مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى ململانێى نێوان كانديده‌كانى هه‌نارده‌ى به‌غدا ده‌كات . : NRT TV :.
NRT – سلێمانى: ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى كورد له به‌غدا، عادل نورى، رایگه‌یاند، دیاریكردنی دوو كاندید له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق "كاره‌ساته"، هاوكات لايه‌نه كوردستانييه‌كان كه خۆيان بۆ وه‌ها بڕيارێك ئاماده نه‌كردبوو، له‌و بڕوايه‌دان، پێويسته يارمه‌تى يه‌كێتى بدرێت تا له‌و كێشه‌يه رزگارى ده‌بێت و چاودێرێكى سياسيش ئه‌و جۆره برياره به "شكست" بۆ يه‌كێتى له‌قه‌ڵه‌مده‌دات.
شه‌وى 20ى ته‌مموز/يۆليۆى 2014، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به ره‌سمی دوو كه‌سی وه‌ك كاندید بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌ستنیشانكرد.
ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاویكرده‌وه، یه‌كێتی هه‌ریه‌ك له به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و فوئاد مه‌عسومی به ره‌سمی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كردووه.
عادل نوری ئه‌ندامی شاندى دانوستانكاری كورد، له ميانه‌ى به‌شداريكردنى له رووماڵى راسته‌وخۆى كه‌ناڵى NRT، تايبه‌ت به‌و پرسه، رايگه‌یاند، دیاریكردنی دوو كاندید له‌لایه‌ن یه‌كێتی یه‌وه "كاره‌ساته‌و ده‌نگه‌كانی كورد په‌رته‌وازه ده‌كات".
هه‌روه‌ها وتی: "ده‌پاڕێمه‌وه له‌یه‌كێتی نیشتیمان كوردستان كه ئه‌و پۆسته یه‌كلایی بكاته‌وه و یه‌ك كه‌س كاندید بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كورد په‌رته‌وازه نه‌بێت".
عادل نوری راشیگه‌یاند، ئه‌وان له‌ئێستادا نازانن، كه ده‌نگ بۆ كێ كۆبكه‌نه‌وه بۆ سه‌رۆك كۆمار له‌به‌رئه‌وه‌ی دوو كه‌س كاندیدكراون.
هه‌روه‌ها وتى: "پۆستى سه‌رۆك كۆمار، پۆستێكى گرنگه و له ده‌سه‌ڵاتييدا هه‌يه، متمانه له حكومه‌ت وه‌ربگرێـته‌وه و ياسا تێپه‌ڕێنێت و نوێنه‌رايه‌تى عێراق له مه‌حفه‌لى نێوده‌وڵه‌تييدا بكات و له په‌راوێزى ئه‌و كاره‌شيدا، پشتيوانى بۆ دۆزى كورد به‌ده‌ستبهێنێت".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌و هيواداره، ئه‌گه‌ر يه‌كێتى ناتوانێت ئه‌و پرسه يه‌كلا بكاته‌وه، ئه‌وا با لايه‌نه كوردستانييه‌كان هاوكارى بكه‌ن، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مان بێنه ناو باسه‌كه‌وه و ده‌رچه‌يه‌ك بدۆزنه‌وه".
روونيشيكرده‌وه، ئه‌گه‌ر يه‌كێتى نه‌توانێت ئه‌و پۆسته يه‌كلا بكاته‌وه، "باشتر وايه، ده‌ستبه‌ردارى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ببێت و داواى پۆستێكى ديكه بكات، بۆ ئه‌وه‌ى زيان له پێگه‌ى كورد و يه‌كده‌نگى كورد له به‌غدا نه‌دات".
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شكرد، باشتر وايه، ئه‌و پرسه بۆ چاره‌سه‌ركردنى به فلته‌رى ديكه‌دا تێپه‌ڕێت، له‌وانه فلته‌رى په‌رله‌مان.
يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، به ده‌ستنيشانكردنى دوو كانديد، لايه‌نه كوردستانييه‌كانى خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ى كه نازانن ده‌نگ به كاميان بده‌ن.
له نوێترين پێشهاتدا، يه‌كگرتووى ئيسلامى كوردستان رايگه‌ياندووه، ئه‌وان ده‌نگ به كانديدێك ناده‌ن، ئه‌گه‌ر له باره‌يه‌وه راوێژيان پێ نه‌كرابێت.
عادل نوورى ئه‌وه‌ى به "فشارێك" زانى بۆ سه‌ر يه‌كێتى تاوه‌كو به بڕياره‌كه‌يدا بچێته‌وه.
هاوكات هه‌ر له ميانه‌ى ئه‌و رووماڵه تايبه‌ته‌ى NRT دا، ده‌رباز محه‌ممه‌د، له بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، رايگه‌ياند، ئه‌وان ئاماده‌كارييان بۆ وه‌ها بڕيارێكى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نه‌كردووه.
وتيشى: "بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌يه‌وێت رێز له ئيراده‌ى يه‌كێتى بگرێت، به‌ڵام ده‌بێت ديراسه‌ى ئه‌و بڕياره‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى بكرێت و بزانرێت چۆن گۆڕان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكات".
بڕياره‌كه‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ى ململانێى نێوان باڵه‌كانى ئه‌و حزبه پيشانده‌دات، هاوكات، هه‌نارده‌كردنى ئه‌و ململانێيه‌يه بۆ ناو گۆڕه‌پانى سياسى هه‌رێمى كوردستان و عێراق، به‌و پێيه‌ى ئه‌گه‌ر دوو كانديدى كورد بچنه به‌غدا و له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا به ده‌نگدان چاره‌نووسيان يه‌كلا بكرێته‌وه، كاريگه‌رى وڵاتانى ناوچه‌كه و هێزه ناوخۆييه‌كان له يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و دوو كانديده‌دا به روونى ده‌ركه‌ون.
نوێنه‌رى گۆڕان ده‌رباز محه‌ممه‌د له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه، كه ئێران كاريگه‌رييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هه‌يه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات، كه دواجار ئه‌و كانديده سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه زۆرينه‌ى شيعه‌كان پشتيوانى لێده‌كه‌ن.
له لاى خۆيه‌وه، به‌ختيار شاوه‌يس، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى يه‌كێتى گومانى خۆى له يه‌كلاييكارى بڕياره‌كه نه‌شارده‌وه و رايگه‌ياند، "هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه بۆ ئه‌وه‌ى يه‌كێتى چاو به بڕياره‌كه‌يدا بخشێنێته‌وه".
ئه‌و وتيشى: "ره‌نگه بڕياره‌كه به دوو قۆناغ ده‌ربچێت و ئه‌مه قۆناغى يه‌كه‌مى بووبێت و له قۆناغى دووه‌مدا له نێوان ئه‌و دوو پاڵێوراوه، يه‌كێكيان ديار بكرێت"، به‌ڵام دڵنيايى له باره‌ى بۆچوونه‌كه‌يه‌وه نه‌دا و ده‌سته‌واژه‌ى "ره‌نگه"ى به‌كارهێنا.
مه‌سعود عه‌بدولخالق، چاودێرى سياسى له هه‌ولێره‌وه به‌شدارى له رووماڵه‌كه له رێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه كرد و سه‌رسامى خۆى له بڕياره‌كه‌ى يه‌كێتى ده‌ربڕى و ئه‌و بڕياره‌ى به "شكست" بۆ مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى وه‌سفكرد.
تا ئێستا نازانرێت، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان چ هه‌ڵوێستێكيان له باره‌ى ئه‌و بڕياره‌وه هه‌يه، كه ئه‌مشه‌و، وه‌ك ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختيار رايگه‌ياند، ئاگادار كراونه‌ته‌وه.
له لايه‌كى ديكه‌وه، نه‌جمه‌دين كه‌ريم، ئه‌ندامى خولى نوێى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ناوى خۆى داوه‌ته سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نه‌كه وه‌ك پاڵێوراو بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار، به‌ڵام چاره‌نووسى بڕيارى خۆپاڵاوتنى بۆ ئه‌و پۆسته ديار نييه.
به‌ختيار شاوه‌يس، له‌و باره‌يه‌وه پێى باش بوو، نه‌جمه‌دين كه‌ريم خۆى وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره بداته‌وه، ئايا داواكه‌ى ده‌كێشێته‌وه ياخود سوور ده‌بێت له‌سه‌ر خۆپاڵاوتنى.
خۆ پاڵاوتنى نه‌جمه‌دين كه‌ريم، هه‌ريه‌ك له كۆسره‌ت ره‌سوڵ و حاكم قادر و مه‌لا به‌ختيارى تووڕه كرد.
ئه‌وان له به‌ياننامه و روونكردنه‌وه‌ى جياجيادا، جه‌ختيان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه "كه‌س بۆى نييه له ده‌ره‌وه‌ى بڕيارى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار كانديد بكات".
كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختيار، له روونكردنه‌وه هاوبه‌شه‌كه‌ياندا، ده‌سته‌واژه‌ى "هه‌رگيز قبوڵى ناكه‌ين"يان له دژى نه‌جمه‌دين كه‌ريم به‌كار هێنابوو.
ململانێى نێوان باڵه‌كانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له سه‌ر دياركردنى كانديدێك له كاتێكدايه، كه دوێنێ له مه‌راسيمێكى بنه‌ماڵه‌ييدا پێشوازييان له سكرتێرى گشتى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان جه‌لال تاڵه‌بانى كرد، كه ساڵێك و 7 مانگ به هۆى نه‌خۆشييه‌وه ژيانى له نه‌خۆشخانه‌ى شارێته‌ى به‌رلين به‌سه‌ر ده‌برد.
مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، به شێوازێكى جياواز له به‌ياننامه‌كانى رابردووى، كه زياتر به‌ياننامه‌ى درێژ بوون، بڕيارى ئه‌مشه‌وى خۆى ئاشكرا كرد.
مه‌لا به‌ختيار به لێدوانێكى چه‌ند وشه‌يى چاره‌نووسى كانديدى يه‌كێتى بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ئاشكرا كرد و هيچ روونكردنه‌وه‌يه‌كى له باره‌ى هۆكارى دياركردنى دوو كانديد بۆ ئه‌و پۆسته نه‌خسته‌ڕوو.
ئه‌وه‌ى پرسيارى لاى مه‌سعود عه‌بدولخالقى چاودێرى سياسى درووستكردووه، ئه‌وه‌يه، رۆڵى تاڵه‌بانى دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌و نێوه‌نده‌دا چييه.
ئه‌و وتى: "ئه‌مڕۆ تاڵه‌بانى ديدارى له‌گه‌ڵ جێگرى خۆى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌نجامداوه، ئايا ده‌كرێت تاڵه‌بانى پرسى پێ نه‌كرابێت، چۆن ده‌كرێت ئه‌و پرسه به بێ راوێژى تاڵه‌بانى يه‌كلا بكرێته‌وه".
ئه‌و وتيشى: "ئه‌گه‌ر هيچ له‌و باره‌يه‌وه به تاڵه‌بانى نه‌وترابێت، ماناى وايه ره‌وشى ته‌ندروستى تاڵه‌بانى به‌و جۆره نييه كه كه‌سوكاره‌كه‌ى باسيان ده‌كرد".
هاوكات، په‌رله‌منتارى پارتى ديموكراتى كوردستان له په‌رله‌مانى هه‌رێم، فه‌رحان جه‌وهه‌ر، بڕواى خۆى به "مه‌ترسيدارى" بڕياره‌كه‌ى يه‌كێتى پيشاندا و رايگه‌ياند، پێويسته سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكايه‌تى په‌رله‌مان ته‌داخول بكه‌ن و رێگه نه‌ده‌ن ئه‌و درزه‌ى له نێو ماڵى يه‌كێتييدايه، كاريگه‌رى له‌سه‌ر پێگه‌ى كورد درووست بكات".
ئه‌ندامانى ئێستاى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان، دواى كورتهێنانى ده‌نگى يه‌كێتى له هه‌ڵبژاردنى خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى هه‌رێمدا له لايه‌ن كاديرانى باڵا و مامناوه‌ندى حزبه‌كه‌يانه‌وه رووبه‌ڕووى ره‌خنه بوونه‌وه و داوايان لێكرا، ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه.
هه‌رچه‌نده، يه‌كێتى له رێگه‌ى پلينۆمێكى نيوكاتژمێرييه‌وه، واده‌ى شه‌رعييه‌تى په‌يڕه‌وى ناوخۆ و به‌رده‌وامى مه‌كته‌بى سياسى بۆخۆى تا كۆنگره‌ى داهاتووى حزبه‌كه‌يان درێژكرده‌وه، به‌ڵام تا ئێستا بڕياريان له باره‌ى كۆنگره‌ى داهاتوو و گۆڕانكارى له په‌يكه‌ر و ئۆرگانى حزبه‌كه‌يان نه‌داوه.
وێڕاى بوونى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند، كه ده‌يان كاديرى باڵاى يه‌كێتى تێيدا ئه‌ندامن و وه‌ك په‌رله‌مانێكى حزبى به نسبه‌ت يه‌كێتييه‌وه سه‌يرى ده‌كرێت، به‌ڵام له باره‌ى پرسى كانديدى ئه‌و حزبه بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار هيچ پرۆسه‌يه‌كى وتوێژ و ده‌نگدان له‌ناو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ئه‌نجام نه‌دراوه.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت له 24 كاتژمێرى داهاتوودا، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم، به روونكردنه‌وه‌يه‌ك، هه‌ڵوێستى خۆى له باره‌ى بڕياره‌كه‌ى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتييه‌وه بخاته‌ڕوو.
پێشبينى ده‌كرێت، يه‌كێتى له ژێر فشارى ناوخۆى و ده‌ره‌كييدا، نه‌يتوانيبێت يه‌ك كانديد بۆ ئه‌و پۆسته ديار بكات، ئه‌مه هه‌ر ئه‌و بۆچوونه بوو كه چاودێرى سياسى مه‌سعود عه‌بدولخالق له هه‌ولێره‌وه به ته‌له‌فۆن بۆ NRT خستييه‌ڕوو.
ئه‌و وتى: "پێده‌چێت، له‌ناو يه‌كێتى و مه‌كته‌بى سياسى، پشتيوانى له فوئاد مه‌سعوم بكرێت، به‌ڵام له ئاستى ده‌ره‌وه، پشتيوانى له به‌رهه‌م ساڵح ده‌كرێت و له‌م ئان و ساته‌شدا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌وترێت".
ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق