الاثنين، 5 أغسطس 2013

لە هەولێر منداڵان كۆنفرانسێكی تایبەت بە كێشەكانیان ساز كرد

لە هەولێر منداڵان كۆنفرانسێكی تایبەت بە كێشەكانیان ساز كرد

08:27:04/08/2013
لايه‌نێك له‌ كۆنفرانسه‌كه‌، فۆتۆ: وارڤين.
وارڤین – هەولێر: یەكەم كۆنفرانسی منداڵان بۆ تاوتوێكردنی كێشەكانی منداڵ، لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ ساز كرا و تێیدا منداڵان كێشەكانی خۆیان تاوتوێكرد و ژمارەیەك پێشنیاز و راسپاردەیان گەڵاڵەكرد، بۆ ئەوەی بیگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەكان.

كۆنفرانسەكە، لە ژێر درووشمی "لە منداڵانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار"، ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی ئاب – ئۆگستی 2013 لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ لە شاری هەولێر لە لایەن رێكخراوی "بەهرەمەند بۆ هۆشیاری منداڵان" بە هاوكاری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ، سازكرا.

جیاواز لەو كۆنفرانسانەی تایبەت بە پرسی منداڵ ساز دەكرێن، كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆی منداڵان لە لایەن خودی منداڵانەوە سازكرا و خۆیان لە توێی چەند راپۆرتێكدا كێشەكانیان خستەڕوو و ژمارەیەك منداڵ بە داواكاری و پێشنیاز و سەرنجەكانیان بابەتەكانیان تاوتوێكرد.

تەوەرە سەرەكییەكانی كۆنفرانسەكە پێكهاتبوون لە گرفتی ئیشكردنی منداڵ لەسەر شەقامەكان، توندوتیژی دژ بە منداڵ، پێویستی هەبوونی كتێبخانەی منداڵان لە گەڕەكەكان، نەبوونی یاریگای تایبەت بە منداڵان، خێزان و پەروەردەكردنی منداڵ، گرفتەكانی منداڵانی تووشبوو بە تالاسیما، پاركی تایبەت بە منداڵ، ژینگەی منداڵ.

لەو كۆنفرانسەدا، وێڕای بەشداربوونی 40 منداڵ، هەریەك لە نوێنەری ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان "ئەمەل جەلال"، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ "رەهێڵ رەشید" و جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ "نۆڤەر محیەدین"، بەڕێوبەری رێكخراوی بەهرەمەند "بەكر رەحمان"، چالاكانی بواری مافەكانی منداڵ "پەیمان مێرگەسووری"، مامۆستا "زریان" بەشداریان كرد.

كاتژمێر 10:00ی پێشنیوەڕۆ كۆنفرانسەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی ئەو منداڵانەی لە توندوتیژییەكانی سوریا دەبنە قوربانی دەستیپێكرد و سەرەتا لە وتەیەكدا، بەڕێوبەری رێكخراوی بەهرەمەند "بەكر رەحمان" تیشك خستە سەر گرنگی كۆنفرانسەكە و رایگەیاند، ئەمە یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان، منداڵان خۆیان باس لە كێشەكانیان دەكەن و لە توێی چەند راپۆرتێكدا گرفتەكان دەخەنەڕوو و راسپاردە و پێنشیاز ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی بیگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەكان.

هەروەها نوێنەری ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان "ئەمەل جەلال" وتەیەكی پێشكەشكرد و تێیدا، وێڕای باسكردنی لە رۆڵ و بایەخی منداڵ لە بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر، باسی لە گرنگی كۆنفرانسەكە كرد و خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بە بۆنەی سازكردنی وەها كۆنفرانسێكەوە لە لایەن منداڵانی هەولێری پایتەخت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، جێگری بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی رۆشنبیری منداڵ "نۆڤەر محیەدین" لە وتەیەكدا باسی لە مافەكانی منداڵ كرد و بە گرنگی زانی كۆنفرانسەكە ببێتە وێستگەیەك بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر لە رەوش و مافەكانی منداڵان و پێشخستنی توانا و بەهرەكانیان لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەكی گەش لە وڵاتدا.

لە میانەی بەڕێوەچوونی كارەكانی كۆنفرانسدا منداڵانی بەهرەمەند ژمارەیەك راپۆرتیان لە بارەی تەوەرەكانی كۆنفرانس خوێندەوە و لە لایەن خودی منداڵانەوە قسە لەسەر راپۆرتەكان كرا و پێنشاز و راسپاردەكان گەڵاڵە كران بۆ ئەوەی لە توێی نامەیەكدا بگەیەندرێنە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: