الجمعة، 4 أبريل 2014

. : NRT TV :. قەزافی وەجاغی رۆشنە

. : NRT TV :.

NRT – گامبیا: سەرۆكی گامبیا، بانگەشەی ئەوە دەكات، چارەسەری ئایدز، شەكرە و تەنگەنەفەسی لا دەستدەكەوێت. بە توانا لە رادەبەدەرەكانی دەیەوێت بۆ ملیاران ساڵ حوكمی وڵاتەكەی بكات. لە دوا بڕیاریشدا، فەرمانی دەركرد، زمانی عەرەبی جێگەی زمانی ئینگلیزی بگرێتەوە، كە زمانی رەسمی وڵاتەكەی بوو.

رادیۆی فەرەنسای نێودەوڵەتی و سەرچاوە هەواڵییەكانی خۆرئاوا لە بارەیەوە نووسیویانە، "سەرۆكی گامبیا قەزافیمان بیردەخاتەوە".

سەرۆكی گامبیا "یەحیا جامی"، لە ساڵی 1994ەوە سەرۆكایەتی گامبیا دەكات و وڵاتەكەی پێشتر موستەعمەرەی ئینگلیز بووە. زمانی رەسمی خوێندنەوە و نووسین لەو وڵاتە ئینگلیزییە، بەڵام جامی لە وتارێكدا، كە بە زمانی ئینگلیزی پێشكەشیكرد، رایگەیاند، لەمە بەدوا گامبیا دەبێتە وڵاتێكی شانشینی ئیسلامی و زمانی عەرەبی زمانی رەسمی وڵات دەبێت.

جامی لە لایەن وڵاتانی خۆرئاواوە بە تاوانی كوشتنی رۆژنامەوانێك تۆمەتبار دەكرێت.

ئەو رۆژنامەوانە "دیدا هێدرا" بوو، لە 2004 وتارێكی رەخنەگرانەی لەبارەی جامییەوە نووسیبوو.

وتارەكە لە ژێر ناونیشانی "بەیانیت باش بەڕێز سەرۆك" بوو.

هێندەی نەبرد، "هێدرا" كوژرا و لە پاڵ تەرمەكەیدا نامەیەك بەجێهێشترا بوو، لەسەر نامەكە نووسرابوو، "ئێوارەت باش بەڕێز هێدرا".

لە سەیر و سەمەرەكانی سەرۆكی گامبیا ئەوەیە، دەڵێت: "بە توانا لە رادەبەدەره‌كانم دەتوانم حوكمڕانی وڵاتەكەم بۆ ملیاران ساڵی دیكە بكەم".

هەندێكجار جامی وەك "حەكیم" رۆڵدەبینێت و دەڵێت: "دەتوانم چارەسەری تەنگەنەفەسی و نەخۆشی شەكرە بكەم".

ساڵی رابردووش، جامی رایگەیاند، ئەو چارەسەری نەخۆشی ئایدزی دۆزیوەتەوە و چارەسەرەكە خۆی لە تێكەڵكردنی حەوت رووەك و خوێندنی چەند سروتێكی ئیسلامی دەبینێتەوە.

سەیر لەوەدا بوو، جامی رەتیكردەوە، ئەو تێكەڵە گژوگیایەی بۆ چارەسەری ئایدز دۆزیویەتەوە، بناسێنێت، تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، چارەسەرەكەی پەڕجوو (موعجیزە)یە.

موعەممەر قەزافی رێبەری لیبیا لە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوكمڕانی وڵاتەكەیدا، بە هەڵوێست و وتە سەیر و سەمەرەكانی و جلوبەرگە جۆراوجۆرەكانی دەناسرایەوە.

ليست هناك تعليقات: