الأربعاء، 12 أكتوبر 2011

گۆڤارێك ‌و دوو رۆژنامە بە حەڤدە ملیۆن دینار سزادران

04:58:12/10/2011
وارڤین: سەنتەری میترۆ لەپاڵ كاراكردنی مادەی (نۆ)ی یاسای كاری رۆژنامەنوسی دوای كاراكردنی بڕگەكانی مادەی (حەوت)یش دەكات بڕگەكانی ماف ‌و ئیمتیازاتی رۆژنامەنووسانە لەیاسای ژمارە 35ی ساڵی2007.
بەپێی بڕگەی 5ی یاسای كاری رۆژنامەنوسی كە تایبەتە بە تاوانەكانی (ناوزڕاندن ‌و سووكایەتی) لەیەك رۆژدا، دادگای كەتنی هەولێر (گۆڤاری وارڤین ‌و رۆژنامەی ئاوێنە سپۆرت ‌و رۆژنامەی باس)ی بە 17 ملیۆن دینار سزا دا. 

رۆژی 10ی تشرینی یەكەم دادگای كەتنی هەولێر بەپێی مادەی(9 بڕگەی5 ) لەیاسای كاری رۆژنامەنووسی ژمارە 35ی 2007 كە تایبەتە بە (جنێودان ‌و ناوزڕاندن) بریاریدا رۆژنامەی (ئاوێنە سپۆرت)ی بە پێنج ملیۆن دینار غەرامە كرد هەروەك رۆژنامەنوس هیوا محەمەد قادری بە یەك ملێۆن دینار غەرامەكرد.

پێشتر رۆژنامەی ئاوێنە سپۆرت راپۆرتێكی لەسەر یانەی هەولێر بڵاوكردەوە كە باس لەدۆڕاندنی ئەو یانەیە دەكات لە خولی نایابی عیراق. یانەكە سكاڵای لەسەر رۆژنامەنوس ‌و ڕۆژنامەكە تۆماركرد.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی 10ی تشرینی یەكەم دادگای كەتنی هەولێر بە پێی مادە9/ دووهەم (سووكایەتیكردن بە بیروباوەڕی ئاینی) لە یاسای كاری رۆژنامەنوسی ژمارە 30ی 2007 بریاریدا دەركرد گۆڤاری (وارڤین) بە پێنج ملیۆن دینار غەرامە بكرێت هەروەها رۆژنامەنوس (لەنجە عبدالله‌و مەسعود مەلا هەمزە) هە ریەكێكیان یەك ملیۆن دینار غەرامە بكرێن بەهەمان یاسا‌و لەبڕگەی پێنجدا كە تایبەتە ( بەجنێودان ‌و سووكایەتی).

گۆڤاری وارڤین بابەتێكی سەبارەت بە فیلمێك بڵاوكردۆتەوە تایبەتە بە كارەكانی وەزارەتی رۆشنبیری لە بەرامبەردا وەزارەتی رۆشنبیری سكاڵای یاسایی لەسەر گۆڤارەكە تۆماركردووە.
هاوكات رۆژی 10ی تشرینی یەكەم دادگای كەتنی هەولێر بەپێی مادەی9برگەی5  لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی ژمارە 35ی 2007 كە تایبەتە بە (جنێودان ‌و ناوزڕاندن) رۆژنامەنووس (بەرهەم عەلی) سەرنووسەری رۆژنامەی (باس)ی بە چوار ملیۆن دینار غەرامە كرد.
رۆژنامەی ناوبراو بابەتێكی رۆژنامەوانی بڵاوكردۆتەوە گوایە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی نامەیەكی ئاراستەی ئەمینداری حزبی ئیسلامی عێراقی كردبێت. 
سەنتەری میترۆ لە زۆربەی بەیاننامە‌و هەوڵوێستەكانیدا داوای لەدەزگای دادوەری هەرێم كردووە لەبری پەنابردن بۆ یاسای مەدەنی لەیەكلاكردنەوەی تاوانەكانی تایبەت بەبڵاوكردنەوە پەنا بۆ یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 (یاسای كاری رۆژنامەگەری لەهەرێمی كوردستان) ببرێت.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت: "لەپاڵ كاراكردنی مادەی (نۆ) داوادەكەین داواكاری گشتی هەرێم دوای یاسایی لەسەر ئەو كەس ‌و لایەنانە تۆمار بكات كە پێچەوانەی بڕگەكانی ماف ‌و ئیمتیازاتی رۆژنامەنووسانە لەیاسای ژمارە 35ی ساڵی2007 رەفتاریان لەگەڵ رۆژنامەنووسان كردوە".

یاسای كاری رۆژنامەنوسی جەختدەكاتەوە، "هەر كەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سووكایەتی بەرۆژنامەنووس بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لەكاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە".

ليست هناك تعليقات: