السبت، 25 مايو 2013

ژنانی شنگال بەدەست توندوتیژیی پیاوانەوە دەناڵێنن

ژنانی شنگال بەدەست توندوتیژیی پیاوانەوە دەناڵێنن

وارڤین – شنگال: (ماجیدە ئەلیاس) تەمەن (23 ساڵ) دەڵێت: "ژنی شنگال مردوویەكی زیندووە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ژیانی لە مردن سەختترە. لە توندوتیژیی بەردەوامدا دەژی بە هۆی مامەڵەی خراپی مێرد، كوڕ، برا، مام و خاڵ و كۆمەڵگەوە".

رۆژ لە دوای رۆژ توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان لە كۆمەڵگەی شنگالی لە پەرەسەندندان و ژنانی شنگال گیرۆدەی توندوتیژییەكانی كۆمەڵگە و خێزان و پیاوان بوون و رێكخراوەكانی ژنانیش بە كەمتەرخەم و هیچ لەدەستنەهاتوو بۆ چارەسەری كێشەكانیان تۆمەتبار دەكەن.

(خەنسی رەشۆ) تەمەن (19 ساڵ)، گوتی: "ئەركی رێكخراوەكانی ژنانە، بەرگری لە مافی ژنان بكەن و لە رێگەی كۆڕ و سیمینارەوە هۆشیاری لە بارەی توندوتیژییەوە بڵاو بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە نەكراوە.

(خەنسی) گوتی: "زۆر بە سادەیی ئەوەی ژنی شنگالی تەنیا داوای ئەوە دەكات رێزی لێبگیرێت و وەك مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

ئەو ژنە داوای لە رێكخراوە مەدەنییەكان و پشتوانانی مافەكانی ژن كرد روو لە كۆمەڵگەی شنگالی بكەن و ژنانی ناوچەكە لە توندوتیژییە بەردەوامەكان رزگار بكەن.

(ماجیدە ئەلیاس)ی تەمەن (23 ساڵ) لە بارەی توندوتیژییەكانی دژ بە ژن و رەوشی ژنانی شنگالی گوتی: "ژنی شنگال مردوویەكی زیندووە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ژیانی لە مردن سەختترە. لە توندوتیژیی بەردەوامدا دەژی بە هۆی مامەڵەی خراپی مێرد، كوڕ، برا، مام و خاڵ و كۆمەڵگەوە."

بە گوتەی (ماجید)ە، رەوشی ئێستای ژیانی ژنانی شنگال "مەترسییە بۆ سەر كۆی كۆمەڵگە"، ئەو كۆمەڵگەی شنگالیشی بە "زیندان بۆ ژنان" وەسفكرد.

لەو بارەیەوە بەرپرسی ناوەندی شنگالی‌ رێكخراوی (یەكێتی ئافرەتانی كوردستان)، (شاها ئەحمەد)  به‌ (PNA)ى رایگەیاند، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ، بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، حاڵەتی توندوتیژیی كەمی كردووە و تەنیا (13) حاڵەت تۆمار كراون، ئەمە لە كاتێكدایە، كە لە (2011 و 2012)ـدا (81) حاڵەتی توندوتیژیی دژبە ژنان تۆمار كراون.

ليست هناك تعليقات: