ژنێك تەمەنێكە لەگەڵ یادەوەرییەكانی منداڵیدا دەژیت و هاوسەرەكەشی دەڵێت كەسوكاری ئەنفالكراوون
08:35:24/07/2013 |
![]() وارڤین – كەركووك: ژنێك، كە لە شاڵاوی ئەنفالدا، دایك و خوشكەكانی دوای دەستدرێژیكردنە سەریان كوژراوون و بە تەنیا لە لای ماڵێك بەخێوكراوە و دواتر پیاوێك خواستوویەتی و ئێستا دایكی سێ منداڵە، بەڵام هێشتا یادەوەرییەكانی منداڵی ئازاری دەدەن و هاوسەرەكەشی دەڵێت، 12 ساڵە دەسەڵاتی كوردی هیچ خەمێكی هاوسەرەكەیان نەخواردووە. بەرپرسی سەنتەری "پەنا" لە شاری كەركووك، "ئاوێزان نوری" لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە دەقی ئەو دیدارەی بڵاو كردووەتەوە، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەمموز – یۆلیۆی 2013 لەگەڵ ئەو ژنەیدا ساز كردووە. لێرەدا دەقی نووسینەكەی "ئاوێزان نوری" وەك خۆی بڵاو دەكەینەوە: هاوڕێیان ئەو وێنەی دەیبینن كارەساتێكە كە ئێستاش پێم وایە بە نوسینەوەی ئەم كارەساتە غەدرم كردووە، بەڵام دەپرسم دەبێ چەند منداڵی دیكەی كورد ئەفسەری عەرەب لە خۆی گرتبێ و چەند ئاوازی تر ئێستا لە ژاندا مابن و حكومەتی كوردستانیش هیچ شتێكیان لەبارەوە نەزانێت. ئەو تەنیا نەهات لە رێی پەیوەندیەكی تەلەفونی گەیشتنە لام بۆ هاوكاری، "ئاواز" ناوی ئەو كچە ئەنفالكراوەیە كە خاوەنی سێ منداڵ و خێزانی پیاوێكی توركمانە، ئەوان هاتن تا من لە رێی پارێزەرەكانمەوە هاوكارییان بكەم، بەڵام كە دانیشتم لەگەڵیان "ئاواز" شتێكی نەدەوت تەنیا بێدەنگ تەماشای دەكردم. پیاوەكەی ئاواز بەناو "نبیل چایچی" گلەیی زۆری كرد كە خێزانەكەی كچە كوردێكی ئەنفالكراوەو 12 ساڵە من دێم دەچم كەس نەما بەخۆمی نەناسێنم هیچیان بۆ نەكرد.. راستی سەرەتا لەبەر ئەوەی پیاوەكە زمانی كوردیەكەی تەواو نەبوو ژنەكەش تەنها تەماشای دەكردم بە بێدەنگی گومانی ئەوەم كرد كە دەیانەوێ بە ئەنقەست خۆیان بكەن بە ئەنفال تا سودێك لە حكومەتی هەرێم ببینن. "نەبیل" هەندێك باسی "ئاواز"ی كرد كە ئەو لە پیاوێكی عەرەبی وەرگرتووە و نازانێ ئەصڵ و فەصلی چیە، لەگەڵ ئەوەش دەیزانی ئاواز باری دەروونی ناجێگیرە و هەندێ جار لە پڕ دەگێڕێتەوە تەمەنی چوار ساڵی ئێستای بیردەچێتەوە كە ببوە بە ژنێك و دایكی سێ منداڵە، هاوكارەكەم پرسی چۆن دەزانی كچە ئەنفالە ئەگەر ئەوەندە منداڵ بوبێ چۆن دایكی خۆی لە بیرە، لە پڕ ئاواز هاواری كرد، ئەوە وتی چی؟ "چۆن دایكم ناناسم دایكم ناوی نەزیرە و باوكم ناوی سامانە" من هەوڵمدا ئارامی پێ ببەخشم و بە وردی قسەی لەگەڵ بكەم و زۆرترین كات گوێی بۆ بگرم، من و ئەو تەنیا لە ژوورەكە ماینەوە ئەو دەستەكانی گرتم و ئیدی ئیحساسی منیش بۆ ئەو وەكو خوشكێكی گەورەتر بوو هەستم دەكرد كە قسە دەكات لەگەڵ كچێكی تەمەن چوارساڵ دانیشتوم و هەندێ شتم بۆ باس دەكات و پێش و پشتیان دەخات، وتم بیرتە دایك و باوكت خوشكو برات چۆن بوون چی بوون ناویان، دەستی كردە گریان و وتی دایكم و باوكمیان كوشت عەسكەرەكان، وتی دایكم كە لە سەیارەكە دایانگرت دەگریا و منیش زۆر دەگریام بۆی وتی ئاواز تەنها ئاوازم بدەنێ، بەڵام ئەوان نەیانهێشت لەگەڵی بڕۆم و كوشتیان، دایكم و باوكم كەوتن ئەو ناوە هەمووی خوێن بوو، دەنگی تەقەكان ترساندمی (ناسكە) لە باوەشی گرتم. باوەشم پیاكردو دڵم دایەوە جا تەماشایەكی كردمەوەو وتی تۆ لە نیشتمان دەچی كە پرسیارم لێكرد نیشتمان كێیە وتی خوشكم و دایكم 6 پیاو لەگەڵیان خەوتن لەناو سجنەكە دایكم هەر هاواری دەكرد و نەیدەهێشت بەڵام بە شەش پیاو لەگەڵ خوشكم و دایكم خەوتن، پاشان بزەیەكی بۆ كردم و ماچێكی كردم وتی تۆ لە نیشتمان دەچی، وتم چەند خوشكت هەن، وتی 5ین ئێمە "روناك، پەیمان، بەیان، نیشتمان، ئاواز" دو براشم هەبوو یەكیان كوشت ئەوەی تریش عەسكەرەكە بردی. هەندێك بێدەنگ بوو پاشان وتی من لە بان پشتی خاڵە حەمە یاریم دەكرد ئەوان هاتن ئێمەیان برد، لە ژورێك بوین، پاشان وتی ئەو بەمنی وت باوكت ئیشی چی دەكات وتم پێشمەرگە براكەم وتی نا وا نیە قسەمەكە دەمانچەیەكیان كێشا بە سەری براكەم و چەقۆیەكیان لەدەستی باوكم دا دەستی برا باوكم. جارێكی تر تەمشای كردمەوەو باوەشی لێدام وتی زۆر بە نیشتمان دەچی، منیش سەریم خستە سەر سینگم و وتم من نیشتمانی خوشكی تۆم فەرقمان نیە، باسی ناو سجەنەكەی دەكرد كە زۆربونە و پیاوێك هاتووە ئاوازو براكەی لەیەك جیاكردۆتەوە ئەوەی ئاوازی بردووە ناوی محەممەد بووە ئەوەی براكەی بردووە ناوی عەلی بووە. پاشان بێدەنگی دایگرتەوەو وتی ئاو تونیمە، پیاوەكەی بە هێما تێیگەیاندم ئاوی نەدەمێ نەمزانی بۆ؟ بەڵام جارێكی تر داوای ئاوی كردووەو بەهەمان شێوە پیاوەكەی وتی نا مەیدەرێ، كە پرسیارم لێكرد بۆ ئاو نەخواتەوە وتی ئێستا كوردی بیر دەچێتەوەو بەعەرەبی قسە دەكات بەراستی من سەرم لەم قسەیەی دەرنەچوو ئاو خواردنەوەیەك بۆ وا بكات كوردی لە بیر بباتەوە، دواتر حاڵی بووم كە ئەو لەحزانەی ئاواز قسەم بۆ دەكات گەڕاوەتەوە تەمەنی 4 ساڵی و دواتر بۆ ماوەیەكی كەم دێتەوە سەرخۆی و بە زمانی عەرەبی قسە دەكات ئەو زمانەی لەماڵ عەرەبەكان فێری بووەو گەورە بووە. ئاواز بۆ سێهەم جار داوای ئاوی كرد دەستی پیاوەكەی بینی ئیشارەتم بۆ دەكات لێی تورەبوو وەكو مناڵێك وتی حەمە دەڵێم ئاو ئاو ئاو دەخۆم، پیاوەكەی دەستی كردە گریان و وتی ئەوە منی بیرچۆوە كە مێردی ئەوم وادەزانێ خاڵە حەمەی ئەوم. من سینگم خەریك بوو لە جەستەم دەهاتە دەرەوە جەستەیەكی كامڵ و منداڵێكی چوار ساڵ لەبەردەممە، دەستی پیاوەكەی توند گرت و وتی شیر دەخۆم. توند دەستەكانیم گرت و سەرپۆشەكەی سەری فڕێدا وتی لاچۆ خنكام، هەستایە سەر پێو وتی ئێوە نوێژ بە پێوە دەكەن ئێمە لە سجن بە راكشان و خەوتن بە بێ سەرپۆش نوێژمان دەكرد، حاجی فاتیمە وا فێری كردین كە لەناو سجنەكە هەمومان پێكەوە پاڵكەوتبوین. پرسیاری ئەو پیاوەم لێكرد كە لەناو سجنە دەری هێناوەو بردویەتی لەگەڵ خۆی، وتی رامكرد لەماڵیان چومە سەر زبڵدان خەوتم و لە مەحەلەكان دەسوڕامەوە، پۆلیسێك گرتمی ، بزەیەكی كردو وتی پێی وتم ئەوە تۆ كوردی چاو حیز، وتی زۆر ی لێدام بردمی بۆ سجنێك مناڵی تریشی لێ بوو، دوایی بردمیان بۆ شوێكی تر، پیاوێكی دەوڵەمەند هات وتی من كچێكم مردووەو ئەم كچە دەكەم بە كچی خۆم، من لای بابە حسین بووم. لە پیاوەكەیم پرسی چۆن بینیت؟ وتی رۆژێك لای ماڵمان دانیشتبوو هەڵاتبوو لەو ماڵە منیش بردمەوە بۆ ماڵەكەو ئەو پیاوەی لە خۆی گرتبوو پێیم وتم كاكە بیبە بۆ خۆت دەیكەی بە خوشكی خۆت بە خێزانی خۆت گرنگ نیە بیبە مادام دڵی بەتۆ دەكرێتەوە من دەچم لە دادگا تەنازول دەكەم و دەڵێم من بەرپرس نیم لێی لە ماڵەكەم هەڵاتووە. وتی بۆ خێر خواستم لەخۆم و كردم بە خێزانی خۆم، ماوەی جارێك بەم شێوەیە گەورەبونی خۆی بیردەچۆیەوەو باسی ئەو شتانەی دەكرد كە بۆتۆی گێڕایەوە و شتی دیكەش، وتی زانیم كە كچە ئەنفالە بۆیە 12 ساڵە شوێن نەماوە نەیكەم شتێكیان بۆ نەكردووە. وتی رۆژێك لەناو كەركوك لای چێشتخانەی سلێمانی ئیشم دەكرد پیاوێك هاتە ئەوێ باسی وەزعی ئاوازم بۆ كرد، وتی هاتە ماڵەوە بینی وتی وەڵا ئەوە لە كچی ماڵێك دەچێ لە پیرەمەگرون، لە خوشكی ئیسماعیل دەچێ، وتی چوینە ماڵەو ئەوان زۆریان پێ خۆش بوو كە كچەكەیان دۆزیوەتەوە بەڵام وتیان ناوی كەلسومە نەك ئاواز، وتی خێزانەكەم جێهێشت لایان و خۆشحال بووم بەوەی كەسوكاری خۆی دۆزیەوەو بەناوی خۆیان جنسیەیان بۆ دەرهێنا، وتی رۆژێك لە پر ئاواز بە گریان هاتەوە وتی ئەوانە دایك و باوكی من نین و برای من نین. وتی باوەشی كردووە بە كچێكیان شەو ژنەكە پێی ووتوە بنو كچم بنوو، ئاوازیش بە خەیاڵی چوارساڵانەی خۆی دەست دەبات بۆ مەمكی ژنەكە، دەری دەكات بۆنی بكات لە پڕ تەماشای روخساری ژنەكە دەكات و دەڵێ من دایكی خۆم دەوێ تۆ دایكم نیت. بە ئاوازم وت چۆن زانیشت دایكت نیە؟ وتی چۆن نازانم من بۆنی دایكم دەزانم چۆنە بۆنی پەنجەی باوكیشم، پاشان بزەیەكی كردەوەو وتی باوكم پێم دەڵێ ئاوازە رەش. مێردەكەی وتی دوای ئەوەی هاتەوە ماڵەكە هاتن بە شوێنیا بیبەنەوە وتی بردمان تا فەحسی دی ئین ئەیمان كرد دەركەوت كچی ئەوان نیە، ئێستا ئەوان دەیانەوەی هەویەكەی لێ وەربگرنەوەو ئاواز بێ ناوو بێ هەویەو بێ كەسوكار دەمێنێتەوە جارێكی تر، وتی من هیچم ناوێ لە حكومەت تەنها بێن دڵی بدەنەوەو بڵێن ئەمەش كچە كوردەو كچی ئێمەیە. هەر ئەوەندەی توانی بمێنێـەوە ئاواز پیاوەكەی بردیەوە بەر لەوەی بڕواتە دەرەوە باوەشی لێدام و جانتاكەی شانی كردەوە بۆنێكی بۆ دەركردم و دای پێم، وتی ئەوە بۆ تۆ. هاوڕێیان ئەوەی ئاواز ببینێ و قسەكانی لەدەمی خۆی گوێی لێبێت دەیهەژێنێ، تكایە ئێوەش هاوكاریم بكەن، باری دەرونی ئاواز ئارام بكەینەوەو حكومەت لە باوەشی بگرێت و گوێی لێ بگرێت. سەرەتا وامزانی فێڵە بەڵام ئاواز درۆ نازانێ ئەو وەك ژنێكی كامڵ نا وەك كچێكی چوار ساڵ لەگەڵم دانیشتبو قسەی بۆ دەكردم. |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق