الأحد، 9 فبراير 2014

ڤیدیۆ: وێرانكاری بەعسییەكان لە هەشتی شوباتدا ببینە

.: NRT.TV :.

ئێن ئاڕ تی – بەغدا: بۆ یەكەمجار دیمەنی وەزارەتی بەرگری عێراق ببینە، كە دوای گەمارۆدانی یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق عەبدولكەریم قاسم تێیدا، تاقمی یەكەمی بەعسییەكان پەلاماریان دا و بە تانك و فڕۆكە بۆمبابارانیان كرد و سەرەنجام قاسمیان بەدیل گرت و دواتریش گولەبارانیان كرد. 

عەبدولكەریم قاسم كە عێراقییەكان بە "زەعیمی ئەوحەد" ناویاندەبرد، وەك یەكێك لە ئەفسەرانی چاوكراوەی سوپای عێراق لە بەرەبەیانی 14ی تەمموزی 1958 توانی بە گرتنی ئێستگەی بەغدا و گەمارۆدان و كوشتنی ئەندامانی بنەماڵەی پادشایەتی عێراق و فەیسەڵی دووەمی پادشا بچووكەكەی عێراق كودەتایەكی سەركەوتوانە بەسەر حوكمی پادشاییدا بكات و سیستەمی حوكم لە پادشاییەوە بكاتە كۆماری.

قاسم، كە عێراقییەكان لە بارەیەوە دەیانوت "ماكو زەعیم ئیلا كەریم"، لە ماوەی ساڵانی 1958 – 1963 وەك فریادڕەسی هەژارانی عێراق دەركەوت. چیرۆكەكانی قاسم بوونە باس و خواسی تەواوی كۆڕ و دانیشتنی هاووڵاتیانی عێراق، بە جۆرێك تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەواداری ئەو زەعیمە لە عێراق ماونەتەوە.

ئەوەی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بەرچاو دەكەوێت، كە یەكەمجارە بڵاو بكرێتەوە، شوێنەواری ئەو بۆمباباران و پەلامارەیە كە تاقمی یەكەمی بەعسییەكان لە بەرەبەیانی هەشتی شوباتی 1963 كردیانە سەر وەزارەتی بەرگری.

رۆژی هەشتی شوبات
كودەتاچییەكانی هەشتی شوبات، كاتژمێر 09:00ی سەر لە بەیانی رۆژی هەینی هەشتی شوباتیان وەك كای سفری دەستپێكردنی كودەتاكەیان دەستنیشان كردبوو، ئەو رۆژە هاوكات بوو لەگەڵا رۆژی 14ی رەمەزان و پشوو بوو، سوپا و هێزە ئەمنییەكان بە ئاسانی دەتوانرا جوڵەیان پێبكرێت.

یەكەیەكی سەربازی پەلاماری ناوەندی ئێستگەی بەغدای دا و دوای دەستبەسەرداگرتنی ئێستگەكە دەستیان بە پەخشكردنی سرودی جۆشهێنەری عەرەبی لەوانە سرودی "جیش العروبة یا بطل"ی ئوم كەلسوم كرد، هەروەها ئەو سرودەیان پەخشكرد كە تایبەت بوو بە شۆڕشی ئەفسەرانی ئازادیخواز و بزوتنەوەی رەشید عالی گەیلانی 1941 "لاحت رؤس الحرب تلمع بین الروابی".

لەو كاتەدا فڕۆكە شەڕكەرەكانی سوپا بە تایبەتی چەند فڕۆكەیەكی میگ 17 لە بنكەی ئاسمانی تەمموز و حەبانییەوە بە سەركردایەتی مونزیر وەنداوی و محەممەد جبوری و حەردان تكریتیش لە بنكەی ئاسمانی كەركوكەوە بە سەرپەرشتی عارف عەبدولڕەزاق هەڵیانكوتایە سەر وەزارەتی بەرگری و بە چڕی بۆمبا بارانیان كرد، دواتر بە تانك و زرێپۆش گەمارۆی وەزارەتی بەرگری درا.

بە گوێرەی گێڕانەوەی شاهێدحاڵەكانی ئەو رۆژە، زۆرێك لە هاووڵاتیانی بەغدا بۆ پاراستنی رێبەرەكەیان لە بەردەم وەزارەتی بەرگری كۆبوو بوونەوە و داوایان كردبوو زەعیم چەكیان بداتێ بەڵام ئەو رەتیكردبووەوە و داوای لێكردبوون بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.

ژمارەیەك لە وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی زەعیم رایانكرد و هیچ یەك لە تیپەكانی سوپای عێراق بۆ پشتیوانی لە زەعیم بەرەو بەغدا نەجوڵان و تەنیا بەرگرییەكی كەم لە حامیەی وەزارەتی بەرگری ئەنجامدرا و چەند كەسێك كە بە پەنجەی دەست هەژمار دەكران لە دەوری قاسم مانەوە. كە ئەمانە بوون: عەقید فازڵ عەباس مەهداوی سەرۆكی دادگای گەل و كوڕی خاڵی زەعیم، عەمید تەها شێخ ئەحمەد بەڕێوبەری جوڵەی سەربازی، قاسم ئەلجەنابی سكرتێری تایبەتی قاسم، مولازم كەنعان حەداد پاسەوانی تایبەتی قاسم.

لە كاتێكدا  بینای وەزارەتی بەرگری لە لایەن فڕۆكەی كودەتاچییەكانەوە بۆمباباران دەكرا، عەبدولكەریم قاسم وتارێكی بۆ گەلی عێراق تۆمار كرد و بە رائید سەعید ئەلدوریدا رەوانەی ئێستگەی بەغدای كرد، بەڵام بەهۆی گیرانی ئێستگەكەوە ئەو وتارە نەگەیشتە گوێی خەڵكی عێراق.

لە وتارەكەیدا هاتبوو: "بۆ رۆڵە بەڕێزەكانی گەل، رۆڵەكانی سوپا، هەندێ تاقمی خیانەتكار و ستەمكار و خراپەكار بە پشتیوانی و جوڵاندنیان لە لایەن ئیستعمارەوە دەیانەوێت كۆمارەكەمان وێران بكەن. بجەنگن لەگەڵیاندا بۆ ئەوەی كۆمارەكەمان سەربەرز بمێنێتەوە. كۆماری نەمری عێراق رۆڵەی شۆڕشی چواردەی تەمموزی نەمرە و نابەزێت. ئێمە لە پێناو گەلدا و بە تایبەتیش لە پێناو هەژارەكاندا كاردەكەین و كیانەكەمان بەهێز دەكەین و ئێمە نابەزین، خودامان لەگەڵە، ئەی رۆڵەكانی سوپا و یەكە تایبەتەكان و كەتیبە و سەربازە ئازاكان، خیانەتكاران بە سزا بگەیەنن و بیانكوژن، ئەوانە دەیانەوێَت كۆمارەكەمان و دەستكەوتەكانی شۆڕشەكەمان لەناو بەرن". 

لە كاتی تۆمار كردنی ئەو وتارەدا بۆمباباران زەعیم ناچار دەكات وتارەكەی بوەستێنێت و دوای دەنگی بۆمبەكان جارێكی دیكە دەست بە قسە دەكاتەوە، بەڵام بەشێكی زۆری قسەكانی بە هۆی بۆمبابارانەوە روون نین.

كودەتاچییەكان توانیان زەعیم بگرن و بە بێ هیچ دادگاییكردنێك لە ستۆدیۆی ئێستگەی بەغدا لە سێدارەیان دا.

دواتر كودەتاچییەكان ئەنجومەنێكیان بە ناوی "ئەنجومەنی نیشتمانی سەركردایەتی شۆڕش" دروست كرد كە زۆرینەیان بەعسی بوون و لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا 12 وەزیریان بەعسی بوون و ئەوانی دیكە كەسانی سەربەخۆ و سەر بە رەوتەكانی دیكە بوون.

لە ئەنجامی ئەو كودەتایەدا تاقمی یەكەمی بەعسییەكان 1963 – 1968 جڵەوی حوكمیان گرتە دەست. و موشیر عەبدولسەلام عارف بووە سەرۆك كۆمار ، بەدوای ئەویشدا عەبدولڕەحمانی برای بووە سەرۆك كۆمار و حوكمی ئەو دوو برایە تا 1968 و هاتنی تاقمی دووەمی بەعسییەكان بە سەرۆكایەتی ئەحمەد حەسەن بەكر و سەدام حوسێن درێژەی كێشا.

ڤيديۆ


سود لە وێكپیدیا وەرگیراوە.
ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: