السبت، 25 مايو 2013

لە ئەڵمانیا ساڵانە 800 ژنی پەنابەر ناچار بە لەشفرۆشی دەكرێن

لە ئەڵمانیا ساڵانە 800 ژنی پەنابەر ناچار بە لەشفرۆشی دەكرێن

وارڤین – بەرلین: لە ئەڵمانیا ساڵانە (800) ژن دەبنە قوربانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، ئەو ژنانە بە بەڵێنی رەخساندنی هەلی كار، كەمەندكێشی ئەو وڵاتە دەكرێن. لەوێش رووبەڕووی دوو بژار؛ لەشفرۆشی، یان گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەكرێنەوه. بە ناچاری زۆرینەیان بژاری یەكەم قبوڵ دەكەن.

لە ئێستادا، لەو وڵاتەدا، زیاتر لە (10) هەزار ژنی گەنج ناچار بە كاری لەشفرۆشی كراوون. ئەوان رێگەی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان لەبەردەمیاندا داخراوه. ئەم ئامارە لە لایەن پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیەوە پشتڕاستكراوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی پۆلیس، تەنیا ژمارەیەكی كەمیان دەتوانن خۆیان لە دەستی بازرگانەكانی جەستەیان رزگار بكەن و سكاڵایان بگەیەننە پۆلیس.

پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو ژنانە بۆچی رووبەڕووی وەها رەوشێك دەبنەوە، هۆكارە سەرەكیەكەی ئەوەیە، ئەوان بە قاچاغ و لە رێگەی نایاساییەوە روویان لە ئەڵمانیا كردووه. لەلایەن باندەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە فریو دراوون.
پۆلیس دەڵێت زۆربەی قوربانیەكان لە روسیا، ئۆكرانیا، نێجیریاوە روویان لە ئەڵمانیا كردووە.

بەرپرسی ناوەندی بەرگریكردن لە مافی ژنان (ئانا هلمان) رایدەگەیەنێت: "ئەو ژنانە بە بەڵێنی پێدانی كارێك لە میوانخانه، چێشتخانە و ناوەندە بازرگانیەكاندا پەلكێشی ئەڵمانیا كراوون".

ئەو چالاكەی ژنان روونیكردەوە، دوای ئەوەی ئەو ژنانە دەگەنە ناو ئەڵمانیا، بەڵگەنامە و ناسنامەكانیان لە لایەن قاچاخچیەكانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. لە ژێر فشار، لێدان، ئازاری جەستەیی و دەروونیدا ئەوان ناچار دەكرێن بە مەرجی كاری لەشفرۆشی لە ئەڵمانیا بمێننەوە.

یەكێك لە كێشەكانی ئەو ژنانە ئەوەیە، ئەگەر خۆیان لە قاچاخچیەكان دەرباز كرد و روویان لە بنكەی پۆلیس كرد، بەهۆی ئەوەی بە قاچاغ هاتوونەتە ناو ئەڵمانیاوە، پۆلیس ئەوان دەستبەسەر دەكات و رەوانەی وڵاتی خۆیانیان دەكاتەوە.

داوای گۆڕینی یاسای مانەوە دەكرێت
ناوەندی بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان داوای لە حكومەتی ئەڵمانیا كرد، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت؛ پێویستە یاسای مانەوە و نیشتەجێبوونی وڵات هەموار بكات. هەروەها رێگە بدات ئەو ژنانەی بە بەڵێنی درۆ كەوتوونەتە داوی بازرگانەكانی گۆشتی سپی لە وڵاتدا بمێننەوه. هاوكاریان بكات بۆ ئەوەی كارێكیان دەستبكەوێت و لە دەستی قاچاخچیەكان رزگاریان بێت.

ئەو ناوەندە روونیشیكردەوە، قوربانییەكان تەمەنیان لە نێوان (18 و 19) ساڵیدایە و بەهۆی ئەوەی زمانی ئەڵمانی نازانن، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوه. پێویستە حكومەت كۆرسی تایبەتیان بۆ بكاتەوه. وەك پەناهەندە مافی مانەوەیان پێ بدات. لە لەشفرۆشی رزگاریان بكات.

سەركەوتنی رێژەیی ئیتاڵیا جێی سەرنجە
بە گوێرەی ئەو رێككارە یاساییانەی لە ئیتالیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە گیراونەتە بەر، دیاردەكە رووی لە كەمیكردووە.

لە ئیتاڵیا یاسای مانەوە و نیشتەجێبوون هەموار كرا. بە یاسا مانەوەی ئەو ژنانەی رووبەڕووی لەشفرۆشی بوونەتەوە رێكخرا، بۆ ئەوەی چیدیكە قاچاخچیەكان نەتوانن ژنان بچەوسێننەوە و بیانخەنە بازاری لەشفرۆشییەوە.

(ئانا هلمان) ئەوەشی گوت: "ئەگەر قوربانیەكان دڵنیا بن لەوەی پۆلیس رەوانەی وڵاتی خۆیانیان ناكاتەوه، مافی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت؛ ئەوا ئامادەن روو لە بنكەی پۆلیس بكەن و لەبەردەم دادگادا راستییەكان ئاشكرا بكەن".

ناوه‌نده‌كه‌ ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ كه‌يسيان هه‌يه‌، ژنێكى په‌نابه‌ر وێڕاى ئه‌شكه‌نجه‌درانى گيرۆده‌ى به‌كارهێنان و بازرگانيكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ركان كراوه‌ و ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ ناچارى له‌شفرۆشى ده‌كرێن، سه‌ره‌نجام گيرۆده‌ى بازرگانيكردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانيش ده‌كرێن.

س: دوێتچەڤێلە فارسی.
و: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: