الثلاثاء، 3 أبريل 2012


هەڵمەتی رۆژنامەوانی

 ئا: ارسلان رحمان.


دەروازە

زۆر جار لەكایەی كاری میدیاییداو بەتایبەتی لەرۆژنامەگەریدا دەزگایەك، لایەنێك، سەنتەرێك، رۆژنامەیەك بەرنامە دادەڕێژێت بۆ ئەوەی هەڵمەتێكی رۆژنامەوانی بە مەبەستێكی دیاریكراو لەبارەی پرسێكی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری... هتد ئەنجامبدات‌و لێرەوە پێویستە رۆژنامەوان شارەزایی بنەماو پێكهێنەرەكانی هەڵمەتی رۆژنامەوانی بێت‌و لەپاڵ ژانرەكانی دیكەی هونەری نووسینی رۆژنامەوانی بیخوێنێت هەرچەندە لەبنەڕەتدا هەڵمەتی رۆژنامەوانی ژانرێكی كاری رۆژنامەوانی نییە، بەڵام هونەرەكانی نووسینی رۆژنامەوانی تێدا بەكار دەبرێن.



ناساندن:


هەڵمەتی رۆژنامەوانی:  هونەری رۆژنامەوانیی نییە، بەڵام هونەرەكانی نووسینی رۆژنامەوانی تێدا بەكار دەبرێن‌و لەخودی خۆیدا زنجیرە پرۆسەیەكی یەك لەدوای یەكی كاری میدیایی‌و رێكخراوەییە بەمەبەستی گەیشتن بەئامانجێكی دیاریكراو، ئەنجامدەدرێت. هەموو رێگاو میكانیزمە درووستەكانی گەیشتن بەو ئامانجەی تێدا بەكار دەهێنرێن بەتایبەتی ژانرەكانی نووسینی رۆژنامەوانی.

شێوازی بەكارهێنانی ژانرە رۆژنامەوانییەكانی هەواڵ، راپۆرت‌و ستۆری، ریپۆرتاژ، گفتوگۆی رۆژنامەوانی و وتار بەجۆرێك رێكدەخرێن‌و كارییان لەسەر دەكرێت، كە ئامانجی هەڵمەتەكە بپێكن‌وهەموویان یەك ئاراستەیان هەیە‌و روویان لەخاڵێكە بۆ ئەوەی بگەنە ئەو خاڵە بە واتایەكی دیكە كاردانەوەی مەبەست و چاوەڕوانكراو بخولقێنن.

ئەركەكانی هەڵمەتی رۆژنامەوانی:

هەڵمەتی رۆژنامەوانی مەبەست لەبەرپاكردن‌و ئەنجامدانی دوو خاڵی سەرەكییە، كە ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم: گەیاندنی زانیاری‌و خوڵقاندنی رایگشتی كۆمەڵگە لەبارەی سیاسەتێك، یاسایەك، پرسێك، كێشەیەك، بڕیارێك، ئاراستەیەكی دیاریكراوی ناو كۆمەڵگەو پشتیوانیكردن لەو لایەنەی، هەڵمەتەكەی لەپێناو ئەنجامدراوەو قەناعەتپێهێنانی رایگشتی لەسەر ئەوەی پشتیوانی لەتەوەری هەڵمەتەكە بكەن، یاخود بە پێچەوانەوە ئاراستەكردنی رایگشتی دژی سیاسەتێك، یاسایەك، كێشەیەك، پرسێك‌و هەوڵدان بۆ رێگە لێگرتنی.

دووەم: پاككردنەوەی كۆمەڵگە لەخراپەكارییەك، لەدیاردەیەكی ناپەسندو دزێو، بۆنموونە هەڵمەتی رۆژنامەوانی دژی دیاردەی جگەرە كێشان لە شوێنە گشتییەكاندا.




جۆرەكانی هەڵمەتی رۆژنامەوانی

یەكەم: هەڵمەتی رۆژنامەوانی پلان بۆداڕێژراو:

ئەمجۆرە هەڵمەتە بەڕێوبەرایەتی دەزگایەكی راگەیاندن، یاخود دەستەی بەرپرسیاری رۆژنامەیەك لەسەر بنەمای زانیاری و بەرچاورۆشنی پلانی بۆ دادەڕێژن و زۆرترین ژمارەی كەسانی پەیوەندیدارو شارەزای بۆ كۆدەكەنەوەو لەرووی مادییشەوە هەموو ئامادەكارییەكی بۆ دەكەن‌و هیچ شتێكی لەبارەوە ناورژێنن تائەو كاتەی هەموو ئامادەكارییەكان تەواو دەبن.

وەك ئەو هەڵمەتە رۆژنامەوانییەی رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز لە 1971 دوای دەستخستنی حەوت هەزار بەڵگەی نهێنی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" لەدژی شەڕی ڤێتنام بەرپایكردو لەكاردانەوەیدا رایگشتی ئەمەریكا دژی شەڕی وڵاتەكەیان لەڤێتنام وەستانەوە.

دووەم: ئەمجۆرەیان ئامادەكاری پێشوەختی بۆ نەكراوە

سەرەتا بەبڵاوكردنەوەی هەواڵێكی ئاسایی دەستپێدەكات و دواتر رۆژنامەكە زنجیرەك كاری رۆژنامەوانی دیكەی لەبارەوە بڵاو دەكاتەوەو رایگشتی لەبارەی تەوەری هەڵمەتەكە دەوروژێنێت. وەك ئەوەی یەكێك لەو رۆژنامەنووسانەی، تازە دەستی بەكار كردبوو لەرۆژنامەی واشنتن پۆست  هەواڵێكی لەبارەی سیخوڕیكردن‌ودانانی ئامێری تۆماركاری دەنگ لەبارەگایەكی هەڵبژاردنی دیموكراتییەكانی ئەمەریكا دەستكەوتبوو، دواتر رۆژنامەكە ئاشكرایكرد، كە سەرۆكی ئەمەریكا "نیكسۆن" دەستی لەو كارەدا هەیەو بەو هۆیەوە هەڵمەتێكی رۆژنامەوانی بەرپاكردو نیكسۆنی ناچاركرد دەست لەپۆستی سەرۆكایەتی  ئەمەریكا بكێشێتەوە.

رەگەزەكانی هەڵمەتی رۆژنامەوانی:

هەڵمەتی رۆژنامەوانی لەسەر بنەمای چەند رەگەزێكی سەرەكی دامەزراوەو پێویستە ئەو رەگەزانە بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی هەڵمەتە رۆژنامەوانییەكە ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، ئەوانیش ئەمانەن:

یەكەم: بابەت یاخود تەوەری هەڵمەتەكە:
پێویستە تەوەری هەڵمەتەكە جێگەی بایەخی كۆمەڵگە بێت‌و رەنگدانەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانی هاووڵاتییان بێت.

دووەم: ئامانجی هەڵمەتەكە: 
پێویستە هەڵمەتی رۆژنامەوانی ئامانجی روون بێت‌و‌و لای كۆمەڵگەو رایگشتی ئەو ئامانجە دیار بێت‌و شایستەی بەدیهێنان بێت‌و هەموو هەنگاو و پرۆسەكانی چوارچێوەی هەڵمەتەكە لەسۆنگەی چوون بەرەو هێنانەدی ئەو ئامانجە ئەنجامبدرێن. پێویستە ئەوەشمان لەیاد نەچێت كە ناڕوونی ئامانجی هەڵمەتی رۆژنامەوانی كۆمەڵگە تووشی لادان‌و سەرلێشێوان دەكات.

سێیەم: جەماوەری هەڵمەتەكە:
پێویستە رۆژنامەكە، یان ئەو دەزگا راگەیاندنەی هەڵمەتە رۆژنامەوانییەكە بەرپا دەكات سەركەوتووانە كار بۆ بەشداریپێكردنی رایگشتی لەدیاریكردن‌و خستنەڕووی پرس‌و تەوەری هەڵمەتەكەی بكات، بۆ ئەوەی رایگشتی بەتەنگ پرسەكەی خۆیەوە بێت‌و كاردانەوەی لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی ئەرێنی پیشانبدات. بەمجۆرە رایگشتی دەبێتە هێزێكی فشار لەسەر خودی رۆژنامەكەش لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجەی هەڵمەتەكەی بۆ بەرپاكراوە.

چوارەم: پەیامی هەڵمەتەكە:
پێویستە ئەو پەیامەی، ئامادەكراوە لەرێگەی رۆژنامەوە بگەیەندرێتە خوێنەران یان رایگشتی پەیامێكی روون‌و دەقیق‌و دیاریكراو بێت‌و لەسەر بنەمای زانستی‌و بەڵگە‌و پاساوی لۆژیكی رێكخرابێت‌و پەیامێكی چەواشەكارانە نەبێت‌و بێ بنەما‌و پشتیوانی لۆژیكی ئاراستە بكرێت‌و هەروەها پێویستە ئەو پەیامە بەزمانێكی گونجاو دابڕێژرێت كە جەماوەر لێی تێبگات.
پێنجەم: ئەو لایەنەی پەیامەكەی ئاراستە دەكرێت: یەكێكی دیكە لەرەگەزەكانی هەڵمەتی رۆژنامەوانی "جەماوەری بە ئامانجگیراوە"، پێویستە ئەو جەماوەرە دەستنیشان بكرێت‌و هەموو زانیارییەك لەبارەیەوە كۆبكرێتەوە‌و لەسەر بنەمای زانستی‌و بە گوێرەی 
تواناو ئاستی ئەو جەماوەرە پەیام ئاراستە بكرێت، بۆنموونە ئەو پەیامە بۆ توێژی دەسەڵاتدارە، بۆ ژنانە، بۆ گەنجانە، بۆ چ توێژێكە بۆ ئەوەی بزانرێت بە چ رێگەیەك و بە چ زمانێك ئەو جەماوەرە بدوێندرێت‌و پەیامەكەی پێ بگەیەندرێت.



هۆكارەكانی سەركەوتنی هەڵمەتی رۆژنامەوانی:

یەكەم: ئامادەكاری پێشوەخت بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەكە، ئامادەكارییەكان پێویستە لە رووی مرۆیی و مادییەوە كامڵ بن و هەموو ئەو پێویستییانەی سەركەوتنی هەڵمەتەكەیان پێوە پەیوەستە لەبەردەستدا بن.
دووەم: بە دواداچووون‌و چاودێریكردنی بەردەوامی مەسەلەكەو خستنەڕووی لایەنە جۆراو جۆرەكانی‌و شیكردنەوەی لایەنە سەرەكیی‌و لاوەكییەكانی، چونكە ئەگەر رۆژنامە بابەتی هەڵمەتەكەی  فەرامۆش كرد، ئەوا كاردانەوەی نەرێنی لێدەكەوێتەوەو ئامانجی هەڵمەتەكە بەدینایێت.
سێیەم: وا پێویست دەكات رۆژنامە رێزی رای جیاواز بگرێت‌و لەو رێگەیەوە هەوڵبدات دەرفەتی وتوێژو راگۆڕینەوە بۆ هەموولایەك بڕەخسێنێت بەمەبەستی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتییان‌و خوێنەرەكانی بەتایبەتی‌و خوڵقاندنی كەشوهەوای لەیەكدی گەیشتن و یەكدی قبوڵكردن‌و قەناعەتپێهێنان لەرێگەی دیالۆگەوە.
چوارەم: رۆژنامە هەموو توانا ماددی‌و مرۆییەكانی بخاتە خزمەت هەڵمەتە رۆژنامەوانییەكەوە.
پێنجەم: پابەندبوون بەبابەتیبوون‌و رێزگرتنی بۆچوونە جیاوازەكان‌و ئاراستەنەكردنی تۆمەت بە بێ بەڵگە‌و نەچوونە ناو دۆخی موهاتەرات‌و سوكایەتیكردن بە نەیارەكانەوە.


سەرچاوە:
- فاروق ابو زید، لیلی عبدالمجید، فن التحریر الصحفی، مداخلات تكنولوجیا التعلیم، القاهیرە، 2000، ص (247 -250). 
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كتێبی : (كارامه‌ییه‌كانی نوسین له‌ رۆژنامه‌گه‌ری چاپكراو و ئه‌لیكترۆنیدا)، ئا: عه‌بدولخالق ئیبراهیم، ئه‌رسه‌لان ره‌حمان،چاپی یه‌كه‌م، 2010، لاپه‌ڕه‌ (255 - 262) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

هناك تعليق واحد:

asowahab يقول...

سڵاو كاك ارسلان رحمان .. دەستەكانت خۆش، بەندە (ئاسۆ وەهاب)م لە تۆڕی عێراقی بۆ میدیای خەڵك، كارەكانمان بریتییە لە كۆكردنەوەی بلۆگەرانی عێراق‌و كوردستان جەنابت لە رێگەی وتارێكەوە دۆزییەوە كە كاكە سۆران كریم شێری كردبوو، خۆشحاڵین، برام دەتوانم بلۆگەرەكەت بخەینە ریزی بلۆگەرە كوردەكانەوە لە تۆڕی عێراقی بۆ میدیای خەڵك ؟؟ چاوەڕێی وەڵامم ..
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئێرە بكە :
asowahab.blogspot.com