. : NRT TV :.
هه‌ولێر: داواكاری كورد له عێراقدا به گوێره‌ی قۆناغه جیاجیاكانی جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداریی كورد، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. له‌م گرته ڤیدیۆیه‌دا مسته‌فا بارزانی داوای ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان ده‌كات.
شۆڕشی ئه‌یلوول، كه له 11ی ئه‌یلوولی 1961 دا به به‌شداری هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان و ته‌واوی توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان سه‌ریهه‌ڵدا، له قۆناغی یه‌كه‌مییدا داوای لامه‌ركه‌زی ئیداری بۆ كوردستان ده‌كرد.
له قۆناغی دووه‌مییدا، كه ده‌كرێت، به قۆناغی دوای وتوێژی بارزانی و موشیر عه‌بدولسه‌لام (1923 - 1966) و رێككه‌وتننامه‌كه‌یان له 10ی شوبات – فێبرایه‌ری 1964 ئیمزا كرا دابنرێت، سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، ئاستی داواكاری كوردی له لامه‌ركه‌زییه‌وه به‌رز كرده‌وه بۆ ئۆتۆنۆمی.
له سه‌رده‌می ئاڵوگۆڕه‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هاتنی ده‌سته‌ی دووه‌می به‌عسییه‌كان بۆ سه‌ر حوكم و ئه‌نجامدانی كوده‌تای "به‌كر – سه‌دام" له ته‌مموزی 1968 به‌سه‌ر حوكمی عه‌بدولڕه‌حمان عارفدا (1916 - 2007) ، له‌وه به‌دوا هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ راگرتنی شه‌ڕ له كوردستان ده‌ستیپێكرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ژماره‌یه‌ك شاندی به‌غدا گه‌یشته گه‌ڵاڵه و له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی رێبه‌ری شۆڕشه‌كه كه‌وتنه وتوێژه‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له ناوخۆی شۆڕشدا، باڵه ته‌ریك بووه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی ئاشتبوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان.
سه‌ره‌نجامی وتوێژه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی شۆڕش رێككه‌وتننامه‌ی مێژوویی 11ی ئازاری 1970ی لێكه‌وته‌وه.
به گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌كه، مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌كانی سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك چه‌سپێنرا.
رێككه‌وتننامه‌كه له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا كاردانه‌وه‌ی جیاجیای لێكه‌وته‌وه و بووه سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بۆ به‌یه‌كه‌وه ژیانی كورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له عێراقدا.
به‌و هه‌نگاوه‌ی عێراق له سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه یه‌كه‌م وڵاتێك مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد ره‌وا ببینێت.
مسته‌فا بارزانی (1903 - 1979) له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا، ئه‌و به‌یاننامه‌یه ده‌خوێنێته‌وه، كه تێیدا، داوای مافی ئۆتۆنۆمی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.
بارزانی ده‌ڵێت: "پاش ئه‌وه‌ی ميله‌تی كورد بۆی ده‌ركه‌وت له ژیانی چه‌ند ساڵه‌یدا له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم و غه‌یری عه‌بدولكه‌ریم ژیانی به شێوه‌ی پێشوو زۆر سه‌خته و مومكین نییه و بۆیه ناچار داوای حوكمی زاتی (ئۆتۆنۆمی) بۆ خۆی بكات له چوارچێوه‌ی سنووری عێراقدا و تا بتوانێت نه‌ختێك به ئاسووده‌یی و سه‌ربه‌ستی بژیت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منیش یه‌كێكم له‌م میله‌ته و ئه‌و داخوازه‌ش له‌سه‌ر ئاره‌زووی هه‌موو میله‌تی كورده و منیش له‌سه‌ر ئه‌و ره‌ئیه‌م و داوای ده‌كه‌م. هیچ كاتێك داوای جیابوونه‌وه و دامه‌زراندنی خكومه‌تی كوردستانی سه‌ربه‌خۆمان نه‌كردووه".
رێككه‌وتننامه‌ی ئازار، بۆ ماوه‌ی زیاتر له چوار ساڵ درێژه‌ی كێشا و به‌هۆی ئیمزاكردنی په‌یماننامه‌ی جه‌زائیری نێوان سه‌دام حوسێن و محه‌ممه‌د ره‌زا شا له 6ی ئازاری 1975، ده‌وڵه‌تی ئێران به ئاگاداری ئه‌مریكا، ده‌ستبه‌رداری پشتیوانیكردن له شۆڕشی كورد بوو.
به هۆیه‌وه، سه‌ركردایه‌تی سیاسی شۆڕشه‌كه له ئاستی سیاسه‌تی ناوخۆی و ده‌ره‌كییدا بێ پشتیوان مانه‌وه، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا وه‌ڵامی نامه‌كانی بارزانی نه‌دایه‌وه.
له ئاستی میلیشدا، خه‌ڵكی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سه‌رپه‌ل و به‌رپرسه مه‌یدانییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بوو بۆ درێژه دان به شۆڕشه‌كه‌یان.
دواجار له ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستانی عێراقه‌وه كه ده‌نگی شۆڕش بوو، سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، كۆتایهاتنی شۆڕشی راگه‌یاند و به وه‌ستانی په‌خشی ئێزگه‌كه، هێزی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی كوردستان تووشی گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی رووحی و نه‌ته‌وه‌یی بوونه‌وه و له هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستانیش بیستنی هه‌واڵی كۆتایی هاتنی شۆڕش بووه هۆی خۆكوشتنی چه‌ندین پێشمه‌رگه.
سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌شێكی وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له ئێران كرد و به‌شێكیشیان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌ورپایی رۆیشتن و ژماره‌یه‌كی به‌رچاویش له كادیرانی شۆڕش ناچار خۆیان راده‌ستی عێراق كرده‌وه. سوپای عێراق گه‌ڕایه‌وه بۆ سنووره‌كان و له بری رێككه‌وتننامه‌ی ئازار، ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان له ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا، نووسراوێكیان به‌ناوی "به‌یاننامه‌ی ئازار" بڵاو كرده‌وه.
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق