الأحد، 9 فبراير 2014

ڤیدیۆ :ئێران "خەونی وێرانكردنی ئیسرائیل" لە فیلمێكدا نمایشدەكات

.: NRT.TV :.

 ئێن ئاڕ تی – تاران: كەناڵی رەسمی ئێران لە توێی بەڵگە فیلمێكدا كە لە ژێر ناونیشانی "كابووسی هەڵوكان" پەخشیكرد، سیناریۆی وێران كردنی ئیسرائیل و تیكشكاندنی كەشتیگەلی ئەمریكای لە ئاوی كەنداو نمایشكرد.



بەڵگە فیلمەكە وێڕای پەخشكردنی لە كەناڵی رەسمی ئێراندا، لە چەناڵی "لینز ایران" بڵاوكراوەتەوە و كۆی دیمەنەكانی فیلمەكە ئاوێتە كراوە لەگەڵ وتارێكی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەئی، كە لە 2011 لە نمایشێكی سەربازیدا ئاراستەی گەلانی ئێران و نەیارانی كۆماری ئیسلامی كرد.



لەو فیلمەدا، فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی دروستكراوی ئێران بۆمبابارانی فڕۆكەخانەی  بن گۆریۆنی تەلئەبیب و ناوەندە سەربازی و سیاسییەكانی ئیسرائیل لە حەیفا و تەلئەبیب دەكەن و هێرش دەكەنە سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی چەكی ناووكی ئیسرائیلی ناسراو بە "دیمونا" و ناوچەكە دوكەڵی رەشی لێ بەرز دەبێتەوە و كۆشك و باڵەخانەكانیش دادەڕمێن وەك ئەوەی پولەكانی یاری دۆمینە دادەڕمێن.



هەر لەو فیلمەدا رادارە ئێرانییەكان كەشتیگەلی ئەمریكایی لە ئاوی كەنداو ناسراو بە "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" كە لەسەر شاشەی رادارەكان دەركەوتووە دەكەنە نیشانە و و لە لایەن ئێرانەوە بە موشكەی دوور هاوێژ تێك دەشكێنرێت.



هەڕەشەكانی ئێران لە ئیسرائیل، لە سەردەمی هەشت ساڵ فەرمانڕەوایەتی مەحمود ئەحمەدی نەژاددا گەیشتنە لوتكە و لە ئێستادا ئیسرائیل نیگەرانە لە پێشخستنی بەرنامەی ناووكی ئێران و خاووبوونەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە سزادانی زیاتری ئێران.



ڤيديۆ

ليست هناك تعليقات: