السبت، 27 يوليو 2013

ژنێكی هەڕەشەلێكراو لە لایەن پۆلیسەوە رادەستی قەدەر دەكرێت و بۆ تەنیا شەوێك كەس نەیگرتووەتە خۆی

ژنێكی هەڕەشەلێكراو لە لایەن پۆلیسەوە رادەستی قەدەر دەكرێت و بۆ تەنیا شەوێك كەس نەیگرتووەتە خۆی
ژنێكی هەڕەشەلێكراو لە لایەن پۆلیسەوە رادەستی قەدەر دەكرێت و بۆ تەنیا شەوێك كەس نەیگرتووەتە خۆی
09:19:27/07/2013
وارڤین – كەركووك: "سكاڵا" ناوی ئەو ژنەیە، باوكی لە 2007دا بە‌ رۆن و ئاوی گەرم سووتاندی و چەند فیشەكێكی پێوەنا و دوو خوشكەكەی كوشت و دوای شەش ساڵ لە بەجێهێشتنی كەركووك، ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە ئەو شارەو هیچ كەس و لایەنێك ئامادە نەبوونە بۆ تەنیا شەوێك پەنای بدەن و پۆلیسیش دوای دەستبەسەر كردنی ئازادیان كردووە و نەیانهێشتووە لە بنكەیەكدا بمێنێتەوە.

بە هۆی رێگری لە ژن هێنانەوەی باوكی لە 2007 دا "سكاڵا" و دوو خوشكی رووبەڕووی ئازار و ئەشكەنجەی باوكیان بوونەوە و باوكیان بە ئاوی گەرم و رۆنی قرچاو ئەشكەنجەی دان و بە دەمانچەی بێدەنگیش فیشەكی پێوەنان و بەو هۆیەوە "سكاڵا" چاوێكی لەدەستدا و دوای لەدەستدانی خوشكەكانی ناچار بوو ماڵ بەجێبهێڵێت.

لە بارەی ژیانی ئەو كچانەوە، چالاكی ژنی كورد "ئاوێزان نوری" رایگەیاند، "ئیدی شوێنێك نەماوە سكاڵا لە ئامێز بگرێت، ئیدی ئەو حەز بە مانەوە ناكات لە شێڵتەكان و نایەوێ تا سەر بە دیلكراوەیی بمێنێتەوە، ئەو جگە لەوەی دوو خوشكی لەدەستدا بە دەستی باوكی خۆی، ئەو ئێستا وەكو كەمئەندامێك دەژی بە یەك چاوو بە 5 نەشتەرگەری گەورە تا ببێتەوە بە مرۆڤێك بتوانێ هەناسە بدات".

هەروەها گوتی: "سكاڵا نەك هەر نەیتوانی مافی خۆی وەرگرێتەوە تۆڵەی خۆی و خوشكەكانی لە باوكی وەرگرێت، ئەو تا ئێستا بە خراپیش ناوەزەندی دەكەن".

چیرۆكی "سكاڵا" زۆر كارەساتبارە و ئەو لە 2007 دا بە هۆی ئەوەی باوكی مودمینی ماددە هۆشبەرەكان و خواردنەوە بووە، دایكیان لە باوكیان جیا دەبێتەوە. باوكیان رۆژانە بە هۆی قەرزار بوونییەوە خەڵك دینە سەری و داوای قەرزەكەیان دەكەن.

رۆژێكیان چەند كەسێك دێنە سەر ماڵیان بۆ ئەوەی "سكاڵا" و خوشكەكانی لە بری قەرز بەرن و دایكی باوكیان دەست بە گریان دەكات و دەڵێت: "كوڕەكەم وای لێهات كچەكانی لە بری قەر بداتە خەڵك".

ئەو شەوەی باوكیان دەیەوێت بیانكوژێت، دەرمانی بێهۆشكەر دەكاتە ناو خۆراكەوە و هەر سێ كچەكەی بێهۆش دەكات و ئاوی گەرم  و رۆنی قرچاویان پێدا دەكات بۆ ئەوەی بمرن. بەڵام بەوە نامن و بە دەمانچەی بێدەنگ گولە بارانیان دەكات.

دوو خوشكە بچووكەكەی "سكاڵا" دەمو دەست ژیان لەدەستدەدەن و "سكاڵا" بە بێهۆشی دەمێنێتەوە و تا دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە.

دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، ئەو كچە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە شەڵتەرەكانی هەولێر و سلێمانی دەمێنێـتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "ئاوێزان نوری" لە 2011، دوای دەرچوونی لە شەڵتەری هەولێر، روودەكاتە سلێمانی و لەوێ بە هاوكاری رێكخراوێك شوێنی مانەوە و كاری بۆ دەدۆزرێتەوە و دوای ماوەیەك هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكدا دەكات، بەڵام قەدەری ئەو وادەبێت دوای 3 مانگ هاوسەرەكەی بە رووداوی هاتوچۆ ژیان لەدەستدەدات و ناچار لەگەڵ ماڵی خەزوورانیدا ژیان بەسەر ببات.

بۆ دواجار ئەمڕۆ شەممە 27ی تەمموز – یۆلیۆی 2013، ئەو ژنە لە ماڵی خەزوورانی رایكردووە و روویكردووەتەوە كەركووك.

لەو بارەیەوە، ئەو ژنە بە مۆبایل پەیوەندی بە چالاكی ژن "ئاوێزان نوری"یەوە كردووە و گوتویەتی: "ئێستا لە ماڵەوە هەڵاتووم، چونكە شوبرا وازم لێ ناهێنێ و دەیەوێ تەعدام لێبكات بۆیە هاتمەوە كەركووك بڵێن چی بكەم؟".

دوای گەیشتنەوەی بۆ كەركووك، ئەو ژنە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەكرێت و بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین"، تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە بنكەی پۆلیسی رەحیماوا ماوەتەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری بنكەی پۆلیسی رەحیماوای شاری كەركووك عەمید "ئەنوەر محەممەد" رایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەو ژنە سكاڵای لەسەر نیە و هیچ تۆمەتێكی نەخراوەتە پاڵ، پۆلیس ناتوانێت گلی بداتەوە.

گوتیشی: "پەیوەندیمان بە باوكییەوە كردووە و ئامادە نەبووە، وەریبگرێتەوە و گوتویەتی كچی من نیە و نامەوێتەوە".

هەروەها گوتی: "هیچ سەنتەر و رێكخراوێكی ژنان لە كەركووك ئامادە نەبوونە ئەمشەو لە لای خۆیان بیهێڵنەوە، بۆیە ئێمەش‌ ئەو ژنەمان ئیزن داوە و ناشزانین بۆ كوێ رۆیشتووە".

لە رێگەی مۆبایلەوە، بەرپرسی سەنتەری پەنا لە كەركووك "ئاوێزان نوری" بە "وارڤین"ی راگەیاند، ئەمە یەكەمجار نیە، پۆلیسی كەركووك بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانی ژندا دەكات و تەنیا بۆ شەوێك ژنی هەڕەشەلێكراو ناگرێتە خۆی.

گوتیشی: "ئەو ژنە لە ئێستادا ژیانی لە مەترسیدایە و كەس نازانێت بۆ كوێ رۆیشتووە و چی بەسەر دێت".

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەو پەیوەندیكردووە بە پۆلیسەوە و بڕیارە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركووك ئاگادار بكرێنەوە و لە هەر شوێنێك "سكاڵا" بدۆزرێتەوە دەستبەسەری بكەن و بیگەڕێننەوە بۆ بنكەی پۆلیس.

"ئاوێزان نوری" باسی لەوەشكرد، پۆلیسی كەركووك نایانەوێت، یاخود ناتوانن باوكی ئەو ژنە دەستگیر بكەن، كە تاوانی كوشتنی دوو كچی ئەنجامداوە و "سكاڵا"ی خستووەتە ئەو دۆزەخەوە.

ئەو چالاكەی مافی ژن لە كەركووك داوای لە ژنانی چالاك و رێكخراوەكان كرد، هەرچی زووە هەوڵەكانیان یەكبخەن لە پێناو پاراستنی ژیانی "سكاڵا".

وارڤين - تايبه‌ت.

ليست هناك تعليقات: