السبت، 25 مايو 2013

وارڤین وردەكاری یەكەم دانیشتنی دۆسیەی نیگار رەحیم بڵاو دەكاتەوە

وارڤین وردەكاری یەكەم دانیشتنی دۆسیەی نیگار رەحیم بڵاو دەكاتەوە

نيگار ره‌حيم
وارڤین – گەرمیان: دوای (10) مانگ لە كوژرانی (نیگار رەحیم)ی شانزە ساڵ، دادگای تاوانەكان لە گەرمیان یەكەم دانیشتنی دادگایكردنی بكوژەكەی ئەنجامدا و لە دانیشتنی دادگادا ئەندامانی خێزانی (نیگار) و بكوژەكەیی و  یەكێك لە مامەكانی گوتەیان لێوەرگیرا. دايك و باوك و مامى نيگار رايانگه‌ياند، بكوژه‌كه‌ په‌ركه‌مى هه‌يه‌ و ئه‌ويش گوتى: "من تاوانبار نيم".

لە دوا بەدواداچوونی ئەو كەیسەدا، رۆژی (2 / ئایار – مایۆ / 2013) (وارڤین) لە راپۆرتێكدا لە ژێر ناونیشانی (تا ئێستا بكوژی نیگار رەحیم دادگایی نەكراوە) وردەكاری هەنگاوەكانی بەدواداچوونی ئەو كەیسەی خستەڕوو.

لە تازەترین پێشهاتدا، دوێنێ سێشەممە (21 / ئایار – مایۆ / 2013)، دادگای تاوانەكان لە گەرمیان یەكەم دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەكەی (نیگار رەحیم)ی ئەنجامدا.

(نیگار رەحیم)، (16 ساڵ)، شەوی پێنجشەممە – هەینی (19 -  20 / تەمموز – یۆلیۆ / 2012) كات (9)ی شەو، لە لایەن یەكێك لە براكانییەوە بە چەقۆ كوژرا. ئەو تاوانە دوای ئەوە هات، كە (نیگار)، لە سەرەتای ساڵی (2012)، لە لایەن برایەكییەوە دەستدرێژی سێكسی كرابوویە سەر و دوای ئاشكرابوونی تاوانەكە، (نیگار) لە بنكەیەكی پەنادانی ژنان پەنادرا، بەڵام دواجار لە رۆژی (12 / حوزەیران – یۆنیۆ / 2012) بەڕێوبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی گەرمیان لەسەر بنەمای "بەڵێننامە"، (نیگار)ی رادەستی كەسوكاری كردەوە.

لە دادگا چی گوزەرا
لە دانیشتنی یەكەمی دادگادا، هەریەك لە باوكی نیگار "رەحیم مەجید" و دایكی و مامێكی و بكوژەكە وتەیان لێوەرگیرا.
دوای سوێند خواردن، باوكی نیگار لە بەردەم دادوەردا گوتی: پێش رووداوەكە نیگار هاتە لام و پێی وتم باوكە ئەوە بانگی عیشایە و بەیانی رەمەزانە، ناچیت بۆ مزگەوت، پاش ئەوەی چووم بۆ مزگەوت و گەڕامەوە لە ماڵەوە پێیان وتم نیگار بە سەختی بریندارە و لە نەخۆشخانەیە. 

لە پرسیاری دادوەر سەبارەت بەوەی ئایا سكاڵای لە سەر كەس نییە، (رەحیم مەجید) گوتی: "هەردووكیان هەر جەرگمن بۆیە سكاڵای چی تۆمار بكەم، كوڕەكەم،  (ه.) نەخۆشی پەركەمی هەیە و ئەو حەبەی كە بۆی دەكڕین بە (30) هەزار دینارە". 

دایكی چی گوت؟
دواتر دایكی نیگار لەبەرەم دادوەر سوێندی خوارد و ئیفادەی خۆی بەم شێوەیە دا: "من لە حەوشەدا بووم و سەرقاڵی دەستنوێژ گرتن بووم، كاتێك چومە ژوورەوە بینیم (ه.) بە چەقۆ پەلاماری نیگار دەدات، باوەشم لە (ه.) داو دوورم خستەوە و لەو كاتەدا نیگار بەرەو ماڵی مامی هەڵهات كە ماڵیان بە تەنیشتی خۆمانەوەیە. لەو كاتەدا باوكی نیگار لە مزگەوت بوو".

"كوڕەكەم هەموو كەس دەزانێت كە نەخۆشی پەركەمی هەیە"، دایكی نیگار وای گوت. هەروەها دایكی ئاماژەشیدا، كە كورەكەی "ه" نەخۆشی لە گەڵدایە.

هەر لە درێژەی دادگاییەكەدا مامی (نیگار) وتەی وەرگیراو رایگەیاند؛ لە كاتی رووداوەكە ئەو لە ماڵەوەی خۆیان لە گەڵ خێزانەكەی دانیشتبوون و لە ناكاودا نیگار خۆی كردووە بە ژوورەوە و پێی راگەیاندوون كە (ه.)ی برای پەلاماری دایكی داوە و فریای بكەون. 

گوتی: "لە كاتێكدا ویستوومە لە دەرگای كلیدۆری ماڵەوە بڕۆمە دەرەوە لەو كاتەدا (ه.) خۆیكرد بە حەوشەی ماڵماندا و لە دەرگای چێشتلێنەرەكەوە چووە ژوورە و پەلاماری نیگاری داو چەند چەقۆیەكی لێدا". 

مامەی نیگار هەروەها راشیگەیاند؛ ویستویەتی (ه.) بگرێت، بەڵام ئەو پاڵی پێوەناوە و فرێی داوەتە دواوە. 

هەروەها گوتیشی: لە پاش رووداوەكە نیگارم گەیاندە نەخۆشخانە و ئیتر گیانی لە دەستدا.

بكوژەكە دەڵێ "تاوانبار نیم"
هەر لە درێژەی ئەو دادگایەدا (ه.) كە تەمەنی (30 ساڵ)ە، وتەی وەرگیراو رایگەیاند؛ ئەو نەیویستووە نیگار بكوژێت، باسی لەوەشكرد، كە نەخۆشی هەیە و هەروەها قسە و تانەی خەڵك و بڵاوبونەوەی رووداوەكە لە راگەیاندنەكان كاریگەری زۆری هەبووە لە سەری. سەبارەت بەوە، كە بۆچی لە دژی ئەو تانەو قسانە سكاڵای لەسەر كەس نییە، ناوبراو رایگەیاند كە "سكاڵای چی تۆمار بكات!".

لە دواپرسیاریشدا، كە دادوەر پرسیاری لێكرد، ئایا خۆی بە تاوانبار دەزانێت یان نا؟، (ه.) رایگەیاند؛ كە "تاوانبار نییە". 

لە كۆتاییدا دادوەر بریاردا دانیشتنەكە دوابخرێت بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتوو، (28 / ئایار – مایۆ / 2013) و بڕیارە لە دانیشتنی دووەمدا دادوەر حوكمی كۆتایی لە بارەی دۆسیەكەوە دەربكات.

لە دانیشتنەكەی دادگادا ژمارەیەك لە چالاكانی ژن و ئەندامانی گروپی ژیان ئامادە بوون و لە راگەیەندراوێكیشدا، ئەو گروپە، داوایكرد، دۆسیەكەی (نیگار) بچووك نەكرێتەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، كە گروپی ژیان دەریكردووە و وێنەیەكی بۆ (وارڤین) نێردراوە، هاتووە: "گرنگە بەهۆی ناجێگیری دەرونیەوە ئەم كەیسە بچووك نەكرێتەوە، لەبەرئەوەی كوشتنی نیگار رەحیم تاوانێكی گەورەیە و دەبێت وەك گەورەی تاوانەكە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و  دادپەروەرانە كاری جدی لەسەر بكرێت".

ئا: س.ح.

ليست هناك تعليقات: