الخميس، 28 فبراير 2013

ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار سازدەكرێـت

ئەمڕۆ دانیشتنی دووەمی دادگاییكردنەوەی كەیسی مامۆستا ساكار سازدەكرێـت

وارڤین – سلێمانی: لەسەر داوای كەسوكاری مامۆستا ساكار، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دووەم دانیشتنی دووبارە دادگاییكردنەوەی دۆسیەی مامۆستا ساكار بە وەرگرتنی وتەی داواكارانی مافی كەسی ئەنجامدەدرێت، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر دادگا بڕیاریدابوو، دانیشتنەكە رۆژی حەڤدەی شوبات ئەنجام بدات.

یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنەوەی دۆسیەی مامۆستا ساكار، رۆژی سێشەممە (29 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013)، كە بە ئامادەبوونی (3) دادوەر و داواكارێكی گشتی، چالاكانی ژن و نوێنەرانی گروپی ژیان، لە دادگای كەتنی دووی سلێمانی، بەڕێوەچوو،  بڕیار درابوو، دانیشتنی دووەم رۆژی (17 / شوبات – فێبرایەر / 2013) ئەنجامبدرێـت، بەڵام لەسەر داوای كەسوكاری مامۆتا ساكار، دادگا وادەی دانیشتنەكەی پێشخستووە بۆ ئەمڕۆ.

بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا، چالاكانی ژن، ئامادە بن و دادگا گوێ لە گوتەی داواكارانی مافی كەسی و ئەو گەواهیدەرانە بگرێت، كە پەیوەندیدارن، بە دۆسیەكەوە.

لە دانیشتی یەكەمی دادگاییكردنەوەی كەیسەكەدا، وتەی هەریەك لە خوشكێك و برایەكی مامۆستا ساكار و ئەو كوڕەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵی هەبوو، وەرگیرا.

بە گوێرەی زانیاریەكانی (وارڤین) "لە وتەكانیاندا خوشكەكەی مامۆستا ساكار گوتبووی: دڵنیام، كە باووكم نەبووە، بەڵام هەر كەسێك بێت، من سكاڵام لەسەری دەبێت". 

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، پارێزەر و ئەندامی گروپی ژیان (میهرەبان ئەحمەد) پێشتر لە بارەی دانیشتنی یەكەمەوە رایگەیاندبوو، "رێورەسمی دانیشتنەكەی دادگا بە دروستی بەڕێوەچوو و دادوەرەكان و داواری گشتی پرسیارگەلێكی زۆریان ئاراستەی داواكارانی مافی كەسی كرد، بەڵام وەك ئەوەی تەڵقینكرابن، زۆرینەی وەڵامەكانیان بە وشەی (نازانم) بوو، تەنانەت لە پرسیاری زۆر وەڵام روونیشدا دەیانگوت: (نازانم)".

دانیشتی یەكەمی دادگا بە بێ ئامادەبوونی دایكی مامۆستا ساكار بەڕێوەچوو، چاوەڕواندەكرێت بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ، ئەویش بانگبكرێت و دادوەر گوێ لە وتەكانی بگرێت.

ئەو ژنە پارێزەرە باسی لەوەشكرد، لە دانیشتنی یەكەمدا "ئەو كوڕەی چوو بووە خوازبێنی مامۆستا ساكار، لە ژێر فشارێكی زۆری دەروونیدا قسەی كرد و زۆریش گریا و بۆ ماوەیەك نەیدەتوانی قسە بكات لەبەر گریان، بەڵام ئەویش نەیتوانی زۆر شت بڵێت و بەشێكی وەڵامەكانی بە وشەی (نازانم) بوو".

بڕیارە، بە گوێرەی رێسای باو، دوای وەرگرتنی وتەی داواكارانی مافی كەسی، دادوەر داوای گەواهیدەرەكان بكات، كە ئەو پۆلیسانەی چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی باوكی و دەستگیریان كردووە و كەسێكیش، كە دەگوترێت شەوی رووداوەكە لەگەڵ باوكی بووە، بانگدەكرێن بۆ گەواهیدان و دواتر دادوەر داوای بەڵگەكانی سەلماندن دەكات.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ده‌قی نامه‌ی پشتیوانانی سیموون داوود بۆ سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم

وارڤین
10:06:21/02/2013
ناسنامه‌ى بارى شارستانى سيموون داوود
وارڤین – هه‌ولێر: كه‌سایه‌تی ژنی كورد هۆزان مه‌حموود له‌ رێكخراوی ئازادی ژن له‌ عێراق و له‌نجه‌ عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی ده‌زگای وارڤین، له‌ رێگه‌ی نامه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌یان رێكخراو و كه‌سایه‌تی و چالاكی ژنی كورد و بیانی، ئیمزایان له‌سه‌ر كردووه‌، په‌یامی پشتیوانی ژنانیان له‌ سیموون داوود ئاراسته‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم كرد.

نامه‌كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كانی ژنی كورد و بیانییه‌وه‌ پشتیوانی به‌رچاوی لێكراوه‌ و له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ ده‌یان كه‌سایه‌تی ئیمزایان كردووه‌ و تێیدا داواكراوه‌ ژیانی سیموون داوود بپارێزرێت و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌ركی خۆیان بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌و كچه‌ راپه‌ڕێنن.

ده‌قی نامه‌كه‌: 

نامەیەكی كراوە بۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و رایگشتی
دوای ئەوەی هەواڵی دۆزینەوەی هەریەك لە (سیموون داوود و حەسەن نەسروڵڵا) راگەیەندرا، ئێمە كە لە خوارەوە ناوومان هاتووە، لە رێگەی ئەم نامە كراوەیەوە، چەند پێنشیاز و داواكارییەك دەخەینە بەردەست هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی ئێزدی.

پێشنیاز و داواكارییەكان:
یەكەم: پێویستە لە بری لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی پەرلەمانی كوردستان، هەریەك لە لیژنەكانی ژنان و مافی مرۆڤ ئەركی چاودێریكردنی ئەم كەیسە بگرنە ئەستۆ و رێگە نەدرێت، كەیسەكە وەك بابەتێكی ئاینی و لە روانگەی ئاینەوە كاری لەسەر بكرێت.

دووەم: بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیانی سیموون داوود و حەسەن نەسروڵڵا لە ئەستۆی دەسەڵاتی راپەڕاندندایە و پێویستە حكومەت هەموو رێككارێكی یاسایی بگرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و چارەسەری ئەم مەسەلەیە بە سات و سەودای خێڵەكی و ئاینیی نەسپێردرێ.

سێیەم: دەستبەجێ داوای دیدار و سەردانی میری ئێزدیەكان و بنەماڵەی (سیمۆن) بكرێ بۆ ئەوەی ئاگاداربن كە دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان تەرەفن و لە هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێكی ئەم كچە خۆش نابین و بێ دەنگ نابین.

چوارەم: بەرپرسیاركردنی لایەنی پەیوەندیدار وەكو توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵناسان و دادگا و هەر لایەنێك كە بتوانێت سەرپەرشتی ئەم كەیسە بكات بە شێوەیەكی مەدەنی و بێ لایەنانە، بۆ چاودێریكردنی رەوشی ژیانی كچەكە.
پێنجەم: دەربڕینی هاوڕایی و پاڵپشتی بۆ بنەماڵەی (سیموون) بۆ ئەوەی ئەم كەیسە وەكو مەسەلەی شەرەف لێكنەدرێتەوە و كەسایەتی ئەو بنەماڵەیە لەكەدارنەكرێت.

شەشەم: دانانی چاودێرییەكی یاسایی لەسەر ئەم كەیسە، ئەگەر حكومەتی هەرێم ناتوانێت بەرپرسیارێتی پاراستنی گیانی سیمۆن بگرێتە ئەستۆ پێویستە بە زووترین كات داڵدە بدرێت لە شوێنێكی ئارام و یان سیمۆن وتەنانەت خانەوادەكەشی لەلایەن حكومەتەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێن.

حەوتەم: ئەم كەیسە بە شێوەیەكی بێلایەنانە و ئاشكرا باسی لێوە بكرێت و خۆ ئەگەر ئەم كوڕە (سیموون)ی رفاندبێت، ئەوا دەبێت دادگاییەكی دادپەروەرانە بكرێت.

رێكخراوی ئازدی ژنان لە عێراق
هۆزان مەحمود : houzan2007@yahoo.com
بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن 
لەنجە عەبدوڵڵا
lanjaebdulla@gmail.com

ناوی پشتیوانانی نامه‌كه‌:


یەنار محەمەد: سەرۆكی ڕێكخراوی ئازادی ژن لە عێراق
لەنجە عەبدوڵڵا: دەزگای وارڤین بۆ پرسی ژن-كوردستان
هۆزان محمود: نوێنەری ڕێكخراوی ئازادی ژن لە عێراق-بەریتانیا
د. چۆمان ھەردی، نووسەر و لێكۆڵەر، ئەڵمانیا
ئەڤین عزیز: توێژەری جێندەر و ڕۆژنامەنوس-سوید
سۆزان شەهاب: ئەندام پەرلەمان-كوردستان
كوێستان محەممەد: ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی ژنان لە پەرلەمان
نەرمین عوسمان: وەزیری پێشوی ژینگە-كوردستان
نەجیبە محمود: میدیاكار و چالاكی مافی ژنان-سوید
لۆبی ژنانی ئەوروپا- بەریتانیا
بەڕێوەبەرایەتی فەرەنسای لۆبی ژنانی ئەوروپا- سەرۆك ئۆلگا(تۆڕِی 80 ریكخراوی ناحكومی لە فەرەنسا)
ئان سوژێر: سەرۆكی یەكێتی نێونەتەوەی مافی ژنان- ئەم ڕێكخراوە سیمۆن دیبۆڤوار دایمەزراندوە-فەڕەنسا
لیزا- ماریە تایلۆر- بەرێوەبەری پرۆژە- كۆمیتەی فیمینیزمی لەندەن- بەریتانیا
گژینەر نیبو: دەستپێشخەری مەدەنی ژنانی ئانتیكۆ- مەكدۆنیا
ژنانی رۆژ- لەندەن- بەریتانیا
عەتا موفتی: ئەنجومەنی كوردانی تاراوگە
سارا سەعید: سێنتەری ئەكشنی ژنان-پاكیستان
زافیر دیاس: سەرنوسەری رۆژنامەی ئادهیكار-هیندوستان 
لیاه غەزەندفەر جەواد: بەڕێوەبەری فاوندەیشنی هاوپشتی و عەدالەت و مافی مرۆڤ-ئەفغانستان
دوعا عەبدوللا: قاهیرە-میسر
مارتا جین بەیكەر: ڕێكخراوی نێونەتەوەی ئاشتی و ئازادی-بەریتانیا
جولیان نۆرمان: گروپی فیمینیستی یاسایی بەریتانیا‌
لیلیان هالس –فرێنچ: هاوسەرۆكی دەستپێشخەری فیمینیستانی ئەوروپا
د. ئیشوەر كۆمار: راویژكاری پزیشكی دەروونی، نووسەر: حەیدەر ئابادی پاكستان
خەندان جەزا: چالاكی بواری مافی ژن-نەرویج
خانم ڕحیم: بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئاسودە
ئیڤان دەرراجی: نوسەر و ئارتیست-عێراق
سارا محەمەد: سەرۆكی ڕێكخراوی پیلا و فاتیمە لە یاد مەكەن-سوید
چلورە هەردی: چالاكی مافی ئافرەت-كوردستان
نالیا ئیبراهیم: هاوسەرۆكی دۆستانی ژینگە لە كوردستان-سوید
زریان جەمیل: ڕۆژنامەنوس-هەولێر
ته لار هیرانی: شانوكار-سوید
شادان عەبدول: چالاكی كۆمەڵی مەدەنی-كوردستان
كامەران محمد- ڕۆژنامەنوس/ هەولێر
جاسم غفوز/ شیوه كار/ به ریتانیا
چیمەن محەمەد رەشید ــــ نوسەر-كوردستان
سۆزان ئەمین : ئەندامی سەنتەری نینا بۆ ڕێنوێنی‌و داڵدەدانی ژنان لە سوید
هانا شوان: ڕۆژنامەنوس-كوردستان
سارا عومەر: مافناس و نوسەر-دانیمارك
لازۆ ئازاد: شاعیر-سوید
ناهید موكری: چالاكی مافی ژنان-سوید 
‌شۆخان فەرەج چالاك لە بواری مافی مرۆڤ بەریتانیا
فه ریبا محه مه دی: روژنامه نووس و چالاكی سیاسی -سلیمانی
شوان خورشید ،رۆژنامەنوس،كوردستان_كەركوك
ڕحمان غەریب: ڕۆژنامەنوس-كوردستان
ڕێكخراوی دۆستانی ژینگەی كوردستان لە سوید 
ڕووناك شوانی: نووسەر
دهام سمكۆ: خوێندكار-فەرەنسا
ئاریان ئومێد عارف: ڕۆژنامەنوس-نەرویج
تریفە ئەمین: مایكرۆبایۆلۆجیست-ئەڵمانیا
ئیبراهیم عەباس: سەرنوسەری ماڵپەری ڕوبەرنێت
ڕێزان ساڵح: شانۆكار
ئەكرەم نادر: نوێنەری جیهانی یەكێتی شوراو سەندیكا كرێكاریەكان لە عێراق
كەژال  نوری: چالاكی جیندەر - هۆلەندا
ئەنوەری رەشی عەوڵا : نوسەر- بەریتانیا
كرمانج گوندی: پڕۆفیسۆر ـــ ویلایەتی تێنێسی، ئەمـریـكـا.
ڕەنج سەنگاوی- میدیاكار سلێمانی
شیركۆ كرمانج: تۆۆێژەر –ئوسترالیا
هێرش عەبدولڕحمان: چاودێری سیاسی-ئەمریكا
سامان فەرەج: خوێندكار، نوسەری ئازاد- زانكۆی شەفیڵد-بەریتانیا
خەلیل خاوەریان: چالاكی مەدەنی-ڕۆژهەڵاتی كوردستان
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح: نووسەری رۆژنامەوانی و مامۆستای زانكۆ
خولیا حوسێن: چالاكوانی بواری ژنان و شاعیر-كەنەدا
هێمن حەمە جەزا - شاعیر و مۆزیسییەن - كوردستان
فوئاد جه مال سه لام :چالاك وانی مه ده نی-بەریتانیا
شەنگە رەحیم ، ریكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان، سلیمانی
سەحەر ڕاسایی: نوسەر-سوید
خەندە حمید: فەرمانبەر لە بەشی ڕاگەیاندن
شەهلا یارحوسێن: چالاكی بواری ژنان
ئارام عەلی: ئارتیست-كوردستان
عارف ڕوشدی: بەربرسی سیاسی و نوسەر-كوردستان
كارزان جەلال: بەرپرسی بەشی ئایتی-پاریس- فەرەنسا
شۆرش پالانی: خوێندكاری بەشی سیاسەت لە زانكۆی وینیپیگ-كەنەدا
سان ساراڤان: دەر‌ینەری فیلم-نۆتینگهام-بەریتانیا
ڕێناس عارف:شێوەكار و كارتۆنیست-هۆڵەندا
ستارە عارف :رۆژنامەنوس باشوری كوردستان
سارا قادر: ڕۆژنامەنوس و مامۆستایزانكۆ-كوردستان
شەنكار عەبدوڵا عەلی - نوسەرو رۆژنامەنوس
ئاسۆ جەبار: نوسەر و ڕۆژنامەنوس-ئەمریكا
نەوزاد حەمە شەریف: دۆستانی ژینگەی كوردستان-شوید
تەرزە تۆفیق:چالاكوانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان/سلێـــــــــــمانی
میترا : نوسەر و چالاكی بزوتنەوەی فێمێنیستی
شەماڵ ئاكۆ: خوێندكار- سوید
جیهان تەها: كوردستان
شادی نەوزاد: خوێندكاری زانكۆ-كوردستان
هەوار قەرەداغی: ئەمستردام-هۆڵاندا
دارا عەلی:شاعیر- ڤانكۆڤەر –كەنەدا
سۆزان تاریق: سیدنی-ئوسترالیا
ناڵە عەبدولڕەحمان: نوسەر و قوتابی ماستەر لە بواری یاسای نێودەوڵەتی
سیاوەش موده رسی: دیزاینەری مەلتیمیدیا – بەریتانیا
سوزان مامه :شاعیر-له نده ن
ئاراس ڕەشید :كەنەدا-چالاكوانی سیاسی
مریەم عبدالرحمن:كەنەدا- چالاكوانی ژنان
فوئاد قەرەداغی: نووسەر -كوردستان 
توانا سه عدی مه حمود – كرێكار
ڤیان مەجید فەرەج: نوسەر-كوردستان
ئاڵا لەتیف، رۆژنامەنووس
سەبری بەهمەنی- رۆژنامەنووس و چالاكی سیاسی- سلێمانی
كەیوان هەورامی(كەیوان گاهر محمود)  -ڕاگەیاندكار -هەلەبجەی شەهید
تەنیا محمد : كوردستان ڕانیە-شاعیر و تەنزنوس
فەرمان خێڵانی- چالاكوانی مەدەننی – بەلجیكا
سەلام عەبدوڵلڵا: لیژنەی ئاشتی و هیوا بۆ ئەنانا
جانی دیلان: میدیاكار-ئەمریكا
ئاكام نوعمان هەڵەبجەیی-ڕۆژنامەنوس- كوردستان
ئاڤان جاف: ڕۆژنامەنوس-كوردستان
شوان سدیق: ڕۆژنامەنوس-كوردستان
جوان ڕەحیم: ڕێكخراوی ئاسوده
هێمن میرانی - خوێندكاری دكتورا بەریتانیا
مۆختاری خەندانی رۆژنامەنووس وچالاكی مەدەنی لە رۆژ هەڵاتی كوردستان
ئەرسەلان یارئەحمەدی_ چالاكی مافی مرۆڤ
جلیلە شهنازی، چالاكی كۆمەڵی مەدەنی ، هەولێر
سیلڤانا بایزیدپور ، چالاكی مافی ژنان، یاسا ناس، هەولێر
هبوا بەرزنجی ـ رۆژنامەنووس ـ هەولێر
گۆران دوكانی - ڕۆژنامەنووس – ئەمریك
دڵشاد عومەر كاكی: شاعیر و ڕۆژنامەنوس-ئەڵمانیا
رۆژین شەریفی: چالاكی سیاسی-كوردستان
دالیا محمود: سوید
هاوار گیب : هەرێمی كوردستان
ستیفان‌ جولیەن: سۆلیداریتی عیراق- فەرەنسا
گائیلە سیلڤا ماركوس: بڵاوكراوەی بایپاس-سوید
ئالڤارۆ سیچا نیڤیز: بڵاوكراوەی بایپاس-سوید
شادی سەدر: عەدالەت بۆ ئیران– بەریتانیا
مارینا ئاڤیلاس : ڕێكخراوی ئاتاك-پۆرتوگال 
ئازەرماجیدی: سەرۆكی ڕێكخراوی ڕزگاری ژنان لە ئێران
نیكۆلا ستۆت: خێندكاری دكتۆرا، لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ژنان لە زانكۆی یۆرك-بەریتانیا
سەوسەن زاكزاك: لیكۆڵەر- سوریا
دینا وەهبا: ڕاوێژكار لە نێتۆركی جیهانی ژنان لە ژێر سایەی ئیسلامدا - میسر
زوهرە ئەسەدپور: چالاكی بواری مافەكانی ژن- ئێران
میهمەت مەعسوم سوەر: فۆتۆگرافەر- ئامەد- توركیا
ئیڤیلینە ئاكاد: مامۆستای زانكۆ- لوبنان
ئانیتا ئیسپاندەر: ئارتیست- دانیمارك
ژیلا بەخشایش: چالاكی بواری مافەكانی مرۆڤ- بەریتانیا
ماریا هگبێری: سەرۆكی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی كوشتن لەسەر شەرەف-سوید
حیكمە ئەحمەد: چالاكی مافەكانی ژن- سودان
مەریەم نمازی: ڕێكخراوی یەك یاسا بۆ هەموان – بەریتانیا
ماریا ئەلمیدا: لیسبۆن- پورتۆگال
ماریا ڤلاچۆ: لیسبۆن- پورتوگال
فابینە میلمی: هاووڵاتی فەرەنسی دانیشتووی ئیتالیا(لاكۆیلا)
فرانسوا‌ مۆرڤان: لۆبی ژنانی ئەوروپی
جێنیڤر دریو: راویژكاری ژنانی سكۆتلەندی لەدژی پۆرنۆگرافی- بەریتانیا
  بۆریانا جۆنسۆن: ئەندامی دەستپێشخەری فیمینیستانی ئەوروپا
ئامانج خەلیل: رۆژنامەنووس- كوردستان
ئەنوەر هوژ‌بری: رۆژنامەنووس – رۆژهەڵاتی كوردستان
یادگار فایەق: رۆژنامەنووس- هەریچمی كوردستان
سامان حەمەغەریب: رۆژنامەنووس - كوردستان
شامخی جابر: چالاك و رۆژنامەنووس- عێراق
موستەفا محەمەد حەسەن: نووسەر وڤێترینەر- عێراق
نینا سانكاری: ئەندامی نێتۆركی  فیمینیستان بۆ ئەوروپایەكی تر- پۆلەندا
موستەفا ئەلعەیدان: رۆژنامەنووس- عێراق
بەسام محەمەد: كارمەندی ریكخراوی ناحكومی - عیراق
حوسام محەمەد عەلی: شاعیر، نووسەرو راگەیاندنكار- عێراق 
سایف عێراقی: چالاكی مەدەنی و بواری میدیا- عێراق 
تریبوتاری ئەلجەبوری: پارێزەر - عێراق
ئەیوب لهۆنی: فیلمساز- بەریتانیا
كیت لارسن هاگس: مامۆستا- سوید
جاڤاریا نەڤید: هیندستان
رۆڵا خەیات: قاهیرە، میسر
ئەحمەد زیدان: قاهیرە، میسر
مارك مانینگ: كرێكار- ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
خولفی ماهیسار: كەراچی پاكستان
موهەد خان ئەحمەدانی: چالاكی سەندیكا-پاكیستان
زافەر ئیمام: چالاكی سیاسی، نووسەر، ئیدیتەر- پاكستان
رەشید لیگاری: ئیدیتەری وردبینی ئاوای ئاواز- پاكستان
د. راڤی كۆمار: چالاكی بواری كۆمەڵایەتی، حەیدەر ئابادی پاكستان
شادی ئەمین: ئەلمانیا
ئیڤان سیگەل: ئەمریكا
نیكۆلاس دیسۆ: ئاركیۆلۆگیست- نێتۆركی هاوپشتی عیراق-فەرەنسا
سۆلیداریتی عێراق، فەرەنساICO ستیڤن جولیەن: مامۆستا،
- فەرەنساICO سۆفیە بۆیسزیا: چالاكی 
فەرەنساICO  بینجامین كامینادی: چالاكی سەندیكا
فەرەنساICO جان ئیڤس زولتار: چالاكی سەندیكا
 فەرەنساICO ئارلەند مەهمەتاژ: چالاكی
بادجیمار سیدییرا، هونەرمەند: فەرەنسا
د. سابیر شیخ: حەیدەر ئابادی پاكستان
د. غازی عوسمان: چالاكی بواری كۆمەڵایەتی- كەراچی پاكستان 
ساتیا پاركاش گوپتا:  دەرهێنەری فیلم/ چالاكوان- مۆمبای هیندستان
عەلی تاقوی: رۆژنامەنووس-نووسەر- پاكستان
ئیجاز شاە: نووسەر- پاكستان
د. مالیها میمون: چالاكی بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی، پاكستان
د. سانتوش كۆمار: كەراچی پاكستان
د. مەحبوب عەلی خواجە: چالاكی سیاسی كەراچی - پاكستان
د. ئاناند: پارتی چەپی پاكستان- كەراچی
ئاكام نوعمان هەڵەبجەیی: رۆژنامەنووس - كوردستان
ئەستیلا شمید: هەڵمەتی ئاشتی لە كوردستان – بەریتانیا
مارك كامپل: لەندەن، بەریتانیا

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی كەیسی سیموون داوودەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین

نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی كەیسی سیموون داوودەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین
07:21:28/02/2013
كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى بۆردى چاودێرى مافه‌كانى ژن، فۆتۆ: KRG.
وارڤین – هەولێر: دوای پەنجا رۆژ لە رفاندنی سیموون داوود)ی یانزە ساڵ و بەرزبوونەوەی دەنگە ناڕەزایەتی ژنان بۆ بەتەنگەوە چوونی ئەو كەیسە، بۆ یەكەمجار سەرۆكی ئەنجومەنی و‌ەزیران (نێچیرڤان بارزانی) رایگەیاند، "لە ئێستادا ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین".

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ئەمڕۆ پێنجشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە كۆبوونەوەی بۆردی چاودێریی مافی ژن، تاوتوێی كەیسی (سیموون داوود)ی كرد و وێڕای دەربڕینی سووپاسگوزاری بۆ هەوڵی دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان و چالاكانی ئەو بوارە، رایگەیاند، "ئەوانیش دەبێ بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسانە بكەن، وردبین بن و توێژینەوە و بەدواداچوون بكەن، ئینجا هەڵوێست وەربگرن و لێدوان بۆ میدیاكان بدەن".

ئەم كۆبوونەوەیەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بۆردی چاودێری مافی ژن دوای ئەوە دێت كە بە سەدان كەسایەتی و چالاكی كورد، لەبارەی كەیسی (سیموون داوود)ەوە هۆشدارییان داوەتە حكومەت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دادپەروەری و مرۆڤایەتی حكومەت مامەڵە لەگەڵ كەیسەكە بكات و رێگە بە دەستتێوەردانی هێزە ئاینی و نەریتییەكان نەدرێت.

كۆبوونەوەكە، دوای ئەوە دێت، رۆژی (21 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، هەریەك لە نوێنەری، رێكخراوی ئازدی ژنان لە عێراق، (هۆزان مەحموود) و بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، (لەنجە عەبدوڵڵا)، بە ئیمزای زیاتر لە (180) دەزگا و رێكخراوی بیانی و كەسایەتی ناوخۆیی و بیانی، نامەیەكیان، ئاراستەی سەرۆكایەتیەكانی هەرێم كرد و تێیدا، داوایی چارەسەری یاساییان بۆ ئەو كەیسە كرد.

بە گوێرەی هەواڵی كۆبوونەوەكە، كە لە ماڵپەڕی رەسمی حكومەتی هەرێم بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی كەیسی (سیموون داوود)ەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو كەیسە "كۆمەڵێك رەهەندی سیاسی و نێودەوڵەتی و یاسایی هەیە و لە رووی مرۆییشەوە ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارییەكی گەورە داین. بۆیە زۆر بە جددی كاری لەسەر دەكەین".

وەك بۆ یەكەمجار (وارڤین) بڵاویكردەوە، كە (سیموون داوود و حەسەن نەسروڵڵا) لە ژێر چاودێری حكومەتن، ئەمڕۆ (نێچیرڤان بارزانی) دانی بەوەدا ناوەو لە كۆبوونەوەكەدا گوتویەتی:‌ "سیموون ئێستا لەژێر چاودێریی ئێمەدایە و پارێزراوە".

سەرەڕای بانگەوازی ژنان و چالاكانی مافەكانی مرۆڤ و دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بۆ بەتەنگەوەچوونی كەیسی سیموون داوود و رزگاركردنی لە هەر هەڕەشە و مەترسییەك كە رووبەڕووی دەبێتەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا رایگەیاندووە، "لە ئێستادا ئێمە ناتوانین هیچ بڕیارێك بدەین، بەڵام بە ناوی ئەم كۆبوونەوەوە هەڵوێستی فەرمی حكوومەت رادەگەیەنین".

لە بارەی هەڵوێستی حكومەتیشەوە، كۆبوونەوەكە، بەم شێوەیە، هەڵوێستەكەی دەربڕیوە: "حكوومەتی هەرێم بە بڕواوە رایدەگەیەنێت، كە ئێمە بە شێوەیەكی یاسایی و لەسەر بنچینەی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەم كەیسە دەكەین". 

لە بارەی هەڵوێستی دەزگا و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیشەوە، هەرەچەندە، ناوی هیچ كەس و رێكخراوێك نەهێنراوە، بەڵام، لە كۆبوونەوەكەدا، ستایشی هەوڵەكان كراوە و بەناوی كۆبوونەوەكەوە هەڵوێست لەبارەی ئەو هەوڵانەوە بەم شێوەیە خراوەتەڕوو: "هەر لێرەوە سوپاسی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەین بۆ خەمخۆری و بەدەنگەوەهاتنیان لەسەر ئەم كەیسە. ئەم خەمخۆری و دەستپێشخەرییانەی ئەوان هاوكاریمان دەكات لە پاراستنی مافی مرۆڤ و بنیاتنانی سیستەمێكی دادپەروەرانە لە كوردستان".

(سیموون داوود)ی تەمەن (11 ساڵ)، رۆژی (9 / كانوونی دووەم – یەنایر / 2013) لە كۆمەڵگەی (شێخكا)ی سەر بە شارەدێی (ئەلقووش)، لە لایەن كەسێكەوە بەناوی (حەسەن نەسروڵڵا) بەرەو شوێنێكی نادیار رفێندرا و ئەو كردەوەیە وێڕای مەترسییەكانی سەرهەڵدانی گرژی نێوان پێكهاتەكانی سنووری شێخان، ناڕەزایەتی دەزگا و رێكخراو و گروپ و چالاكانی ژنی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لێكەوتەوە. 

هه‌واڵى په‌يوه‌ست: 







ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ئامار: لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا (388) حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوون

ئامار: لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا (388) حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوون

12:50:28/02/2013
وارڤین – هەولێر: بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، تەنیا لە مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، (4) ژن كوژران و (2) ژن خۆیان كوشتووە و لە سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشدا (388) حاڵەتی تونوتیژی تۆماركراوون.

بە گوێرەی ئامارەكە، كە وێنەیەكی تایبەت دەست (وارڤین) كەوتووە، ئاماری حاڵەتەكانی توندوتیژی لە سنووری سێ پارێزگاكەی هەرێم و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان بەم شێوەیەیە:

هەولێر:
لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوون و كۆی گشتی حاڵەتەكان (161) حاڵەتە و ئەوانیش بەم شێوەیەن:

كوشتن (1) حاڵەت، خۆكوشتن (1)، سووتان (12)، خۆسووتان (6)، سكاڵا (141)، دەستدرێژی سێكسی (0)  هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە.

سلێمانی:
لە رووی ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژییە بە دووەم پارێزگا هەژمار دەكرێت  كۆی گشتی حاڵەتەكانی توندوتیژی لە سنووری ئەو پارێزگایەدا، (108) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە:

كوشتن (1) حاڵەت، خۆكوشتن (0)، سووتان (6)، خۆسووتان (2)، سكاڵا (95)، دەستدرێژی سێكسی (4).

دهۆك:
كۆی گشتی حاڵەتەكانی توندوتیژی لە سنووری ئەو پارێزگایەدا (52) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە:

كوشتن (2) حاڵەت، خۆكوشتن (0)، سووتان (3)، خۆسووتان (3)، سكاڵا (44)، دەستدرێژی سێكسی (0).

ئیدارەی گەرمیان:
كۆی گشتی حاڵەتەكانی توندوتیژی لە سنووری ئیدارەی گەرمیاندا، (42) حاڵەتە و دابه‌شبوون بەسەر ئەم شێوازانەی توندتیژیدا:

كوشتن (0) حاڵەت، خۆكوشتن (1)، سووتان (3)، خۆسووتان (0)، سكاڵا (38)، دەستدرێژی سێكسی (0).

ئیدارەی راپەڕین:
كوشتن (0) حاڵەت، خۆكوشتن (0)، سووتان (1)، خۆسووتان (1)، سكاڵا (18)، دەستدرێژی سێكسی (5)، بەبەراورد لەگەڵ ناوچەكانی دیكەدا، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستدرێژی سێكسی پلەی یەكەمی بەركەوتووە.

كۆی گشتی حاڵەتەكانیش لە ناوچە جیاجیاكاندا بەم شێوەیەیە: 
كوشتن (4) حاڵەت، خۆكوشتن (2)، سووتان (25)، خۆسووتان (12)، سكاڵا (336)، دەستدرێژی سێكسی (9).

جێی ئاماژەیە، هاوكات لەگەڵ كۆتایهاتنی مانگی دووەمی ئەمساڵ، هێشتا بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان ئاماری ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی (2012) رانەگەیاندووە و ئامارەكان بە شێوەی پچڕ پڕ و مانگانە بڵاو دەكاتەوە و هیچ كاتێكیشی بۆ راگەیاندنی ئامارەكانی مانگانە دەستنیشان نەكردووە.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

كچێك شه‌ڵته‌ر له‌خۆى ناگرێت و راپێچى به‌نديخانه‌ ده‌كرێت

كچێك شه‌ڵته‌ر له‌خۆى ناگرێت و راپێچى به‌نديخانه‌ ده‌كرێت

02:43:28/02/2013
له‌ شه‌ڵته‌ره‌وه‌ بۆ به‌نديخانه‌ چاره‌نووسى كچێكى بێكه‌سه.
وارڤین – گەرمیان: ژنێكی دانیشتووی خانەقین، دوای ئەوەی بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە ناچار دەكرێت رووبكاتە شەڵتەرێكی پەنادانی ژنان لە سلێمانی، پێرێ شەڵتەرەكە بەجێدەهێڵێت و دوێنێش لە لایەن پۆلیسەوە لە شارۆچكەی خانەقین دەستگیر دەكرێتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەكە، رایگەیاند، ئەو ژنە ناوی سیانی بە پیت (ئـ. م. ح.)ەو لەدایكبووی (1995)ی شارۆچكەی خانەقینە، بەهۆی بێكەسییەوە لە ماوەی ژیانیدا، لای پورێكی بەخێوكراوە، (2) مانگ پێش ئێستا، پورەكەی بە پەیوەندی خۆشەویستی ئەو كچە و كوڕێك دەزانێت، لەگەڵیدا دەیكاتە كێشە و لە ماڵەوە دەریدەكات.

پوورەكەی بۆ پۆلیس گوتویەتی: "من چیدیكە ئەو كچە بەخێو ناكەم، چونكە عەیب و عاری بۆ دروستكردووین و ناوبانگمانی زڕاندووە". ئەم وتانەی پوورەكەی لە كاتێكدایە، كە دەزانێت، ئەو كچە هیچ پەناگەیەكی نیە رووی تێبكات و بەهۆی بێكەسییەوە كهس لێی ناپرسێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، دوو مانگ پێش ئێستا بە هاوكاری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی گەرمیان، كچەكە رەوانەی شاری سلێمانی كراوە بۆ ئەوەی لەوێ لە سەنتەرێكی پەنادانی ژنان، كە ناوەكەی لای (وارڤین) پارێزراوە بمێنێتەوە.

رۆژی سێشەممە (26 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، بە سوود وەرگرتن لە نەبوونی پاسەوانی تایبەت و خراپی رەوشی ئەمنیەتی سەنتەرەكە، (ئـ.م.ح)، ئەو سەنتەرە بەجێدەهێڵێت و روودەكاتەوە گەرمیان.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شارۆچكەی خانەقین، بۆ (وارڤین)، ئاشكرایكرد، ئەوان توانیویانە دوێنێ چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە خانەقین، ئەو كچە دەستگیر بكەنەوە.

بە مەبەستی دووبارە ناردنەوەی بۆ سەنتەری پەنادانی ژنان لە سلێمانی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە رێگەی پۆلیسەوە كچەكە رەوانەی شاری سلێمانی كرایەوە.

بەهۆی ئەوەی پێشتر رایكردووە لە سەنتەری پەنادان، لەسەر داوای بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی سلێمانی كەیسەكەی رەوانەی دادگا كراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی دەستكەوتوو، لەبەر ئەوەی ئەو كچە، (35) رۆژی ماوە تەمەنی بگاتە (18 ساڵ)، ئەگەری ئەوە هەیە بە بڕیاری دادوەر رەوانەی گرتووخانەی چاكسازی بكرێت و تا (35) رۆژ وەك بەندكراو مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. 

هێشتا روون نیە، چارەنووسی ئەو كچە چی بەسەردێت دوای ئەوەی لە بەندیخانە ماوەی (35 رۆژ) بەسەردەبات و تەمەنی دەگاتە (18 ساڵ).

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

الأربعاء، 27 فبراير 2013

كەركووك: ژنانی بێهاوسەر داوای بەشی خۆیان لە پترۆدۆلار دەكەن

كەركووك: ژنانی بێهاوسەر داوای بەشی خۆیان لە پترۆدۆلار دەكەن

وارڤین – داقوق: (ئیلهام هەمزە)، (35 ساڵ) دانیشتووی شارۆچكەی داقوقە، ئەو دوو كچی هەیە، وەك خۆی باسیكرد، لەبەر دەستكورتی كچەكانی لە خوێندن دابڕاوون. هاوسەری (12 ساڵ) پێش ئێستا كۆچی دواییكردووە، ئەو دەڵێ:"دوو كچم هەیە لەكەلاوەیەكدا دەژین لەبەر نەبوونی كچەكانم لەخوێندنگا دەركردووە، كرێكاری دەكەم، بە جۆرێك باردۆخی ژیانم خراپە پارەی ئەوەم نیە وێنەی مامەڵە بگرم و بچم سۆراغی موچەی تۆڕی چاودێی خێزان بكەم".

بارودۆخی ئەو ژنانەی هاوسەریان لە دەستداوە، لە كەركووك و شارەكانی دیكەی عێراق تا دێت رووی لە خراپی كردووە و زۆرێك لەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە، رووبەڕووی گرفتی بەخێوكردن و پەروەردەكردن و دابینكردنی ژیانێكی مرۆییانە بۆ منداڵەكانیان بوونەتەوە و وێڕای ئەو توندوتیژیانەی رۆژانە رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، زۆرێك لە ژنان سەرچاوەی ئابووری سەربەخۆیان نیه. 

(نەجیبە عەلی) (43 ساڵ) دایكی چوار كچە،  بارودۆخی ژیانی وەك خۆی گوتی "زۆر خراپە" ناچارە شەو و رۆژ ئیش بكات بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەكەی دابینبكات.

ئەو گوتی: "چوار كچم هەیە بە نانكردن، چێشت لێنان بۆ خەڵك دەتوانین خۆمان بژێنین، ئەوەی هاووڵاتیان بۆمان نەهێنن دەمرین لەبرسان، تووشی هەزار هەڵەی گەورە دەبین".

یەكێكی دیكە لەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە و تەمەنێكە بە دیار منداڵەكانییەوە دانیشتووە و لە ماڵە هەژارانەكەی خۆیدا باسی چیرۆكی نەبوونی خۆی كرد و گوتی: "دوو كچم هەیە، لەكەلاوەیەكدا دەژین، لەبەر نەبوونی كچەكانم لەخوێندنگە دەركردووە" (ئیلهام هەمزە) وای گوت.

ئەو (12ساڵ)ە، هاوسەركەی كۆچی دواییكردووە، وەك كرێكار لەگوندەكانی سنووری داقوق كاردەكات، گوتیشی: "كرێكاری دەكەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی كچەكەم دابینبكەم، بەجۆرێك باردۆخی ژیانم خراپە پێیان گوتووم مامەڵەكەت تەواو بكە، بیهێنە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی لەبەر نەبوونی پارە ناتوانم بڕۆم وێنە بگرم و مامەڵەكەم تەواو بكەم".

ئەو ژنانە داواكارن لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە ئاوڕ لە ژیانیان بدرێتەوە و كار بكرێت بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە حكومەتی بەغدا، بیر لە ژیان و چارەنووسیان بكاتەوە.

"دوا لە ئیدارەی پارێزگای كەركووك دەكەم لە داهاتی نەوت، ئەوەی پێی دەگوترێت پەترۆدۆلار، بودجەیەك بۆ ژنانی كەمدەرامەت دابین بكات و ئاوڕێك لە ژیانی بێوەژنانی قەزاكە بدەنەوە". 

بەرپرسانی ئیداری پارێزگای كەركووك دانبەوەدا دەنێن كە رەوشی ئەو ژنانەی هاوسەریان لە دەستداوە خراپە و زۆرێك لەوان باری گوزەرانیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە.

لەو بارەیەوە سەرۆكی لیژنەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵاتی داقوق، (محەممەد بەهائەدین) رایگەیاند، "لە سنووری شارۆچكەی داقووق بەهۆی كاریگەری رەوشی سیاسی و ئابووری عێراقەوە، خێزانێكی زۆر هەژارن و پێویستیان بەهاوكاری هەیە و باردۆخی ژیانیان زۆرخراپە".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە لیژنەكەی ئێمە ناوی (500) خێزان تۆماركراوە بۆ ئەوەی هاوكاریان بكرێت، داواكارییەكانیانمان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار و چاوەڕێی جێبەجێكردنی داواكارییەكانین لە لایەن حكومەتی بەغداوە".

لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، (دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن)، لە پانزە پارێزگای عێراقدا راپرسییەكی بەرفراوانی لە بارەی رەوشژ ژنان و توندوتیژییەكانی بەرامبەریان ئەنجامدا.

رۆژی دووشەممە (25 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە كۆنگرەەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامەكانی ئەو راپرسییەی بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەو راپرسییە، لە رووی توندوتیژی ئابوورییەوە، كە هەریەك لە (رێگری لەكاركردن لەدەرەوەی ماڵ، دەستگرتن بەسەر داهاتی مانگانەی ژنان، بێبەشكردنیان لەخەرجی رۆژانە) دەگرێتەوە، لە سنووری پارێزگای كەركووكدا، لە هەردوو جۆری شێوازی (دەستگرتن بەسەر داهاتی مانگانە ‌و رێگریكردن لەكاركردن لەدەرەوەی ماڵ)، لەپلەی چوارەمی پارێزگاكانی باشور‌ و ناوەڕاستدایە ‌و لەشێوازی (بێبەشكردنی ژنانیش لەخەرجی رۆژانە) لەپلەی پێنجەمدایە.

ئا: نێرگز قادر

كۆمپانیای چەتر: چلەی ئەحلام مەنسوور وەك بۆنەیەكی حزبی عەسكەری بەڕێوە ‌چوو

كۆمپانیای چەتر: چلەی ئەحلام مەنسوور وەك بۆنەیەكی حزبی عەسكەری بەڕێوە ‌چوو

داده‌ ئه‌حلام، فۆتۆ: په‌سار فايق.
وارڤین – خانەقین: كۆمپانیای چەتر بۆ راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، رایدەگەیەنێت، لایەنێكی سیاسی لە خانەقین، مەراسیمی چلەی (ئەحلام مەنسوور)ی بەلاڕێدا بردووە و بۆنەی یادكردنەوەكەی كردووەتە بۆنەیەكی حزبی و سەربازی.

لە راگەیەندراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (وارڤین)، كەوتووە، كۆمپانیای چەتر رایگەیاندووە، بەو هۆیەی كە خانەی كلتووری خانەقین كە نزیك بە یەكێتی نیشتیمانیە و بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەر و ئەو دەستەڕۆییەی كە وەك حزب و لایەنی دەسەڵاتن چ لە روی مادی و چ لە ‌رووەكانی ترەوە دەسەڵاتی بەسەر مەراسیمەكەدا گرت و دەزگاكەی ئێمە ‌و لایەنەكانی تری خستە دەرەوە. هەروەها مەراسیمەكەی بە سیاسی و حزبی كرد. 

هەروەها هاتووە: "ئێمەش سەرەڕای ئەوەی پێش مەراسیمەكە هەوڵی خۆمان دا بۆ رێگرتن لەمه،‌ بەڵام لە نێو مەراسیمەكە بینیمان بەو بەرنامەیەی خۆیان ویستیان بەڕێوەیان برد و تا ئاستێكی زۆر مێژووی ئەحلام مەنسوریان بە گوێری خۆیان خستە روو، بەشێك لە راستیەكانیان شێواند".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا، ئەو كۆمپانیایە، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەوان شێوازی یادكردنەوەكە رەتدەكەنەوە و نووسیویەتی: "ئێمەش وێرای ئەوەی لەوێدا ناڕەزایەتیمان نیشان دا و بۆ هەندێ كەناڵی راگەیاندن ناڕەزایەتیمان خستە روو ئێستاش بە هەستكردنمان بەو بەرپرسیارێتیە لە ئاست ئەو نوسەرە رایدەگەیەنین ئێمە ئەو شێوازی بەڕێوەچوونی چلەیە رەت دەكەینەوە". 

دەقی راگەیەندراوەكە:
شێواندنی بەشێك لە مێژوی (ئەحلام مەنسور) و بەحزبی‌كردن مەراسیمی چلەكەی رەت دەكەینەوە

رۆژی (25/2/2013) چلەی ماتەمینی مامۆستا (ئەحلام مەنسور) بەڕێوە چوو. ئێمە وەك كۆمپانیای چەتر كە پێشتر لەگەڵ لیژنەی بەرگریكردن لە بەرژەوەندیە گشتییەكان لە خانەقین و چەند كەسایەتیك لە هاوڕێیان و دۆستانی مامۆستا و رۆشنبیران و پاشانیش كە خانەی كلتووری خانەقین ویستی بەشدار بێت و بڕیارمان دا وەك وەفایەك بۆ خەبات و ماندوبونەكانی ئەو ژنە نوسەر و تێكۆشەرە مەراسیمی چلەی ئەحلام مەنسور لە شاری خانەقین ساز بكەین.

بەم هۆیەشەوە لە راگەیاندنەكاندا بڵاومان كردەوە و رامانگەیاند. بەڵام بەو هۆیەی كە خانەی كلتووری خانەقین كە نزیك بە یەكێتی نیشتیمانیە و بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەر و ئەو دەستەڕۆییەی كە وەك حزب و لایەنی دەسەڵاتن چ لە روی مادی و چ لە ‌رووەكانی ترەوە دەسەڵاتی بەسەر مەراسیمەكەدا گرت و دەزگاكەی ئێمە ‌و لایەنەكانی تری خستە دەرەوە.هەروەها مەراسیمەكەی بە سیاسی و حزبی كرد. 

ئێمەش سەرەڕای ئەوەی پێش مەراسیمەكە هەوڵی خۆمان دا بۆ رێگرتن لەمه،‌ بەڵام لە نێو مەراسیمەكە بینیمان بەو بەرنامەیەی خۆیان ویستیان بەڕێوەیان برد و تا ئاستێكی زۆر مێژووی ئەحلام مەنسوریان بە گوێری خۆیان خستە روو، بەشێك لە راستیەكانیان شێواند.

ئێمەش وێرای ئەوەی لەوێدا ناڕەزایەتیمان نیشان دا و بۆ هەندێ كەناڵی راگەیاندن ناڕەزایەتیمان خستە روو ئێستاش بە هەستكردنمان بەو بەرپرسیارێتیە لە ئاست ئەو نوسەرە رایدەگەیەنین ئێمە ئەو شێوازی بەڕێوەچوونی چلەیە رەت دەكەینەوە. 

لە مەراسیمەكەدا وتار و بۆچوو‌نی دەرەوەی لایەنی ناوبرا رێگەی پێ نەدرا و لە جێگەی قسەكردن لەسەر كەسایەتی راستی ئەحلام مەنسور جگە لە هەندێك شت كە لە بەرژەوەندی خۆیان بوو رێی پێ نەدرا باس بكرێت و ئەحلام مەنسور لە تێكۆشەرێك و ئەدیبێكی گەلی كورد یان عێراق یان باشوور كرایە یەكێك لە تێكۆشەرانی ژن یان تەنها لایەنێك، كە پێچەوانەی نوسینەكان و هەڵسوكەوتەكانی ئەحلام مەنسور كە هەمیشە رەخنەگرێكی رادیكاڵ بوو دەرخرا، مەراسیمەكە وەك بۆنەیەكی حزبی عەسكەری بەڕێوە ‌چوو.

وەك ئەوەندەی هێزی عەسكەری لێ بوو (10%)ی ئەو رێژەیە نوسەر و چالاكوان و ئەدیبی لێ نەبوو، لەو وتارانەی زۆرێكیان دور لە كەسێتی دادە كە لەسەر مافی ژن و نوسەری ئازادە و كەسێتی یاخی ئەو ژنە تێكۆشەرە نەوترا و بە ‌عەقلیەتی پیاوسالاری بەڕێوە چوو كە تەنیا ژنك لە داگیرساندنی مۆمەكان بەشدار نەبوو...

وێرای بۆچونی ئێمە لە بەرامبەر ئەو مەراسیمە ئاگادارین كە بەو هۆیەوە زۆرێك لە كەسایەتی و لایەنەكانی كە لە هەڵمەتی ئامادەكاری مەراسیمەكە بەشدار بوون بایكۆتی مەراسیمەكەیان كرد.

وەك چۆن لە دەستپێكی یادەكە لیژنەی ئاشتی و هیوا بۆ ئەنانا لیژنەی بەرگریكردن لە ‌بەرژەوەندییە گشتییەكان بایكۆتیان كرد و نەچوونە هۆڵەكەوە. ئێمە وێرای ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بە لارێدابردنی ژیان و كەسایەتی ئەحلام مەنسور، داوا دەكەین ژیان و كەسایەتی نوسەران و تەواوی تێكۆشەران چی تر تێك نەدرێن و وەك ئەوەی هەن بناسرێن. 

كۆمپانیای چەتر بۆ راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە

26 – 2 - 2013
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكار سێیەم دانیشتنی دادگای دواخست

ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكار سێیەم دانیشتنی دادگای دواخست

01:41:27/02/2013
وارڤین – سلێمانی: لە دانیشتنی سێیەمی دادگاییكردنەوەی تۆمەتباری سەرەكی تاوانی كوشتنی مامۆستا ساكاردا، كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، دایكی مامۆستا ساكار ئامادەی دانیشتنەكە نەبوو، بەو هۆیەوە دادوەر دانیشتنەكەی دواخست.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە دادگای سلێمانی بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار، كاتژمێر (11:20) خولەكی پێش نیوەڕۆ، دانیشتنی دادگا تایبەت بە كەیسی مامۆستا ساكار دەستیپێكرد.

بڕیار بوو لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، لەسەر داوای داواكاری گشتی، دایكی مامۆستا ساكار وەك گەواهیدەر ئامادە بێت، بەڵام وەك پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار رایگەیاند، دایكی ناتوانێت ئامادەبێت و بێزاری خۆی لە رێككارەكانی دادگا دەربڕیوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، گوتەبێژی گروپی ژیان، (بەهار مونزیر) رایگەیاند، بەهۆی ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكارەوە دانیشتنەكە دواخرا.

گوتیشی: "پارێزەری بەرگری لە بارەی رۆڵی گروپەكە و راگەیاندنەوە هەندێك قسەی كرد، كە بوونەتە جێی نیگەرانی ئێمە".

(بەهار مونزیر)، روونیشیكردەوە، ئەوان وەك ژنانی چالاكی داكۆكیكار لە مافەكانی ژن و ئەندامانی گروپی ژیان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونی ئەو كەیسە تاوەكو دادپەروەری راستەقینە دێتەدی.

هەر لەو بارەیەوە، پارێزەر و ئەندامی گروپەكە (میهرەبان ئەحمەد) لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ (وارڤین) رایگەیاند، لە میانەی باسكردنی كەیسەكەدا، دادوەر رایگەیاند، كە كەیسی مامۆستا ساكار هەستیارە و راگەیاندن و رێكخراوەكان لە نزیكەوە چاودێری دەكەن، لە بەرامبەریشدا، پارێزەری بەرگری،  لە دادگادا  وتوویەتی: "دوای ئەوەی بڕیاری كۆتایی لە دادگا دەردەچێت، نۆرەی ئەمانیش دێت"، بەو مانایەی ئەمانیش رووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە دەكرێنەوە. (میهرەبان) گوتیشی: "ئێمە وەكو گروپی ژیان هەڵوێستی خۆمان دەبێت".

سەبارەت بە گرتنەبەری رێككاری یاسایی لە حاڵەتی ئامادەنەبوونی دایكی مامۆستا ساكاردا، ئەو ژنە پارێزەرە گوتی: "ئەگەر دایكی مامۆستا ساكار ئامادە نەبێت، دادوەر بۆی هەیە بە بڕیار و لە رێگەی پۆلیسەوه بانگهێشتی دادگای بكات".

بە گوێرەی زانیارییەكانی (وارڤین)، گروپی ژیان تاوتوێی ئەو پرسە دەكات و ئەگەر پێویست بكات رێككاری یاسایی لە دژی ئەو پارێزەرە دەگرێتەبەر.

بە گوێرەی دوا بڕیاری ئەمڕۆی دادگا، دانیشتنی داهاتوو دواخرا بۆ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو (3 / ئازار – مارس / 2013).

جێی ئاماژەیە، لە دانیشتنی دووەمی دادگادا، كە رۆژی دوو شەممە (11 / شوبات – فێبرایەر / 2013) كە بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و داواكارێكی گشتی تایبەت بە دادگای تاوان و نزیكەی (20) چالاكی بواری مافەكانی ژن، ئەندامانی گروپی ژیان، دانیشتنەكە بەڕێوەچوو، دادوەر رۆژی چوارشەممە (27 / شوبات – فێبرایەر / 2013)ی وەك رۆژی دانیشتنی سێیەم دەستنیشانكرد.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

الثلاثاء، 26 فبراير 2013

لیژنەی مافی مرۆڤ و ژنانی كەركووك بەدواداچوون بۆ ئاماری دادگا دەكات

لیژنەی مافی مرۆڤ و ژنانی كەركووك بەدواداچوون بۆ ئاماری دادگا دەكات

لايه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه.
وارڤین – كەركووك: لیژنەی مافی مرۆڤ و ژن و منداڵ سەردانی دادگای كەركووكی كرد و لە هۆكاری دواكەتنی ئاماری توندوتیژییەكانی دژ بە ژنانی كۆڵیەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (26 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لیژنەی مافی مرۆڤ و كارووباری ژنان ومنداڵان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە مەبەستی بەدواداچوونی ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان، سەردانی دادگای كەركووكیان كرد. 

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ و كاروباری ژنان و منداڵان لەكەروكوك  (جوان حەسەن) رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەكەمان سەردانی دادگای كەركووكی كرد و لەو سەردانەدا چاومان كەوت بەسەرۆكی دادگای كەركووك.

گوتیشی: "لەو كۆبوونەوەیەدا، كۆمەڵیك بابەت تاوتوێكرا و هۆكاری رانەگەیاندنی ئاماری ساڵانەی داگا تەوەری یەكەمی باسەكانمان بوو هەروەها باس لەرێژی جیابوونەوە و هاوسەرگیری ئامارەكان و یاساكان كراو لەگەڵ چۆنیەتی رێكخستنی هاوسەرگیری لەنێوان دادگاو زانایانی ئاینی".

هەروەها روونیكردەوە لە سەردانەكەیاندا،  باسەكانی تایبەت بە‌ دانانی بەرنامەی هەماهەنگی بۆ كاركردن و بەردەوامبوونی پەیوەندییەكان لە نێوان ئەنجومەن و دادگا تاوتوێكران".

ئا: نێرگز قادر 

سلێمانی: لە هەشتی مارسدا ژنان رێپێوانێك ساز دەكەن

سلێمانی: لە هەشتی مارسدا ژنان رێپێوانێك ساز دەكەن
سلێمانی: لە هەشتی مارسدا ژنان رێپێوانێك ساز دەكەن
04:45:26/02/2013
لايه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌
وارڤین – سلێمانی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی گروپی ژیاندا بۆ دانانی بەرنامەی كاروچالاكی هەشتی مارس، بڕیاردرا، لەو رۆژەدا ژنان، رێپێوانێك بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی، ئەنجامبدەن.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، ئەندام و گوته‌بێژى گروپی ژیان (بەهار مونزیر) رایگەیاند، مەبەست لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی گروپەكە دانانی بەرنامەیەك بوو بۆ ئەنجامدانی چالاكی لە رۆژی جیهانی ژناندا (8ی مارس).

گوتیشی: "كۆی بەشداران بڕیارماندا، لەو رۆژەدا رێپێوانێك بۆ بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی ئەنجام بدەین. لەو میانەیەدا، داوا دەكەین لایەنە پەیوەندیدارەكان سازش لەسەر پرسی ژن نەكەن".

روونیشیكردەوە، ئەوان وەك گروپی ژیان رازی نین بەو هەلومەرجەی لە هەرێمی كوردستان بۆ ژنان هاتووەتە ئاراوە، هەربۆیە یەكێك لە داواكاری رێپێوانەكە، گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە دەسەڵات.

ئا: سیلڤانە بایەزیدپوور

دوو كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە بەرهەمەكانیان لە هەولێر دەخەنەڕوو

دوو كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە بەرهەمەكانیان لە هەولێر دەخەنەڕوو

پۆسته‌رى پيشانگه‌كه.
وارڤین - هەولێر: لە پێشانگایەكی هاوبەشی فۆتۆگرافیدا، دوو كچە فۆتۆگرافەری شارۆچكەی هەڵەبجە، بەرهەمە فۆتۆگرافەرییەكانیان دەخەنەڕوو، تێیدا سروشت و دیاردە كۆمەڵایەتییەكان كاریان لەسەر كراوە و بە شێوەیەكی هونەریانە خراونەتەڕوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، بەرپرسی ماڵی (وەفایی) لە هەولێر (سۆران عەزیز) رایگەیاند، پێشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ پێنج فۆتۆگرافەری شارۆچكەی هەڵەبجە لە شاری هەولێر دەكەنەوە، تێیدا چەند ئەزموونێكی تایبەت بەو فۆتۆگرافانه بۆ هەوادارانی ئەو هونەرە دەخرێنەڕوو.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەر لەگەڵ ئەم پێشانگایەدا، پێشانگای كتێبی (مەحموود زامدار) دەكەنەوە، تێیدا چەندین ناونیشانی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، گوتیشی: "ئێمە بۆ هەر پرۆژەیەك ناوی كەسایەتییەكی رۆشنبیری دەخەینە پاڵ، پێشتر بڕیاربوو ئەم پێشانگایە بەناوی هەژاری موكریانی بێت، بەڵام لەسەر دوای هەندێ لە نووسەران بە ناوی زامدار كرا".

ئەم پێشانگایە كاتژمێر (3:30) دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە (28 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، لە ناو (ماڵی وەفایی) لە هەولێر دەكرێتەوە.

لە پێشانگاكەدا هەردوو كچە فۆتۆگرافەر (میهرەبان سەلام) و (هودا جەمال) و سێ فۆتۆگرافەری كوڕد بەناوەكانی (زەردەشت عوسمان، بەروار جەمال و مەجید جەمال) بەشدران.

لەو بارەیەوە كچە فۆتۆگرافەری هەڵەبجە (میهرەبان جەمال) بە (وارڤین)ـی رایگەیاند، ئەوان وەكو گرووپێك لەم پێشانگایەدا بەشدارن، تێیدا (20) بەرهەمی فۆتۆگرافی دەخەنەڕوو، فۆتۆكانیان بابەتی سروشت و چەند دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت، جگە لە گرنگیدان بە لایەنی هونەری و رەنگ، بەشێك لە وێنەكانیش بە رەنگی رەش و سپین.

ئەوەیشی خستەڕوو، فۆتۆكانی ئەم پێشانگایە بەرهەمی وۆركشۆپێكی فۆتۆگرافییە لە ئێران، كە لە لایەن خانەی (عەكاسی دۆستانی گولستان) سازكرابوو.

هەروەها گوتی: "هەوڵماندا لە ماوەی (10) رۆژ، كە لە ئێراندا بووین، چەند وێنەیەك لە سروشتی ئەو وڵاتە ‌بگرین، جگە لە چەند بابەتێكی كۆمەڵایەتی و هونەری دیكە، كە لەو پێشانگەیەكدا دەیخەینەڕوو.

ئەم پێنج فۆتۆگرافەرە تا ئێستا لە چەندین پێشانگەی هاوبەشەدا بەیەكەوە كاریان كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەریەكەو بەشێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەن، (میهرەبان) لەم بارەیەوە گوتی: "ئێمە لە چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافیدا بەیەكەوە وەك گرووپ كارمانكردووە، بەڵام وەك گرووپ خۆمان رانەگەیاندووە و هەركەسە و بە سەربەخۆ كار دەكات".

لەبارەی بەرهەمەكانییەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، بە چوار تابلۆی فۆتۆگرافی بەشداربووە، بابەتەكانیشی زیاتر كاركردنە لەسەر رەنگ و لایەنی هونەری و ئەزموونێكی تایبەت دەخاتەڕوو.

(ماڵی وەفایی) ناوەندێكی رۆشنبیرییە لە شاری هەولێر، هەفتانە كۆڕ و سمینار بۆ ئەدیب و رۆشنبیران و هونەرمەندان ساز دەكات، بەشێك لەم چالاكییانەشی بۆ ژنان تەرخانكردووە.

الاثنين، 25 فبراير 2013

دەزگای وارڤین ئەنجامی یەكەم راپرسی لەبارەی رەوشی ژنانی عێراق بۆ رایگشتی خستەڕوو

دەزگای وارڤین ئەنجامی یەكەم راپرسی لەبارەی رەوشی ژنانی عێراق بۆ رایگشتی خستەڕوو

به‌يان عه‌زيزى، له‌نجه‌ عه‌بدوڵڵا، شكۆ
وارڤین – هەولێر: دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی راپرسییەكی بەرفراوانی بۆ رایگشی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بارەی رەوشی ژنانی 15 پارێزگای عێراق بڵاو كردەوە.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، كە ئەمڕۆ دوو شەممە (25 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە هۆڵی (گۆران)ی میوانخانەی چوارچرای شاری هەولێر بە ئامادەبوونی چالاكانی ژن و نوێنەری دەزگا و رێكخراو و دامەزراوەكانی ژنان لە هەرێمی كوردستان و كەركووك و عێراق بە گشتی سازكرا، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ  پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) پوختەیەكی لە بارەی هۆكاری ئەنجامدانی ئەو راپرسییە خستەڕوو.

لە وتەكانیدا، (لەنجە عەبدوڵڵا) گوتی: "تا ئێستا لە ناوچەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بە شێوەیەكی جدی كار لەسەر كۆكردنەوەی ئامار و داتای تایبەت بە توندوتیژی دژ بە ژنان نەكراوە و راپرسییەكەی وارڤین بۆ دەرخستنی واقیعی حاڵی ژنان لە پانزە پارێزگای عێراق یەكەم هەوڵی سەراپاگیری لەو جۆرەیە كە دەزگایەكی تایبەت بە پرسی ژن ئەنجامی بدات".

ئەو گوتیشی: "توندوتیژی دژ بە ژنان واقیعێكی تاڵە لە عێراقدا و ناكرێـت سەرزارەكی و بە بێ بوونی بەڵگە و ئامار و داتای ورد قسەی لەسەر بكرێت، چونكە تەنیا باسكردنی ئەوەی توندتیژی هەیە، ژنان ناگەیەنێتە رەوشێكی باشتر، بەڵكو پێویستە هەموو لایەك بە تەنگ پرسەكەوە بچین و هەر كەس لە راستی خۆیدا كار بكات بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە ئامار و زانیاری لە بارەی ئەو واقیعە كۆبكرێتەوە و زانیارییەكان بخرێتە بەر دەست حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و رێكخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە كار بكرێت لە پێناو بنەبڕكردنی توندوتیژی".

دواتر، ژنە چالاكی بواری مافەكانی ژن (بەیان عەزیزی)، ئەنجامی راپرسییەكەی لە رێگەی داتاشۆوە بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەو میانەیەدا شیكاری داتا و خشتەكانی تایبەت بە ئامارەكەی كرد.

وێڕای خستنەڕووی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن (لەنجە عەبدوڵڵا) وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی كەناڵە كوردی و  عێراقییەكانی دایەوە.

راپرسییەكەی دەزگای وارڤین لە كۆتایی ساڵی (2012) لە پانزە پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە و لە (52) لاپەڕە پێكهاتووە و دەزگای وارڤین بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی (USAID)ی ئەمریكایی ئەنجامیداوە.

جگە لە پێشەكی و میتۆدەكانی كۆكردنەوەی زانیاری و شرۆڤەی ئەنجامی راپرسیەكە، پێناسەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان و توندوتیژی خێزانی باسكراوون.

هەروەها لە راپرسییەكەدا، هەریەك لە توندوتیژی دەروونی، جەستەیی، كۆمەڵایەتی، ئابووری بەرامبەر بە ژنان خراونەتەڕوو.

لە كۆتایشدا، ئەنجامەكانی ئەو راپرسیە و پێشنیاز و راسپاردە بۆ بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشكەشكراوون.

ئەمەی خوارەوە دەقی راپرسیەكەیه:


ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

گەرمیان: كچێك هەوڵی خۆكوشتن دەدات

گەرمیان: كچێك هەوڵی خۆكوشتن دەدات

وارڤین – گەرمیان: كاتژمێر (10)ی ئەمشەو، بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە، كچێكی تەمەن (27 ساڵ)، گواسترایەوە نەخۆشخانە، سەرچاوەیەكی پۆلیسش رایگەیاند، ئەو كچه‌ خۆی دەرمانخوارد كردووە و ویستوویەتی لەو رێگەیەوە كۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە نەخۆشخانەی كەلار رایگەیاند، كاتژمێر (10)ی ئەمشەو یەكشەممە - دوو شەممە (24 – 25 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، كچێكی دانیشتووی شارۆچكەی كەلار، پیشە مامۆستا، تەمەن (27 ساڵ)، بەناوی (ز.س.و.) بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستییەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەو مامۆستایە، بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەری دروستكراوە، ناچار بووە، پەنا بەرێتە بەر خواردنی ژمارەیەك دنكە حەپی جۆراو جۆر و بەو هۆیەوە باری تەندروستی تێكچووە".

گوتشی: "ئەو  كچه‌ لە كاتی وەرگرتنی وتەی رایگەیاندووە، توڕە بووە لە یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەیان و بەو هۆیەوە پەنای بردووەتە بەر ئەو كارە".

سەرچاوەكە روونیشیكردەوە، لە لایەن پزیشكەكانی بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی كەلارەوە چارسەری بۆ كراوە و دەستبەجێ شووشتنەوەی گەدەی بۆ كراوە،  تا رادەیەك رەوشی تەندروستی جێگیر بووە و تا ئێستاش لە ژێر چاودێری پزیشكدایە.

الأحد، 24 فبراير 2013

ئەو ماتۆڕسوارانەی جانتای ژنانیان دەڕفاند دەستگیركران

ئەو ماتۆڕسوارانەی جانتای ژنانیان دەڕفاند دەستگیركران

وێنه‌ى دوو تۆمه‌تباره‌كه‌، فۆتۆ: راگه‌ياندنى پۆليسى هه‌ولێر.
وارڤین – هەولێر: بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرایكرد، هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لەكاتی ئەنجامدانی تاواندا، دوو ماتۆڕسواریان دەستگیركردووە، كە لە هەولێر جانتای ژنانیان رفاندووە.

لە راگەیەندراوێكی پۆلیسدا، كە وێنەیەكی بۆ (وارڤین) نێردراوە، هاتووە: بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (عەبدولخالق تەڵعەت)، رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان لە كاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیر كردووە كە لە هەولێر بە ماتۆڕسكیل جانتای ژنانیان دەڕفاند و شتومەكەكانیان دەبرد.

عەمید (عەبدولخالق) لە راگەیەندراوەكەدا، گوتویەتی: "ئەو دوو تۆمەتبارە، یەكێكیان تەمەنی (17 ساڵ) و ئەوی دیكەش (18 ساڵ)ە، خەڵكی بەعقوبە و شێخانن و لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە (15) تاوانیان ئەنجام داوە".

بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، داوای لەو هاووڵاتیانە كرد، كە لە ماوەی رابردوودا دزیی لەو چەشنەیان لێكراوە، سەردانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بكەن و لەوێ وێڕای تۆماركردنی سكاڵا، دەتوانن دوای لێكۆڵینەوەی پێویست كەلوپەل و شتومەكەكانیان وەربگرنەوە. 

(عەبدولخالق تەڵعەت) ئاماژەشیدا، لە هەولێر دیاردەی سواڵكردن یەكجار زۆر بووە، زۆربەی هەرە زۆریان كەسانی بیانین و پۆلیسیش لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ كەمكردنەوە و دواجار بنبڕكردنی ئەو دیاردە دزێوە.

لاوژە جواد: حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان

لاوژە جواد: حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان

وارڤین – هەولێر: چالاكی پرسی مافەكانی ژن، (لاوژە جواد) داوا لە ژنان و رێكخراوەكاوەكان دەكات، ئەمساڵ لە هەشتی مارسدا بە گوڕتر حكومەت رووبەڕووی فشار و رەخنە بكەنەوە و دەڵێت: "حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان ".

(لاوژە جواد) لە ژێر ناونیشانی (بەرەو 8ی مارسێكی تر) كە بۆ (وارڤین)ی ناردووە، وێڕای خستنەڕووی قۆناغەكان و مێژووی بزوتنەوەی ژنان، داوای لە ژنان و چالاكانی پرسەكانی ژن و رێكخراوەكان كردووە، ئەمساڵ بە گوڕوتینێكی زیاترەوه هەوڵەكانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی یەكبخەن و لەو بارەیەوە دەڵێت: "با تەوژمی مارشی ئەمساڵمان كۆمەڵگا بهەژێنێت و دەسەڵات بلەرزێنێت".

ئەو چالاكەی مافەكانی ژن، هێزە سیاسییەكانی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی بە "دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای كوردی" ناو دەبات و دەڵێ: "كوردستان هەر لە سەرەتای دەیەی (90)ەكانەوە پاش ئەوەی دەسەڵاتی ئەحزابی میلیشیای كوردی هاتە كایەوە یەكێك لە بەرهەمە رەسەنەكانیان دیاردەی تیرۆری ژنان و هەڵمەتی توندو تیژی دژی ژنان بوو، بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان بۆ بەربەرەكانێ  دژی ئەم دیاردەیە و پاراستن و داكۆكی كردن لە مافەكانی ژنان لەدایك بوو، ژنان خەباتیان دژی ئەم دیاریدەیە دەستپێكرد و بەرەنگاری بوونەوە چ ئەوەی كە لە دوتوێی یاسا جێماوەكانی حكومەتی بەعس پارێزراو بوون  و چ ئەوانەی، كە لە نوكی رمی دابو نەریتی كۆنە پەرەستی رۆژانە دەمەزەرد دەكران".

ئەو نووسیویەتی: "هەتا ئێستاش ژنان وەك وەرەقەی فشار لە سوڵحی عشائیری بەكاردەهێندرێن و لەبری یاسا هەوێنی چارەی كێشەن، ژنان لەبری خوێن دەدرێن و دەكرێنە قوربانی، حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان خۆیان مەكتەبی كۆمەڵایەتیان هەیە و كێشەی ژنان و قەتلی ناموسی وەك كێشەیەكی كۆمەڵایەتی سەیردەكەن و لەوێوە چارەسەری دەكەن، بەجیا لەوەی كە سەرۆكەكان نوێنەری تایبەتی خۆیان هەیە بۆ سوڵحی عشائیری. تەنانەت لە یاسای لێبوردنی گشتیش ئەوە هاتوە، كە دەكرێت كێشەی ژنان بە سوڵحی عشائیری چارەسەر بكرێت".

(لاوژە) پرسیار دەكات، بۆچی دەبێت ئەمساڵ توندتر رووبەڕووی حكومەتی هەرێم ببینەوە؟، لە وەڵامیشدا نووسیویەتی: "حكومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە بەرامبەر توندوتیژی و كوشتنی ژنان. هەر تاوانێك كە لە كۆمەڵگا روودەدات حكومەت بەرپرسە لێی و دەبێت رێگا و شوێنی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ كەمكردنەوەو بنەبڕكردنی".

ئەو بەردەوام دەبێت لە رەخنەكانی و دەنووسیێت: "دەسەڵاتی میلیشیایی لە كوردستان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی لەجیاتی ئەوەی پشت بە ئیرادەی خەڵك ببەستێت پشت بە كۆنەپەرستی و یاسای خێڵەكی و زەبری چەك  دەبەستێت، هەندێكجار دەیەوێت دین بەكاربهێنێت بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكان و سەپاندنی دەسەڵاتی و دەمكوت كردن. هەروەك ئەوەی كە لە پڕۆژە یاسای پیرۆزیە ئاینیەكان بینیمان".

السبت، 23 فبراير 2013

رەوشی ژنانی پانزە پارێزگای عێراق لە توێی راپرسییەكدا دەخرێتەڕوو

رەوشی ژنانی پانزە پارێزگای عێراق لە توێی راپرسییەكدا دەخرێتەڕوو
رەوشی ژنانی پانزە پارێزگای عێراق لە توێی راپرسییەكدا دەخرێتەڕوو
09:17:23/02/2013
لۆگۆى ده‌زگاى وارڤين بۆ پرسه‌كانى ژن.
وارڤین – هەولێر: دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی ئەو راپرسییە بڵاو دەكاتەوە كە لە پانزە پارێزگای ژێر دەسەڵاتی حكومەتی بەغدا لە بارەی رەوشی ژنەوە ئەنجامیداوە.

راپرسییەكە، لە كۆتایی ساڵی رابردوودا، لە ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان و پانزە پارێزگای عێراق لە رێگەی چاوپێكەوتنی راستەوخۆ و پڕكردنەوەی فۆڕمەوە ئەنجامدراوە و تێیدا وردەكاری رەوشی ژنانی عێراق و ئاستی توندوتیژییەكانی دژ بە ژن و جۆری توندوتیژییەكان و بژێوی و گوزەرانی ژنان روونكراونەتەوە.

دەزگاكە بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركونسوڵی وڵاتانی بیانی و دامودەزگا ناوخۆی و نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوەكانی ژنان دەكات بۆ ئامادەبوون لە كۆنگرەی راگەیاندنی ئەنجامی ئەو راپرسیەدا، كە یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا، دەزگایەكی تایبەت بە ژنان لە هەرێم، راپرسی لەو شێوەیە لەسەر پرسی ژن لە عێراق ئەنجام بدات. 

شوێنی راگەیاندنی راپرسیەكە، هەولێر: میوانخانەی چوارچرا.

كات: (10:00)ی پێش نیوەڕۆی رۆژی دوو شەممە (25 / شوبات – فێبرایەر / 2013). 

(دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن) دەزگایەكی ناحكومى قازانج نه‌ويسته، ساڵی (2009) دامەزراوە، ئامانجی خستنەڕووی واقیعی ژن و بەرگریكردنە لەماف و ئازادییەكانیەتی، ئۆفیسی سەرەكی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و بۆ رووماڵكردنی رەوشی ژنانی كورد و ژنانى عێراق خاوه‌ندارێتی لەماڵپەڕی هەواڵ و زانیاری (warvin.org)  دەكات.

ئەنانا: داوا دەكەین ژنان دژ بە سووكایەتی "مێشكی ژن بچووكە" دەنگ هەڵبڕن

ئەنانا: داوا دەكەین ژنان دژ بە سووكایەتی "مێشكی ژن بچووكە" دەنگ هەڵبڕن
ئەنانا: داوا دەكەین ژنان دژ بە سووكایەتی "مێشكی ژن بچووكە" دەنگ هەڵبڕن
08:27:23/02/2013
لايه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى - گه‌رميان.
وارڤین – گەرمیان: لە وەڵامی لێدوان و بانگەشەكانی مامۆستایەكی ئاینی شارۆچكەی كفری، كە رایگەیاندووە، "مێشكی ژن بچووكە"، گروپی ئاشتی و هیوا بۆ ئەنانا داوا دەكات چالاكان و رێكخراوەكانی ژنان دەنگهەڵبڕن و "ئەو سووكایەتیە قبوڵ نەكەن".

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، (20 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی كەلار، بە سەرپەرشتی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنانی گەرمیان موقەدەمی یاسایی (لەمیعە محەممەد)، كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ ئامادەكاری و رێكخستنی كەمپینێكی فراوانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە (8ی مارس)دا بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا، مامۆستا (بەهادین محەممەد)، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتێكی شارۆچكەی كفری گوتی: "مێشكی ژن بچووكترە لە مێشكی پیاو" و دواتریش لە گفتوگۆیەكیدا، لەگەڵ (وارڤین) ئەو مامۆستایە سووربوونی خۆی لەسەر وتەكەی دووپاتركردەوە.

لەو بارەیەوە، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، چالاكی كۆمەلی مەدەنی لە خانەقین و ئەندامی لیژنەی ئاشتی و هیوا بۆ (ئەنانا)، (سەلام عەبدوڵڵا)، رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بۆ بەدەمەوەچوونی بانگهێشتی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەشداریمان لە كۆبوونەوەیەكی فراوان كرد.

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا، ئەو مامۆستایە بە بیسمیللا دەستیپێكرد و وتی پێغەمبەر فەرموویەتی مێشكی ژن بچووكترە لە مێشكی پیاو، منیش هەڵسامەوە و وتم لێتان قبوڵ ناكەین سووكایەتی بە دایك و خوشك و هاوڕێ و هاوسەری ئێمە بكرێت و بگوترێت مێشك بچووك".

ئەو زیاتر گوتی: "شەرم ئەكەم لە گۆڕی دایكم، كە بە توندی وەڵامم نەدایەوە، ئەوەی ئەو مەلایە وتی سووكایەتیەكی روون و ئاشكرایە بە ژنانی كورد و تەواوی ئامادەبووانی ئەو كۆبوونەوەیە و هەموو رێكخراوەكانی ژنان، چونكە ئەوە خۆی لە خۆیدا توندوتیژی و سووكایەتی و ئیهانەكردنە بە ژنان".

(سەلام عەبدوڵڵا) ئاشكراشیكرد، ئەوان وەكو گروپەكەی خۆیان، (ئەنانا)، یادداشتێكی هەمەلایەن بۆ رایگشتی و بەرچاوی لایەنە پەیوەندیدارەكان بڵاودەكەنەوە و تێیدا رایدەگەینن، بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی و حكومەت یان ئەوەتا سەنگەری چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنان و رێكخراوەكان دەگرێت، هەمووان بەیەكەوە دژی ئەو سووكایەتیانە دەوەستینەوە، یان ئەوەتا با بۆخۆیان لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان دەستتێكەڵ بكەن".

ئا: ئەرسەلان رەحمان

مامۆستايه‌كى ئاينى: "مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو"

مامۆستايه‌كى ئاينى: "مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو"
مامۆستايه‌كى ئاينى: "مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو"
07:22:23/02/2013
لايه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، كه‌ ئه‌و مامۆستايه‌ تێيدا وتى: مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو.
وارڤين – گه‌رميان: له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى تايبه‌ت به‌ ئاماده‌كارى بۆ راگه‌ياندنى كه‌مپينى هه‌شتى مارس، مامۆستايه‌كى ئاينى رايده‌گه‌يه‌نێت: "مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو"، دكتۆرێك و ئه‌ندامێكى ليژنه‌ى (ئانانا)، وه‌ڵامى ده‌ده‌نه‌وه‌ و ئه‌و مامۆستا ئاينيه‌ش له‌ گفتوگۆيه‌كى تايبه‌ت بۆ (وارڤين)، سووربوونى خۆى له‌سه‌ر قسه‌كه‌ى دووپاتكرده‌وه.

رۆژى چوارشەممەى رابردوو، (20 / شوبات – فێبرایەر / 2013) لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی كەلار، به‌ سه‌رپه‌رشتى بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ژنانی گەرمیان موقەدەمی یاسایی (لەمیعە محەممەد)، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى فراوان بۆ ئاماده‌كارى و رێكخستنى كه‌مپينێكى فراوانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى له‌ (8ى مارس)دا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مامۆستا (به‌هادين محه‌ممه‌د)، پێشنوێژ و وتارخوێنى مزگه‌وتێكى شارۆچكه‌ى كفرى گوتى: "مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو" و ئه‌و قسه‌يه‌ ناڕه‌زايه‌تى دكتۆرێك و چالاكى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى (سه‌لام عه‌بدوڵڵا)ى لێكه‌وته‌وه.

له‌و باره‌يه‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (23 / شوبات – فێبرايه‌ر / 2013) له‌ رێگه‌ى مۆبايله‌وه‌، (وارڤين) په‌يوه‌نديكرد، به‌ مامۆستاى ئاينى (به‌هادين محه‌ممه‌د) و وێڕاى پشتڕاستكردنه‌وه‌ى رووداوى ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، رايگه‌ياند، به‌ڵێ مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو، به‌و مانايه‌ى ژن زياتر پێويستى به‌وه‌ هه‌يه‌ له‌ لايه‌ن باوك و برا و هاوسه‌رييه‌وه‌ ره‌چاوى سروشتى بكرێت.

ده‌قى ئه‌و گفتوگۆيه‌ى (وارڤين) له‌ رێگه‌ى مۆبايله‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستا (به‌هادين محه‌ممه‌د) ئه‌نجاميداوه: ‌ 

وارڤين: ئه‌و قسه‌يه‌تان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژى چوارشه‌ممه‌ له‌ چييه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، كه‌ ده‌ڵێن: مێشكى ژن بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو؟

مامۆستا به‌هادين: له‌ خۆمه‌وه‌ ئه‌م قسه‌م نه‌كردووه‌، له‌ قورئانى پيرۆزدا بۆ شاهێدى خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت، دوو ژن به‌رامبه‌ر پياوێكه.

وارڤين: ئايا ئه‌و ئايه‌ته‌ به‌و شێوه‌يه‌ ته‌فسير ده‌كرێـت، كه‌ مێشكى ژن قابيليه‌تى كه‌متره‌؟

مامۆستا به‌هادين: ئه‌وه‌يه‌ و شت تريش هه‌يه‌، پێغه‌مبه‌رى خوا ده‌فه‌رموێت، ژن زه‌عيفه‌، له‌ رووى جه‌سته‌ييه‌وه‌ زه‌عيفه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌ركه‌وتووه‌ مێشكى پياو گه‌وره‌تره‌ له‌ مێشكى ژن، له‌ رووى عيباده‌تيشه‌وه‌ ژن هه‌ر زه‌عيفه‌، وه‌كو پياو نيه‌، بۆ.. چونكه‌ ژن له‌ مانگێكدا حه‌فته‌يه‌ك نوێژ ناكات، ده‌كه‌وێته‌ سووڕى مانگانه‌وه‌ و كه‌ منداڵيشى ده‌بێت، نزيكه‌ى چل رۆژ نوێژ و په‌رستش ئه‌نجام نادات. خواى گه‌وره‌ عه‌فووى كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت ژن له‌ رووى په‌رستشه‌وه‌ لاوازى تێدايه‌ و وه‌كو پياو نيه.

وارڤين: ئه‌مه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى ئه‌ركه‌كانى په‌رستشه‌، ئايا بۆ مه‌سه‌له‌ى عه‌قڵى ژن و پياو وه‌كو يه‌ك نين، ته‌كوينى عه‌قڵيان جياوازه‌؟

مامۆستا به‌هادين: وه‌كو يه‌ك نين، قورئانيش ده‌فه‌رموێت (وَلَيْسَ الذَّكَرُ كَالْأُنْثَى)[آل عمران: 36]، ئه‌مه‌ ئايه‌ته‌ له‌ رووى هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ و جه‌سته‌ييه‌وه‌ ژن و پياو وه‌كو يه‌ك نين له‌ هيچ كاتێكدا، ئه‌مه‌ شك و گومانى تێدا نيه‌ و دڵنيام.

وارڤين: ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌ك دين قسه‌ بكه‌ين، زۆر جار له‌ ديندا ژن و پياو وه‌ك يه‌ك ئه‌ركيان پێ سپێردراوه‌، (المؤمنون و المؤمنات) به‌يه‌كه‌وه‌ هاتوون، ده‌رگاى په‌رستشيان لێ دانه‌خراوه.

مامۆستا به‌هادين: دانه‌خراوه‌، به‌ڵكو ئيسلام موراعاتى ژنى كردووه‌، بۆنموونه‌ جيهاد له‌سه‌ر پياو فه‌رزه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ژنان فه‌رز نيه.

وارڤين: به‌ڵام نه‌هيشى لێ نه‌كراوه‌؟

مامۆستا به‌هادين: نه‌خێر، ژنان به‌شدارييان كردووه‌ وه‌كو هاريكار و له‌ ريزى دواوه‌ بوون و له‌سه‌ريان فه‌رز نه‌بووه‌، چونكه‌ موراعاتيان كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى جه‌سته‌ى و عه‌قڵى و هه‌موو شتێكى جياوازه‌ له‌ پياو.

وارڤين: ئايا له‌سه‌ر نه‌قصى عه‌قڵى، ده‌قى روون و صريح هه‌يه‌ له‌سه‌رى؟

مامۆستا به‌هادين: من به‌س ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زانم، له‌ قورئاندا، له‌ باره‌ى شاهێديدانه‌وه‌، دوو ژن به‌رامبه‌ر به‌ پياوێكه.

وارڤين: تۆ پشتت به‌و مه‌سه‌له‌ فيقهيه‌ به‌ستووه‌ و ئه‌و بۆچوونه‌ت له‌وه‌ هه‌ڵهێنجاندووه‌، كه‌ ده‌ڵێى مێشكى ژن بچووكتره، يان ده‌قى ديكه‌ى صريح هه‌يه‌‌؟

مامۆستا به‌هادين: نا ته‌نيا پشتم به‌وه‌ نه‌به‌ستووه‌، به‌ڵكو فه‌رمووده‌ى پێغه‌مبه‌ر هه‌يه‌، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ژن زه‌عيفه‌، له‌ رووى جه‌سته‌ييه‌وه‌ مێشكى پياو گه‌وره‌تره‌ له‌ مێشكى ژن، له‌ رووى عيباده‌تيشه‌وه‌ ژن زه‌عيفتره‌ له‌ پياو.

وارڤين: خۆتان ئه‌زانن، جۆره‌ها حه‌ديس هه‌يه‌، صه‌حيح، موضوع، ضعيف، ئايا ئه‌و حه‌ديسه‌ى باسى ده‌كه‌يت صه‌حيحه‌، سه‌رچاوه‌ى حه‌ديسه‌كه‌ چيه‌، له‌كوێدا ئه‌و حه‌ديسه‌ هاتووه‌؟

مامۆستا به‌هادين: ئه‌بێ دوايى بگه‌ڕێين بۆى، ئه‌كرێ دواى قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ين، له‌م كاته‌دا له‌به‌رده‌ستم نيه.

وارڤين: ته‌ئكيد، به‌و نه‌صه‌ هاتووه‌، كه‌ ژن زه‌عيفه‌ و مێشكى بچووكتره‌ له‌ مێشكى پياو؟

مامۆستا به‌هادين: به‌ڵێ به‌و نه‌صه‌ هاتووه‌ و مه‌به‌ست لێى ئه‌وه‌يه‌ پياو له‌ مامه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ ژندا نه‌رمونيان بێت، چونكه‌ مێشكى پياو گه‌وره‌تره‌. ئه‌مه‌ش چه‌نده‌ها به‌ڵگه‌ هه‌يه‌ ده‌يسه‌لمێنێت و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ژن وه‌كو پياو نيه.

وارڤين: ئێمه‌ زياتر مه‌به‌ستمان له‌ لايه‌نه‌ عه‌قڵيه‌كه‌يه‌.. هيچ توێژينه‌وه‌يه‌ك، به‌ڵگه‌يه‌كى زانستى، له‌به‌رده‌ستته‌  پاڵپشتى ئه‌و بۆچوونه‌ بكات؟ پێش تۆ كه‌س هه‌يه‌ ئه‌مه‌ى وتبێـت.. كه‌ ژن عه‌قڵى بچووكتره‌ له‌ عه‌قڵى پياو؟ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌ يه‌كێى له‌وانه‌ى زۆرترين حه‌ديسيان گێڕاوه‌ته‌وه‌، هاوسه‌رى پێغه‌مبه‌ر (عائيشه‌ى كچى ئه‌بوبه‌كر)ه‌، ئه‌گه‌ر مێشكى بچووك بووه‌ چۆن ئه‌و هه‌موو حه‌ديسه‌ى گێڕاوه‌ته‌وه؟

مامۆستا به‌هادين: ئێمه‌ مه‌به‌ستمان كێشه‌كه‌يه‌تى، كێشى مێشكى پياو زياتره‌ له‌ كێشى مێشكى ژن. مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نيه‌ بڵێين، ژن نوقصانه‌ له‌ رووى عه‌قڵه‌وه‌. دايكى ئيمانداران به‌هه‌زاران حه‌ديسى گێڕاوه‌ته‌وه‌ و جێى ده‌ستخۆشييه‌.  ئێمه‌ وتوومانه‌ مێشكى پياو له‌ رووى كێش و قه‌باره‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ مێشكى ژن. به‌و مانايه‌ وتوومانه‌، نه‌ك به‌ ماناى ئه‌وه‌ى پياو زۆر عاقڵه‌ و ژن ناقص عه‌قڵه.

وارڤين: ئايا ئه‌م بۆچوونه‌ جۆرێك سووكايه‌تى و كه‌م سه‌يركردنى ژنى تێدا نيه‌؟

مامۆستا به‌هادين: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌يه‌نێت، ده‌بێ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى پياو مێشكى گه‌وره‌تره‌، باشتر و جوانتر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژندا بكات. مه‌به‌ستم له‌وه‌ نيه‌ بڵێم ژن شێته‌ و پياو عاقڵه‌ و ئه‌مه‌ش چه‌ند باره‌ و ده‌ باره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌.
لێدوانى ئه‌و مامۆستا ئاينيه‌، له‌ ميانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رايه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى گه‌رمياندا، ناڕه‌زايه‌تى چالاكانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانده‌كرێت، گروپى ئاشتى و هيوا بۆ (ئه‌نانا) له‌ وه‌ڵامى لێدوانى ئه‌و مامۆستايه‌دا يادداشتى ناڕه‌زايه‌تى بڵاو بكه‌نه‌وه.

مامۆستا مه‌لا به‌هادين محه‌ممه‌د، له‌دايكبووى (1968)ه‌ و له‌ ساڵى (1985) ئاماده‌ى پيشه‌سازى خالصى ته‌واو كردووه‌، به‌ پله‌ى وه‌زيفى (قورئانخوێن و بانگده‌ر) له‌ لايه‌ن وه‌زاره‌تى ئه‌وقافه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و وه‌ك خۆى باسيكرد، ئه‌و فه‌قێتى و حوجره‌ و په‌يمانگه‌ى ئاينى نه‌خوێندووه‌، به‌ڵكو لاى مامۆستايانى ئاينى وانه‌ى خوێندووه‌ و مۆڵه‌تى مه‌لايه‌تيشى وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام به‌ مۆڵه‌تى ئه‌وقاف ماوه‌ى (11) ساڵه‌ له‌ مزگه‌وتى مامۆستا عه‌بدولكه‌ريمى موده‌ڕيس له‌ شارۆچكه‌ى كفرى وتارى هه‌ينى بۆ خه‌ڵك ده‌خوێنێـته‌وه.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە

ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە
ژنێك پێش ئەوەی لە هاوسەرەكەی جیابێتەوە تەرمەكەی دۆزرایەوە
11:44:23/02/2013
وارڤین – دهۆك: لە چەند رۆژی رابردوودا، تەرمی ژنێك لە نزیك مزگەوتی قازی محەممەد لە شاری دهۆك دۆزرایەوە، بانگەشەی ئەوە كرا، خۆی كوشتووە، ئەمە لە كاتێكدایە، ئەو ژنە كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە و بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دهۆكیش ئاگاداری رووداوەكە نین.


رۆژی یەكشەممەی رابردوو (17 / شوبات – فێبرایەر / 2013)، پۆلیس، تەرمی ژنێكی لە نزیك مزگەوتی قازی محەممەد لە ناو شاری دهۆك دۆزییەوە.

لە لێدوانێ تایبەت بۆ (وارڤین)، بەڕێوبەری  راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆك ملازم (بریندار حەمید شەرف) رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی كەس سكاڵای نەبووە لەسەر كوژرانی ئەو ژنە و رووداوەكە بە خۆكوژی دراوەتە قەڵەم كەس دەستگیر نەكراوە.

ئەو گوتیشی: "ئەگەر بەڵگە نەبێت و كەس سكاڵای نەبێت، دادوەر بڕیاری بۆ دەرنەكات، پۆلیس ناتوانێت كەس دەستگیر بكات".

سەبارەت بە كێشەی ئەو ژنە تەمەن (40 ساڵ)یەی بانگەشەكرا، كە گوایە بە (4) فیشەك خۆی كوشتووە، ملازم (بریندار) گوتی: "لە نێوان ژنەكە و هاوسەرەكەیدا، كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە و كێشەكەیان لە دادگا بووە و دوو دانیشتنی دادگاش سەبارەت بە بڕیاری جیابوونەوەیان لە یەكدی بەڕێوەچوو بوو، بەڵام دانیشتنی دادگا دواخرابوو، هێشتا بڕیاری كۆتایی دەرنەچوو بوو، تەرمەكەی دۆزرایەوە".

بۆ وەرگرتنی زانیاری لە چەند كاتی جیاواز، (وارڤین) پەیوەندیكرد، بە ژمارەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە دهۆك، بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە هیچ زانیارییەكیان لەو بارەیەوە هەبێت و رایانگەیاند، كوشتنی ژن یان خۆ كوشتن "عائیدی ئێمە نیە، ئەوە ئیشی مەكتەب قتوولە". ئەمە لە كاتێكدایە پێویست بوو ئەو بەڕێوبەرایەتییە بە گوێرەی یاسا ئەركی خۆی راپەڕێنێت و سەرەڕای چاودێریكردنی كەیسەكانی توندوتیژی، لێكۆڵینەوەشی ئەنجام بدابایە.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەك لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، بۆ(وارڤین) ئاشكرایكرد، بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە دهۆك، تەنیا لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە زانیارییەكان لە (مەكتەب قتوول) وەردەگرن و ئامار كۆدەكەنەوە، بە شێوەی راستەوخۆ هیچ زانیارییەكیان لە بارەی كەیسەكانەوە نیە.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ئامەد: ژنێك بە چەقۆ كوژرا

ئامەد: ژنێك بە چەقۆ كوژرا
03:53:23/02/2013
وارڤین – ئامەد: له ‌ناوچەی چناری سەربە شاری ئامەد، ژنێكی تەمەن (31 ساڵ)، بەناوی (س.س) لەلایەن براكەیەوە بەچەقۆ كوژرا.

ژنێك بەناوی (س.س) تەمەنی (31) ساڵ و دایكی دوو منداڵ، لەگوندی سەرگەڵای سەربە ناوچەی چناری ئامەد، لەلایەن براكەیەوە بەچەقۆ كوژرا.

دوای ئەو رووداوە خەڵكی گوندەكە هاوكاری تیمەكانی فریاكەوتنیان كردووە و تەرمەكەیان برد بۆ فەرمانگەی پزیشكی دادوەری ئامەد .

بانگەشە كرا، كە دوای ئەوەی (س.س) لەبەرامبەر بە شیربایی هاوسەرگیری پێكرابوو، ماوەی دووساڵ بوو لەلای كەسوكارەكەی خۆی دەژیا، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك لەسەر هۆكارەكەی رانەگەیەندراوە.

ئامەد: ژنێك بە چەقۆ كوژرا

ئامەد: ژنێك بە چەقۆ كوژرا

وارڤین – ئامەد: له ‌ناوچەی چناری سەربە شاری ئامەد، ژنێكی تەمەن (31 ساڵ)، بەناوی (س.س) لەلایەن براكەیەوە بەچەقۆ كوژرا.

ژنێك بەناوی (س.س) تەمەنی (31) ساڵ و دایكی دوو منداڵ، لەگوندی سەرگەڵای سەربە ناوچەی چناری ئامەد، لەلایەن براكەیەوە بەچەقۆ كوژرا.

دوای ئەو رووداوە خەڵكی گوندەكە هاوكاری تیمەكانی فریاكەوتنیان كردووە و تەرمەكەیان برد بۆ فەرمانگەی پزیشكی دادوەری ئامەد .

بانگەشە كرا، كە دوای ئەوەی (س.س) لەبەرامبەر بە شیربایی هاوسەرگیری پێكرابوو، ماوەی دووساڵ بوو لەلای كەسوكارەكەی خۆی دەژیا، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك لەسەر هۆكارەكەی رانەگەیەندراوە.

سلێمانی: رفاندنی ژنێكی چینی پێنج سەعات شەڕە تەقەی لێكەوتەوە

سلێمانی: رفاندنی ژنێكی چینی پێنج سەعات شەڕە تەقەی لێكەوتەوە
سلێمانی: رفاندنی ژنێكی چینی پێنج سەعات شەڕە تەقەی لێكەوتەوە
07:31:20/02/2013
وارڤین – سلێمانی: ئەو گەنجە تەمەن بیست ساڵەی شەوی رابردوو، ژنێكی چینی رفاندبوو، ئامادەنەبوو، خۆی رادەستی ئاسایش بكات و دوای پێنج سەعات شەڕە تەقە لەگەڵ ئاسایشدا، توانرا دەستگیر بكرێت و ژنەكەش لە چنگی رزگار بكرێت.

لە روونكردنەوەیەكدا، كە وێنەیەكی دەست (وارڤین) كەوتووە، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە (20 / شوبات – فێبرایەر / 2013) دوای پێنج كاتژمێر لە بەرەنگاربوونەوە و شەڕە تەقە لەگەڵ ئاسایشدا، توانرا ئەو گەنجە دەستگیربكرێت كە شەوی رابردوو ژنێكی بیانی رفاندبوو.

ئاسایش ئەوەشی خستووەتەڕوو، رووداوی شەڕە تەقە لەگەڵ گەنجەكەدا، لە دەوروبەری ماڵێكی گەڕەكی (شێخ محیەدین)ی ناو شاری سلێمانی روویداوە و وێڕای ئاگركەوتنەوە لە ماڵەكەشدا، توانراوە ژنەكە رزگار بكرێت و گەنجەكەش دەستگیر كراوە.

دەقی روونكردنەوەكە:
دوای ئەوەی لە شەوی (19 – 20 / 2 / 2013) لەلایەن تۆمەتبارێكەوه،‌ كچێكی "بەڕەگەز" بیانی لە یەكێك لە ئۆتێلەكانی شاری سلێمانیدا بە زۆری چەك دەڕفێنرێت، لە یەكێك لە ماڵەكانی گەڕەكی شێخ محێدینی شاری سلێمانی دەست بەسەری دەكات و هەڕەشەی‌ كوشتنی لێدەكات.

دواتر هەواڵەكە دەگاتە دەست هێزەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی‌ سلێمانی و پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە، تەوقێكی ئەمنی تۆكمە بە بەچوار دەوەری شوێنی رووداوەكەدا دروست دەكەن، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە داوادەكرێـت لەتۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی بكات، بەڵام تۆمەتبارەكە روو بەڕووی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دەبێتەوه ‌و تەقە لەهێزەكان دەكات و خۆی نادات بەدەستەوە.

پاش بەرەنگاربونەوە بۆ پێنج كاتژمێر له ‌كۆتاییدا هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لە كاتژمێر پێنجی سەرلەئێوا‌رە تۆمەتبارەكە دەستگیربكەن و كچە دەست بەسەرەكە رزگار بكەن و تۆمەتبارەكە رادەستی یاسا بكەن.

له ‌ئەنجامی ئەم رووبەڕووبوونەوەیه،‌ ئاگر لەماڵەكە دەكەوێتەوە  و دوای كۆتایی هاتنی رووداوەكە لەلایەن، هێزەكانی بەرگری شارستانی سلێمانیەوە ئاگرەكە كۆنترۆڵ‌ دەكرێـت و  لەم روو داوەدا جگە لە زیانی ماددیی هیچ زیانێكی گیانی بەدواوەنەبووە.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان