الخميس، 7 نوفمبر 2013

بە تۆمەتی كوشتنی ژنەكەی قالاوە پۆلیس سێ كەسی دەستگیر كرد

بە تۆمەتی كوشتنی ژنەكەی قالاوە پۆلیس سێ كەسی دەستگیر كرد
03:46:07/11/2013
وارڤین – سلێمانی: لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد، هێزەكانیان 3 كەسیان بە تۆمەتی دەستهەبوون لە كوشتنی ژنەكەی قالاوە دەستگیر كردووە. زانيارى زياتر له‌ باره‌ى ئه‌و ژنه‌ و ورده‌كارى تاوانه‌كه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌.

شەوی رابردوو، چوارشەممە - پێنجشەممە 6 – 7ی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەری 2013، لە گەڕەكی قالاوای شاری سلێمانی، لە لایەن چەند كەسێكی نەناسراو لەناو ئۆتۆمبێلێكی رەنگ سپیدا تەقە لە ژنێك كرا و بەهۆی بەركەوتنی پێنج فیشەكەوە ئەو ژنە كوژرا.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین" ژنەكە ناوی "ژیان بیلال" لەدایكبووی 1984ە و لە تەمەنێكی زوودا هاوسەرگیری پێكراوە و دایكی چوار منداڵە لە هاوسەرەكەی و دواتر جیابوونەتەوە و بە تەنیا لەگەڵ ژنێكی دیكەی بێهاوسەردا لە خانوویەكی گەڕەكی قالاوا ژیانی بردووەتە سەر.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی نەقیب "سەركەوت ئەحمەد" رایگەیاند، لە كاتێكدا بۆ شت كڕین لەگەڵ ژنە هاوڕێكەیدا لە ماڵ هاتووەتە دەرەوە، لە لایەن كەسانی نەناسراو لە ئۆتۆمبێلێكی سپییەوە تەقەی لێكراوە و بەو هۆیەوە "ژیان" ژیانی لەدەستداوە.

گوتیشی: "بنكەی پۆلیسی رزگاری سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن له تاوانەكە و لە بەرایی لێكۆڵینەوەدا 3 كەسی دۆست و ناسیاوی ئەو ژنە دەستبەسەر كراوون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەكرێت و فەرمانی گرتنیش بۆ چەند كەسێكی دیكە دەرچووە".

روونیشیكردەوە، ژیان دایكی چوار منداڵە، بەڵام منداڵەكان لای خۆی نین و دوای جیابوونەوەی، هاوسەرەكەی لای خۆی گلیداونەتەوە و ئەو بەخێوی كردوون و ژیان بە تەنیا ژیانی بەسەر بردووە.

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، هێشتا هۆكاری راستەقینەی كوژرانی "ژیان" نەزانراوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەكەن.

ئا: ئەرسەلان رەحمان.

ليست هناك تعليقات: