ژنە رۆژنامەوانێكی كوردی رۆژهەڵاتی لە ئیتاڵیا خەڵات دەكرێت
09:09:24/07/2013 |
![]() وارڤین – ئیتاڵیا: "سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند" ژنە رۆژنامەوانی كوردی خەڵكی "قەزوێن" لە رێوڕەسمێكی تایبەتیدا لە وڵاتی ئیتاڵیا خەڵاتی ساڵانەی "ئیلاریا ئاڵپی" بۆ "رۆژنامەنووسی بوێر"ی پێ بەخشرا. "سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند" لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی "كوردپا" رایگەیاندووە، "بنكەی "رۆژنامەنووسانی پاریس" و "رۆژنامەنووسانی بێسنوور" بە گوێرەی ئەو كێشە و گرفتانەی كە من لەسەرەتای كاری رۆژنامەنووسیمەوە بەرەوڕووی بوومەتەوە، بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بە بنیاتی "ئیلاریا ئالپی" پێشنیاز كراوم و لەئەنجامدا بە گوێرەی هەڵسەنگاندێك كە كراوە، ئەو خەڵاتەیان بە من بەخشیووە. ئەو ژنە رۆژنامەنووسە راشیگەیاند، دامەزراوەی "ئیلاریا ئاڵپی"، كێشەو گرفتەكانی منی لە ساڵی 2000ـەوە هەتا ساڵی 2011 كە بەیەكجاری ئێرانم بەجێهێشت، لەبەر چاو گرتووە و بەو پێیە هەڵسەنگاندنیان ئەنجام داوە. "غیاسوەند" راشیگەیاند، لەماوەی كاری رۆژنامەنووسیمدا لە وڵاتی ئیران تەنیا بەرەوڕووی فشاری هێـزە ئیتلاعاتییەكان نەبوومەوە، بەڵكوو كێشەی ئابووری، فشاری باوكم و روانگەی كۆمەڵگە بۆ ژنێكی رۆژنامەنووس چەندین قات لە فشاری هێزە ئیتلاعاتییەكان زۆرتر بوو، بۆیە لەسەرەتای دەستپێكی كاری رۆژنامەنووسیمەوە بەروڕووی كێشەو گرفتی ئابووری بوومەتەوە و تەنانەت جاریك بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مووچەی كەم، لەكاری رۆژنامەنووسی دەركرام. "سووسەن" لە درێژەی باسەكەیدا ئاماژەی بەوەش كرد، لە وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوە كە میدیایەكی ئازاد بوونی نییە و منیش خوازیاری سەربەخۆیی لە كار كردندا بووم، نەمدەتوانی بەشێوەی ئازاد كار بكەم و ئەمەش یەكێك لە كێشەكانی من بوو، بۆیە راپۆرتێك كە زیاتر لایەنی رەخنەیی لە بەرپرسانی حكوومەتی بەخۆیەوە دەبینی، لە هیچ بڵاوڤۆك و رۆژنامەیەكدا بڵاو نەدەكرایەوە و بەهۆی پرسی سیاسی و ئابوورییەوە بەروڕووی سانسور دەبوویەوە. ئەو ژنە رۆژنامەوانە، باسی لەوەشكرد، كە لە ماوەی كاری رۆژنامەنووسیدا بەهۆی داهاتی كەمەوە هەتا كاتژمێر 2 و 3ی نیوەشەو كارم دەكرد و لەكاتی گەڕانەوەمدا لە شەقامەكان، لەلایەن پیاوانەوە پیشنیازی هاوجێیی بوونم پێ دەدراو و هەندێكجار تووشی شەڕ و كێشە دەبوومەوە و تەنانەت ئەگەر پیاوانی دیكەش شاهێدی ئەو شەڕو كێشەیە بونایە هاوكاری منیان نەدەكرد، چونكە هیچكەس بیری لەوە نەدەكردەوە كە ژنە رۆژنامەنووسێك لەبەر داهاتی كەم هەتا درەنگانی شەو كاری رۆژنامەنووسی بكات. ناوبراو راشیگەیاند، هەندێكجار ئەو پیاوانەی پیشنیازی هاوجێی بوونیان پێدەدام، بڕە پارەیەكیان بۆ پێشنیاز دەكردم كەلە مووچەی مانگانەی من زیاتر بوو، تەنانەت هەموو جارێكیش لەم پەیوەندییەدا لەلایەن باوكمەوە بەرەوڕووی تانە و تەشەر دەبوومەوە. "غیاسوەند" ئاماژەی بەوەشكرد، ساڵی 2009 لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەر كرام و دواتر كەلە زیندان ئازاد كرام و بۆ ماڵەوە گەڕامەوە، باوكم هەڕەشەی كرد كە ئەگەر جارێكی دیكە دەستبەسەر بكرێت، بۆ خۆم ئەتكوژم، بۆیە ساڵی 2010 كە دەستبەسەر و پاش 5 كاتژمێر كە ئازاد كرام، بەزووترین كات هاوڕێكانم ئاگادار كردەوە كە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی دەستبەسەر كرانەكەم، خۆ ببوێرن، بۆیە لە وەهاحاڵەتێك دایە كە ژنە رۆژنامەنووسێكی كورد لە نێو بنەماڵە، كۆمەڵگە و لەلایەن حكوومەتیشەوە هێچ ئەمنیەتێكی نییە وكاری رۆژنامەنووسی لەو جۆرە كۆمەڵگەیەدا وەك كایە كردن بە مەرگ سەیر دەكرێت. "سووسەن محەممەد خانی غیاسوەند" رۆژنامەنووسی كوردی لە شاری قەزوێن لە دایك بووە و ماوەی 14 ساڵە بەشێوەی سەربەخۆ لەو شارە سەرقاڵی كاری رۆژنامەنووسیە و بەوتەی خۆی لە ساڵی 2009ـەوە هەتا ئێستا بەبێ مووچە كاری رۆژنامەنووسی دەكات. كوردەكانی ئوستانی قەزوێن لە عێڵەكانی "غیاسوەند، باجەڵان، شێخ كانلوو، ساكان، بەڵەخكانلوو، شكاك، چگینی، جەلیلوەند، رەشوەند، كاكاوەند، كرمانی و مافی" پێكهاتوون كە بەپێی سەرچاوكان لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی شاعەباسی سەفەوی بۆ ئوستانی قەزوێن گوازراونەتەوە. "ئیلاریا ئاڵپی" رۆژنامەنووسی ئیتالیایی ساڵی 1994 هاوڕێ لەگەڵ "میران هروواتین" فیلم هەڵگری هاوڕێی لە "مۆگادیشۆ" پایتەختی وڵاتی "سۆمالی" كوژراو لەو كاتەوە هەتا ئیستا ساڵانە خەڵاتێك بەناوی ئەو رۆژنامەنووسەوە بە رۆژنامەنووسانی "بوێر" دەدرێت. |
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق