الجمعة، 7 يونيو 2013

هودا خەلیل واز لەبەرنامەی "خۆشترین دەنگ" دەهێنێت

هودا خەلیل واز لەبەرنامەی "خۆشترین دەنگ" دەهێنێت
هودا خەلیل واز لەبەرنامەی "خۆشترین دەنگ" دەهێنێت
04:51:07/06/2013
وارڤین – هەولێر: (هودا خەلیل) پێشكەشكاری بەرنامەی "خۆشترین دەنگ" دەنگ كە لە كەناڵی (NRT2) پێشكەشدەكرێت بڕیاریداوە، واز لەبەرنامەكە بهێنێت و هۆكارەكەشی بۆ بێ هەڵوێستی كەناڵەكە گەڕاندەوە، لە ئاست ئەو سوكایەتییانەی پێی كرا و كەناڵەكە پشتیوانی لێ نەكردووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، كچە پێشكەشكار و میدیاكاری كورد (هودا خەلیل) رایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی كەناڵی (NRT2)، داوایانلێكردووە بۆ ئەوەی كاربكات بۆ قۆناغی سێيه‌می بەرنامەی "خۆشترین دەنگ" كە راستەوخۆ دەبێت، بەڵام ئەو كاركردنی بۆ قۆناغەكانی داهاتووی بەرنامەكە بەهەموو شێوەیەك رەتكردووەتەوە.

گوتیشی: "پەیوەندیان پێوە كردووم و داوایان لێكردووم، كە بەردەوام بم، بەڵام من دڵنیام كردوونەتەوە، كە كاریان لەگەڵدا ناكەم".

سەبارەت بە هۆكاری واز هێنانی لە پێشكەشكردنی ئەو بەرنامەیە (هودا خەلیل) گوتی: "لە ماوەی رابردوودا چەند كەسێكی نەفس نزم و نەخۆش لەرووی دەروونیەوە كۆمپویتەرەكەیان هاككردم و گرتەیەكی ئاسایی منیان بڵاوكردەوە بەو دەنگۆیەی كە گرتەیەكی سێكسییە، بەڵام ئەوە دوورە لەراستیەوە و هەركەسێكیش گرتە ڤیدیۆیەكەی بینیبێت دەزانێت، كە هیچ شتێكی لەوجۆرەی تێدا بەدیناكرێت، هەروەها چەند ماڵپەڕێكی رۆژنامەوانی ئەو گرتەیەیان بڵاوكردەوەو وایان نووسیبوو، كە پێشكەشكاری بەرنامەی "خۆشترین دەنگ" گرتەیەكی سێكسی بڵاودەبێتەوە".

گوتيشى: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌و پڕوپاگه‌ندا، بەڵام كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە هیچ شێوه‌يه‌ك و ته‌نانه‌ت به‌ وشەیەك باسیان لەو كێشەیە نەكرد و تەنانەت روونكردنەوە و لێدوانی منیان بڵاو نەكردووە و بەرگریان لە ناوبانگ و كەسایەتی پێشكەشكارێكی خۆیان و كەناڵەكەیان نەكرد، ئەمە لە كاتێكدایە، لەهەواڵەكاندا زیاتر وەك پێشكەشكاری كەناڵەكە ناوەكەم بڵاوكرایەوە بەڵام ئەوان بێ هەڵوێست بوو ئەوەش بڕیاری وازهێنانی منی بەدوای خۆیدا هێنا".

هەروەها گوتی: "لە بەرامبەر ئەو بێ هەڵوێستیەدا، هەرچەند چەند جارێك داوایان لێكردووم، كە بەردەوام بم، بەڵام بێ هەڵوێستی تەلەفزیۆنەكە بوو بەهۆكاری وازهێنانم و ناتوانم لەكەناڵێك كار بكەم كاتێك سوكایەتی بەكارمەندەكانی دەكرێت ئامادەنەبێت تەنانەت یەك وشەش بڵێت".

لە بارەی كەیسی سووكایەتیپێكردنەوە ئەوەشی روونكردەوە، كە هەموو بەڵگەكانی داوەتە دادگا و سكاڵاشی لەسەر ئەو دەزگا رۆژنامەوانیانە تۆمار كردووە، كە ئەو هەواڵە ناڕاست و هەڵبەستراوەیان بڵاوكردۆتەوەو هەوڵدەدات لەرێی دادگاوە ئەو كەیسە یەكلایی بكاتەوە.

(هودا خەلیل) لەبارەی پرۆژەی داهاتوویەوە بۆ (وارڤین) گوتی: بڕیارم وایە لە داهاتوودا لەگەڵ هاوڕێیەكی رۆژنامەنووسمدا، كار لەسەر توێژینەوەیەكی زانستی لە بواری میدیای كوردیدا بكەم و بەردەوامیش دەبم لە كاركردن وەك راگەیاندنكارێك.

ئەو كچە رۆژنامەوانە، كە وێڕای كاری پێشكەشكاری وەك هاوكارێكی ماڵپەڕەكە، بۆ (وارڤین) وتار دەنووسێت جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە هەر كەناڵێك ئەگەر رێز لەئەرك و ماندووبوونی رۆژنامەنووسەكانی نەگرێت ئەو ئامادە نابێت كاری تێدا بكات.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.