الأحد، 29 سبتمبر 2013

"دوای بەردانی سزادراوی سەرەكی تاوانەكە دۆسیەی شادی و شۆخان وندەكرێت"

"دوای بەردانی سزادراوی سەرەكی تاوانەكە دۆسیەی شادی و شۆخان وندەكرێت"

05:37:29/09/2013
شادى و شۆخان
وارڤین – سلێمانی: لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپیەكی بۆ "وارڤین" نێردراوە، گروپی ژیان داوای بەدیهێنان دادپەروەری و دۆزینەوەی دۆسیەكانی "شادی و شۆخان" دەكات و رایدەگەیەنێت دۆسیەی ئەو دو خوشكە لە نێوان هەولێر و كەلاردا ونكراوە و دیار نیە و حكومەت بێ دەربەستە لە ئاست ئەو دۆسیەیە.

"شۆخان و شادی" ئەو دوو خوشكە بوون، كە رۆژی 2ی كانوونی دووەم – یەنایری 2011 لە قەزای چەمچەمال كوژران و دواتر كەسیكی سەر بە ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە تۆمەتی تاوانەكە دەستگیركرا، لە لایەن دادگای تاوانەكانی كەركووك – گەرمیان تاوانەكەی بەسەردا ساغكرایەوە و سزا درا، بەڵام دوای ماوەیەك ئەو سزادراوە لە لایەن داگای هەولێرەوە‌ ئازاد كرا و تا ئێستا تاوانباران نەدۆزراونەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا گروپی ژیان رایگەیاند، حكومەت بێ دەربەستە لە ئاست ئەو تاوانەدا و دۆسیەی ئەو دوو خوشكەش ونكراوە.

دەقی بەیاننامەكە

تاوانی كوشتنی شادی ‌و شۆخان  ونبونی دۆسیەكانیان لە نێوان هەولێر‌و كەلار

گروپی ژیان داوای بەدیهێنانی دادپەروەری و دۆزینەوەی دۆسییەكانی
 شادی ‌و شۆخان دەكات

بۆ: سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و رایگشتی و راگەیاندنەكان 

تاوانی كوشتنی دوو خوشك پێكەوە بەناوەكانی "شادی و شۆخان" لە بەرواری 2 \ 1 \ 2011 لە قەزای چەمچەماڵ هەموو ویژدانێكی زیندوی ئازاردا، دواتر بە پێی چەند بەڵگەیەك كەسێك دەستگیر كرا بە تۆمەتی كوشتنی هەردوو خوشكەكەو دوای دەستگیركردن و لێپێچینەوە لەگەڵیدا و بوونی بەڵگەی پێویست وەك (بەكارهێنانی هەمان چەكی تۆمەتبار لە كوشتنی ئەم دوو كچەدا)، لەدادگای كەلار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی پەیوەندی ئەم تۆمەتبارە بە لایەنێكی سیاسیەوە بە بێ رەچاوكردنی هیچ مافێكی مرۆیی و یاسایی دوای ماوەی ساڵێك زیندانی ئەوتۆمەتبارە ئازاد كرا بە بیانووی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانەكە.

وەك گروپی ژیان لە دوای ئازادكردنی ئەو تۆمەتبارەوە سەردانی چەندین لایەنی بەرپرسی تایبەت بە دۆسیەكەمان كردووە، هەروەها سەردانی سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەولێرو وەزیری ناوخۆو نوسینگەی پەرلەمانی عێراق و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤمان كردوەو ئاگادارمان كردوون لە هەموو كەموكوڕییەكان، تەنها ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، هاوكار بووە لە دابینكردنی پارێزەری تایبەت لە رێی گروپی ژیانەوە بۆ كەیسەكە و پارێزگاری لە مافی بنەماڵەكەیان، هیچ لایەنیكی تر هاوكار نەبووە لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆری پارێزەرەكانمان نەتوانراوە پەڕاوەكانی ئەو كەیسە لە دادگای كەلار وەربگرین و بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە بكەین تا لەسەربنەمای ئەو بەڵگانەی هەیە بتوانین بەڵگەی نوێمان دەست بكەوێت بۆئەوەی جارێكی تر تۆمەتبار بخەینەوە بەردەم دادگا لەڕێگای تەمیزكردنەوەی دۆسیەكەوە.

بەهۆی ئەوەی لەسەر داوای داواكاری گشتی دۆسیەكە نێردراوە بۆ هەولێر لەماوەی تەنها یەك رۆژدا، بەڵام تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ دادگای كەلار سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ !

هەر بۆیە داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و داواكاری گشتی و دادگای تەمیز لە هەولێر دەكەین بەزوترین كات هەوڵی دۆزینەوەی دۆسیە وونبوەكانی كەیسی "شادی و شۆخان" بدرێت و بە ئەركی راستەقینەی خۆیان هەستن تا بكوژی ئەم دوو كچە بدۆزرێتەوە، كە ئەمە لانی كەمی مافی مرۆڤە لە تاوانێكی وا گەورەدا ئەگەر نا هیچ بەهایەك بۆ سەروەری یاسا نامێنێتەوە.

گروپی ژیان
29\09\2013
ژت: 07718838508

الجمعة، 27 سبتمبر 2013

سەید سادق: دوو ژن گیانیان لەدەست دا و ژنێكی دیكە خۆی سووتاند

سەید سادق: دوو ژن گیانیان لەدەست دا و ژنێكی دیكە خۆی سووتاند

01:34:27/09/2013
وارڤین – سەیدسادق: ژنێك بە لایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەقۆ كوژرا و ژنێكیش بەهۆی كارەباگرتنەوە‌ ژیانی لەدەستدا و ژیانی ژنێكیش بەهۆی سووتانەوە لە مەترسیدایە، ئەم سێ حاڵەتە دوێنێ لە سنووری قەزای سەیدسادق تۆمار كراوون.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری پۆلیسی سەیدسادق موقەدەم "حەكیم عەزیز" رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 26ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013، لە گوندی "بەردەڕەش"ی سەربەناحیەی "بەرزنجە"ی قەزای سەیدسادق، ژنێكی لەدایكبووی 1992 بەهۆی بەركەوتنی تەزووی كارەباوە ژیانی لەدەستداوە.

گوتیشی: "لە رووداوێكی دیكەدا كچێكی لەدایكبووی 1995 ی دانیشتووی سەیدسادق كە پیشەی خوێندكارە، بەهۆی بەربوونی غاز و ئاگر گرتنییەوە جەستەی سووتاوە".

روونیشیكردەوە، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی جەستەی ئەو كچە فێرخوازە، بەڕێژەی 61% سووتاوە و دوای چارەسەری سەرەتایی لە سەیدسادق رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە سلێمانی كراوە لێكۆڵینەوەلەو رووداوە دەستیپێكردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوبەری پۆلیسی سەیدسادق باسی لەوەشكرد، ئێوارەی دوێنێ هێزەكانی پۆلیس لە گەڕەكی "حەسار"ی قەزای سەیدسادق تەرمی ژنێكیان دۆزیوەتەوە، كە لە ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەقۆ كوژراوە.

گوتیشی: "ئەو ژنەی بە چەقۆ كوژراوە، لەدایكبووی 1977ە و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە".

روونیشیكردەوە، دەستبەجێ تەرمی كوژراوەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە لە سلێمانی و تۆمەتبارەكەش كە هاوسەری ژنەكەیە، دەستگیركراوە و لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانیناوە بەتاوانەكەیدا و بە گوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندكراوە.

کێن ئه‌وانه‌ی ژن ده‌کوژن؟

http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=13451&LinkID=9
کێن ئه‌وانه‌ی ژن ده‌کوژن؟ 



چه‌ترپرێس ـ دانێر قه‌ره‌داغی

له‌ وتارێکیدا له‌ ماڵپه‌ڕی پێنوسه‌کان بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، ئه‌رسه‌لان ره‌حمان بۆ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ی "کێن ئه‌وانه‌ی ژن ده‌کوژن؟" ده‌نوسێت ئه‌و ناونیشانانه‌ به‌شێکى که‌ من له‌ کۆى ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ى رۆژانه‌ ده‌رحه‌ق به‌ ژنانى کورد ئه‌نجام ده‌درێن و ده‌کرێ له‌و ناونیشانانه‌وه‌ ناسنامه‌ى ژنکوژه‌کانمان بۆ ئاشکرا ده‌بێت. ئه‌م ناونیشانانه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى نیسانى رابردووه‌وه‌ تا ئێستا له‌ ماڵپه‌ڕى (وارڤین) که‌ ماڵپه‌ڕێکى تایبه‌ت به‌ رووماڵکردنى ره‌وشى ژنانه‌ بڵاو کراونه‌ته‌وه‌؛

دێگه‌ڵه‌؛ ته‌رمى ژنێک دۆزرایه‌وه‌ و گوله‌ نراوه‌ به‌ سه‌رییه‌وه‌ (2013/4/4/)
زاخۆ؛ کارمه‌ندێکى ئه‌منى دایکى خۆى کوشت (2013/4/4)
ئه‌و ژنه‌ى چوار فیشه‌کى به‌رکه‌وتبوو ژیانى له‌ ده‌ست دا (2013/4/5)
که‌لار؛ کچێک به‌ فیشه‌کى کڵاشینکۆف بریندار بوو (2013/4/7)
ژنێک چوار فیشه‌کى به‌رده‌که‌وێت و ژیانى له‌ مه‌ترسیدایه‌ (2013/4/11)
دوانزه‌ رۆژه‌ تۆمه‌تبارى کوشتنى که‌وسه‌ر مه‌هدى ده‌ستگیر نه‌کراوه‌ (2013/4/11)
پیاوێک به‌ ده‌مانچه‌ ته‌قه‌ له‌ هاوسه‌ره‌که‌ى ده‌کات (2013/4/12)
له‌ نێو باره‌گاى لقى (15)ى پارتى کوڕى به‌رپرسێک ده‌ستدرێژى ده‌کاته‌ سه‌ر ژنه‌ ئه‌کته‌رێک (2013/5/12)
سۆران؛ پێشمه‌رگه‌یه‌ک هاوسه‌ره‌که‌ى گوله‌باران کرد (2013/5/1)
به‌ بڕیارى لێبوردنى گشتى ئازاد کرا و ده‌ستدرێژى سێکسى کرده‌ سه‌ر کچێک (2013/5/2)
کوڕێک، کچێکى (22) ساڵى به‌ ده‌مانچه‌ کوشت (2013/6/3)
پێشمه‌رگه‌یه‌ک هاوسه‌ره‌که‌ى کوشت و ده‌ڵێت "وامزانیوه‌ دزه‌" (2013/6/4)
کچێک به‌ ده‌مانچه‌ کوژرا و دوو ژنیش له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا گیانیان له‌ ده‌ست دا (2013/6/6)
به‌ رێکه‌وتنى نێوان بنه‌ماڵه‌کانیان کچ و کوڕێکى خۆشه‌ویستى یه‌کدى کوژران (2013/6/6)
به‌ چه‌کى کڵاشینکۆف ژنێک کۆتایى به‌ ژیانى خۆى هێنا (2013/6/10)
بکوژه‌که‌ى دهۆک پله‌ى عه‌مید بووه‌ و به‌ خۆیه‌وه‌ چوار که‌س کوژراون (2013/6/11)
ده‌ربه‌ندیخان؛ رووداوێکى کۆمه‌ڵایه‌تى کوژرانى دوو که‌س و برینداربوونى دوو ژنى لێکه‌وته‌وه‌ (2013/6/11)
کچێکى چوارده‌ ساڵ به‌ ده‌مانچه‌ى باوکى ژیانى له‌ده‌ست دا (2013/7/1)
ژنێک له‌ داخى مێرده‌ پێشمه‌رگه‌که‌ى خۆى سووتاند و ژیانى له‌ده‌ست دا (2013/7/1)
کچێک به‌ ده‌مانچه‌ى باوکى خۆى کوشت (2013/7/9)
پیاوێک هاوسه‌ره‌که‌ى خۆى کوشت (2013/7/12)
کچێک له‌ لایه‌ن برایه‌کییه‌وه‌ کوژرا (2013/8/11)
پیاوێک هاوسه‌ره‌که‌ى و کوڕه‌ پێنج ساڵه‌که‌ى خۆى کوشت (2013/8/11)
هه‌ولێر؛ چوارده‌ رۆژه‌ بکوژى مهاباد ده‌ستگیر نه‌کراوه‌ (2013/3/12)
که‌رکوک؛ له‌ هه‌شتى مارسدا، ژنێک به‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌یه‌ک کوژرا (2013/3/1)
هه‌ولێر؛کچێک به‌ ده‌مانچه‌ى باوکى ژیانى له‌ده‌ست دا (2013/3/11)

ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌شڵێت حه‌ق وایه‌ ژنانى کورد، به‌ تایبه‌تى چالاکانى ژنى کورد، به‌ روونى و راشکاوى ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر کێشه‌ جه‌وهه‌رییه‌کانى پرسى ژن و ئه‌وه‌نده‌ى ده‌یانه‌وێت پاساو بۆ توندوتیژییه‌کانى دژى ژن بهێننه‌وه‌ و به‌ئه‌ستۆ خستنى ئه‌و تاوانانه‌ بۆ سه‌ر ملى کلتوور و باوه‌ڕى ئایینى ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى پارتى و یه‌کێـتى له‌ به‌رپرسیارێتى رزگار ده‌که‌ن و تاوانباره‌ راسته‌قینه‌کانى ژنکوشتن ده‌شارنه‌وه‌، با نیو هێنده‌ رووى راستى سیاسه‌تى هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ى پارتى و یه‌کێتى له‌ به‌رامبه‌ر پرسى ژن له‌ قاو بده‌ن، ره‌نگه‌ ئه‌نجامى باشتر بچننه‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی نوسینه‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌ ئه‌مه‌ چوار ساڵى ده‌سه‌ڵاتى نیوه‌ کابینه‌یى پارتى و یه‌کێتى به‌ کۆتا گه‌یشت، با چاوێک به‌ کارکردنى چوار ساڵى ئه‌و دوو له‌ته‌ کابینه‌یه‌دا بخشێنینه‌وه‌، بزانین کامه‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن و کامه‌ یاسا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ژن ده‌رکراوه‌ و چه‌ند و چۆنى لێ جێبه‌جێ کراوه‌ و ژن له‌ خه‌یاڵدانى سیاسى به‌رپرسانى حزب ـ حکومه‌تى پارتى و یه‌کێتیدا چ مه‌وقعیه‌تێکى ئه‌رێنى و باڵاى هه‌یه‌ تا بیانه‌وێ له‌سه‌ر بنه‌ماى له‌به‌رچاوگرتنى مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى کارى بۆ بکه‌ن.

بەهۆی سووتانەوە ژیانی كچێكی 25 ساڵ لە مەترسیدایە

بەهۆی سووتانەوە ژیانی كچێكی 25 ساڵ لە مەترسیدایە
01:10:27/09/2013
وارڤین – چوارقوڕنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە هۆی سووتانی جەستەیەوە كچێكی تەمەن 25 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە و تا ئێستا نەزانراوە هۆكاری سووتانی ئەو كچە چی بووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی گشتی رانیە، رایگەیاند، كاتژمێر 04:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 27ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013، بەهۆی سووتانی جەستەیەوە كژێكی تەمەن 25 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی رانیە.

گوتیشی: "لەبەر ئەوەی رێژەی سووتانی جەستەی ئەو كچە مەترسیدار بووە، بە پەلە رەوانەی سلێمانی كراوە و پۆلیس نەیتوانیوە ئیفادەی كچەكە وەربگرێت".

سەرچاوەكە روونیشیكردەوە، نەزانراوە ئەو كچە خۆی سوووتاندووە یان سووتێندراوە و بە بڕیاری دادوەر لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی دەستیی پێكردووە.

كچەكە دانیشتووی گەڕەكی "كوردستان"ە لە شارۆچكەی چوارقوڕنە و لە لایەن پۆلیسەوە گوتەی دایك و باوكی كچەكە وەرگیراوە.

بە گوێرەی راپۆرتی پزیشكی ژیانی ئەو كچە لە مەترسیدایە و رێژەی سووتانەكەی زیاتر لە حەفتا لە سەد بووە.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

داهاتووی هه‌رێم بۆ منداڵی به‌رپرس و نه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ بازرگانه‌كانه‌

Zankokurd.org ||
داهاتووی هه‌رێم بۆ منداڵی به‌رپرس و نه‌وه‌ی به‌رپرسه‌ بازرگانه‌كانه‌
ئه‌رسه‌لان ره‌حمان 

منداڵی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌تی هه‌رێم له‌ خانوه‌ قوڕه‌كاندا و منداڵی به‌رپرسانی سه‌رمایه‌دار...یش له‌ قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كان و شوه‌یفاتی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بودجه‌ی خه‌ڵكی ره‌شوڕووتی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌خوێنن. منداڵی كه‌مده‌رامه‌تانی هه‌رێم له‌ پۆلێكدان كه‌ هه‌رچی پێی بڵێی مه‌رجی ته‌ندروستی و زانستی تێیدا نییه‌. گرفتی بوونی مامۆستای پسپۆڕ كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و خوێندنگایانه‌یه‌ كه‌ منداڵی خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌ت تێیدا ده‌خوێنن و ئه‌وه‌ی بایه‌خی پێ نادرێت پسپۆڕێتی مامۆستایه‌.. له‌ لادێكان منداڵی خه‌ڵكی ره‌شورووت وه‌ك مشكی تاقیگه‌ به‌كار ده‌هێندرێن و تازه‌ به‌ مامۆستا بووه‌كان وانه‌یان پێ ده‌ڵێنه‌وه‌ و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی نه‌بوونی مامۆستای پسپۆڕ مامۆستای جۆكه‌ر په‌یدا بووه‌ كه‌ هه‌موو وانه‌یه‌ك ده‌ڵێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ رێزم بۆ مامۆستا و پیشه‌كه‌ی. منداڵی هه‌ژاران ده‌گاته‌ پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی هێشتا به‌ باشی فرچكی به‌ زمانی دایكییه‌وه‌ نه‌گرتووه‌،

چ جای ئه‌وه‌ی فێری زمانی دووه‌م بێت. كاتێك دێته‌ سه‌ قۆناغی زانكۆ ئه‌و به‌ش مه‌ینه‌تانه‌ هێنده‌ پڕچه‌كنه‌كراون ب زانست بتوانن كێبركێی هاوشانه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلی و تایبه‌تییه‌كان بكه‌ن و چانسی چوونه‌ زانكۆیان كه‌متره‌. له‌ به‌رامبه‌ردا قوتابخانه‌ تایبه‌تییه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ر به‌ رووگه‌ و روانگه‌یه‌كه‌ و یه‌كیان ئه‌مه‌ریكی و ئه‌وی تر تۆرانچی و ئه‌وی دیكه‌یان ئینگلیزییه‌ و یه‌كێكیشیان فه‌ره‌نسی و هه‌شیانه‌ شوه‌یفاتی نێوده‌وڵه‌تی ناوه‌. ئه‌م قوتابخانه‌ تایبه‌تییانه‌ ته‌نیا بۆ كوڕی ئه‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌ باوكیان وه‌ك گرنه‌ نیشتووه‌ته‌ جه‌سته‌ی خه‌ڵكی ره‌شوڕووته‌وه‌ و خوێنی خه‌ڵك ده‌مژێت و هه‌تا جارێك به‌رپرسه‌ هه‌زار جار بازرگانی ژیان و كه‌رامه‌تی خه‌ڵكه‌. ئه‌و به‌چكه‌ سه‌رمایه‌دار و به‌رپرسانه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی خه‌ڵك گه‌وره‌ترین بڕی بودجه‌ كه‌ ته‌نیا بۆ شوه‌یفاتی نێوده‌وڵه‌تی 100 ملیۆن دۆلار بوو بۆیان ته‌رخانكراوه‌. ئه‌وان له‌ سه‌رووی منداڵانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ن و به‌ زمانه‌ زیندووه‌كان ده‌خوێنن و به‌ په‌روه‌رده‌ی خۆرئاوایی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن . ئه‌وان كاتێك قۆناغی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌كه‌ن زانكۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌خوێنن و ئه‌گه‌ر لێره‌ش درێژه‌ی پێ بده‌ن ئه‌وا چانسیان بۆ خوێندن له‌ به‌رزترین كۆلیژی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی و توركی و ئه‌هلییه‌كان زیاتره‌.

كاتێ منداڵی فه‌قیر بڕوانامه‌یه‌ك به‌ده‌ستده‌هێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ سه‌قه‌تی په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و هیچ زانستێكی ئه‌وتۆی پێ نه‌به‌خشراوه‌ له‌ پارچه‌ كاغه‌زێك زیاتر ده‌ستكه‌وتی نییه‌ و ده‌ره‌فتی رۆلبینینی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ئاستی سفره‌وه‌ نزیكه‌،
له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌و منداڵه‌ به‌رپرس و سه‌رمایه‌دارانه‌ هه‌ریه‌كیان له‌ وڵاتێك دێنه‌وه‌ و به‌رزرترین بڕوانامه‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و زمان ده‌زانن و هه‌لگری ڤایرۆس یان بلێین كلتووری سیاسییانه‌ی غه‌ربن و ئه‌وه‌نده‌ی ئینتیمایان بۆ وڵاتی شیرده‌ریان هه‌یه‌ نیو هێنده‌ بۆ هاونیشتیمانییه‌كانی خۆیانیان نییه‌ ئه‌وان له‌ جێگه‌ی باوكیان، مامیان، براگه‌وره‌كه‌یان، باپیریان، خه‌زوریان، پۆسته‌ باڵا گرنگه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن. هه‌موولایه‌كیش باش ده‌زانن چۆن به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ زه‌وی ئه‌م هه‌رێمه‌ و داهاتی ئه‌م وڵاته‌یان ته‌خشان و په‌خشانكردووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و قوتابخانه‌ و كۆلیژه‌ تایبه‌تییانه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی جوجه‌ڵه‌ی سه‌رمایه‌دار و به‌رپرسه‌كان و كۆیله‌بوونی ئه‌و جوجه‌ڵانه‌ بۆ كلتووری سیاسییانه‌ی غه‌رب و ئاماده‌كردنیان بۆ به‌رێوبردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ داهاتوودا هیچی دیكه‌ نیین.

ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ خه‌می خه‌ڵكدا بێت ئه‌وا ئاوڕێكی جدی له‌ قوتابخانه‌ی حكومی ده‌داته‌وه‌. منداڵی خه‌ڵكی فه‌قیر تاوانی چییه‌، له‌ پۆلێكدا بێت كه‌ هه‌ناسه‌ی تێدا نه‌درێت، له‌ خانووی قوڕدابێت، مامۆستای نه‌بێت، مه‌نهه‌جی وه‌ك پێویست نه‌بێت، باشترین قوتابخانه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ شارێكی وه‌ك هه‌ولێردا مێژووی دروستكردنیان بۆ ساڵانی سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و زۆرینه‌یان له‌سه‌ریان نوسراوه‌ 1958، 1959 درووستكراوه‌، ئیدی شه‌رم نییه‌ پاره‌ی خه‌ڵك به‌ ملیۆنان دۆلار بۆ مندالی به‌رپرس و ده‌وڵه‌مه‌ند ته‌رخانبكرێت.. خه‌ڵكی هه‌ژاریش زیته‌ی چاوی بێت..

الخميس، 26 سبتمبر 2013

به‌ ده‌نگی زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌، پارتی ده‌نگ بۆ کۆتای مه‌سیحی و توركمانەکان كۆده‌كاته‌وه‌

SBEIY.COM || YOUR NEWS CHANNEL
به‌ ده‌نگی زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌، پارتی ده‌نگ بۆ کۆتای مه‌سیحی و توركمانەکان كۆده‌كاته‌وه‌
(سبه‌ی):
له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی سنوری هه‌ولێر و دهۆك و به‌شێوه‌یه‌ك به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو، پارتی ده‌نگ بۆ دولیستی دروستكراوی خۆی بۆ كورسی كۆتای مه‌سیحی و توركمانه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ و رۆژنامه‌نوسێكیش ئه‌وه‌ به‌ رێگری له‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پێكهاتانه‌ داده‌نێت.
له‌كاتی جیاكردنه‌وه‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت و  مه‌رجدار له‌ ناو هێزه‌كانی‌ ناوخۆ و نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر، پارتی ده‌نگ بۆ لیستی پێشكه‌وتنخوازی توركمانی كۆده‌كاته‌وه‌ به‌جۆرێك ژماره‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ (3) هه‌زار تێپه‌ڕده‌كات.
به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌ ده‌نگدانی تایبه‌تی سنوری دهۆكیش، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و پێشمه‌رگه‌ ناچار ده‌كات كه‌ ده‌نگ به‌ لیستی كلدان و ئاشوری بده‌ن و زیاتر له‌ (2) هه‌زار ده‌نگیان بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ دوه‌م ده‌نگن له‌ناو ده‌نگدانی تایبه‌تی ئه‌و پارێزگایه‌.
ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هیچ هێز یان فه‌وجێكی تایبه‌تی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و زێره‌ڤانی تایبه‌ت به‌و پێكهاتانه‌ نییه‌ و كه‌مترین كه‌سی ئه‌و دو پێكهاته‌ش له‌ بواره‌كانی سه‌ربازی و ئه‌منی كارده‌كه‌ن. 
له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌نوس ئه‌رسه‌لان ره‌حمان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر بڕیاربێت كۆتا بۆ مه‌سیحی‌ و توركمان بێت ئه‌وا حه‌ق وایه‌ ده‌رفه‌ت بدرێت ئه‌و پێكهاتانه‌ خۆیان نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان هه‌لبژێرن و كۆتاكه‌یان لێ نه‌دزرێت و لێیان زه‌وت نه‌كرێت".
له‌كاتی بەڕێوەچونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش (سبه‌ی) بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند فه‌وجێكی پێشمه‌رگه‌ی زێره‌ڤانی كه‌ ئه‌فسه‌ره‌كانیان سه‌ر به‌ پارتین، پێشمه‌رگه‌كانیان ناچاركردوه‌ و رایانسپاردون ده‌نگ به‌ لیستێكی دیاریكراوی توركمانه‌كان بده‌ن و به‌هه‌مانشێوه‌ له‌ دهۆكیش ژماره‌ و كارتی بانگه‌شه‌ی لیستێكی مه‌سیحی به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌كانی زێره‌ڤانیدا دابه‌شكراو كه‌ ده‌نگی پێبده‌ن، كه‌ هه‌ردو لیسته‌كه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ دروستكراون و كاندیده‌كانیشی سه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ی خۆین.
هه‌روه‌ك به‌ره‌ی توركمانیش ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی گرت كه‌ پارتی رێگه‌نادات توركمانه‌كان نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و لیستی سێبه‌ری دروستكردوه‌ و ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ قۆرخی كورسی كه‌مینه‌كان بكات و رێگه‌نه‌دات كه‌مینه‌كان نوێنه‌ر خۆیان هه‌ڵبژێردن كه‌ گوزارشت له‌ خواست و داواكاریه‌كانیان بكات.

الاثنين، 23 سبتمبر 2013

هێشتا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو زێڕەڤانیەی خێزانەكەی كۆمەڵكوژ كرد بە ئەنجام نەگەیشتووە‌

هێشتا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو زێڕەڤانیەی خێزانەكەی كۆمەڵكوژ كرد بە ئەنجام نەگەیشتووە‌

02:21:16/09/2013
وارڤین – هەریر: پۆلیسی هەریر هێشتا نەیتوانیوە لێكۆڵینەوە لە كەیسی ئەو پێشمەرگە زێڕەڤانییەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەنجام بگەیەنێت، كە رۆژی 14ی ئەیلوول هاوسەرەكەی و دوو كچی خۆی بە چەكی پیشەكەی كوشت.

رۆژی 14ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013 لە شارەدێی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، پێشمەرگەیەكی زێڕەڤانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، بە چەكی كڵاشینكۆف، دەستڕێژی لە هاوسەر و منداڵەكانی كرد و دواتر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو زێڕەڤانیە ناوی "عیماد یونس ئەحمەد" بوو، بە چەكی پیشەكەی دەستی چووە خوێنی منداڵەكانی.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پۆلیس، "عیماد" سەرەتا هاوسەرەكەی خۆی، واتە "نەفیسە ئەحمەد" لەدایكبووی 1982ی كوشت، دواتر هەریەك لە كچەكانی "سوندس" لەدایكبووی 2001  و "خەبات" لەدایكبووی 2003ی كوشت. هەروەها "سۆما" كە كچە بچووكەكەی بوو، فیشەكی بەركەوت و بریندار بوو.

دوای كۆمەڵكوژكردنی هاوسەر و منداڵەكانی ئەو پیشمەرگەیەی زێڕەڤانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خزم و كەسانی نزیك لەو تاوانە، دەڵێن "عیماد یونس" پێشتر كێشەی نەبووە، تەنیا كەسێكی "توڕە بووە و نەخۆشی دەروونی هەبووە".

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین" پۆلیس چاوەڕوانی تەواو بوونی پرسەی قوربانییەكان دەكات بۆ ئەوەی گوتەی كەسانی نزیك وەربگرێت و كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكانی بهێنێت.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەرپرسی نووسینگەی شەقڵاوەی بەڕێو‌بەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نەقیب "سەفین تاهیر محەممەد" رایگەیاند، پۆلیس لە ناو ماڵی "عیماد" هەندێك حەب و دەرمان دۆزراونەتەوە و ناردراوون بۆ تاقیگە بە مەبەستی پشكنین.

گوتیشی: "تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە ئەو زێڕەڤانیە، نەخۆشی دەروونی هەبووە، یان نەیبووە، بەڵام وەك زانراوە، لە یەكەكەی خۆی مۆڵەتی دراوەتێ و ئەو رۆژەی تاوانەكەی ئەنجامداوە، بڕیار بووە بگەڕێتەوە بۆ دەوام".

ئەو بەرپرسەی توندوتیژی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پۆلیس بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە و دوای تەواو بوونی پرسەی قوربانییەكان، گوتەی كەسوكاری پێشمەرگەكە و هاوسەرەكەی وەردەگیرێت.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

بەهۆی خوێنبەربوونەوە دوای شەوی بوكێنی گیانی لەدەستدا

بەهۆی خوێنبەربوونەوە دوای شەوی بوكێنی گیانی لەدەستدا

08:29:17/09/2013
وارڤین – یەمەن: لەوڵاتی یەمەن بەهۆی نەبوونی یاسایەك بۆ دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری حاڵەتی مردنی كچانی تەمەن حەوت بۆ هەشت ساڵ لەهەڵكشاندایە، كەدوا حاڵەتیان كچێكی هەشت ساڵانە كە شەوێك دوای گواستنەوەی بەهۆی خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا.

"راقیە حەمیدان"، پارێزەرو چالاكوان  بۆ سایتی BBC ئاماژەی بەوە كردوە لەوڵاتی یەمەن ژمارەیەكی زۆری ئەو كچانەی لەتەمەنی زۆر بچوكدا بەشودەدرێن دوای شەوی یەكەمی هاوسەرگیری بەهۆی خوێنبەربونی زۆرەوە بوونەتە قوربانی، دەشڵێت "هەرچەندە یاسای باری كەسی لەیەمەن هەمواركراوەتەوە، بەڵام هیچ كات لەبەرژەوەندی ژنان نەبووه".

راقیە ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەی بۆ هەژاری خێزانەكان گەڕاندەوە كاتێك بژێوی ژیانی رۆژانەیان دەستناكەوێت‌و بەلایانەوە 500 دۆلار لەگیانی كچەكەیان زۆر بەنرخترە، بۆیە شووكردنی كچێكی تەمەن 8 ساڵان بەپیاوێكی سەروی 40 ساڵی‌و دواتر گیانلەدەستدانی بەهۆی خوێنبەربوون زۆر ئاساییە، دەڵێت "تەنانەت لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچونیشی بۆ ناكات".

هەرچەندە لەو وڵاتە هەوڵی زۆر درا دژی هاوسەرگیری پێشوەختە، چەندین رەشنوسی یاساش بۆ پەرلەمان بەرزكرایەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەگەڵ‌ هاتنی شۆڕشی یەمەن هەوڵەكان زیاتر شكستی هێنا ئێستاش قسەكردن لەسەر ئەو مەسەلەیە جێگای پێكەنینی دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتەیە، چالاكوانانی یەمەن دەڵێن حكومەت بەرپرسیاری یەكەمە لەگیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە.

"روان" ئەو كچە یەمەنیەیە كە لەتەمەنی 8 ساڵیدا بەشودرا‌و دوای شەوی بوكێنی بەهۆی خوێنبەربونی زۆرەوە لەكۆئەندامی زازوێ گیانی لەدەستدا. 

"حوریە مەشهور"، ژنە وەزیری هاوپشتی یەمەنی لەلێدوانێكیدا بۆ BBC رایگەیاندوە كە وەزارەتەكەی بەدواداچون بۆ گیانلەدەستدانی "روان" دەكات، ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە لەیەمەن یاسایەك نیە تەمەنی هاوسەرگیری دیاری بكات. 

پێشتریش دوای گیانلەدەستدانی كچێكی تەمەن 8 ساڵان بەناوی "نجود" لەساڵی 2009دا هەڵمەتێك كرا بۆ دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری كە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رەزامەندی لەسەر پیشاندا، بەڵام ئیسلامیە توندڕەوەكان رێگایان پێنەدا جێبەجێبكرێت.

"حوریە" پێیوایە تەنها بەدیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری ئەو كێشەیە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو كۆمەڵگای یەمەنی پێویستی بەهوشیاركردنەوەو نەمانی هەژاریی و  گرنگیدان  بەخوێندن هەیە.

لەوڵاتی یەمەن هاوسەرگیری گەشتیاریش هەیە هەروەك "عەلی دیلمی" له ‌رێكخراوی پارێزگاری لەماف‌ و ئازادییەكان دەڵێت: "دەوڵەمەندانی كەنداو پارەی زۆر بەخێزانە یەمەنیەكان دەدەن بەرامبەر هاوسەرگیری لەگەڵ‌ كچە بچوكەكەیان". 

بەڵام وەزیری هاوپشتی یەمەن پێیوایە دیاردەی زەواجی گەشتیاری لەوڵاتەكەیدا روی لەكەمیكردووە "چونكە حكومەتی یەمەن ئەو كەسەی لەدەرەوەی یەمەن بێت پێویستە رەزامەندی سەفارەت‌و رێگەپێدان لەوەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی بێنێت". 

مردنی "روان" لەشەوی دوای گواستنەوەكەیداو گیانلەدەستدانی بەهۆی خوێنبەربوونەوە بووەتە باسی زۆرینەی میدیا جیهانیەكان ‌و هاوكات هاوسەرگیریەكەشی لەگەڵ پیاوێكی بیانی بووە.

"سوڵتان ئەلسامعی" وتەبێژی بزوتنەوەی دادوەریی و گۆڕان بە BBC راگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەران لەهەوڵی ئەوەدابوون تەمەنی 18 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری دیاریبكرێت، بەڵام ئیسلامیە توندڕەوەكان چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەیانوت ئەو یاسایە دژی ئیسلامە. دەشڵێت "ئەوەی لەیەمەن رودەدات فرۆشتنی منداڵ‌‌و بەها مرۆییەكانە بەتایبەت لەناو گوندنشینەكاندا".

"سوڵتان" ئاماژە بەوە دەكات لە 95%ی ژنە یەمەنییەكان لەناسنامه ‌و رەگەزنامەكانیان بێبەشن ئەوەش وا دەكات بەئاسانی كچانی تەمەن بچوك لەپیاوێكی بەتەمەن مارە بكرێن، تەنانەت لەبەردەم دادوەریش ئامادە نابن تەنها باوكی كچەو چەند شایەتحاڵێك بەبێ ئەوەی پرسیار لەتەمەنی كچەكە بكرێت پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن.

ئیسلامییەكانیش حكومەت بەكەمتەرخەم دەزانن هەروەك "زەید ئەلشامی" سەرۆكی كوتلەی چاكسازی ئاماژەی پێدەكات كێشەكە تەنها دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری نیە، لەئەنجومەنی نوێنەرانیش ئیسلامیەكان تەنها كەمینەیەكن، بەڵكو وڵات كۆنترۆڵی لەدەستداوە.

"شامی" باسی لەوەشكردوە كەمنداڵ هەر منداڵە‌و هاوسەرگیریەكە پەیوەندی بەجەستەو عەقڵی كچەكەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش باوكان تەمەنی كچەكانیان تەزویر دەكەن.

رێكخراوی "هیومان رایتس ۆچ" لەدوا راپۆرتیدا ئاشكرای كردووە نیوەی هاوسەرگیری لەیەمەن لەخوار تەمەنی 18ساڵیەوەیە، بەڵام لەگوندەكان لەتەمەنی هەشت ساڵیش بچوكترە، ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەشكردوە یەمەن بەهەژارترین وڵاتی جیهان ئەژمار دەكرێت‌و ئەوەش وایكردوە خێزانە هەژارەكان كچەكانیان لەتەمەنێكی بچوكدا بەشو بدەن.

"نادیە" یەكێكە لەو كچانەی لەتەمەنی 13ساڵی بەشوودراوە دەڵێت "هاوسەرگیری بۆ من تەنها ئاهەنگەكە بوو هیچی ترم نەدەزانی سەبارەت بەژیانی هاوسەری، بۆیە دژی ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەم".

رێكخراوی "هیومان رایتس ۆچ" پێیوایە هاوسەرگیری پێشوەخت ژنان تووشی گۆشەگیری دەكات‌و رێگە لەكچ دەگرێت درێژە بەخوێندن بدات، هاوكات زیاتریش توشی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە، چونكە لەو كۆمەڵگەیەدا ژن دەبێتە ژێردەستەی پیاوەكەیی و خێزانی پیاوەكەی.   

قوتابخانەكانی عێراق بوونەتە جێگەی گێچەڵی سێكسی

قوتابخانەكانی عێراق بوونەتە جێگەی گێچەڵی سێكس
ی



03:48:22/09/2013
وارڤین – بەغدا: بە گوێرەی راپۆرتێكی لیژنەی ژن و منداڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە پشتی بە راپۆرتی یونسێف بەستووە، لە قوتابخانەكانی سەرەتایی و ناوەندی عێراقق گێچەڵ و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان بووەتە دیاردە.

بە گوێرەی راپۆرتەكە، بە هۆی جیاوازی تەمەنی فێرخوازان و هەبوونی ئامێرەكانی تەكنۆلۆژیا بە تایبەتی بەردەستبوونی پێگە سێكسییەكانی ئینتەرنێت و مۆبایل، حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیدا پەرەیان سەندووە و لە شێوەی دیاردەیەك لە فێرگەكاندا بڵاو بووەتەوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ، ئەوەیان بە روونی باسكردووە، كە كەمتەرخەمی و لێنەپرسینەوەی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە.

سەدا 25ی پیاوانی ئاسیایی ده‌ڵێن ده‌ستدرێژيمان كردووه‌ته‌ سه‌ر ژنان

سەدا 25ی پیاوانی ئاسیایی ده‌ڵێن ده‌ستدرێژيمان كردووه‌ته‌ سه‌ر ژنان

03:51:22/09/2013
وارڤین – نیویۆرك: لە راپرسییەكدا كە نەتەوەیەكگرتووەكان لە 10 وڵاتی ئاسیایی ئەنجامیداوە و گۆڤاری "گلۆباڵ هێڵس" بڵاویكردووەتەوە‌، دەركەوتووە بە رێژەی لە سەدا 25ی بەشداران دانیان بەوەدا ناوە بە لانی كەم جارێك دەستدرێژیان كردووەتە سەر ژنان.

راپرسیەكە لە شەش وەڵاتی ئاسیایی ئەنجامدراوە و 10 هەزار پیاو بەشدارییان تێدا كردووە. ئامادەكارانی راپرسییەكە رایانگەیاندووە، ئەو راپرسیە هەموو ئاسیای نەگرتووەتەوە.

لە ئەندۆنیسیا، بە رێژەی %26.2 لە شارەكان و رێژەی %19.5 لە دەرەوەی شارەكان، لە چین رێژەی %22، لە كەمبۆدیا رێژەی %20.4، لە بەنگلادیش رێژەی %14.1ی دەرەوەی شارەكان و رێژەی %9.5ی شارەكان بە لانی كەم بۆ یەكجار لە ژیانیاندا دەستدرێژیان كردووەتە سەر ژنان.

بەسرە: تەرمی ژنێك بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە

بەسرە: تەرمی ژنێك بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە

03:54:22/09/2013
وارڤین – بەسرە: پۆلیسی بەسرە هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی ژنێكی راگەیاند، كە دوای دەستبڕینی و كوشتنی تەرمەكەی بە گوریس لە بەردەم ماڵێكدا هەڵواسراوە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی بەسرە، رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 19ی ئەیلول – سێپتێمبەری 2013 لە گەڕەكی ئەلحوسێنی شاری بەسرە، تەرمی ژنێكیان دۆزیوەتەوە كە بە گوریسێكەوە هەڵواسرابوو.
سەرچاوەكە روونیكردەوە، ئەو ژنە پێش هەڵواسرانی بە فیشەك كوژراوە و دەستێكیشی بڕاوەتەوە و دواتر هەڵواسراوە.

دۆزینەوەی ئەو تەرمە دوای ئەوە هات كە لە هەفتەی رابردوودا تەرمی كچێكی دیكە لە بەسرە دۆزرایەوە و پۆلیس رایگەیاندبوو، كە ئەو كچە خۆی كوشتووە.

بە ڤیدیۆ: بە بەرچاوی خەڵكەوە جەڵدە لە ژنێك دەدرێت

بە ڤیدیۆ: بە بەرچاوی خەڵكەوە جەڵدە لە ژنێك دەدرێت

03:58:22/09/2013
وارڤین – سودان: بە تۆمەتی پێشێلكردنی رێسا ئاكارییەكانی سودان، ژمارەیەك پۆلیسی ئەو وڵاتە بە بەرچاوی خەڵكەوە بە پێكەنین و سوكایەتی پێكردنەوە شەلاقكاری ژنێك دەكەن.

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، سەرنجی میدیا جیهانییەكانی راكێشاوە و وێڕای دەنگدانەوەی لە ئاستی جیهانیدا، لەناوخۆی ئەو وڵاتەشدا رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنان داوای بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە حكومەت دەكەن.
بۆ بینیی ڤیدیۆكە كرتە لێرە بكە:

یونسێف: لە سەدا 30 منداڵانی عێراق ناچنە قوتابخانە

یونسێف: لە سەدا 30 منداڵانی عێراق ناچنە قوتابخانە

04:06:22/09/2013
وارڤین – بەغدا: بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی یونسێفی تایبەت بە منداڵان، رێژەیەكی زۆری منداڵانی عێراق بە تایبەتی كچان لە خوێندن دابڕاوون و بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان ناچار بوونە ژیان لەسەر شەقامەكان بەسەر بەرن.

دەستگێڕی و سواڵكردن و كاركردنی منداڵان لەسەر شەقامەكانی بەغدا بە یەكێك لە سیماكانی پایتەختی عێراق هەژمار دەكرێت و بە سەدان منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵ لە سەر شەقامە گشتییەكان رۆژانە بە فرۆشتنی كێك و بسكیت و ئاوو و كلینكس بژێوی ژیانیان دابین دەكەن و حكومەت تا ئێستا هیچ رێوشوێنێكی بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە نەگرتووەتە بەر.

لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە رەوشی ئێستای عێراقدا منداڵان زیانمەندی یەكەمن و %20ی قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكان منداڵن، هەروەها %35ی ئاوارەكان منداڵانن.

هەر بە گوێرەی راپۆرتی یونسێف ئەو كارەساتەی رووبەڕووی منداڵان بووەتەوە زۆر گەورەترە لەوەی پێشبینی دەكرێت و ساڵانە لە وەرزی خوێندندا تەنیا %66ی منداڵان پەیوەندی بە فێرگە و قوتابخانەكانەوە دەكەن و %21ی كچانی عێراق بەهۆی توندوتیژییەكانەوە رەوانەی قوتابخانە ناكرێن.

لە بارەی رەوشی گشتی منداڵانی عێراقەوە، پێشتر بەرپرسی كۆمەڵەی چاودێریكردنی منداڵی عێراقی "حەسەن جومعە" رایگەیاندبوو، كە زیاتر لە 100 منداڵی عێراقی خوار تەمەن 15 ساڵ رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە و بە بەڵگەكە توانراوە ئەو حاڵەتانە تۆمار بكرێن.
و: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

سویسرا: داوا دەكرێت تاوانبارانی كۆمەڵكوژیەكەی پاریس ئاشكرا بكرێن

سویسرا: داوا دەكرێت تاوانبارانی كۆمەڵكوژیەكەی پاریس ئاشكرا بكرێن

04:10:22/09/2013
وارڤین – بێرن: بە دەیان ژنی كورد بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی ژنانی مزگین لە گردبوونەوەیەكدا، كە لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا ئەنجامیاندا، داوایانكرد، ناسنامەی تاوانی كۆمەڵكوژی ژنانی كورد لە پاریس ئاشكرا بكرێت.

گردبوونەوەكە لە شاری "بێرن"ی سویسرا سازكرا و تێیدا ژنان داوایانكرد، حكومەتی فەرەنسا ناسنامەی بكوژی هەرسێ ژنە چالاكی كورد "ساكینە چانسیز، فیدان دۆغان، لەللا شایلەمز" ئاشكرا بكات، كە لە پاریس كۆمەڵكوژ كران.

ژنان لە گردبوونەوەكەدا چەندین درووشم و پانكارتیان بەرز كردبوویەوە، كە لەسەریان نووسرابوو، "بێدەنگیتان نیشانەی بەشداریتانە لەو تاوانە" و هەروەها چەندنین وێنەی ئەو سێ ژنە چالاكەی كوردیش بەرز كرابوویەوە.