الخميس، 14 نوفمبر 2013

ئەو كەسەی دەستدرێژی كردە سەر 16 منداڵە كچەكە حوكمدرا

ئەو كەسەی دەستدرێژی كردە سەر 16 منداڵە كچەكە حوكمدرا
01:33:14/11/2013
وارڤین – هەولێر: لە دادگای یەكی تاوانەكانی هەولێر، تاوانباری دەستدرێژیكردنە سەر 16 منداڵ بە سزای زیندانی هەتا هەتایی حوكمدار.

لە دانیشتنی دادگادا، كە دوێنێ چوارشەممە 13ی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەری 2013 بەڕێوەچوو، دادگا بڕیاریدا تاوانبار "س.م.ح" بە سزای زیندانی هەتا هەتایی مەحكوم بكا، بەهۆی ساغبوونەوەی تاوانی دەسترێژی سێكسی كردنە سەر 16 منداڵی كچ.

دانیشتنەكەی دادگا بە سەرۆكایەتی دادوەر "عەلی عەوڵا" و بە بەشداری دادوەران "دیار محەممەد" و "ئەبابەكر محەممەد" و بە ئامادەبوونی داواكاری گشتی دادوەر "دیندار نوعمان" و پارێزەری بەرگری لە تۆمەتبار و پارێزەرانی داكۆكی لە مافی تایبەت بەڕێوەچوو.

لە دادگادا دوای خستنەڕووی بەڵگەكان و خوێندنەوەی راپۆرتی لێكۆڵینەوە و دانپێدانانی تاوانبار، هەروەها دۆسیەی دوو لە قوربانییەكانی ئەو تاوانە خرانەڕوو، دادوەر بڕیاری كۆتایی لە بارەی دۆسییەكەوە دەركرد.

بە گوێرەی بڕیارەكە، حوكمەكانی ماددەی 393ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، دادوەر رایگەیاند، تاوانی دەستدرێژیكردنە سەر منداڵان سزاكەی لەسێدارەدانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی تاوانبار نەگەیشتووەتە 20 ساڵ، بۆیە سزاكەی لە لەسێدارەدانەوە دەكرێت بە زیندانی هەتاهەتایی.

ليست هناك تعليقات: