الاثنين، 22 يوليو 2013

ئاوێزان نوری پەیامێك ئاراستەی كەسایەتی و چالاكانی پرسی ژن دەكات

ئاوێزان نوری پەیامێك ئاراستەی كەسایەتی و چالاكانی پرسی ژن دەكات

ئاوێزان نورى به‌رپرس سه‌نته‌رى په‌نا له‌ كه‌ركووك
وارڤین – كەركووك: لە پەیامێكدا، كە ئاراستەی كەسایەتی و چالاكان و دەزگا و رێكخراوەكانی ژنان و مافی مرۆڤی كردووە، ژنە شاعیر و چالاكی بواری مافەكانی ژن "ئاوێزان نوری" داوای دۆزینەوەی رێگە چارەیەكی كارا دەكات بۆ بەرگرتن لە ژن كوشتن و توندوتیژی دژی ژنان.

لە پەیامەكەیدا "ئاوێزان نوری" نووسیویەتی: "ئیدی كاتی ئەوە هاتووە وەسیلەیەكی دیكە بەكاربهێنین بۆ بەرجەستەكردنی ئازادی و یەكسانی و گەڕاندنەوەی پێگە و متمانە و رێزی ژن، كە بەهۆی دابونەریت و بەناو ئایین و كۆمەڵگەی پیاوسالاری لەدەستیداوە".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، ئەو ژنە چالاكەی شاری كەركووك دەڵێ‌: "ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هەر مێینەیەك دەكوژرێ هەموو ژنان ماڵەكانی خۆیان جێبهێڵن و بێنە سەر شەقام بۆ ناڕەزایی نەك لە دورەوە جارێكی تر قوربانی نەفرەتی لێ بكرێـت و تۆمەتی شەرەفی بۆ هەڵبەسترێ، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هێزێكی گەورە بین پێكەوە، تا رووبەڕووی ئەو نایەكسانیانە ببینەوە".

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، "ئاوێزان نوری" داوایكردووە رەوشی راستەقینەی ژنان و دەنگیان بگەیەندرێـت بە رێكخراوەكانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دەسەڵات شەرمەزار بكرێت و ناچار بكرێت رێگە لە توندوتیژییەكان بگرێت.

دەقی پەیامەكە:

بۆ سەرجەم رێكخراوەكان
راگەیاندكاران
كەسایەتی و چالاكانی بواری مافی مرۆڤ و مافی ژنان
بڕوادارانی یەكسانی..

بەرێزان ئیدی كاتی ئەوە هاتووە وەسیلەیەكی دیكە بەكاربهێنین بۆ بەرجەستەكردنی ئازادی و یەكسانی و گەڕاندنەوەی پێگە و متمانەو رێزی ژن، كە بەهۆی دابونەریت و بە ناو ئایین و كۆمەڵگەی پیاوسالاری لەدەستی داوە، تا سەر ئێسك وڵات تاوانبارە بەرامبەر بە كوشتنی ژنان، تا دێت پیاو دەستی سوور دەبێت بە خوێنی ژن، ئەو ژنەی دەكوژرێ بەهەر بیانویەك بێت دایكی كەسێك، مامۆستای كەسێكی دیكە، خوشكی من، كچی تۆ، پارێزەرو هاوسەری كەسێكی دیكەیە.

كۆمەڵگە دەبێ چاو لەو راستیە نەپۆشێت، كە ئەو ژنەی توندوتیژی بەرامبەر دەكرێت كەسێكە لەو بووەو ئەویش لەو، ژن دوژمنی پیاو و خێڵ و عەشرەت و ئایین نیە و نەبووە، وەك هەندێك لەوانەی بانگەشەی بۆ دەكەن، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگە بەخۆیدا بچێتەوە بەر لە ماڵوێرانی زیاتر.

ئیدی كاتی ئەوە هاتووە سنوورێك بۆ ئەم كوشتاریە دیاری بكرێت، ئەو پیاوەی دەستی بە خوێنی ژنێك سوورە بەردباران بكرێت و قێزەون بكرێت لەناو كۆمەڵگە، نەك بە چاوی پیاوی راستەقینە تەماشا بكرێت..

ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هەر مێینەیەك دەكوژرێ هەموو ژنان ماڵەكانی خۆیان جێبهێڵن و بێنە سەر شەقام بۆ ناڕەزایی نەك لە دورەوە جارێكی دیكە قوربانی نەفرەتی لێ بكرێـت و تۆمەتی شەرەفی بۆ هەڵبەسترێ..

ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هێزێكی گەورەبین پێكەوە، تا رووبەڕووی ئەو نایەكسانیانە ببینەوە، دەنگ و رەنگی خۆمان هەبێت، كاندید و پاڵێوراوی سەربەخۆی خۆمان هەبێت، كە یەك بەرژەوەندی لەبەرچاوبگرێت ئەویش چەسپاندنی یەكسانی بێت..

ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هەرچی پێشێلكاری هەیە لەم وڵاتە دەكرێت بە راپۆرتێك رەوانەی هەموو رێكخراوەكانی جیهان بكرێت بۆ ئەوەی میللەت و دەسەڵات شەرمەزاربن بۆ ئەوەی دەوڵەت لە دەركردنی یاساو جێبەجێ كردنی یاسا بەخۆیدا بچێتەوەو پاراستنی تاكی میلەتەكەی بە ئەركی خۆی بزانێت.

ئەوە من وەك ئاوێزان نوری هەرچیەك بخوازێ دەیكەم لەو پێناوە، نەك تەنها بۆ پاراستنی ژنەكانمان بۆ پاراستنی كوڕو پیاوەكانیشمان لە ئەنجامدانی تاوانی گەورە.

ئاوێزان نوری
22ی تەمموز – یۆلیۆی 2013

ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: