هەژاری تەنگی بە دایكی دكتۆر جوانە هەڵچنیوە و تا ئێستا كەس ئاوڕی لێ نەداوەتەوە
06:47:25/07/2013 |
![]() دكتۆر جوانه و دايكى، فۆتۆ: نێرگز قادر. وارڤین – كەركووك: دوای لەدەستدانی دكتۆر "جوانە"ی كچی و "جومعە رەحیم"ی هاوسەری، لە ئێستادا، "نەزیرە"خانی دایكی دكتۆر جوان لە توێی كراسێكی رەشدا كەزی سپی هۆنیوەتەوە و لە خانوویەكی كرێدا لەگەڵ كچە تاقانەكەی سەریان بەیەكەوە ناوە، هەر ساتێ كۆستی كەوتوویان بیر دەكەوێـتەوه؛ بە كوڵ، ئاوازی گریان بۆ یەك دەژەنن. ئەوەندە هەژاری ژیانی تەنیون، ئەگەر ئاگر لە ماڵیان بكەوێتەوە دووكەڵ لە ئاسمانی خانووەكەیاندا نابینرێت. "جوانە جومعە" ئەو پەرستارە بوو، كە دوای تەواوكردنی خوێندنی و لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی وەك پەرستار، رۆژی 16ی نیسان – ئەپریلی 2013 لە كاتی چوونی بۆ سەر كارەكەی، بەهۆی تەقینەوەیەكی تیرۆریستی ژیانی لەدەستدا. تەقینەوەكە لە نزیك ماڵی خۆیان لە گەڕەكی "ئەڵماس" روویدا، بەهۆی نزیكیەوە، دكتۆر جوانە ئاگر لە جەستەی بەر بوو، زەبری تەقینەوەكە جەستەی كێشابوو بە ستوونێكی كارەبادا، باوكیشی لە كاتێكدا دەیویست گڕی كڵپەكردووی جەستەی كچەكەی بكوژێنێتەوە، بە سەختی بریندار بوو، دوای دوو رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە ژیانی لەدەستدا. دوای 3 مانگ لە رووداوی ژیان لەدەستدانی ئەو كچ و باوكە، "وارڤین" دایكی دكتۆر جوانەی بەسەركردەوە. "نەزیره محەممەد" دایكی دكتۆر جوانە لەگەڵ كچە تەمەن 23 ساڵیەكەی لە خانوویەكی بچكۆڵەی كۆندا لە گەڕەكی ئەڵماس ژیان بەسەر دەبات. ئەو دایك و كچە، وێڕای ئەو قوربانیە گەورەیەی لە كەركووك داویانە، لە خانووە كۆنەكەدا بە كرێ نیشتەجێن و مانگانە بڕی 300 هەزار دیناری چاپی نوێی عێراقی دەدەن بە خاوەن ماڵەكە. لە بەسەركردنەوەكەی "وارڤین"دا دەركەوت، ئەگەر ماڵەكەی نەزیرە خان ئاگر بگرێت ئەستەمە دووكەڵ لەو ماڵەوە بەرز بێـتەوە، چونكە هیچ پێویستییەكی ژیانێكی هەژارانەش لەو ماڵەدا بوونی نیە. لە كاتێكدا رۆژانی تەمموز وەك یەكێ لە گەرمترین رۆژەكانی ساڵ هەژمار دەكرێت و لە كەركووكدا پلەی گەرما لە سەرووی 45 پلەی سەدییەوەیە، ئەو دایك و كچە لە بوونی پانكەیەكیش بێ بەشن و هەرچی سەرنجی دەدەیت بۆنی ژیانی لێوە نایەت و وەك دوو مرۆڤی فەرامۆشكراو دایك و كچ سەریان بەیەكەوە ناوە و تاو ناتاوێك فرمێسكی بەخوڕ بۆ مەرگی جوانە هەڵدەڕێژن. "دایكت كوێر بێت، خونچەی بێ بەهار، دایكت كوێر بێ گوڵی ناكامم.. خوایە بۆ.. بێ كەس خۆم، ماڵوێران خۆم، كچم رۆ، سالاری ماڵم رۆ.." ئەمە ئەو گوزارشتانە بوون، كە نەزیرە، هەر جارێك باسی دكتۆر جوانەی دەكرد، لەگەڵ فرمێسكەكانیدا، دووپاتیدەكردنەوە. "دووجار ماڵم وێرانبوو، جارێك كچەكەم جارێك باوكی، ئێستا هیچ سەرچاوەیەك نیە ئومێدی پێبكەم، ماڵەكەم كۆكردووەتەوە تا بچینە ماڵی براكەم، لە نزیك ئەوان ژیان بكەین تا ئەو كاتەی خوا دەروویەكی خێرمان لێدەكاتەوە". دوای ژیان لەدەستدانی دكتۆر جوانە و جومعەی باوكی، چیرۆكە تراژیدیەكەیان نەك هەر خەڵكی كەركووك، بگرە هەموو ئەوانەی چیرۆكەكەیان بیستبوو خەمبار كرد. بەرپرسانی شارەكە، لە دوور و نزیكەوە چەندین بەڵێنیان بە دایكی دكتۆر جوانە دا، بەڵام ئەوە 3 مانگ بەسەر ئەو تراژیدیایە تێپەڕیوە و كەس ئاوڕی لەو ژنە تەنیا كەوتووەتەی ناو گێژاوی ژیان نەداوەتەوە. هەرچەندە ژیان لە ماڵی نەزیرە تۆراوە، بەڵام بوونی "ژیان جومعە"ی كچی واتە خوشكی دكتۆر جوانە تەنیا ئومێد و هیوایەكە بۆ نەزیرە خان مابێتەوە. "ژیان جومعە" بۆ "وارڤین" بە هەنسكی لە گەروودا خنكاوی و فرمێكسی لە چاو قەتیس ماوی قسەی كرد و گوتی: "ئەمساڵ ئیمتیحانەكانم بە گریانەوە جواب دانەوە، لە لایەك ئەو كۆستە گەورەیە و لە لایەن نەداری تەنگی پێهەڵچنیوین". هەروەها گوتی: "ناتوانم لە دایكم دوور بكەومەوە، ژیانی دایكم زۆر سەختە، دایكم چیرۆكەكەی زۆر جەرگبڕە، تەنیا ئەتوانم بە فرمێسكەكانم دڵی خۆم و ئەو بدەمەوە". لە رێگەی وارڤینەوە، نەزیرە خان رووی كردە بەرپرسانی كەركووك و خەمخۆرانی رەوشی ژن و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و گوتی: "هیچمان ناوێ تەنیا مەهێڵن كچەكەم بێ چارەنووس بێت، ئەو بەڵێنانەی پێتان داین چیان لێهات، كچەكەم، هاوسەرەكەم كورد بوون، خەڵكی ئەم شارە بوون، لەسەر كورد ژیانیان بەخت كرد، بۆ دەبێت ژیانی ئێمە لەم كەركووكەدا بەو جۆرە بێت". بۆ خوێندنەوەی چیرۆكی تراژیدی دكتۆر جوانە كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكە ئا: نێرگز قادر |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق