الجمعة، 3 يناير 2014

شەوبۆ شەمسەدینی: تا ئێستا هیچ رێكخراوێكی ژنان ئاوڕی لە كارەكانم نەداوەتەوە

شەوبۆ شەمسەدینی: تا ئێستا هیچ رێكخراوێكی ژنان ئاوڕی لە كارەكانم نەداوەتەوە

07:30:03/01/2014
وارڤین – هەولێر: "شەوبۆ شەمسەدینی"ی بەهرەمەند و شێوەكاری "مهاباد"، دوای كردنەوەی چەندین پیشانگەی تایبەت لە ئێران و نمایشكردنی ئەو تابڵۆهونەرییانەی، وەك خۆی گوتی "ئاوێنەی رەوشی ژنانی كوردن و قوربانیانی ئەنفال و كیمیایبارانن"، ئێستا لە هەولێر گیرساوەتەوه و تا ئێستا رێكخراوەكانی ژنان دەستگرۆییان بۆ هیچ كارو چالاكییەك نەكردووە.‌ 

وارڤین: لە نێو هونەرە جیاوازەكاندا، چۆن بوو بەهرەی خۆتان لە بواری شێوەكاری و نیگاركێشیدا دۆزییەوە و سەرەتای كاركردنت لەو بوارە بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
شەوبۆ شەمسەدینی: حەزێك، كە بۆ‌ هونەری نیگاركێشان هەمە و ئەو جۆرەی، كە هونەری نیگاركێشان دەتوانێت هەست و سۆزی دەروونی من لە رێگەی رەنگەكانەوە دەربڕێ، هونەرەكانی دیكە ناتوانن بەو شێوە بن.

وارڤین: ئەزموونی كاركردنی خۆت و بەهرەكەت چلۆن و تا چ ئەندازەیەك تەرخانكردووە بۆ ئەوەی لە كارەكانتدا پرس و خەمەكانی ژنی كورد بخەیتە بۆتەی تابڵۆی هونەرییەوە و لە چوارچێوەی تابڵۆدا بیان نەخشێنی؟
شەوبۆ شەمسەدینی: من هونەرمەند لە جیهانی راستەقینەی خۆیدا وەكوو ئاوێنەیەك دەبینم، كە رەنگدانەوەی ئەو كێشە و گرفتانەیە كە لە كۆمەڵگاكەی و لە ژیانی خۆیدا دەیبینێ. بە شێوەیەك، كە ئەو كێشانە كاریگەریان هەیە لەسەر هونەرمەند‌ و ئەو كاریگەرییە، شوێندانەرە لەسەر ئەو هونەرەی، كە بەرهەمی دێنێ و بۆ هەموو خەڵكی جیهان دەریدەبرێ.

وارڤین: كاتێك بینەر بە گشتی سەیری تابڵۆكانت دەكات تێبینی ئەوە دەكات منداڵ و ژن، خەمەكانی ئەو دووانە، حزوورێكی بەرچاویان هەیە، هەر لە تابڵۆی "ئەنفال، ئەسارەت و هەرگیز هۆشیار مەبەوه"،‌ ئەوە بە روونی بەدیار دەكەوێت، دەتەوێت لەو رێگەیەوە چی بڵێیت؟
شەوبۆ شەمسەدینی: دەمەوێ بڵێم ئەو كەسانەی، كە ئەو كات نەبینران و ئەو ئەشكەنجانەی،‌ بە هۆی گیران و ئەنفال و بۆردومانی كیمیایی بینییان، وردەوردە بە هۆی تێپەڕینی كات لەبیر دەكرێ، ئێستاكە خەڵكی جیهان بتوانن ئەو مەزڵومانە ببینن و ئەو هاوارانەی،‌ ئەو كات نەبیسران لە رێگەی تابڵۆكانمەوە بتوانم بە گوێ خەڵكی جیهانی بگەیەنم.

وارڤین: لە نێو كایەی ژیانی فەرهەنگی كۆمەڵی كوردەواریدا باس لەوە دەكرێت،‌ هێشتا جێپەنجە و جێ دەستی ژنانی بەهرەمەند، نووسەر، لێكۆڵەر و ئەدیب نەگەیشتووەتە ئاستی شایستە بەو رۆڵەی‌ پێویستە ژنان بیگێڕن، ئێوە نەزەرتان لەو بارەیەوە چیە، ئایا ژنان بە گشتی لە كوێی رەوتی ژیاری كۆمەڵگەن؟
شەوبۆ شەمسەدینی: بە بڕوای من بوونی ژن لە كۆمەڵگای كوردیدا بە بەراو‌رد لەگەڵ پێشوو پەرەسەندنی باشی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام بە بەراو‌رد لەگەڵ وڵاتانی دیكەی جیهان تا ئێستاش لە ئاستێكی خواروو دایە. بۆ گۆڕانگاری لەو بارودۆخە پێویستە كە لە جۆری تێڕوانینمان بۆ ژنان ئاڵوگۆڕك پێكبێنین.

وارڤین: لە تابڵۆكانتدا تا چەندە بەرجەستەی خەم و ئەو نەهامەتیانەیان كردووە، كە رۆژانە لە كۆمەڵگەی كوردیدا رووبەڕووی ژنان دەبنەوە؟
شەوبۆ شەمسەدینی: هەر بەو شێوەیه،‌ كە لە وەڵامەكانی پێشوومدا ئاماژەم پێدا، دەمەوێ لە رێگەی هونەرەوە ئاوێنەیەك بم بۆ نیشاندەری كێشە و گرفتەكانی ژنان كەلە كۆمەڵگەدا رووبەڕووی دەبنەوە.

وارڤین: سەبارەت بە فێربوون و هاتنە ناو ئەم بوارەوە ئایا كێ هاوكار و پشتیوانت بووە و بە كردەوە رێگەی گەیشتن بەم هونەرەی بۆ ئاسان كردووی؟
شەوبۆ شەمسەدینی: لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن و كاری من، خێزانەكەم بە بەردەوامی پشتگێریان لێ كردووم.

وارڤین: بەرهەمەكانت لە پەڕەی خۆت لە فەیسبوك پیشانی هاوڕێكانت دەدەیت و لەوێوە زۆرێك لە تابڵۆكانم بەرچاو كەوتن، بەڵام ئایا تا ئێستا لە هیچ پیشانگەیەكدا ئەو تابڵۆیانەت نمایش نەكردوون؟
شەوبۆ شەمسەدینی: چەندین پێشانگام بە شێوەی تاك و گروپی لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران وەكوو تاران، نۆشار، تەبرێز و مەهاباد بەڕێوە بردووە و هیواداریشم، كە بەو زووانە بتوانم لە كوردستانیش پێشانگایەكی لەو شێوانە بكەمەوە.

وارڤین: لە هەرێمی كوردستان زۆر رێكخراو و دامەزراوەی تایبەت بە داكۆكی لە مافی ژنان كار دەكەن، ئایا ئەو رێكخراوە و دامەزراوانە تا چەندێك پەیوەندیان پێوە كردوویت و هاوكاریان كردووی لە ناساندنی كارەكانت و بەرەو پێشبردنی توانات و كردنەوەی پیشانگە و نرخاندنی تابڵۆكانت؟
شەوبۆ شەمسەدینی: بە داخەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكم لە هیچ لایەن رێكخراوێك پێ نەگەیشتووە.

پرۆفایل:
شەوبۆ شەمسەدینی لە دایكبووی 1988ی‌ شار‌ی مەهابادە.
لە ساڵی 2003ەوە دەستی داوەتە چالاكی هونەر‌ی.
لە ساڵی 2006ەوە بە شێوەی ئاكادیمی لە زانكۆ بەشی نیگاركێشانی خوێندووه.
لە ساڵی 2010ەوە بڕوانامەی باكالۆریۆسی بەدەستهێناوە.
له ‌ساڵی 2011دا ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە و لە 2012ەوە لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە.











ئا: ئەرسەلان رەحمان
تێبينى: ئه‌و گفتوگۆيه‌ له‌ رێگه‌ى ئه‌ليكترۆنييه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

ليست هناك تعليقات: