وارڤین ئەنجامی راپرسییەك بڵاو دەكاتەوە و بانگهێشتی میدیاكان دەكات
08:27:30/07/2013 |
![]() وارڤین – هەولێر: بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان، دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، رای ژنانی لە بارەی یاساكانی توندوتیژی لە توێی راپرسیەكدا، وەرگرتووە و بڕیارە بە ئامادەبوونی چالاكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرانی ناوەندە بیانیەكان لە هەرێم، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامەكە بخاتەڕوو. رۆژی پێنجشەممە 1ی ئاب – ئۆگستی 2013، لە میوانخانەی چوارچرا، لە شاری هەولێر، دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن، ئەنجامی ئەو راپرسیە دەخاتەڕوو، كە دەزگاكە لە ژێر ناونیشانی "توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و رۆڵی یاسا" لە ناوەندی هەرسێ پارێزگای هەرێم ئەنجامیداوە. راپرسییەكەی دەزگای وارڤین، گرنگیەكەی لەوەدایە كە رادەی ئاشنایەتی ژنان بە یاساكان و پەنابردنیان بۆ یاسا لە كاتی بوونی كێشەی كۆمەڵایەتیدا بە وردی دەستنیشانكردووە. راپرسیەكە دەبێتە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی كاری رێكخراوەیی تایبەت بە ژنان لە هەرێمی كوردستان و ناوەندەكانی توێژینەوە و توێژەران و رێكخراوەكانی ژنان و دامەزراوە رەسمییەكان دەتوانن لێی بەهرەمەند بن و لە دانانی بەرنامە و ستراتیژی كاركردنی خۆیان پشتی پێ ببەستن. لەو راپرسیەدا، 1000 ژن بەشدارییان كردووە و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان، بەشداربووان دابەشكراوون بەسەر شارەكانی هەرێمدا. راپرسیەكە لە لایەن تیمەكانی راپرسی دەزگای وارڤین ئەنجامدراوە و چەند مامۆستایەكی پسپۆڕی بواری راپرسی زانكۆی سەلاحەدین ئەنجامەكانیان دەرهێناوە و خوێندنەوە و شیكاری ئەو ئەنجامانەیان كردووە. لە بانگهێشتنامەیەكدا، دەزگای وارڤین بانگهێشتی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن دەكات بۆ ئامادەبوون لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە و رووماڵكردنی ئەو پرسە گرنگەی ژیانی ژن لە سایەی یاساكانی هەرێمدا. ناونیشان: میوانخانەی چوارچرا. رۆژی پێنجشەممە 1ی ئاب – ئۆگستی 2013 كاتژمێر: 10:00ی سەر لە بەیانی. ناساندن: دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، دەزگایەكی ناحكومی قازانج نەویستە، ساڵی (2009) دامەزراوە، ئامانجی خستنەڕووی واقیعی ژن و بەرگریكردن لە ماف و ئازادییەكانی ژنانە و لە رێگەی پڕۆژەكانییەوە، كە لەناو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردی و عێراقیدا ئەنجامیاندەدات، كار بۆ هێنانەدی یەكسانی و نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی دژ بە ژنان دەكات. ئۆفیسی سەرەكی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و بۆ رووماڵكردنی رەوشی ژنانی هەرێم و عێراق، خاوندارێتی لەماڵپەڕی هەواڵ و زانیاری (warvin.org) دەكات، كە بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) هەواڵ و زانیارییەكانی بڵاودەكاتەوە. ئا: ئهرسهلان رهحمان |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق