الثلاثاء، 6 أغسطس 2013

دوو دەزگای وەزارەتی ناوخۆ ئاماری جیا لە بارەی توندوتیژی بڵاو دەكەنەوە

دوو دەزگای وەزارەتی ناوخۆ ئاماری جیا لە بارەی توندوتیژی بڵاو دەكەنەوە
02:50:06/08/2013
وارڤین – هەولێر: ئامارەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان تا ئێستا بە ئاماری ورد و زانستی هەژمار ناكرێن و لە تازەترین پێشهاتدا دوو دامەزراوەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ژمارەی جیا لە یەك لە بارەی توندوتیژییەكانەوە بڵاو دەكەنەوە.

دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەرك و رۆڵی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئامارێكی بڵاوكردەوە، ئەو ئامارە بووەتە جێی رخنەی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی و ژمارەكانی هەردوولاش یەكناگرنەوە.

دوای دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە بڕیارێك لە 2011 بڵاوكردنەوەی ئاماری توندوتیژی لە لایەن دەزگاكانی هەرێم قەدەغە كرد و بە گوێرەی بڕیارەكە تەنیا ئەو بەڕێوبەرایەتییە بۆی هەیە ئامار بڵاو بكاتەوە.

بە پێچەوانەی ئەو بڕیارەوە، بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ جوڵانەوە و تاوانی‌ هەولێر عەقیدی مافپەروەر "عەبدولقادر محەمەد حەسەن" لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنانی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاو كردەوە.

بە گوێرەی ئامارەكەی پۆلیس، لە ماوەی شەش مانگی‌ یەكەمی‌ ئەمساڵدا، 26 حاڵەتی‌ كوشتنی‌ ژن تۆمار كراوە و رێژەی‌ 87%ی‌ بكوژەكانیش ئاشكرا بوون و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا كراوە.

لە بارەی ئامارەكانی سووتانیشەوە ئەو بەرپرسەی پۆلیس بڵاویكردەوە، "هەر لەو ماوەیەدا‌ 52 ژن خۆیان سووتاندووە، كە 92%یان مردوون و 32 كەسیش حوكم دراون، هەروەها 462 حاڵەتی لێدان و ئازاردانی‌ ژنانیش تۆمار كراوە".

بە گوێرەی ئەو ئامارەی مانگانە، ماڵپەڕی وارڤین بە شێوەیەكی رەسمی لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەرگرتوون و بڵاویكردوونەتەوە، ئەو ئامارەی پۆلیس و ئاماری بەڕێوبەرایەتییەكە یەك ناگرنەوە.

وەك ئەوەی لە شەش مانگی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا وارڤین بڵاویكردووەتەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر توندوتیژیەكان بەم شێوەیە بوون:

كوشتن 27 حاڵەت، خۆكوشتن 26 حاڵەت، سووتان 83 حاڵەت، خۆسووتان 42 حاڵەت، دەستدرێژی سێكسی 7 حاڵەت.

ئەمە لە كاتێكدا لە بارەی كوشتنەوە پۆلیس بێ ئاماژەكردن بە حاڵەتەكانی كوشتن، تەنیا 26 حاڵەتی خۆكوشتنی هەژمار كردووە و لە بارەی سووتانیشەوە لە ئاماری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی خۆسووتاندن 42 حاڵەتە، بەڵام لای پۆلیس 52 حاڵەتە.

لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان "كوردە عومەر" وێڕای دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر بڵاوكردنەوەی ئامار لە لایەن پۆلیسەوە، رایگەیاند، داوا كراوە پۆلیس روونكردنەوە لە بارەی ئەو رەفتارەی بدات، چونكە بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ كەس بۆی نیە ئامار رابگەیەنێت، جگە لە بەڕێوبەرایەتییەكەی ئێمە.

گوتیشی: "بە هۆی ئەوەی تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی توندوتیژی لای بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نەبوون، زۆر وردەكاری كەیس هەیە نەزانراوە، بەڵام لە ئێستادا كار كراوە بۆ ئەوەی خۆمان لێكۆڵینەوە بكەین و لە گەرمیان دەست پێكراوە و دوای پشووی جەژنیش لێرە و شوێنەكانی دیكەش دەست بەو پرۆسەیە دەكەین".

روونیشیكردەوە، لە ئامارەكاندا گرفتی ناڕوونی هەیە، بۆنموونە ئەو حاڵەتانەی سووتانن، هەندێكیان هۆكارەكە كۆمەڵایەتی نیە، بەڵام تۆمار كراوە، هەروەها لەوانەی خۆیان دەسووتێنن، بەشێكیان دان بەوەدا نانێن كە لەبەر چی خۆیان سووتاندووە و سكاڵا لە دژی كەس تۆمار ناكەن.

ئامارەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان نەبوونەتە جێی متمانەی چالاكانی ژن و هەر كەیسێكی توندوتیژی ئەگەر سكاڵای نەبێت بە توندوتیژی هەژمار ناكرێت و ئەو كەیسانەی دەمرن یان دەكوژرێن، كەس سكاڵای نەبێت بە قەزاو قەدەر هەژمار دەكرێن و ناخرێنە ئامارەكەوە.

لە دیارترین نموونەی شاردنەوەی كوشتنی ژنان و هەژمارنەكردنی بە توندوتیژی، تاوانی كوشتنی دوو ژن بوو لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لە شاری دهۆك لە لایەن عەمیدێكی پێشمەرگەوە، بەڵام جێی سەرنجە لە ئامارەكەی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هیچ ئاماژەیەك بە كوشتن لە دهۆك نەكرابوو، ئەو تاوانە بە توندوتیژی دژی ژن هەژمار نەكرابوو.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: