الاثنين، 5 أغسطس 2013

ئێڤار ئیبراهیم: بێ ویژدانانە خەریكی تۆمەت دروست كردنن بۆم

ئێڤار ئیبراهیم: بێ ویژدانانە خەریكی تۆمەت دروست كردنن بۆم

01:36:05/08/2013
هێڤار ئيبراهيم
وارڤین – هەولێر: ژنە كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی هەندێك پەیجی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، "لە رێگەی چەند پەیجێكەوه ‌بێ ویژدانانە خەریكی تۆمەت دروست كردنن بۆم ".

دوای ئەوەی چەند پەیجێك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، كە بانگەشە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ئابڕووبەریان لە كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری هەولێر "ئێڤار ئیبراهیم" كرد، ئەو ژنە كاندیدە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامی لە چالاكی سیاسی دووپاتكردەوە.

ئەمە دووەم جارە لە ژیانی سیاسی ئەو ژنە چالاكەدا، هەوڵی تیرۆركردنی كەسایەتیەكەی دەدرێت، جاری یەكەم لە پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، بە هەمان شێواز پەلاماری كەسایەتی "ئێڤار ئیبراهیم" درا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، "ئێڤار" بە دووەم كەسایەتی ژن دادەنرێت كە لە رێگەی ئەو پەیجانەی بەرگری لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن، پەلامار درابێت و ساڵی رابردوو، كەسایەتی ژنی كورد "هۆزان مەحمود" پەلاماردرا و "هەڕەشەی لەتوپەتكردنی" لێكرا.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:
ڕوونكردنەوەیەكی پێویست

بەڕێزان گۆڕانخوازانی ئازیز خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، دوای ئەوەی وەك ژنێك بڕیارمدا خۆم كاندید بكەم بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ببم بە كۆسپێك لە سەر رێگەی چەتە و مافیاكانی ئەم وڵاتە بە ئامانجی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بە گشتی و ژنانی وڵاتەكەم بە تایبەت.

هەر لە سەرەتاوە كۆمەڵێك كەس و لایەن ترس كەوتە دڵیان و هەوڵی زۆریاندا بۆ پەشیمان بوونەوەم لە ئیستاشدا ئەم هەوڵە نەزۆكانە بەردەوامیان هەیە، بەڵام بە داخەوە چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك نەفس نزم و هەندێ لە بەكرێ گیراوان لە رێگەی چەند پەیجێكەوە بێ ویژدانانە خەریكی تۆمەت دروست كردنن بۆم تا ئەو ئاستەی هەوڵی ئەوەیاندا تۆمەتی ئەخلاقیم بۆ دروست بكەن، بەڵام لێرەوە زۆر بە كورتی دەمەوێ پەیامێك بەو كەس و لایەنانە بگەیەنم و پێیان دەڵێم ئێوە بەردەوام بن و منیش بەردەوام چونكە من ئیتر بڕیارێكەو داومە هیچ هێزێكیش شك نابەم بتوانێ لە بڕیاری خۆم پەشیمانم بكاتەوە من ئیتر بڕیارم داوە خزمەتكارێكی بچوكی خەڵكی كوردستان و گەلەكەی خۆم بم.

من ئیتر بڕیارم داوە مۆمێك بم بۆ ئازادیخوازان بسوتێم و تا مردن نەكوژێمەوە، دڵنیاشبن سەدان تۆمەت و درۆیتر بە دوای یەكدا ڕیز بكەن جگە بەخشینی گڕو تینی زیاتر بۆم تۆسقالێك لە كەسایەتی خۆم و بنەماڵەكەم كەم ناكاتەوە چونكە من هەم و مۆم ئاسا بۆ داهاتووی نەتەوەكەم لە توانەوەم سڵ ناكەمەوە ئێوەش باس لە شتانێك دەكەن دۆڕاندوتانەو ئیتر بۆتان ناگەڕێتەوە.

ليست هناك تعليقات: