الخميس، 2 يناير 2014

سلێمانی: تەرمی كچێكی گەنج دۆزرایەوە

سلێمانی: تەرمی كچێكی گەنج دۆزرایەوە

12:19:02/01/2014
وارڤین – سلێمانی: كچێكی تەمەن 17 ساڵ و فێرخوازی پۆلی دووەمی پیشەسازی سلێمانی لە ماڵی خۆیاندا، بە هەڵواسراوی تەرمەكەی دۆزرایەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی نەقیب "سەركەوت ئەحمەد" رایگەیاند، كاتژمێر 05:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی كانوونی دووەم – یەنایری 2014، بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ لە بوونی حاڵەتێكی ژیانلەدەستدان ئاگادار كراوەتەوە.

گوتیشی: "دوای گەیشتنی تیمەكانی پۆلیس بە شوێنی رووداوەكە، دەركەوتووە، كچێكی تەمەن 17 ساڵ، بەناوی  "ز.ی.ر" فێرخوازی پۆلی دووەمی پیشەسازی سلێمانی بە پەت و بە شێوەی هەڵواسین ژیانی لەدەستداوه"‌.

گوتیشی: "پۆلیس تەرمی ئەو كچەی رەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كردووە و لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە".

سەبارەت بە وتەی كەسوكاریشی، ئەو بەرپرسەی پۆلیس روونیكردەوە، پۆلیس گوتەی لە دایك و باوكی كچەكە وەرگرتووە و ئەوان رایانگەیاندووە، "كچەكەیان خۆی خنكاندووە".

تا ئێستا هۆكاری ژیانلەدەستدانی ئەو كچە بە وردی نەزانراوە و پۆلیس چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی پزیشكی دادوەری دەكات.

ژیانلەدەستدانی ئەو كچە تەمەن حەڤدە ساڵە لە سلێمانی دووەم حاڵەتی ژیانلەدەستدانی ژنانە لە ماوەی 24 كاتژمێری یەكەمی ساڵی نوێی 2014.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: