الخميس، 13 أكتوبر 2011

خۆكوشتنی ژنان لە ئیلام گەیشتووەتە لوتكە

09:56:13/10/2011
وارڤین: ئەندامێكی لیژنەی كۆمەڵایەتی مەجلیسی ئێران رایگەیاند كە لە پارێزگای كوردنشینی ئیلام لە كۆی هەر دوو هەزار كەس 2 كەس هەوڵی خۆكوشتن دەدەن و لەم نێوانەشدا ژنان ژمارەیەكی پێوانەییان تۆمار كردووە. 

داریوش قەنبەری لەوتووێژێكدا لەگەڵ پەیامنێری كۆمەڵایەتی پانا لەبارەی ئاماری خۆكوشتن لە ناوچەكانی رۆژئاوای ئێران(رۆژهەڵاتی كوردستان) گوتی: "بەداخەوە رێژەی خۆكوشتن لەم پارێزگایانەدا بەرزەو پارێزگای ئیلامیش لە ئاماری خۆكوشتن دا بە بەراوورد لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی ئێران بەرزترین ژمارەی خۆكوشتنی تێدایە". 

ئەو لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئامارەكان ئەوە نیشاندەدەن كە لە هەر دوو هەزار كەس لە ئیلام دوو كەس خۆیان دەكوژن و ئەم ئامارەیش ساڵانە روو لە زیادبوون دەكات". 

نوێنەری خەڵكی ئیلام لە مەجلیسی ئێران هەروەها نەیشاردەوە كە بە گشتی رەوشی فەرهەنگی لەم ناوچانەدا باش نییەو گوتی: "لاوازی و داماوی فەرهەنگی و ئابووری و نەبوونی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی كاریگەرییەكی زۆریان هەیە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاماری خۆكوشتن لەم پارێزگایەدا".

قەنبەری ئاماژەی بە ئاسەوار و دەرەئەنجامە دەروونییەكانی پاش شەڕی ئێران و عێراق كرد و گوتی: "بە بوێرییەوە دەتوانم بڵێم كە ئاماری خۆكوشتن لە نێوان ژناندا ژمارەیەكی بەرزتری هەیەو خۆسووتاندنیش یەكێكە لە رێگە باوەكانی ژنانی ئەم پارێزگایە".

بەقسەی ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ئێران قۆناغی تێپەڕین لە ترادسیۆنەوە بۆ مۆدێڕنیتە یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی بەرزبوونی خۆكوشتنی ژنانی ئیلام.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە كۆنترۆڵەكانی دەرەوەی یاساو عورف و كێشە پەیوەندیدارەكان بە دابونەریتی رابردوو، لەمپەرگەلێك دروست دەكات كە لەئەنجامدا گوشارێكی زۆر دەكاتە سەر ژنان و قوربانییەكی زۆریان لێدەگرێت. هەروەها تایبەتمەندی كۆمەڵگای پیاوسالارانە كاریگەرییەكی تێكددەرانەی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەیە. 

قەنبەری لە كۆتایی قسەكانیدا رەخنەی لە بەرپرسانی ئێران گرت و گوتی كە ئەوان وەك پێویست لێكۆڵینەوەیان لە رەوشی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە نەكردووەو لەوە نەكۆڵیونەتەوە كە بۆچی پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن.    

ليست هناك تعليقات: