الأربعاء، 13 نوفمبر 2013

"لە سلێمانی زیاتر لە 1200 شوێنی لەشفرۆشی هەن و رەنگە لە هەولێر ژمارەكە دوو ئەوەندە بێت"

"لە سلێمانی زیاتر لە 1200 شوێنی لەشفرۆشی هەن و رەنگە لە هەولێر ژمارەكە دوو ئەوەندە بێت"
11:19:13/11/2013
قوربانييه‌كى بازرگانيكردن به‌ جه‌سته‌ى ژنانه‌وه‌، فۆتۆ: نێرگز قادر
وارڤین – سلێمانى: لە دواژمارەی رۆژنامەی ئاوێنەدا، لە ژێر ناونیشانی "ژنان لەناوەڕاست‌ و باشورەوە دەهێنرێن‌ و لە كوردستان دەفرۆشرێن" ستۆرییەك بڵاوكراوەتەوە و تێیدا لەسەر زمانی سەرچاوەیەكی رەسمی رایگەیاندووە،‌ لە سلێمانی زیاتر لە 1200 ماڵ و شوێنی لەشفرۆشی هەن و لەبەر ئەوەی هاولێریش پایتەختە و شارێكی بازرگانییە رەنگە ژمارەكە دوو ئەوەندە بێت.

دەقی ستۆرییەكە:

ژنان لەناوەڕاست‌ و باشورەوە دەهێنرێن‌ و لەكوردستان دەفرۆشرێن

بە گوێرەی‌ وتەی چەند سەرچاوەیەكی فەرمی ‌و ئاگادار، رۆژانە ئەو ژن‌ و كچ‌ و منداڵە نەوجەوانانەی لەناوەڕاست‌ و خواروی عێراق دەژین، لەلایەن كۆمەڵێك دەڵاڵەوە دەكڕدرێن ‌و بەمەبەستی كاری لەشفرۆشی بەرەو كوردستان دەهێنرێن ‌و لێرە دەفرۆشرێنەوە.

یەكێك لەو سەرچاوە ئاگادارانەی، كە بەرەگەز عەرەبە و ماوەی 10 ساڵە له هەرێمی ‌كوردستان دەژی باسی لەوەكرد، كە" زۆربەی ئەو ژن‌ و كچانەی بەرەو هەرێمی كوردستان دەهێنرێن لەدایك‌ و باوك، یاخود مێردەكانیان دەكڕدرێن‌ و لێرە كاری لەشفرۆشیان پێدەكرێت‌ و رەنگە چەند ئەوەندەی پارەكەی خۆیان پێ پەیدا بكرێتەوە".

ئەو كوڕە، ژن‌ و خوشك‌ و خوشكانی ژنەكەیی ‌و زۆربەی كەسوكارەكەی خۆی لەناو یانە شەوانەكانی سەرچنار‌ و شوێنە جیاوازەكاندا سەما دەكەن‌ و كاری لەشفرۆشی دەكەن، منداڵەكانیشیان بەرۆژ دەنێرن بۆ سواڵكردن، بەڵام وەك خۆی باسیكرد،" كەسوكارەكەی من بەویستی خۆیان ئەو كارە دەكەن‌و نەكڕدراون، چ رۆژێكیش ئارەزویان لێنەبێ ناچن بۆ كار".

ئەو چۆنیەتی  بازرگانیكردن ‌و فرۆشتنی ژنەكان بەم شێوەیە باسدەكات: "لەناوەڕاست ‌و خوارووی عێراق خەڵكێكی زۆر هەن، هەژارن، بەشێك لەوانە بێوەژنن ‌و كۆمەڵێك منداڵیان بەسەردا كەوتووە، كە بۆیان بەخێوناكرێت، بەشێكی دیكەیان كچی 14 تا 18 ساڵن‌ و بەهۆی كەمبونەوەی پیاو، خراپی باری ئابووری خەڵكەوە توانای شوكردنیان نییە، بۆیە ماڵە باوانیان توانایان نییە بەخێویان بكەن‌ و حەزدەكەن لەكۆڵیان ببنەوە، چونكە سەرباری خراپی رەوشی ئابووری، رەوشی سیاسیش ناجێگیرەو كەس بەكەس نییە بۆیە رەنگە زۆرجار ئەو كچانە بفڕێندرێن یان بكوژرێن، بۆیە خێزانەكانیان فرۆشتنەكەیان پێباشترە".

دەستا و دەستكردنی ئەو ژنانە ‌و گەیاندنیان به هەرێمی ‌كوردستان چەندین فرتوفێڵی تێدایە. ئەوان كاتێك كچێك یان ژنێك دەكڕن ناسنامەیەكی باری شارستانی بۆ تەزویر دەكەن‌ و ناوی كوڕێكی دەخەنە سەر كە بەمێردی دەیناسێنن ‌و ئەو پیاوەش ناسنامەی ناوی ژنەكەی دەخرێتە سەر‌و لەبابل یان بەغدا، یان هەر شارێكی تر گرێبەستی هاوسەرگیری تەزوریان بۆ دەردەهێنرێت، بەڵام بەشی زۆری ئەو ناسنامە تەزویرانە لەڕێگەی كوڕێكەوە دەكرێت، كە لەبازاڕی دارەسوتاوەكەیە و بەناو خەریكی حەماڵییە، بەڵام گروپێكی گەورەی لەپشتەوەیە، كە خەریكی كاری تەزویراتن. بەهۆی ئەو گرێبەست‌ و ناسنامە تەزویرەوە بەئاسانی سنورەكان دەبڕن تا دەگەنە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

بە گوێرەی وتەی سەرچاوە فەرمییەكە، هەندێك لەو ژنانە بەبڕی 2 بۆ 3 ملیۆن دینار لەناوەڕاست ‌و خواروی عێراقەوە دەكڕدرێن‌ و كاتێك دێنە ناو هەرێمی كوردستانەوە دەدرێن بەكۆمەڵێك دەڵاڵی ترو هەریەكێك لەو ژنانە دەبێت رۆژانە 400 بۆ 500 دۆلار پەیدا بكەن چونكە ئەو ژنانە كاتێك دەبرێنە چادرگەكانەوە موشتەریەكان یان كڕیارەكان لەوێوە هەڵیاندەگرن‌ و هەر ژنێكیان دەبێت رۆژانە چوار تا پێنج جار بچن بۆ لەشفرۆشی هەمو جارێكیش 100 تا 150 دۆلار وەربگرن‌ و بیهێننەوە بۆ دەڵاڵەكەی كە كڕیونی واتە هەر چادرێك رۆژانە 1600 تا 2000 دۆلاری تێدا پەیدا دەكرێت. بەڵام ئەو ژنانە چاوەڕوانی رەحمەتی دەڵاڵەكەن، ئەویش خۆیی ‌و ویژدانی بڕێك پارەیان بداتێ یان نا. پاش دوو، سێ مانگ ئەو دەڵاڵە بۆی هەیە بەیەكێكی تری بفرۆشێتەوە.

ئەم ژنانە جگە لەوەی لەشفرۆشییان پێدەكرێت ‌و هیچ مافێكیان نییە زۆر ئازار دەدرێن‌و تەنانەت مافی چونە لای پزیشكیشیان پێنادرێت‌ و ئەمانە هیچ پشكنینێكی‌ تەندروستییان بۆ ناكرێت‌ و نازانرێت ئایا هەڵگری هیچ ڤایرۆسێكی گواستراوەن یان نا.

سەرچاوە فەرمییەكە وردتر لەسەری دەدوێ‌ و ئاماژو بۆ ئەوە دەكات، كە جگە لەم ژنانەی به ‌دوو، سێ ملیۆن دینار دەفرۆشرێن ‌و پاش ماوەیەك مافی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە ناو كەس‌و كاریان، بەڵام كۆمەڵێكی تر هەن، كە بە 8 بۆ 9 ملیۆن دینار دەفرۆشرێن ‌و مافی گەڕانەوەیان نییە تا مردن.

زۆرێك لەو كچانە چواردە بۆ هەژدە ساڵن ‌و لای دەڵاڵێكی ژنن لەهەولێر، ئەو ژنە دەڵاڵە هەریەكێك لەو كچانە به ‌3000 هەزار دۆلار بۆ مانگێك دەفرۆشێت ‌و لای ئاساییە بیانكەنە ژن بەو مەرجەی دواتر بۆی بگەڕێننەوە تا كڕین ‌و فرۆشتنی دیكەیان پێوە بكات، بەڵام بەدبەختی ئەو كچانە ئەوەیە كە بەهەشت نۆ ملیۆن دینار كڕدراون ‌و تا مردن مافی گەڕانەوەیان نییە بۆ ناو كەسوكاریان. 

سەرچاوە فەرمیەكە ئاماژەی بەوەدا كە بازرگانی ‌و كڕین‌ و فرۆشتنی ژنان یەكێكە لەمەسەلە زۆر هەستیارەكان ‌و رۆژانە بەهۆی كرانەوەی سنورەكانەوە زیاد دەكات، كە زۆرێك لەوانەی دێن‌ و پشكنینیان بۆ دەكرێت ئایدزیانە"، بەڵام كۆمەڵێكی زۆری شاراوە هەن كە هیچ پشكنینێكیان بۆ ناكرێت‌ و خۆیان ڤایرۆسی كۆمەڵگەن، كە رەنگە ئێستا لەسلێمانیدا 1200 ماڵ‌ و شوێنی لەشفرۆشی زیاتر هەبێت، بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ هەولێر دوو ئەوەندەیە چونكە ئەوێ شارێكی بازرگانی ‌و پایتەختە".

ليست هناك تعليقات: