السبت، 25 مايو 2013

"هاوسەرگیری كاتی نەجەفی تووشی ئایدز كردووە"

"هاوسەرگیری كاتی نەجەفی تووشی ئایدز كردووە"

وارڤین – نەجەف: بەڕێوبەری پەیمانگەی نەخۆشیە گواستراوەكان لە نەجەف، رایگەیاند، حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز بە شێوەیەكی ترسناك لە هەڵكشاندایە و هۆكارەكەشی بڵاوبوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیری كاتیە.

بەڕێوبەری پەیمانگەی نەخۆشیە گواستراوەكان لە نەجەف، دكتۆر (حسین عەبدوڵڵا ئەلجابری)، لە دەرسگوتارێكدا، كە لە زانكۆی كوفە پێشكەشیكرد، رایگەیاند، نەجەف گیرۆدەی نەخۆشی ئایدز بووە و حاڵەتی تووشبوون بەو نەخۆشیە بە شێوەیەكی مەترسیدار لە هەڵكشاندایە.

(ئەلجابری)، گوتی: "هۆكاری یەكەمی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە، پەرەسەندنی دیاردەی هاوسەرگیری كاتیە، كە بە بێ لەبەرچاو گرتنی هیچ مەرجێكی تەندروستی ئەنجامدەدرێت و هاتنی ئێرانی و پاكستانیەكانیش بۆ نەجەف هۆكارێكی دیكەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیەیە".

دەرسگوتارەكەی (ئەلجابری) لە ژێر ناونیشانی (بەرەو پاراستنی باشوور لە ئایدز با هاوكاری یەك بین) پێشكەشكرا و تێیدا ئەو شارەزایە، رەخنەی لە زانا و پیاوانی ئاینی نەجەف گرت و گوتی: "پڕكردنەوەی گرێبەستی كاتی بۆ ژن و پیاوان بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بەیەكەوە بن و لەبەر چاو نەگرتنی رێنماییە تەندروستییەكان كارەساتی بەدوادادێت".

هەروەها گوتی: "بەردەوامیدان بە پڕكردنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری كاتی، ئەركی پزیشك و لێكۆڵەرانی ئەو بوارە سەختتر دەكات و ناتوانرێت هیچ كارێك بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە بكرێت".

دكتۆر (ئەلجابری) داوای لە حەوزەی عیلمی نەجەف كرد، كە ناوەندی باڵای شیعەئاینزاكانی عێراقە، بڕیار بدات بە راگرتنی پرۆسەی پركردنەوەی هاوسەرگیری كاتی، تا ئەو كاتەی وەزارەتی تەندروستی رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر و مەرج و رێككاری پێویست بۆ ئەنجامدانی دەستنیشان دەكات.

روونیشیكردەوە، گەنجە زیارەتكارە ئێرانییەكان بە بێ هیچ پشكنینێك لە لای (سەید)ێك گرێبەستیان بۆ پڕدەكرێـتەوە و لەگەڵ كچانی تازە پێگەیشتووی نەجەف، كە خراونەتە ناو ئەو بازرگانییەوە، كاتی مانەوەیان بەسەر دەبەن، ئەمەش مەترسییەكەی زیاتر كردووە.

بە گوێرەی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، تەنیا لە مانگی (نیسان – ئەپریل)ی ئەمساڵدا، (80) حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز، لە نەجەف تۆماركراوون و زیاتر لە (4000) كەس مودمینی ماددە بێهۆشكارەكان بەتایبەتی (تریاك) بوون.

و: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان.

ليست هناك تعليقات: