الأحد، 5 يناير 2014

له‌ دوورى چه‌ند كيلۆمه‌ترێك له‌ باره‌گاى حكومه‌ت تەرمی ژنێكی به‌چه‌ك كوژراو دۆزرایەوە

له‌ دوورى چه‌ند كيلۆمه‌ترێك له‌ باره‌گاى حكومه‌ت تەرمی ژنێكی به‌چه‌ك كوژراو دۆزرایەوە

03:54:05/01/2014
وارڤین – هەولێر: پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دووری چەند كیلۆمەترێك لە چەقی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و لە سەر رێگەی پاڵاوتگەی نەوتی كەورگۆسك، تەرمی ژنێك بە ناوی "گوڵان م. "ی تەمەن 20 ساڵ دۆزرایەوە كە بە چەك كوژرا بوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین" بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر رائید "ژیلەمۆ عەبدولقادر" رایگەیاند، "گوڵان تەمەنی 20 ساڵە و ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و بەهۆی بەركەوتنی چەند فیشەكێك بە سەری، سەرەتا نەتوانرابوو بناسرێتەوە".

گوتیشی: "دوای لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەركەوت، ئەو ژنە ماڵی باوكی نیشتەجێی شارۆچكەی شەقڵاوەن و باوكی بانگكراوەتە پۆلیس و ئیفادەی لێوەرگیراوە و  تا ئێستا هۆكاری ئەنجامدرانی ئەو تاوانە روون نەبووەتەوە".

تەرمەكە لەسەر رێگەی ناحیەی "رزگاری"ی لە دووری تەنیا 35  كیلۆمەتر لە خۆرئاوای هەولێری چەقی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم دۆزراوەتەوە

پۆلیس، تەرمی "گوڵان"ی رەوانەی پزیشكی دادوەری كردووە بۆ ئەوەی بزانێت بە چ چەكێك و بە چەند فیشەك كوژراوە، وەك ئەو بەرپرسەی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی ئاماژەی پێكرد زیاتر لە فیشەكێك بە سەر و جەستەی "گوڵان"ەوە نراوە.

پۆلیس زانیاری لە بارەی هاوسەرەكەی گوڵان كە ناوی "ك.ع" كۆكردووەتەوە و هێشتا روون نیە، "گوڵان" لە لایەن كێوە و بە چ پاساوێك خەڵتانی خوێن كراوە.

كوشتنی "گوڵان" یەكەم رووداوی توندوتیژی نیە لە  ساڵی نوێدا و لە هەفتەی كۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵ، لە ناوچەكانی، خەبات، هەولێر، سلێمانی، كفری، كەلار، ژنان رووبەڕووی پاكتاوی جەستەیی بوونەتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كە "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆكایەتی دەكات، بەردەوام بانگەشەی باشبوونی رەوشی ژن و پێشخستنی مافەكانیان دەكات، بەڵام دیاردەی ژن كوشتن لە دووری چەند كیلۆمەترێك لە بینای حكومەت بە رۆژی نیوەڕۆ ئەنجامدەدرێت.

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: