الثلاثاء، 23 يوليو 2013

لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەییدا بارزانی تەنیا بە وشەیەك باسی بەشداری ژنانی نەكرد

لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەییدا بارزانی تەنیا بە وشەیەك باسی بەشداری ژنانی نەكرد
08:51:23/07/2013
لايه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، فۆتۆ: krp.
وارڤین – هەولێر: ژمارەی ژنانی بەشداربووی كۆبوونەوەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی لە پەنجەی دەست تێپەڕی نەدەكرد و سەرۆكی هەرێمیش لە وتارەكەیدا ناوی ژنی نەهێنا و ئەندامی پەرلەمانی كوردستانیش كوێستان محەممەد دەڵێت: "ئەوەی بایەخ و ئەولەویەتی نەبێت لای سەرۆكی هەرێم مەسەلەی ژنه ئیدی چ دڵت بەو سەرۆكە خۆش بێت".

دوێنێ لە شارەدێی مەسیف سەلاحەدین، بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان "مەسعود بارزانی" كۆبوونەوەی یەكەمی ئامادەكاری بۆ بەستی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە بەشداری نزیكەی 40 پارت و لایەنی سیاسی لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەڕێوەچوو.

سەبارەت بە بەشداری ژنان لە كۆبوونەوەكەدا، ژمارەی ژنانی بەشداربوون لە پەنجەكانی دەست تێپەڕی نەدەكرد و تەنیا پارتەكانی باكووری كوردستان و ئەو پارتانەی لەسەر بنەمای تێزە فكریەكانی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" كار دەكەن، بە یەكسانی نوێنەری ژن و پیاویان بەشداریان لە كۆبوونەوەكەدا كرد و پارتەكانی دیكە بایەخیان بە بەشداری ژنان نەدا.

لەكۆبوونەوەكەدا هەریەك لە پارتەكانی باكووری كوردستان (KCK، PJAK ، KNK ، PYD ، PÇDK) نوێنەرەكانیان لە ژن و پیاو پێكهاتبوو.

لەو بارەیەوە "فيراتنيوز" بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئەندامی كۆنسەی بەڕێو‌بەری "KCK" "روناهی سەرحەد" لە كۆبوونەوەكەدا رێژەی كەمی بەشداری ژنانی رەخنە كرد و رایگەیاند پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دان بە مافەكانی ژنان دا بنێت.

ئەو ژنە چالاكە گوتیشی: "چاوڕێی ئەوەمان دەكرد لە كۆبوونەوەكەدا رێژەی بەشداربووانی پیاو و ژن یەكسان بێت، بەڵام بە داخەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەكان توانراوە ئەو رێژەیەش بەشداری بكات، هیوادارین لەكۆمیتەی ئامادەكاردا ئەو داواكارییە بە هەند وەربگیردرێت،  ئێمە ژنانی كورد، دوو كۆنفڕانسمان ئەنجام داوە، ئەم كۆنفڕانسانە بنەمایەكی گرنگ بوو بۆ كۆنفڕانسی نەتەوەیی، یەك لەراسپاردەكانی كۆنفڕانسەكە، بەشداری كردنی چالاكانەی ژنان لەكۆنگرەی نەتەوەیی دا".

سەبارەت بە پەراوێزخستنی رۆڵی ژنان لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان "كوێستان محەممەد" تایبەت بۆ "وارڤین" رایگەیاند، ئەوە یەكەمجار نیە لە هەرێمی كوردستان لە پرسە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازەكاندا رۆڵی ژن و بەشداری ژنان پشتگوێ دەخرێت.

گوتیشی: "لە هەرێمدا حزبە سیاسییەكان تەنیا بە شكڵی ژن دەهێننە پێشەوە و بۆ مەسەلەی چارەنووسساز نەمبینیوە بەشدارییان پێبكرێت".

هەروەها گوتی: "حزبە سیاسییەكان لەو بڕوایەدان سیاسەت و حزبایەتی ئیشی پیاوانە و بۆ ژنان نیە خۆیان لەو باسانە هەڵبقورتێنن و ئەو رێكخراوانەی بۆ ژنانیش دایانمەزراندوون، گرنگی نادەن بە مەسەلەی ژن و خەریكی كردنەوەی خولی دروومان و چێشتلێنان و ئەو جۆرە كارانەن كە ژنان لە ئاستی سیاسی نابەنە پێشەوە و تەنیا ئەو ئەركانە جێبەجێ دەكەن كە حزب بۆیان دیار دەكات و 22 ساڵە ئەو رێكخراوانە لە هەرێم كار دەكەن نەمبیستووە رۆڵێكی ئەوتۆیان هەبووبێت".

سەبارەت بە عەقڵیەتی بەرپرسانی هەرێم و پێگەی ژن لە عەقڵیەتی سیاسی بەرپرسانی هەرێمدا، "كوێستان محەممەد" گوتی: "سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت ئەوەی ئەولەویەتی نیە بە لایانەوە مەسەلەی ژنە، لە ساڵی 1992ەوە تا ئێستا دوو سێ یاسای تایبەت بە پرسی ژن دەرچوون، ئەوانیش هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەردوو یاساكە سەرۆكی هەرێم ئامادە نەبوو ئیمزایان لەسەر بكات و دوای تێپەڕینی وادەی یاسایی خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئیدی دەبێت پرسی ژن لای سەرۆكی هەرێم چ بایەخێكی هەبێت و وەك ژن چ دڵت بەو سەرۆكی هەرێمی خۆش بێت".

لە بارەی سەرۆكی حكومەتیشەوە، ئەو ژنە پەرلەمانتارە رەخنەی لە سیاسەتی سەرۆكی حكومەت لە هەمبەر پرسی ژن گرت و گوتی: "لە هەرێمدا حكومەت تەنیا بایەخی بە شتی شكڵی داوە بۆ ئەوەی بڵێت خەمخۆری پرسی ژنانم، بۆنموونە ساڵی رابردوو تەنیا لە كۆنفرانسێكدا 100 ملیۆن دینار خەرجكرا، بەڵام حكومەت ئامادە نیە پارەی كردنەوەی نووسینگەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان خەرج بكات و تا ئێستا ئەو نووسینگانە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە نەیانتوانیوە دەست بەكار بكەن".

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: