الاثنين، 27 مايو 2013

هودا خەلیل: حكومەت هیچی بۆ ژن نەكردووە ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی قوربانیدانی ژنانە

هودا خەلیل: حكومەت هیچی بۆ ژن نەكردووە ئەوەی بەدەستهاتووە بەرهەمی قوربانیدانی ژنانە

هودا خه‌ليل
وارڤین – هەولێر: هاوكات لەگەڵ سازكردنی ئەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەی لە بارەی پرسی میدیاوە ئەمڕۆ دەستی بەكارەكانی كرد و بڕیارە لە تەوەرەیەكیدا باس لە پرسی ژن و میدیا بكات، كچە راگەیاندنكار و هاوكاری وارڤین (هودا خەلیل) رایگەیاند، زۆرێك لە ژنانی میدیاكار رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەت یەك وشەی لەبارەوە نەوتوون.

(هودا خەلیل) نووسەر و كچە بێژەری دیاری كایەی میدیای بینراوی كوردی، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە لایەن كەسانی نەناسراو رووبەڕووی شەپۆلێك لە سووكایەتی و پەلاماردان بووەوە و تۆمەتی هەبوونی گرتەی سێكسی درایە پاڵ، بەڵام تا ئێستا حكومەت و داواكاری گشتی هیچ هەوڵێكیان لە پێناو بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەو كارە نەخستووەتەگەڕ.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) ئەو كچە میدیاكارە رایگەیاند، لە رابردوودا، هەریەك لە (ئەڤین ئاسۆ، دەشنێ موراد، ئەمان عەلی) و ئێستاش (من) رووبەڕووی شەپۆلێك سووكایەتی و ناوزڕاندن بووینەتەوە، ئادەی با حكومەت پێمان بڵێ بۆ رێگرتن لە تیرۆری كەسایەتی ئەم ژنە راگەیاندنكارانە چی كردووە.

گوتیشی: "ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەدەستهاتووە بۆ ژنان دەست و دیاری حكومەتی هەرێم نیە، بەڵكو ئەوە بەرهەمی رەنج و قوربانیدانی هەموو ئەو ژنانەیە كە بەڕووی توندوتیژیدا هاوار دەكەن و دەنگیان بەرز كردووەتەوە، با حكومەت یەك نموونەمان لە بارەی چارەسەكردنی ریشەی كێشەی توندوتیژی بۆ بخاتەڕوو".

هەروەها گوتی: "ئەوەی لە هەرێم روودەدات، هاوشێوەی نیە لە جیهاندا، چونكە لێرە بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و حزبی لە ریزی پێشەوەی ئەو كەسانەن كە توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام دەدەن و هەوڵی ئیستیغلالكردنی ژنان و تەحەڕووش پێكردنیان دەدەن".

روونیشیكردەوە، تا ئێستا حكومەت و داواكاری گشتی لە بارەی ئەو تۆمەت و سووكایەتیانەی دراونەتە پاڵی هیچ كاردانەوەیەكیان پیشان نەداوە و گوێی خۆیانیان لێ خەواندووە.

ئەم وتانەی (هودا خەلیل) لە كاتێكدا دێن، كە بەشی میدیای دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، رەتیكردەوە بەشداری ئەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە بكات، كە ئەمڕۆ لە هەولێر بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی میدیا و بەرپرسانی سیاسی دەستیپێكردبوو، هەرچەندە داواكرابوو، دەزگاكە وتاری هەبێت.

سەبارەت بە رەتكردنەوەی بەشداریكردن لەو كۆنفرانسە، بەرپرسی دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، (لەنجە عەبدوڵڵا) رایگەیاندبوو، ئەوان نایانەوێت بەشداری لە كۆنفرانسی بێ كرداردا بكەن.



ليست هناك تعليقات: