الجمعة، 26 أبريل 2013

رێوان رۆژنامەیەك لە ژنەوە بۆ ژن

رێوان رۆژنامەیەك لە ژنەوە بۆ ژن

رۆژنامه‌وانى – وارڤین: رۆژنامەی (رێوان)، كە لە شاری سلێمانی هەرێمی كوردستان چاپ و بڵاو دەكرێتەوە، یەكەم رۆژنامەی كوردی تایبەت بە كاروباری ژنانە، ئەوەی (رێوان) لە چاپكراوەكانی دیكەی ژنان جیادەكاتەوە ئەوەیە كە رۆژنامەكە هەموو كارمەندەكانی ژنن.
بە گیان و وزەو تینێكی زۆرەوە شەدا بەشیر حەمە، جانتاكەی كە پڕە لە كەرستەكانی تایبەت بە ئیشە رۆژنامەوانییەكەی لەوانە كامێرا و رێكۆردەر، دەچێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی وتوێژ لەگەڵ ئەو ژنانە بكات كە لە شارەكەیدا، رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
0,,16728357_403,00
چۆن مافە زەوتكراوەكان دەگەڕێنەوە
لە لێدوانیدا بۆ بەشی عەرەبی كەناڵی (DW)، لە كاتی خۆئامادەكردنی بۆ چوون بەدەم كارەكەیەوە، شەدا گوتی: “خۆشەویستییم بۆ كاری رۆژنامەوانی هەیە، دەمەوێت چیرۆكی ئەو ژنە كوردانە بە نووسین بخەمەڕوو كە رووبەڕووی ستەم بوونەتەوە”.ئەو ئاماژەشی بە ژمارەیەك راپۆرتی جۆراو جۆر كرد، كە لە رۆژنامەكەیدا بڵاویكردوونەتەوە. شەدا تەمەنی (28 ساڵ)ەو ماوەی سێ ساڵە لە رۆژنامەی (رێوان) كار دەكات.

“ئەوەی لە چیرۆكەكانی تایبەت بە رەوشی ژنان و پەراوێزخستنی زۆرینەیان لە كایەكانی ژیاندا دەیبینم، هانم دەدا هەوڵی زیاتر بدەم لە پێناو گەیاندنی پەیامی ژنی كورد لە رێگەی رۆژنامەكەمانەوە” ئه‌و واى گوت.

لە بارەی ئەو ئاستەنگانەی لە میانەی كارەكەیدا دێنە رێگەی ئەو ژنە رۆژنامەوانە گوتی: “ئاستەنگی زۆر لەمیانەی كاردا رووبەڕووم دەبنەوە، دیارترینیان بەدەستڕاگەیشتنی زانیارییە، سەرەڕای ئەو ترسەی لە لای ژنانی هەڕەشەلێكراو و قوربانی هەیە، كە ناتوانن ئەندازەی راستەقینەی ئەو توندوتیژیانە باس بكەن كە رووبەڕوویان بووەتەوە”.

كارەكانی شەدا لەوەدا خۆدەبیننەوە كە لەناو رۆژنامەكەدا ئەركی بەسەرڕاگەیشتنی لاپەڕەی بەدواداچوونە، هەروەها ئەو هەواڵ و راپۆرتانەش دادەڕێژێتەوە كە لە لایەن پەیامنێرەكانەوە لە شارەكانەوە بۆی رەوانە دەكرێن.

وەك خۆی گوتی: “كەمی ژمارەی كادیری رۆژنامەوان ناچارم دەكات وەك پەیامنێری مەیدانی بۆ رووماڵی رووداوەكانی تایبەت بە ژنان بچمە دەرەوە و كار بكەم”.

دوانگەیەكی ئازاد بۆ پرسەكانی ژن
“ماوەیەكی دوور و درێژە، رۆژنامەی رێوان دەخوێنمەوە و هەوڵیشدەدەم لە رۆژی دەرچوونیدا، دانەیەكی پەیدا بكەم، رۆژنامەكە وەك دوانگەیەكی ئازادە بۆ خستنەڕووی خواست و تێڕوانینمان بۆ داهاتوویەكی گەشتر، لەنێو كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاریدا، كە تا ئێستاش مافەكانی ژنی زەوتكردووە”، ئەمە بەناز محەممەد سابر، خوێندكاری كۆلیژی یاسای زانكۆی سلێمانی وای گوت.

بەناز تەمەنی (20 ساڵ)ە، گوتیشی: “زۆرینەی باس و بابەتەكانی رۆژنامەكە كە پەیوەستن بە پرسی توندوتیژیی دژ بە ژنان و خێزانەوە، ئازایەتی لە خستنەڕوویاندا دیارە، بێگومان ئەمەش تەنیا بە خستنەڕووی بابەتەكان كۆتای نایێت، بەڵام بەردەوام چارەسەری گونجاو خراوەتەڕوو، بۆ ئەوەی رایگشتی دروست بكرێت و داوای دانانی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی كۆنەكان بكرێت”.

 راستگۆیی خەسڵەتی رۆژنامەوانە
فەرمانبەری خانەنشین عوسمان ئەحمەد حسین، (67 ساڵ)، بە دوور لەوەی بەناز باسیكرد، ئاماژەی بۆ مەسەلەی راستگۆیی لە خستنەڕووی بابەتەكان كرد و گوتی: “ئەوەی رێوان لە رۆژنامەكانی دیكە جیادەكاتەوە، راستگۆیی و بابەتییانە خستنەڕووی مەسەلەكانە”.

ئەو خانەنشینە، لە كاتی سەرگەرمبوونی بە خوێندنەوەی رێوان كە ئەو بە “باشترین” وەسفیدەكرد، گوتی: “بە سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو رۆژنامەیە سەلماندوویەتی كە ژنانی كورد توانای سەركەوتن و پێشخستنی كۆمەڵگە و پشكدارییان لە رەوتی پێشكەوتن هەیە”. ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، “سەرەڕای زۆری بەرهەم و داهێنانی ژنانی كورد، بەڵام هێشتا ژنی كورت مافخوراوە”. ئەو داوای ئەوەشی كرد،  یاسای تایبەت بۆ پاراستنی مافی ژنان دابنرێت.

سەرنووسەری رێوان (هانا شوان) گوتی: “ئەوەی رۆژنامەكەمان لە رۆژنامەكانی دیكەی ژنان جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە یەكەم رۆژنامەی ژنانەیە، بە هەرێمی كوردستان بە توانا و ماندووبوونی كادیری ژنی تایبەتمەند لە بواری راگەیاندن، دەرچووبێت، هەموو ئەو بابەتانەی بڵاو دەكرێنەوە تایبەتن بە پرسەكانی ژنان”.

(هەنا) لە كاتێكدا سەرقاڵی كاركردن و بەدواداچوونی ماڵپەڕی رۆژنامەكەیان بوو، لە رێگەی لاپتۆپەكەیەوە، قسەی بۆ (DW) كرد وگوتی: “لە رێگەی ئەم رۆژنامەیەوە كار بۆ ئەوە دەكەین، رۆڵی ژن بەرز بنرخێنین و كۆتایی بە توندوتیژی خێزانی بهێنین، كە رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە،سەرەڕای ئەوەش كار بۆ ئەوە دەكەین، رۆڵی ژن لە كۆمەڵگە كارا بكەین و چەمكە كلتووری و نەریتییەكانی دژ بە ژن راستبكەینەوە و كۆتای بەو بەكەم سەیركردنەی ژنان بهێنین”.

لە بارەی ئەو ئاستەنگانەی دێنە رێگەیان، (هانا شوان) گوتی: “جیاوازی شێوەزارەكانی زمانی كوردی، بە زەحمەت دەستڕاگەیشتن بە زانیاری چ لە لایەن هاووڵاتیانەوە بێت و چ لە لایەن دامەزراوە حكومییەكانەوە ئاستەنگی بەردەم كاركردنمانن”.
سەرنووسەری (رێوان)، ئەوەشی خستەڕوو، رۆژنامەكەیان لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە و تەنانەت لەو ناوچانەش كە نەریتی عەشائیری تێیاندا باڵادەستە.

هەروەها باسی لەوەشكرد، ساڵانە تیراژی رۆژنامەكەیان زیاتر دەكەن، و خواستی خۆیشی لە پێشخستی توانای كارمەندەكانیان و كردنەوەی خولی راهێنان بۆیان نەشاردەوە. هاوكات ئاماژەشی بە هەوڵەكانیان بۆ كردنەوەی رادیۆیەك بە ناوی رۆژنامەكەوە كرد، كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەكانی تەواو بن.

(رێوان)، كە لە ساڵی (2001)ەوە یەكەم ژمارەی دەرچووە، بیست ژنە رۆژنامەوان كاری تێدا دەكەن، بە شێوەی نیومانگی، بە تیراژی (4500) دانە بۆ هەر یەك ژمارەی بە شێوەیەكی خۆڕای دابەشدەكرێت. تا ئێستا (276) ژمارەی لێ چاپكراوە.

ليست هناك تعليقات: