الخميس، 29 مارس 2012

لە بارەی وتاری ئەدەبی و وتاری رۆژنامەوانیەوە


لە بارەی وتاری ئەدەبی و وتاری رۆژنامەوانیەوە





وتار بە شێوەیەكی گشتی دابەش دەبێت بۆ سێ جۆری سەرەكی:
1. وتاری ئەدەبی.
2. وتاری زانستی. 
3. وتاری رۆژنامەوانی(1).

بێگومان وتاری زانستی بە تایبەتمەندییەكانی بواری زانستی لە رووی شێواز، زمان، دەربڕین، ئامانج، ئەرك، بە ئاسانی جیا دەكرێتەوە و لە هەموو ئەو رووانەوە جیاوازی دیارو بەرجەستەی لەگەڵ دوو جۆرەكەی دیكەی وتار (ئەدەبی  ـ رۆژنامەوانی) هەیە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین تیشكێك بخەینە سەر جیاوازی ئەم دوو جۆرەی دوایی.


بێگومان لە وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و لە ناو كوردیشدا سەرەتاكانی رۆژنامەگەری لەسەر دەستی كەسانی ئەدیب و ئەدەبدۆست و شاعیر و رۆشنبیرانی گۆشكراو بە شارەزایی و زانیاری ئەدەبی دەستیپێكرد، بە گشتی سەرەتا زۆرێك لەو كەسانەی لەرۆژنامەكان دەستیاندایە وتارنووسین، سەرچاوەی سەرەكی تێگەیشتن و رۆشنبیرییان ئەدەب بوو، شێوازی ئەدەبیش باشترین رێگە بوو بۆ دەربڕینی بۆچوونەكانیان، هێندێكیشیان ئاین سەرچاوەی وەرگرتنیان بوو، بۆیە بە ئاوێتەكردنی زانیاری ئاینی و شێوازی ئەدەبی دەیاننووسی، شێخ سەعیدی نوورسی، شێخ محمەدی خاڵ لە ناو كوردا لە نموونەی ئەو جۆرەن، لێرەوە لەگەڵ دەستپێكردنی بزاوتی رۆژنامەوانی و چەكەرەكردنی ژانرەكانی هونەری نووسینی رۆژنامەوانی تێكەڵییەك لە نێوان وتاری رۆژنامەوانی وتاری ئەدەبی هاتە كایەوە، دەگونجا بۆ سەردەمی  سەرەتای دەركەوتنی رۆژنامە لە نێو كورددا ئەو مەسەلەیە كێشەیەك نەبووبێت، چونكە بەهەمان شێوە توێژی خوێنەران، كە هەندێك كات ژمارەیان بە دەست دەژمێردرا، خاوەن رۆشنبیری و پێشینەیەكی ئەدەبی و ئاینیی بوون، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنەران و فراژووبوونی ئەركەكانی وتارو جیا بوونەوەی رۆڵ و ئەركی هەریەك لە جۆرەكانی وتار پێویستی جیاكردنەوەی ئەو دوو جۆرەی وتار خۆی وەك راستیەك هێنایە ئاراوە.

لێرەوە بە پشت بەستن بەسەرچاوەكانی تایبەت بەو بوارە هەوڵی ناساندنی جیاوازییەكانی نێوان هەردوو لادەدەین:

جیاوازی نێوان وتاری ئەدەبی و وتاری رۆژنامەوانی:


دائیرەی مەعاریفی بەریتانی لە بارەی وتاری ئەدەبیەوە نوسیویەتی"پەرەگرافێكی نوسراوە و لە درێژیدا مامناوەندە، بە شێوازێكی سادەو هەندێكجار درێژدادڕی بابەتێك تاوتوێدەكات بە تایبەتی لەو روەوە كە كاریگەری لەسەر نووسەرەكە هەبووبێت"(2).
كەواتە وتاری ئەدەبی نووسینێك یاخود دەربڕینێكە نووسەر دەیخوڵقێنێت، خەسڵەتی دیاری ئەوەیە، كە هەست و سۆزی نووسەرەكە تێیدا رەنگیداوەتەوەو بە دەستەواژەو دەربڕینی جوان و پاراو نووسراوە(3).

لە رووی مێژووییەوە، وتاری ئەدەبی خاوەنی مێژوویەكی كۆنترە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رێنیسانس لە ئەوروپا، بەڵام وتاری رۆژنامەوانی سەرەتای دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشكەوتنی زانست و رۆشنگەری و فراوانبوونی كایەكانی ژیان و هەڵكشانی بایەخی رۆژنامە لەدرووستبوونی رایگشتی دا و درووستبوونی توێژی ناوەند لە كۆمەڵگە دا(4).

لە رووی زمانەوە، دەكرێت بگوترێت وتاری ئەدەبی بەزمانێكی باڵا و نموونەیی داڕێژراوەو نووسەر بە پشت بەستن بە توانستی زمانەوانی و رۆشنبیری و باكگراوندی فراوانی لەكایەی ئەدەبدا، دەینووسێت و مەرج نییە هەموو كەسێك لەو زمانە ئەدەبیە، كە زمانێكی پارارو، پاڵفتە، رەونەقدار و رازاوەیە سەردەركات، 


بەڵام وتاری رۆژنامەوانی بەشێوەیەكی گشتی بەزمانێكی سادەو ساكار، بەڵام جدی دەنوسرێت و ئەو زمانەی تێیدا بە كاردەهێنرێت زمانی زۆرینەی رەهای خەڵكی خوێندەوارەو بە رستەی  كورت و پەرەگرافی مانادار و دوور لە درێژدادڕی و پێچوپەنا كردن دەنووسرێت(5).


لە رووی ئەرك و شێوازەوە، ئەوە روونە، كە وتاری ئەدەبی ئامانجی گەیشتنە بەمەبەستەكانی جوانی و تا ئەو پەڕی رادە پشت بەرازاندنەوەی وشەو دەستەواژەی ناوازە دەبەستێت و نووسەر دەیەوێت لەو  رێگەیەوە بگاتە لوتكەی جوانی و هێنانەدی ئەو مەبەستەی دەیخوازێت، بەڵام وتاری رۆژنامەوانی لەبنەڕەتدا، دەربڕینێكە دەربارەی كاروباری كۆمەڵایەتی و بۆچوونێكی پراكتیكی بە ئامانجی رەخنەلێگرتنی یاخود كەمكردنەوەی بایەخی، یاخود بەرگری و پشتیوانیكردن لە بۆچوونێك دەنوسرێت، هەموو ئەوەش بە شێوازێكی سادەو ساكار دەبێت و نووسەر دەیەوێت بە كورتترین رێگە بگاتە خوێنەرو پەیامەكەی جێگەی پەسندی خوێنەر بێت(6).


لە رووی ئەركیشەوە، هەر یەك لە وتاری ئەدەبی ورۆژنامەوانی ئەركی تایبەت بەخۆیان هەیەو دەشێت وتارێكی ئەدەبی ئەركی رەخنە و شیكار، لێكدانەوە، ناساندنی كایەیەكی دیاریكراوی ئەدەب بێت(7)، بەڵام وتاری رۆژنامەوانی زۆرتر كار لەسەر درووستبوونی رایگشتی و ئاراستەكردن و رێنماییكردنی خوێنەر دەكات(8).


سەرچاوە و پەراوێزەكان:

1. ابراهیم، د.اسماعیل، فن المقال الصحفی، الاسس النڤریە و التگبیقات العملیە، الگبعە الاولی، دار الفجر للنشر والتوزیع، قاهرە، مصر، 2001 ص20.
2.عومەر، د. فاروق عەلی، كلیلی دەسەڵاتی چوارەم، چۆن لە جیهانێكی گۆڕاودا دەبیتە رۆژنامەنووس؟، وەرگێڕانی هیوا ساڵح ئەحمەد، چاپ، لیرە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی رۆشنبیری، بەڕێوبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی 2005 لا147 .
3. حسەین، هەڤاڵ ئەبوبەكر، چەشنە ئەدەبی و رۆژنامەنووسیەكان و رەنگدانەوەیان لە ژیان و ژین دا، لە بڵاوكردنەوەی بنكەی ژین، چاپخانەی شڤان، هەرێمی كوردستان، سلێمانی ،2007 ، لا129.
4. ابو اصبع، د.صالح، د.محمد عبیدالله، فن المقالە، اصول نظریە، تطبیقات – نماذج، الطبعە الاولی، دار مجدلاوی للنشر والتوزیع، عمان، الاردن، 2002، ص11.
5. هەمان سەرچاوە، لا12.
6. حمزە، د.عبدالطیف، ادب المقالە الصحفیە فی مصر، الجز‌و 2، الطبعە الپانیە، دار الفكر العربی، القاهرە، 1958، ص 12.
7. ابو اصبع، د.صالح، د.محمد عبدالله، فن المقالە ، ص12.
8. ابراهیم ، د.اسماعیل ، فن مقال الصحفی، 2003، ص28.

ليست هناك تعليقات: