السبت، 25 مايو 2013

تۆمەتی "هەبوونی گرتەی سێكسی" دەخرێتە پاڵ ژنە راگەیاندنكارێك

تۆمەتی "هەبوونی گرتەی سێكسی" دەخرێتە پاڵ ژنە راگەیاندنكارێك

وارڤین – هەولێر: بۆ جاری دووەم لە ماوەی تەنیا یەك هەفتەدا، پەلاماری كەسایەتی هاوكاری (وارڤین) و كچە پێشكەشكاری بەرنامەی (خۆشترین دەنگ)، (هودا خەلیل) دەدرێت. ئەو بە "هەبوونی گرتەی سێكسی" تۆمەتبار دەكرێت، لەكاتێكدا ئەو گرتەیەی بڵاو بووەتەوە هیچ شتێكی نائاسایی تێدا نیە.

لە رێگەی هاككردنی فەیسبوك و كۆمپیوتەرەكەیەوە، هاككەرەكە كامێرای كۆمپیوتەری (هودا خەلیل)ی كردووەتەوە و لە چەند دیمەنێكدا (هودا) لە بارێكی ئاساییدا دەردەكەوێت و هەندێك ماڵپەڕیش بە بێ سەیركردنی گرتەكە، لە ژێر ناونیشانی (گرتەی سێكسی) بڵاویان كردووەتەوە.

لەو بارەیەوە، (هودا خەلیل) لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك روونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا لە ژێر ناونیشانی (تاكەی تۆمەت و درۆم بۆ هەڵ دەبەستن) نووسیویەتی: "هاوڕێكانی من ئاگادارن، كە ماوەیەك پێش ئێستا كەسێكی نەفس نزم كۆمپیوتەرەكەی منی هاككردووە و بە ئارەزووی خۆی و بۆ مەبەستە گڵاوەكانی خۆی بەكاری هێناوە و لە هەندێك شوێندا بێ ئاگاداری من و بێ ئەوەی من پێی بزانم كامێرای كۆمپیوتەرەكەمی كردۆتەوە بۆ ئەوەی لە كەسایەتی من بدات من نازانم ئەو نەفس نزمانە تاكەی تۆمەتم بۆ هەڵدەبەستن و دژایەتیم دەكەن لە كاتێكدا من دوژمنی هیچ كەسێك نیم و رقم لە هیچ كەسێك نیە".

سەبارەت بە گرتە ڤیدیۆكەش كە هەندێك سایتی هەواڵی بەناوی (گرتەی سێكسی) بڵاویان كردووەتەوە، (هودا) نووسیویەتی: "هەر كەسێكی ئاقڵ ئەو ڤیدیۆیەی بینیبێ لە یوتیوب كە گوایە من لەگەڵ كوڕێك لە سكایپ قسە دەكەم ئەوا دەزانێ ئەو ڤیدیۆیە دروست كراوە و هیچ پەیوەندیەكی بە منەوە نیە چونكە گەر بە تەركیز سەیری ڤیدیۆیەكە بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوه،‌ كە ئەمە سیناریۆی كەسە نەخۆشەكەیە، چونكە هەروەك لە گرتە ڤیدیۆیەكە دەر دەكەوێ كە من خەریكی خۆ میكیاژ كردنم نەك چات كردن و لە هیچ شوێنێكیشدا قسە ناكەم هەروەها زۆربەی كات خەریكی كاروباری ناو ماڵەوەم و ئاگاداری كۆمپیوتەرەكەم نیم كە كامێرای كراوەتەوه".

هەروەها رەخنەشی لە نەبوونی بەدواداچوونی یاسایی گرتووە و نووسیویەتی: "بەداخەوە ئەوە بێ یاسایی و بێ دادگایی وڵاتی ئێمەیه،‌ كە ئەو كەسە نەخۆشانە ئاوا بە ئارەزووی خۆیان تۆمەت و سیناریۆی ناڕەوا بۆ خەڵكی دروستدەكەن و كەسیش نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكات".

ئەمە دووەم جارە لە دوای دەركەوتنی وەك پێشكەشكاری بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی (NRT2) ئەو كچە پێشكەشكارە رووبەڕووی سووكایەتی پێكردن ببێتەوە و جاری یەكەم بەوە تۆمەتبار كرا گوایە هێرشی كردووەتە سەر ئاینی ئیسلام.

سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی (گرتەی سێكسی)، پەیجی (رۆژنامەوانی) كە پەیجێكی تایبەت بە دەرخستنی هەڵەكانی بواری رۆژنامەوانی كوردیە، لە ژێر ناونیشانی (چەواشەكردنی خوێنەر و تۆمەت دروستكردن كاری رۆژنامەوان نیه) كۆمێنتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا روونیكردووەتەوە، كە "ئەو گرتەیەی‌ بڵاو بووەتەوە، دوور و نزیك هیچ شتێكی سێكسی تێدا نیە و حەق نیە هیچ كەس و ماڵپەڕێك خوێنەرانی چەواشە بكات و بۆ زیادكردنی كرتەیەك درۆ بهۆنێتەوە".

هەروەها نووسیویەتی: "جێی شەرمە ماڵپەڕێك خەڵكی خۆی پێ گەمژە بێت و هێندە سووكایەتی بە عەقڵی خوێنەرەكانی بكات... حەق وایە هودا خەلیل لە سەر ئەو ناونیشانە سكاڵا لەسەر ئەو ماڵپەڕە تۆمار بكات".

هه‌واڵى په‌يوه‌ست:

ليست هناك تعليقات: