الأحد، 1 أبريل 2012


وه‌رگێڕانی هه‌واڵ هونه‌ر نییه‌، داڕشتنه‌وه‌ی هونه‌ره‌




بە خوێندنەوەیەكی خێرای هەواڵەكە راستەوخۆ خوێنەر درك بەوە دەكات، هەواڵنووس هێندەی پابەندەی وەرگێڕانی وشە بووە، هێندە بایەخی بە گواستنەوەی مانا و داڕشتنەوەی زانیارییەكان نەداوە و تەنیا پەیامی رۆژنامەوانێكی بیانی بە زمانێكی شێواو بۆ گواستووینەتەوە.

لە پەرەگرافی یەكەمدا هەواڵنووس نەیتوانیوە لیدێكی سەرنجڕاكێش و بەمانا بۆ هەواڵەكە دابڕێژێت و بەهۆی بەهەڵە بەكارهێنانی فرمان خەریكە سەری لە خوێنەر شێواندووە. بۆنموونە : (سەرباری ئەوەی زۆرێك رێككەوتن بەوەی..) لە رووی داڕشتنەوە لەنگە و باشتر وابوو بنووسرایە: (سەرەڕای رێككەوتنی زۆرینەی لایەنەكان لەسەر ئەوەی...).

پێویستە بۆ خوێنەر روونبكرێتەوە (زۆرێك) چی؟ كێ؟ مەبەست لە زۆرێك چییە چونكە ئەو ئاوڵفرمانە بۆ شت و كەس بەكاردێت..

لە دێڕی دووەمدا دەنوسێت: (ئەنجومەنی كورد بەو پەیكەرە)، كام پەیكەر؟ مەبەست لە پەیكەر چییە؟ راستەكەی ئەوەیە بنووسرێت (بە پەیكەری كارگێڕی ئەو ئەنجومەنە) چونكە لە دێڕی سەرەوەدا باسی ئەنجومەنی نیشتمانییە و هیچ باسێكی پەیكەر نەكراوە.

دواتر نووسراوە "كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشت.." باشە پێمان بڵێن كام كۆبوونەوە.

سەرەڕای ئەو هەڵانە، ئەو هەواڵە داڕشتنی رۆژنامەوانی كورد نییە و ئەو بەڕێزەی هەواڵەكەی لە عەرەبییەوە بۆ كوردی وەرگێڕاوە چونكە بە زاكیرەو عەقڵ و بیركردنەوەی كورد داینەڕشتووەتەوە ئۆپۆزسیۆنی كورد لە سوریا بە دەرچوون لە كۆدەنگی ئۆپۆزسیۆن و گەلی سوریا تۆمەتبار دەكات، بێگومان ئەمەش جگە لە لێدانی بەرژەوەندی و ناوبانگی نوێنەرانی كوردی سوریا هیچی دیكە نییە.

لێرەدا دووجار ئەو پەرەگرافە دەنووسینەوە بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان بوونی عەقڵیەت و زاكیرەیەكی كوردانە لە داڕشتن و وەرگێڕانێكی رۆبۆتیانە چەندە جیاوازن..

نموونەی یەكەم: گێڕانەوەی پەرەگرافەكە بەگوێرەی ئەوەی هەواڵنووس ئامادەیكردووە..

دەگونجێت بنووسین: (سەرەڕای رێككەوتنی زۆرینەی لایەنەكان سەبارەت بە نوێنەرایەتیكردنی گەلی سوریا لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانییەوە، بەڵام بەهۆی رازی نەبوونی نوێنەرانی كورد لە پەیكەری ئیداری ئەنجومەنەكە و هەستكردن بە پەراوێزخستنی رۆڵیان، بڕیاریاندا كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنەكە بەجێبهێڵن و بایكۆتی كۆنگرەی داهاتووش بكەن).

نموونەی دووەم: داڕشتنەوە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی كوردانە بۆ رووداوەكان و ئاراستەكردنی پەیام و زانیاری بۆ وەرگری كورد دەگونجێت بنووسین:

(بەهۆی پەراوێزخستنی رۆڵی كورد و رازی نەبوون لە پەیكەری ئیداری ئەنجومەنی نیشتیمانی گەلی سوریا، نوێنەرانی كورد لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنەكە كشانەوە و بڕیاریاندا بایكۆتی كۆنگرەی داهاتوویش بكەن).

دەبێت لە وەرگێڕاندا زانیارییەكان بگوازینەوە و وەك كورد دایانبڕێژینەوە و بە دڵنیاییەوە هەواڵنووسی ماڵپەری (بی.بی.سی) چونكە عەرەبە ویستوویەتی بە ناڕاستەوخۆ پێمان بڵێت، لەكاتێكدا هەمووان كۆكن لەسەر شەرعیەتی ئەنجومەنی نیشتمانی فەرموو كورد بە بیانووی رازی نەبوون بە پەیكەری ئیداری كشاونەتەوە. ئەمەش مانای وایە كورد لە دەرەوەی كۆدەنگی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە.

ئەمە تەنیا لە بارەی لیدی هەواڵەكەوە، ئیدی بە پێویستی نازانم لەسەر كۆی بڕگە و هەڵە زمانەوانی و هونەرییەكانی هەواڵەكە بدوێم و خوێنەری شارەزا بە سانایی پەیان پێدەبات و بە كورتی رەخنەكان دەخەینەڕوو:
دێڕی یەكەمی پەرەگرافی دووەم كامە كۆبوونەوە؟ كەی بووە؟ چۆن بوو؟؟

پەرەگرافی سێیەم (بی.بی.سی) ئاژانس نییە، بەڵكو ماڵپەڕی هەیە، تەلەفزیۆنە، رادیۆیە، بە چەندین زمانی جیاجیا پەخشی بەرنامەكانی دەكات، پێویستە ناوی سەرچاوە روونبكرێتەوە ئایا رادیۆی (بی.بی.سی)یە یان كەناڵی تەلەفزیۆنەكەیەتی یان ماڵپەڕەكەیە و هەروەها زمانی كەناڵەكەش پێویستە دیار بكرێت.

پەرەگرافی چوارەم نوسراوە "تا بچووكترین.." چی؟ لە دەقی هەواڵە عەرەبیەكەدا (قسم/ بەش) هاتووە، بەڵام وەرگێڕ لەبیری كردووە.

پەرەگرافی كۆتایی هەڵەكانی بۆ خوێنەری شارەزا بەجێدەهێڵم..

بەهیوای سەركەوتن و پێشخستنی ئاستی توانای زمان و هونەری نووسینی هەواڵ بۆ هەواڵنووسانی بەڕێزی كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاندن.
به‌سته‌ری هه‌واڵه‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی بی.بی.سی
http://www.bbc.co.uk/arabic/middleeast/2012/03/120327_syria_opposition_snc.shtml

ارسلان رحمان

ليست هناك تعليقات: