الخميس، 29 مارس 2012

چەند رێنماییەك بۆ ئەو رۆژنامەوانانەی دەچنە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانەوە


چەند رێنماییەك بۆ ئەو رۆژنامەوانانەی دەچنە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانەوە

ئه‌م رێنماییانه‌ به‌شێكه‌ له‌ زنجیره‌ ده‌رسگوتاره‌كانی بابه‌تی نوسینی رۆژنامه‌وانی قۆناغی دووه‌می به‌شی راگه‌یاندنی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی هه‌ولێر بۆ ساڵی خوێندنی ( 2009 -2010، 2010 - 2011) پێشكه‌شكراون. به‌هیوای سودمه‌ندبوونی هه‌موو لایه‌ك.

* باشتر وایە پرسیارەكانی رۆژنامەوان، پەیوەست بن بەو بابەتەی كۆنگرەكەی بۆسازكراوە.

* پێویستە رۆژنامەوان تواناو لێهاتووی خۆی لە پرسیارەكانیدا پیشان بدات، لە پرسیاری دووبارە دوور بكەوێتەوە، رەنگە دەرفەت كەمبێت ورێگە بە یەك دوو پرسیار بدرێت، بۆیە باشتر وایە رۆژنامەنوس سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت.

* پێویستە رۆژنامەوان گوێگرێكی باش بێت و ئاگاداری پرسیاری هاوپیشەكانی دیكەی بێت، لە وەڵامەكان وردبێتەوە، پێویست ناكات، یاخود كۆنگرەی رۆژنامەوانی شوێنی ئەوەنیە، رۆژنامەنووس پرسیاری دریژو بەشوێنیەكدا هاتوو و پەیوەستكراو بەیەكەوە بكات.

* باشترە پرسیاری رۆژنامەوان، زیاتر لە بارەی روونكردنەوەی زیاترو بەدواداچونی وردتر بێت و شوێنی خۆنمایشكردن و پیشاندان و خستنەڕووی باری سەرنجی رۆژنامەوان نییە، پێویستە رۆژنامەوان جەخت لەسەر ئاراستەكردنی پرسیاری پڕبایەخ بكاتەوە.

* لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دەرفەت كەمە، هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت كە تەنها نیت، هاوڕێ لەگەڵ تۆدا دەیان هاوپیشەت ئامادەن، هەندێك لە هاوپیشەكانت بۆكەناڵەكانی راگەیاندنی بینراو و بیستراو و ئاژانسەكان كار دەكەن، ئەوان زانیارییەكان زووتر بڵاو دەكەنەوە، لەو حاڵەتەدا كێبركێ دروستدەبێت، كە وایە بە باشی بابەتەكە هەڵبسەنگێنەو ئەو پرسیارە ئاراستە بكە، كە بەنیسبەت دەزگاكەت، یان رۆژنامەكەتەوە، جێگەی بایەخ و گرنگییە.

* لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، وەك رێژنەی باران پرسیار ئاراستەی دەكرێن و وەڵامیان دەدرێتەوە، ئەو وەڵامانە موڵكی هیچ رۆژنامەوانێك بە تەنها نین، هەموو رۆژنامەوانێكی بەشداری كۆنگرەكە، دەتوانێت بۆ بابەتە رۆژنامەوانییەكەی سوود لە زانیاری وەڵام و لێدوانەكان وەربگرێت.

* ناوی كەسایەتییەكان، پۆست، بەر پرسیارێتی، پەیوەندی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بە پرس، یان تەوەری كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە بەووردی لای خۆت تۆماربكە.

* لە ئێستادا زۆر جار رۆژنامەوان خۆی ئەركی دابینكردنی وێنەی فۆتۆگرافی لە ئەستۆیە، پێویستە زیرەكانە مامەلە لەگەڵ كامێراكەتدا بكەیت و وێنەی دروست و سەرنجڕاكێش و گونجاو بەدەست بهێنی.

* لەكەرستەو پێداویستییەكانی كاری رۆژنامەوانیت دڵنیا بەوەو ئەوان تاقیبكەرەوە، تەنانەت لە قەڵەم، كاغەز، دەفتەری تۆماری تێبینیەكان، پاتری كامێراكەت و رێكۆردەرەكەت و پاترییەكانی دڵنیابەو ئەگەر كەرستەكانی تۆماركردنت میمۆری بوو، لەویش دڵنیابەو پشت بە مۆبایل مەبەستە، هەروەها ئاگادار بە، پرسیاری تۆ ناسنامەو سیاسەتی دەزگا، یان رۆژنامەكەت دەردەخات، هەوڵدە ئەو دەرفەتە خراپ بەكار نەهێنی.

* لە كاتی تۆماركردنی تێبینییەكان، رێگەی خێرا نووسین و كورتكردنەوە فێربە. لە جێگەی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" دەتوانیت بنوسیت "ح. ه. ك" .... بەو شێوەیە .

* هەر چەندە گفتوگۆیەكە، بە تەواوی لە رێگەی ئامێرەوە تۆمار دەكرێت، بەڵام پشت لەنوسینەوەی تێبینییەكان هەڵمەكە، چونكە ئەوان یارمەتیت دەدەن بۆ درووستكردنی پرسیاری گونجاو.

* لەكاتی ئاراستەكردنی پرسیاردا، رێز بۆ بەرامبەرەكەت دابنێ، رێزی هاو پیشەكانیش بگرە.

* بە دوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆت مەكەوە و پرسیارەكەت لەو شتانە داماڵە.

* بە شێوەیەكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ كەشوهەوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكاندا بكە، چونكە زۆرجار رێوشوێنە ئەمنییەكان، رێوشوێنە رۆتینییەكان هەراسانت دەكەن، تۆ بە دوای زانیارییدا دەڕۆیت، ئەوانە نابنە رێگر لە بەردەم كارەكەت، دواجار تۆ رۆژنامەوانیت و ناسنامە و ئەرك و پیشەت دیارە ...

* كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان جێگەی ئەوە نین، رۆژنامەوان بیەوێت بۆچوونی خۆی، یان دەزگاكەی بسەپێنێ، ئەركی تۆ بە دەستهێنانی زانیارییە لەرێگەی پرسیارەوە.

* لە ئاكار و نەریتی رۆژنامەوان دەوەشێتەوە، لە كاتی پێویست هاوكاری هاوپیشەكەی بكات و ئەگەر كەموكورتییەكی هەبوو، بۆی پڕ بكاتەوە، بەڵام رۆژنامەوانی خاوەن ئاكار و رەوشتی رۆژنامەوانییانە لەگەڵ هاوپیشەكەی رێكناكەوێت رەشنووسی هەواڵەكانیان بگۆڕنەوە، لە كاتێكدا ئەگەر دوو كۆنگرە رۆژنامەوانی لە یەك كاتدا هەبن و هەریەكە لە رۆژنامەوانەكان بۆ یەكێك لە كۆنگرەكان چوو بن، وەك ئێستا پەیامنێرانی هەندێك كەناڵی راگەیاندنی كوردی فێر بوونە و مەبەستیان تەنها كۆكردنەوەی پاداشتی بڵاوبوونەوەی بابەتەكانییانە.

* ئەگەر رۆژنامەوان لە كاتی رووماڵكردنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی رووبەڕووی كێشەیەك بووەوە، باشترین رێگە چارە گەڕانەوەیە بۆ یاسا و رێنماییەكان.
ارسلان رحمان.

ليست هناك تعليقات: