕێك لە موچەكەشی تایبەت دەكات بۆ كڕینی ئەو دەرمانانەی منداڵان پێویستیانە و لە هەرێم دەستناكەون و وەك هاوكاری بۆیان دەنێرێتەوە.

له‌ ميانى كاره‌كه‌يدا له‌ پێناو ته‌ندروستى منداڵانى كورد، پزیشكێكی خانەنشینی سویدی لە بارەی كەیسەكانییەوە هاوكاری دەكات و رێنمایی پێویستی خۆبەخشانە پێدەدات.

كەژاڵ لە میانەی پرۆژە خێرخوازییەكانیدا هاوكاری منداڵانی توشبوو بە نەخۆشییەكانی "diagnos"، " Neuropsykiatrik"، " Diagnos ADHD"، " Autism"، " Aspergers syndrom"، "Downsyndrom"، "mild intellectual disability" دەكات.
 


ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

الخميس، 7 أغسطس 2014

هه‌ولێر.. كۆمه‌ك بۆ منداڵانى ئاواره‌ى شنگال كۆده‌كرێته‌وه‌ . : NRT TV :.

هه‌ولێر.. كۆمه‌ك بۆ منداڵانى ئاواره‌ى شنگال كۆده‌كرێته‌وه‌ . : NRT TV :.

هه‌ولێر: به‌ مه‌به‌ستى به‌هاناوه‌چوونى منداڵانى ئاواره‌بووى شنگال، به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ/هه‌ولێر، هه‌ڵمه‌تێكى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك و هاوكارى تايبه‌ت به‌ منداڵان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ رۆژى شه‌ممه‌ 9ى ئاب/ئۆگستى 2014، له‌ شارى هه‌ولێر و له‌ به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ى چوار رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

شوێنى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك و هاوكارييه‌كان، له‌ بيناى به‌ڕێوبه‌رايه‌تييه‌كه‌يه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كى (به‌سته‌پيازه‌)، ته‌نيش ياريگاى خواكوڕك.

به‌ گوێره‌ى زانيارييه‌ رۆژنامه‌وانييه‌كان، رۆژانه‌ منداڵانى ئاواره‌بوو له‌ چياى شنگال به‌ هۆى خراپى ره‌وشى مرۆيى و نه‌بوونى ئاو و خۆراكى پێويسته‌وه‌ ژيان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.

به‌ڕێوبه‌رايه‌تى رۆشنبيرى منداڵ، له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست (NRT) كه‌وتووه‌، رايگه‌ياندووه‌، "ئێمه‌ لێره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌هاناوه‌چوونی منداڵانی ئاواره‌ی شنگال و رزگاركردنی ژیانیان و كۆمه‌ككردنی خێزانه‌كانیان هه‌ڵمه‌تێكی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری تایبه‌ت به‌ منداڵ، ئه‌نجامده‌ده‌ین".

به‌ڕێوبه‌رايه‌تييه‌كه‌، داوايكردووه‌ "داواكارین هه‌موو لایه‌ك به‌ گیانی به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌‌ به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه‌ بێن".

بۆ په‌یوه‌ندی
ژماره‌ی مۆبایل: 07504686961
تێبینی: وه‌رگرتنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان رۆژی شه‌ممه‌ 9ی ئاب/ئۆگستی 2014، له‌ كاتژمێر (10:00)ی سه‌رله‌به‌یانی ده‌ستپێده‌كات و ماوه‌ی 4 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

الاثنين، 4 أغسطس 2014

ئێڤار ئيبراهيم: به‌دواداچوون بۆ هه‌ڵكشانى توندوتيژى دژى ژنانى رانييه‌ ده‌كه‌ين . : NRT TV :.

ئێڤار ئيبراهيم: به‌دواداچوون بۆ هه‌ڵكشانى توندوتيژى دژى ژنانى رانييه‌ ده‌كه‌ين . : NRT TV :.

NRT – رانييه‌: هه‌ڵكشانى راده‌ى توندوتيژييه‌كانى دژ به‌ ژنان و په‌ره‌سه‌ندنى حاڵه‌ته‌كانى خۆكوشتن و كوشتنى ژنان له‌ سنوورى ئيداره‌ى راپه‌ڕين، ليژنه‌ى ژنانى هێناوه‌ته‌ ده‌نگ.

كوژرانى ژنێكى ته‌مه‌ن 21 ساڵ، به‌ ده‌ستى هاوسه‌ره‌كه‌ى، له‌ دوو رۆژى رابردوودا، يه‌كه‌مين حاڵه‌تى كوشتنى ژنان نييه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا له‌ سنوورى رانييه‌ تۆمار كرابێت، به‌ر له‌ويش ژنێكى 48 ساڵ به‌ ده‌ستى باوكه‌ به‌ساڵاچووه‌كه‌ى به‌چه‌قۆ كوژرا.

هاوكات له‌ يه‌ك رۆژدا ته‌رمى 3 ژن گه‌يه‌ندرايه‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ به‌ رووداوى جياجياى خۆكوشتن و كوشتن ژيانيان له‌ده‌ستدابوو.

به‌ڕێوبه‌رى نووسينگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان، رائيد حه‌سه‌ن خۆشناو، تايبه‌ت به‌ ماڵپه‌ڕى NRT رايگه‌ياند، له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ته‌مموزى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا 6 حاڵه‌تى خۆكوشتن و 3 حاڵه‌تى ژن كوشتن تۆمار كراوون، به‌ڵام وه‌ك باسيكرد، "هۆكارى په‌ره‌سه‌ندنى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ نه‌زانراوه‌".

بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و پرسه‌، ئه‌مڕۆ شاندێكى په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ئيداره‌ى راپه‌ڕينيان كرد بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ناوچه‌كه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنى حاڵه‌ته‌كانى توندوتيژى بكۆڵنه‌وه‌.

له‌و باره‌يه‌وه‌، سه‌رۆكى ليژنه‌ى ژنان و كاروبارى منداڵ له‌ په‌رله‌مان ئێڤار ئيبراهيم رايگه‌ياند، ئه‌مڕۆ 4ى ئاب/ئۆگستى 2014، وه‌ك ليژنه‌ى داكۆكيكردن له‌ مافى ژنان و ژماره‌يه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانى سنوورى راپه‌ڕين سه‌ردانى رانييه‌مان كرد.

وتيشى: "مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ر و كاربه‌ده‌ستانى ئيداره‌ى راپه‌ڕين له‌ هۆكارى په‌ره‌سه‌ندنى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى توندوتيژى بكۆڵينه‌وه‌ و له‌ باره‌يانه‌وه‌ راپۆرتێك بۆ سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان به‌رز بكه‌ينه‌وه‌".

له‌ ميانى سه‌ردانه‌كه‌يدا، شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌ك له‌ به‌ڕێوبه‌رى ئيداره‌ى راپه‌ڕين و به‌ڕێوبه‌رى نووسينگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان، به‌ڕێوبه‌رى پۆليس، به‌ڕێوبه‌رى گرتووخانه‌ى رانييه‌ كۆبوونه‌وه‌يان ئه‌نجامداوه‌.

له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 10 رۆژدا كوژرانى (ه.م)ى ته‌مه‌ن 21 ساڵ،‌ پێنجه‌م حاڵه‌تى كوشتن و گيانله‌ده‌ستدانى ژنانه‌ له‌ سنوورى رانييه‌ تۆمار كرابێت.

 رۆژى 26ى ته‌مموز/يۆليۆى 2014، پۆليسى شارۆچكه‌ى دوكان له‌ زێوێ ته‌رمى ژنێكيان دۆزييه‌وه‌، كه‌ دوو گوللـه‌ به‌ جه‌سته‌وه‌یه‌ نرابوو. ئه‌و له‌ ئه‌وه‌ڵ ده‌مى گه‌نجيدابوو، له‌ شوێنی ته‌رمه‌كه‌ش چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆف دۆزراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئێواره‌ى هه‌مانڕۆژ (26ى ته‌مموز / يۆليۆ)، لە رانیە لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو ژن گيانيان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌ گوێره‌ى زانيارى سه‌ره‌تايى هه‌ردووكيان حاڵه‌ته‌كه‌يان خۆكوژى بووه‌.

وته‌بێژى ته‌ندروستى رانييه‌، تەها محەمەد، رايگەیاند، "رووداوی یەكەم خۆكوشتنی ژنێك بووە، به‌ناوى "م.ح.ر" كە تەمەنی 16 ساڵی بووە و لە ماڵی خوشكەكەی خۆی بە فیشەك كوشتووە".

رووداوی دووەمیش ژيان له‌ده‌ستدانى "ك.ر" ى 15 ساڵ بووه‌، كه‌ ده‌وترێت خۆى كوشتووه‌ و رووداوه‌كه‌ به‌ هۆى هه‌ڵواسينى په‌ته‌وه‌ روويداوه‌.

هه‌روه‌ها به‌ره‌به‌يانى رۆژى سێشه‌ممه‌ 29ى ته‌مموز/يۆليۆى 2014، له‌ شاره‌دێى چوارقوڕنه‌ى سه‌ر به‌ رانييه‌، باوكێكى به‌ساڵاچوو، ده‌ستى چووه‌ خوێنى كچه‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵه‌كه‌ى و به‌ چه‌قۆ كوشتى.

به‌ گوێره‌ى لێدوانى به‌ڕێوبه‌رى نووسينگه‌ى توندويژى سنووره‌كه‌، "ژنه‌كه‌ ناوى (ع.ع.م) و له‌دايكبووى 1966 بوو، به‌ چه‌قۆ كوژرابوو‌".

باوكه‌كه‌ش له‌دايكبووى 1938 بوو، ئه‌و‌ به‌ گوێره‌ى حوكمه‌كانى مادده‌ى 406 له‌ ياساى سزادانى عێراقى 111ى ساڵى 1969ى تايبه‌ت به‌ كوشتن به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌ستبه‌سه‌ر كرا‌.

به‌ گوێره‌ى ئامارى ره‌سمى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان، به‌ پێچه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى حكومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان، ئاستى توندوتيژييه‌كانى دژ به‌ ژنان و كوشتن له‌ هه‌ڵكشاندايه‌.

له‌ ئامارى ره‌سمى مانگى ئايارى رابردوودا، كه‌ مانگى سه‌يران و گه‌شتكردن و كاتبه‌سه‌ربردنه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ سنوورى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، 4 ژن كوژراون، 3 ژنيش خۆيان كوشتووه، 27 ژنيش سووتاون و 9 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسيش تۆمار كراوون. هه‌ولێر زۆرترين سوتان و خۆسووتان و خۆكوشتنى تێدا تۆمار كراوه.

له‌ سلێمانيش ده‌ستدرێژى سێكسى له‌ پێشه‌وه‌يه‌. به‌ به‌راورد به‌ ئامارى مانگى ئايارى 2012، توندوتيژى دوو هێنده‌ زياديكردووه. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردووشدا 2013، به‌ هه‌مان شێوه‌ توندوتيژى زياديكردووه.

مه‌زنده‌ ده‌كرێت، توندوتيژييه‌كانى مانگى ته‌مموزى رابردوو، به‌ به‌راورد به‌ سه‌رجه‌م مانگه‌كانى نيوه‌ى يه‌كه‌مى ئه‌مساڵ زياتر بێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، به‌ڕێو‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین، ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه‌، له‌‌ماوه‌‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا، 283 حاڵه‌‌تی توندوتیژی دژ به‌‌ ژنان له‌ سنووری راپه‌ڕین تۆماركراون، له‌وانه‌ 14 حاڵه‌‌تی سوتان و خۆسوتاندن، 86 حاڵه‌تی شه‌ڕكردن و لێدان، 58 حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌لێكردن و 10 حاڵه‌تی ده‌رمانخواردكردن تۆماركراوون.

هاوكات له‌‌كۆی 13 رووداوی كوشتن، كه‌‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له‌‌سنووری بیتوێن و پشده‌‌ر تۆماركراون، دووان له‌ قوربانییه‌كان ژن بوون.


ئا: ئه‌.ر

الثلاثاء، 29 يوليو 2014

چركه‌ساتى ته‌قاندنه‌وه‌ى مه‌زارگه‌ى نه‌بى يونس ببينه‌ . : NRT TV :.

سامانه‌ سروشتييه‌كان وه‌ڵامى ئه‌مريكا و عێراق ده‌داته‌وه‌ . : NRT TV :.

سامانه‌ سروشتييه‌كان وه‌ڵامى ئه‌مريكا و عێراق ده‌داته‌وه‌ . : NRT TV :.

NRT – هه‌ولێر: بەرپرسێک لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان رایدەگەیەنێت، ھەر کێشەیەکی فرۆشتنی نەوتیان ھەبێت، ئۆباڵەکەی بەئەستۆی خۆیانه‌، چونکە وەکو ئەو دەڵێت:"تائێستاش کۆمپانیایەکی تورکی بازاڕ بۆ نەوتی کوردستان پەیدا دەکات". راوێژکاری ئەمنی ئابوری ھەرێمیش ڕونکردنەوە دەدات.

دوای ئەوەی میدیا ناوخۆیی و جیھانیەکان بڵاویانکردەوە، گوایە لەسەر داوایەکی حکومەتی عیراق کە لەدادگایەکی فیدراڵی لەھۆستن دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی تۆمارکردووە، دادگای ئەمریکا بڕیاری دەستبەسەراگرتنی کەشتییە نەوتییەکەی ھەرێمی کوردستانی دەرکردووە تا یەکلایی بوونەوەی کەیسەکە، بەرپرسێکی سامانە سروشتیەکان دەڵێت:"دواجار ھەر ئەمریکاش نەوتەکە دەکڕێت".

بەرپرسێک لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان کە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت رايگه‌ياند، "راستە ئەو کەشتیە لەلایەن دادگای ئەمریکاوە کەمێک ئاستەنگی بۆ دروستکراوە لەسەر داوایەکی حکومەتی عیراق، بەڵام دواجار ھەر لەئەمریکا ئەو کەشتیە نەوتیە بەتاڵدەکرێت".

بەوتەی ئەو بەرپرسە، بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ کەشتیەکە کە نەوتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵگرتووە، لەبەندەری گالۆستۆنی ویلایەتی تەکساس بەتاڵ بکرێت، وتیشی:"ئەو کەشتیە ھەر لەوێ دەمێنێتەوەو بۆ ھیچ کوێیەک ناڕوات، تەنانەت حکومەتی ئەمریکا لەخاکی وڵاتەکەی دەریناکات".

بەرپرسەکە وتی:"ئەگەر سیاسەتی فەرمی ئەمریکا دژایەتی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بکردایە، یەکەم رۆژ رێگەی نەدەدا نەوتەکە بچێتە خاکەکەیەوە، لەبەرئەوە دڵنیام تەنھا گرفتێکی زۆر ئاسانەو زۆر بەزووییش کۆتایی دێت".

ئەو بەرپرسە رەخنەی ئەوەی لەخۆیان گرت، تائێستا نەیانتوانیوە کۆمپانیایەکی تایبەت بەخۆیان وەکو ھەرێمی کوردستان یان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دروست بکەن و خۆیان بازاڕ بۆ نەوتەکەیان پەیدا بکەن، وتیشی:"تائێستاش کۆمپانیایەکی تورکی نەوتی کوردستان دەفرۆشێت".

پێشتریش کاتێک کەشتیيەکە گەیشتە ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە رایانگەیاند، ئەوان بەھیچ شێوەیەک رێگری ناکەن لەداگرتنی باری کەشتییە نەوتییەکەی ھەرێمی کوردستان لەئەمریکا، ئەوەش وایکردووه‌ زۆربەی وڵاتانی ناوی بنێن بەھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ھەناردەی نەوتی کوردستان.

د.بێوار خەنسی راوێژکاری ئەمنی ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان روونيکردەوە، ئەو نەوتەی چۆتە ئەمریکا، ھەرێمی کوردستان نەیفرۆشتووە، بەڵکو ئەمە کۆمپانیایەک کڕیویەتی و ئیتر بۆ ھەر کوێیەکی دەبات خۆی ئازادە.

وتیشی:"کڕین و فرۆشتنی نەوت لەنێوان وڵاتەکاندا ناکرێت، بەڵکو ئەمە پەیوەندی بەکۆمپانیاکانەوە ھەیە، ئەوەی کوردستانیش کە ئێستا لەئەمریکایە، کۆمپانیایەکی کڕیویەتی و ھیچ دادگایەکیش ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت، چونکە ئەمە کاری کۆمپانیاو کاری بازرگانییە".

راوێژکارەکەی حکومەت ھاوشێوەی بەرپرسەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کۆکبوو لەسەرئەوەی، ئەو نەوتەی کوردستان کە ئێستا لەئەمریکایە، ھەر لەوێش دەفرۆشرێت، "چونکە وەک وتم ئەمە کاری بازرگانییەو پەیوەندی بەوڵاتەکانەوە نییە، داواکەی حکومەتی بەغدا بەتاڵدەبێتەوە".

به‌ گوێره‌ى زانيارى ئاژانسى رۆيته‌رز، به‌ره‌ به‌يانى ئه‌مڕۆ، دادوه‌رێكى ئه‌مريكايى بڕيارى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى نه‌وتى كه‌شتييه‌كه‌ى ده‌ركردووه‌.

به‌ گوێره‌ى بڕياره‌كه‌، رێگه‌ به‌ خاڵيكردنه‌وه‌ى بارى كه‌شتييه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ نادرێت.

دوێنێ پاسه‌وانى كه‌ناراوى به‌نده‌رى جالفستوونى نزيك هيوستن رايگه‌ياندبوو، به‌ هۆى گه‌وره‌يى قه‌باره‌ى كه‌شتييه‌كه‌وه‌، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ كه‌شتى بچووك بارى كه‌شتييه‌ نه‌وتبه‌ره‌كه‌ى هه‌رێم بگوازرێته‌وه‌ بۆ وشكانى.

رۆژى شه‌ممه‌ى سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌يه‌ كه‌شتييه‌كه‌ گه‌يشته‌ كه‌ناراوه‌كانى ته‌كساس.

كه‌شتييه‌كه‌، ئاڵاى دورگه‌ى مارشاڵى به‌سه‌ره‌وه‌يه‌ و له‌ به‌نده‌رى جه‌يهانى توركياوه‌ له‌ حوزه‌يرانى رابردووه‌وه‌، به‌ره‌و كه‌ناراوه‌كانى ئه‌مريكا و كه‌نداوى مه‌كسيك وێڕاى نيگه‌رانييه‌كانى ئه‌مريكا له‌ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم به‌ شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆ رێگه‌ى گرتبووه‌ به‌ر.

ئه‌ندى كندريك، ئه‌فسه‌رى پۆلى ئێشكگرى كه‌ناراوه‌كانى ته‌كساس رايگه‌ياند، رۆژى شه‌ممه‌ ئه‌و كه‌شتيييه‌ بارهه‌ڵگره‌ نه‌وته‌كه‌ى خاڵى ده‌كاته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ى رێككارى ياسايى پشكنينى بۆ ئه‌نجامده‌درێت.

وتيشى: "پاسه‌وانى ئێشكگرى به‌نده‌ره‌كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نيشتيمانى ئه‌مريكا و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و ئاسايشى ناوخۆييه‌وه‌ كردووه‌ و زانيارييان له‌ باره‌ى گه‌يشتنى كه‌شتييه‌كه‌ و ره‌وشييه‌وه‌ پێداوون".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مریکی بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ حکومه‌تی عێراقی دووشه‌ممه‌ له‌ دادگای فیدڕاڵی له‌ هۆستن داوایه‌کی دژی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم پڕکردوه‌ته‌وه‌ له‌ داواکه‌یدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو،‌ "ئه‌و نه‌وته‌ به‌نایاسایی له‌ بیره‌ نه‌وته‌کانی هه‌رێمى کوردستان ده‌رهێنراوه‌".

هه‌روه‌ها له‌ داواکه‌ی دادگای فیدڕاڵیدا ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو: "به‌رپرسانی کورد نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له‌ باکووری عیراق دزیوه‌ و له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌کانی تورکیاوه‌ هه‌نارده‌یان کردووه‌".

له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ی حکومه‌تی عیراقی دادوه‌ری به‌دواداچوونی دادگای ته‌کساس نانسی جۆنسن، بڕیارێکی بۆ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى ئه‌مریکا ده‌رکرد بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی که‌شتیه‌ نه‌وتییه‌که‌ی هه‌رێم.

بڕیاره‌که‌ی دادگای ته‌کساس کۆدی (3:14-249) له‌سه‌ره‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراقه‌وه‌ دژی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند لایه‌نێکی ديكه‌ پڕکراوه‌ته‌وه‌.

نه‌وتى كه‌شتييه‌كه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ى جه‌يهانى توركيا كراوه‌ و له‌وێ بۆ بازار هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌ بازرگانييه‌كان له‌ ته‌كساس و نيۆيۆرك و له‌نده‌ن و ژنێفه‌وه‌ نه‌يانتوانييوه‌، ناسنامه‌ى كڕيارى نه‌وتى كه‌شتييه‌كه‌ ده‌ستنيشان بكه‌ن.

گه‌يشتنى نه‌وتى خاوى كورد بۆ ئه‌مريكا نيگه‌رانييه‌كانى به‌غدا له‌ باره‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌مريكا له‌ مه‌ڕ فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا زياتر كردووه‌.

حكومه‌تى ئه‌مريكا له‌و بڕوايه‌دايه‌، فرۆشتنى نه‌وت بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، بژارى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى عێراق زياتر دێنێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ حكومه‌تى به‌غدا گيرۆده‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌مريكا نيگه‌رانه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ى سه‌رۆك وه‌زيران نورى مالكى له‌گه‌ڵ پرسى فرۆشتنى نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌يه‌ له‌ لايه‌ن به‌غداوه‌.

ئه‌مريكا، فشارى له‌سه‌ر كۆمپانيا و حكومه‌ته‌كان درووستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌وتى خاوى كورد نه‌كڕن، به‌ڵام راسته‌وخۆ كۆمپانيا ئه‌مريكاييه‌كانى قه‌ده‌غه‌ نه‌كردوون له‌ كڕينى نه‌وته‌كه‌.

سه‌رچاوه‌: رۆيته‌رز، : SNN

پياوێكى به‌ساڵاچوو كچه‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵييه‌كه‌ى خۆى به‌ چه‌قۆ كوشت . : NRT TV :.

پياوێكى به‌ساڵاچوو كچه‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵييه‌كه‌ى خۆى به‌ چه‌قۆ كوشت . : NRT TV :.



NRT – رانييه‌: له‌ درێژه‌ى شه‌پۆلى توندوتيژييه‌كانى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ره‌ به‌يانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پياوێكى له‌دايكبووى 1938، به‌ چه‌قۆ كچه‌ ته‌مه‌ن 48 ساڵييه‌كه‌ى خۆى كوشت.


له‌ لێدوانێكى تايبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕى NRT، به‌ڕێوبه‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان له‌ رانييه‌، رائيد حه‌سه‌ن خۆشناو رايگه‌ياند، تاوانه‌كه‌ به‌ره‌ به‌يانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ى ته‌مموز/يۆليۆى 2014، له‌ شاره‌دێى چوارقوڕنه‌ى سه‌ر به‌ رانييه‌ روويداوه‌.

وتيشى: "ژنه‌كه‌ ناوى (ع.ع.م)ه‌و له‌دايكبووى 1966ه‌و ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌كه‌ى گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و دواى توێكارى ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ چه‌قۆ كوژراوه‌".

روونيشيكرده‌وه‌، باوكى ئه‌و ژنه‌، كه‌ له‌دايكبووى 1938ه‌ به‌ گوێره‌ى حوكمه‌كانى مادده‌ى 406 له‌ ياساى سزادانى عێراقى 111ى ساڵى 1969ى تايبه‌ت به‌ كوشتن به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌.

رائيد حه‌سه‌ن خۆشناو، ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، پۆليس په‌ڕاوى بۆ حاڵه‌ته‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌ و لێكۆڵينه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ يه‌كه‌م حاڵه‌تى له‌و شێوه‌يه‌ نييه‌ و مانگى ته‌مموزى ئه‌مساڵى به‌ "كاره‌ساتبار" بۆ ژنان وه‌سفكرد و راشيگه‌ياند، ته‌نيا له‌م چه‌ند رۆژه‌دا شه‌ش حاڵه‌تى خۆكوشتنى ژنان و پياوان له‌ سنووره‌كه‌يان تۆمار كراوه‌.

له‌ باره‌ى رابردووى ئه‌و ژنه‌وه‌، باسى له‌وه‌كرد، ماوه‌يه‌ك له‌مه‌و به‌ر (ع.ع.م) له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى جيابووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ باره‌ى بوونى منداڵه‌وه‌، وتى: "هێشتا زانياريمان له‌به‌ر ده‌ست نييه‌".

له‌ ماوه‌ى ته‌نيا 3 رۆژى رابردوودا، ئه‌مه‌ چواره‌م حاڵه‌تى كوشتن و گيانله‌ده‌ستدانى ژنانه‌ له‌ سنوورى رانيه‌ تۆمار كرابێت.

ئێواره‌ی رۆژى 26ى ته‌مموز/يۆليۆى 2014، پۆليسى شارۆچكه‌ى دوكان له‌ زێوێ ته‌رمى ژنێكيان دۆزييه‌وه‌، كه‌ دوو گوللـه‌ به‌ جه‌سته‌وه‌یه‌ نرابوو. ئه‌و له‌ ئه‌وه‌ڵ ده‌مى گه‌نجيدابوو، له‌ شوێنی ته‌رمه‌كه‌ش چه‌كێكی جۆری كڵاشینكۆف  دۆزراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئێواره‌ى هه‌مانڕۆژ، لە رانیە لە دوو رووداوی جیاوازدا دوو ژن گيانيان له‌ده‌ستداوه‌ و به‌ گوێره‌ى زانيارى سه‌ره‌تايى هه‌ردووكيان حاڵه‌ته‌كه‌يان خۆكوژى بووه‌. 

وته‌بێژى ته‌ندروستى رانييه‌، تەها محەمەد،  رايگەیاند، "رووداوی یەكەم خۆكوشتنی ژنێك بووە، به‌ناوى "م.ح.ر" كە تەمەنی 16 ساڵی بووە و لە ماڵی خوشكەكەی خۆی بە فیشەك كوشتووە".

رووداوی دووەمیش ژيان له‌ده‌ستدانى "ك.ر" ى 15 ساڵ بووه‌، كه‌ ده‌وترێت خۆى كوشتووه‌ و رووداوه‌كه‌ به‌ هۆى هه‌ڵواسينى په‌ته‌وه‌ روويداوه‌.

به‌ گوێره‌ى ئامارى ره‌سمى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان، به‌ پێچه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى حكومه‌ت و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان، ئاستى توندوتيژييه‌كانى دژ به‌ ژنان و كوشتن له‌ هه‌ڵكشاندايه‌.

له‌ ئامارى ره‌سمى مانگى ئايارى رابردوودا، كه‌ مانگى سه‌يران و گه‌شتكردن و كاتبه‌سه‌ربردنه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان،  له‌ سنوورى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، 4 ژن كوژراون، 3 ژنيش خۆيان كوشتووه، 27 ژنيش سووتاون و 9 حاڵه‌تى ده‌ستدرێژى سێكسيش تۆمار كراوون. هه‌ولێر زۆرترين سوتان و خۆسووتان و خۆكوشتنى تێدا تۆمار كراوه.

 له‌ سلێمانيش ده‌ستدرێژى سێكسى له‌ پێشه‌وه‌يه‌. به‌ به‌راورد به‌ ئامارى مانگى ئايارى 2012، توندوتيژى دوو هێنده‌ زياديكردووه. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردووشدا 2013، به‌ هه‌مان شێوه‌ توندوتيژى زياديكردووه.

مه‌زنده‌ ده‌كرێت، توندوتيژييه‌كانى مانگى ته‌مموزى ئه‌مساڵ، به‌ به‌راورد به‌ سه‌رجه‌م مانگه‌كانى نيوه‌ى يه‌كه‌مى ئه‌مساڵ زياتر بێت.


(ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان)