الأحد، 9 فبراير 2014

جەبار ئەمین: پشتیوانی كانتۆنەكانی خۆرئاوا ئەركێكی دیموكراتيخوازانەیە

.: NRT.TV :.

ئێن ئاڕ تی – قامیشلۆ: پەرلەمانتاری كوردی پەرلەمانی سوید "جەبار ئەمین" رایگەیاند، پشتیوانیكردنی كانتۆنەكانی خۆرئاوای كوردستان ئەركێكی گرنگی دیموكراتیخوازانەیە.



لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی، ئەندامی كوردی پەرلەمانی سوید جەبار ئەمین، رایگەیاند، بە مەبەستی بەسەركردنەوەی كانتۆنەكانی خۆرئاوا و لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ناوچەكە، وەك پەرلەمانتارێكی سویدی ئەمڕۆ یەكشەممە بە سەردانێك گەیشتووەتە خۆرئاوای كوردستان.



لە سەروبەندی بەستنی كۆنگرەی جنێف 2 دا، پارتى یەكێتی دیموكراتی ناسراو بە "پەیەدە" بە بەشداری پێكهاتە جیاجیاكانی خۆرئاوای كوردستان چەند كانتۆنێكی حوكمڕانی لە خۆرئاوای كوردستان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دامەزراند و رایگەیاند، چارەسەری ئاشتیانە و دیموكراسییانەی پرسی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو بەشەی كوردستان تەنیا لەو رێگەیەوە دێتە دی.



لەو چوارچێوەیەوەدا، جەبار ئەمین، روونیكردەوە، بە گوێرەی ئەوەی خۆرئاوای كوردستان دابەشدەكرێت بەسەر چەند كانتۆنێكدا كە لە هەریەكێكیان سەربەخۆییەكی دیاریكراو هەیە و دەسەڵاتی ناوەند كەمتر دەبێتەوە و پرسی پێكەوەژیان و خەبات بۆ مافی ژنان و پاراستنی ژینگە وەك بنەما لەبەر چاو گیراوون، پشتگیری كردنی ئەو شێوازی كاركردنە ئەركێكی گرنگ و دیموكراتیخوازانەیە.



چاوەڕوان دەكرێت دوای دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی خۆرئاوای كوردستان، ئەو پەرلەمانتارە راپۆرتێك لە بارەی رەوشی ناوچەكەوە ئامادە بكات.

ليست هناك تعليقات: