الأحد، 3 نوفمبر 2013

سبەی دووەم دانیشتنی دادگای تایبەت بە دۆسیەی كوشتنی نەجیبە بەڕێوەدەچێت

سبەی دووەم دانیشتنی دادگای تایبەت بە دۆسیەی كوشتنی نەجیبە بەڕێوەدەچێت

04:10:03/11/2013
وارڤین – سلێمانی: بڕیارە سبەی دووشەممە 4ی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەری 2013 لە دادگای تاوانەكانی سلێمانی دووەم دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی نەجیبە قادر بەڕێوەبچێت و گروپی ژیانیش بانگەوازێكی ئاراستەی كەناڵەكانی راگەیاندن كرد.

تاوانی كوشتنی "نەجیبە قادر"، كاتژمێر02:20ی شەوی شەممە - یەكشەممە 30 – 31ی ئازار – مارسی 2013، لە گەڕەكی ئەندازیارانی شارۆچكەی رانیە روویدا و هاوسەرەكەی بەناوی "ع." بە تۆمەتباری سەرەكی تاوانەكە دەناسرێت.

دانیشتنی یەكەمی پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە، رۆژی چوارشەممە 9ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 213 دەستیپێكرد و دادوەری دۆسیەكە، داوای لە شاهێدەكانی سەلماندن كرد سوێندی یاسایی بخوێنن و شاهێدی خۆیان پێشكەش بە دادگا بكەن و لەو میانەیەدا هەریەك لە باوكی نەجیبە و كوڕێكی خۆی شاهێدیان دا و بڕیارە لە دانیشتنی سبەینێشدا دادوەر گوێ لە چەند شاهێدێكی دیكە بگرێت.

"نەجیبه"‌ دایكی چوار منداڵە و پێشتر كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا، هەبووە و هاوسەرگیرییەكەیان لەسەر بنەمای "ژن بە ژن" بووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی "وارڤین"، "ع. " هاوسەری نەجیبە، پۆلیس بووە و چەكی پیشەكەی لە لای بووە و پێش ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەهۆی ئەوەی تەقەی لە هاووڵاتییەك كردووە، لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە. دوای دەركردنی فەرمانی گرتن، ماوەیەك بە شێوەی قاچاخ ژیانی بەسەر دەبرد و دواجار بەهۆی تۆمەتباركردنی بە كوشتنی نەجیبە لە لایەن پۆلیسەوە قۆڵبەستكرا.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ گروپی ژیان، راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە، كە وێنەیەكی بۆ وارڤین نێردراوە و تێیدا هاتووە: "بۆ ئەوەی تاوانی كوشتنی نەجیبە هاوشێوەی تاوانەكانی دیكەی كوشتنی ژنان فەرامۆش نەكرێت، داواتان لێدەكەین، كە ئامادەییتان هەبێت بۆ پشتوانیكردن و ئامادەبوون لە دادگا ئەم تاوانە یەكێك لەو حاڵەتانەی كوشتنی ژنان كە گروپەكەمان كاری لەسەر كردووه، كە مێردەكەی تومەتبارە بە كوشتنی و ئێستا لە قۆناغی لیكۆڵینەوەدایه"‌.

دەقی راگەیەندراوەكەی گروپی ژیان:
راگەیاندنێك لە گروپی ژیانەوە:
بۆ سەرجەم كەنالەكانی راگەیاندن‌و ریكخراوەكانی كۆمەلگەی مەدەنی
بۆ ئاگاداریتان، ڕۆژی دوو شەممە 4-11-2013 كات 9:30 بەیانی لە دادگای سلێمانی ئامادە بن بۆ ئاگاداربونتان لە دادگایی تۆمەتباری كوشتنی "نەجیبە" كە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت و خوازیارن هەموو لایەك بەدواداچوونی بۆ بكات.

بۆ ئەوەی تاوانی كوشتنی نەجیبە هاوشێوەی تاوانەكانی دیكەی كوشتنی ژنان فەرامۆش نەكرێت و ، داواتان لێدەكەین، كە ئامادەییتان هەبێت بۆ پشتوانیكردن و ئامادەبوون لە دادگا ئەم تاوانە یەكێك لەو حاڵەتانەی كوشتنی ژنانە، كە گروپەكەمان كاری لەسەر كردووه،‌ كە مێردەكەی تۆمەتبارە بە كوشتنی و ئێستا لە قۆناغی لیكۆڵینەوەدایە.

ئەوەی جێی نیگەرانی گروپەكەمانە ئەم ژنە ماوەیەكی زۆر كێشەی لەگەڵ مێردەكەی هەبووە و به ‌بەردەوامی دەنگی خۆی گەیاندووەتە داواكاری گشتی و بەڕێو‌بەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان لە رانیە، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بێ سوود بوون، شایەنی باسە مێردی نەجیبە پێشتر لە چەندین تاوانی دیكەدا تێوە گلاوەو لە كاتی روودانی تاوانی كوشتنی ئەم كەیسەشدا فەرمانی گرتنی هەبووە، هەروەها پێشتر بە یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد كراوە .
گروپی ژیان
3-11-2013
ژت: 07711815288

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: