الأحد، 10 نوفمبر 2013

كەژاڵ ئەو ژنەی له‌ تاراوگه‌دا خەمی منداڵانی كوردی لە كۆڵگرتووە

كەژاڵ ئەو ژنەی له‌ تاراوگه‌دا خەمی منداڵانی كوردی لە كۆڵگرتووە

وارڤین – ستۆكهۆڵم: دووری ئەو لە نیشتمان و تەنیایی لە ئیشەكەیدا نەبوونە رێگر لە بەردەمیدا بۆ ئەوەی كەژاڵ ئاكرەیی لە سویدەوە هاوكاری ئەو منداڵانە بكات، كە لە هەرێمدا نەخۆشی دەگمەنیان هەیە و چارەسەریان دەستناكەوێت، كەژاڵ خوازیاریشە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەمییەوە بێن و كارئاسانی بۆ بكەن بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە هاوكاری منداڵانی نەخۆش بكات.

یەكەم ئەزموونی كاركردنی كەژاڵ لە بواری هاوكاریكردنی منداڵانی نەخۆش بە چیرۆكی فریشتەی تەمەن 4 ساڵ دەستپێدەكات. لە بارەی فریشتەوە كەژاڵ گوتی: "لە رێگەی هاوڕێیەكەوە بۆ یەكەمجار حاڵەتی ژیانی كچۆڵەیەكی چوار ساڵانم بینی، كە نەخۆشی مەنگۆلی (Down syndrom)ی هەبوو، ژیانی ئەو كچە منداڵە زۆر ئازار دەر بوو، بە جۆرێك كە رێچكەی ژیانمی بەرەو ئەو بوارەی ئێستا تێیدا كار دەكەم بەتەواوی گۆڕی".

لە بارەی ئازارەكانی ئەو كچەوە گوتی: "دایكەكە خەم دایگرتبوو، دەیگوت كە فریشتە لەدایكبوو، رووم نەدەهات خۆم پیشانی كەس بدەم، ئەو دایكە كەسێكی وای نەبوو فێری بكات چۆن مامەڵە لەگەڵ كچە نەخۆشەكەیدا بكات".

گوتیشی: "دایكەكە هیچ راهێنانێكی نەبینی بوو، كچە منداڵەكە بە شێت و بێ ئەقڵ دادەنرا، تەنانەت بە شێوەی دروست خواردنی پێ نەدەدرا و دایكیشی پێكەنینی پێم دەهات كاتێ دەمگوت ئەو منداڵە رادەهێنرێت و توانای فێربوونی شتەكانی هەیە".

كەژاڵ ئاكرەیی، لە ساڵی 1996ەوە هاوڕێ لەگەڵ خێزانەكەیان رووی لە سوید كردووە. ئێستا لەو وڵاتە گیرساوەتەوە و توانیویەتی لە بواری ئابووری بخوێنێت. لە بەشی بودجە و كاروباری كۆمەڵایەتی وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتەش پلەی بەرپرسیارێتی بەدەستهێناوە.

وێڕای ئەوەی چالاكی رێكخراوەیی ئەنجامدەدات، بۆ ماوەی چوار ساڵ وەك وەرگێڕی یاسایی بۆ پەنابەرانی كورد و عەرەب لە ئۆفیسی فەرمانگەی كۆچ و پاسەپۆرتی سویدی ئیشی كردووە.

دواتر پەرەی بە كارەكەی داوە، كۆمپانیایەكی بۆ خزمەتگوزارییەكانی زمان و وەرگێڕان و رێپیشاندەری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سوید و هەرێم دامەزراندووە.

لە ئێستادا وێڕای ئەركە فەرمییەكەی وەك فەرمانبەری وەزارەتی دارایی، ئەو لەگەڵ رێكخراوی "UMIA"، كه تاكه پرۆژەیەی سویدیە بە هاوكاری فەندی ئەوروپایی و بە سەرپەرشتی هەریەك لە وەزارەتی كار، شارەوانی ستۆكهۆڵم و فەرمانگەی دڵنیایی كۆمەڵایەتی بۆ هاوكاریكردنی ئەو گەنجانەی سووكە حاڵەتی تێكچوونی باری دەروونیان هەیە كار دەكات.

لە بارەی چالاكییەكانی لە بواری منداڵدرووستی، كەژاڵ گوتی: "پێویستیی منداڵانی كورد، بە چارەسەر و راهێنانی تەندروستانە و هاوكاریكردنی خێزانەكانیان وایلێكردم پەرە بە ئاستی شارەزاییم لەو بوارە بدەم و لێرە دەستم كردە خوێندنەوە و بەدواداچوونی ورد لە بواری راهێنانی منداڵانی نەخۆش و تێگەیشتن لە رێگەچارەی هاوكاریكردنیان".

لە بارەی رەوشی ئەو منداڵانەوە باسی لەوەشكرد، لە هەرێمی كوردستان زۆرجار رەفتاری هەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە ئەنجامدەدرێت، هەنێدێكجار ئەوان بە شێت لەقەڵەمدەدرێن، كە لە راستییدا ئەوان‌ شێت نین. كێشە ئەوەیە دایكان و باوكان شارەزاییان لە حاڵەتەكان نیە.

"من نەمدەتوانی بێدەنگ بم و هەروا سەیری داهاتووی رەشی ئەو منداڵانە بكەن، پێویست بوو كارێك بكەم و چیرۆكی فریشتە بۆ من سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو"، ئەو گوتی.

وەك كەژاڵ ئاماژەی پێكرد، لە هەرێمی كوردستان خزمەتگوزارییە حكومییەكانی تایبەت بە ژیان و داهاتوویی ئەو منداڵانەی تووشی ئەو نەخۆشییە تایبەتییانە بوون لە ئاستی پێویستدا نیە.

ئەوەی دڵی كەژاڵیشی خۆشتر كردبوو، ئەوە بوو، كە زۆرێك لە دایك و باوكان بە خۆشحاڵییەوە گوێیان بۆ ئەو رێنماییانە راگرتبوو كە لە میانەی سەردانەكانیدا بۆ هەرێم ئاراستەی دایك و باوكەكانی كردبوو.

ئەو گوتی: "زۆرێك لە دایك و باوكان، بەتایبەتی دایكەكان لە رێگەیەك دەگەڕان تا بتوانن یارمەتی جگەرگۆشەكانیان بدەن و لە ئازاریان كەمبكەنەوە".

خوشكەكەی كەژاڵ، مامۆستایە و لە قوتابخانەیەكی شاری هەولێر وانە دەڵێتەوە، وەك رێكخەری كارەكانی كەژاڵیش لە هەرێمی كوردستان كار دەكات و بووەتە لینكی پەیوندی كەژاڵ لەگەڵ منداڵەكاندا.

بۆ فریشتەی چوار ساڵە، كەژاڵ چەند جارێك لە هەولێر سەردانی ماڵەكەیانی كردووە و بەبەر چاوی دایكی فریشتەوە، راهێنانی فێركارانەی بە فریشتە كردووە و ئەنجامی كارەكەشی دڵی دایك و باوكی فریشتەی سەبارەت بە داهاتووی منداڵەكەیان بە ئاراستەی ئەرێنی گۆڕیوە.

ئەو گوتی: "بۆ نموونە لەبەر چاوی دایكی، هەوڵمدا فریشتە فێری شێوازی نانخواردن بێت، كردارەكانم چەند جارێك بەبەر چاوویەوە دووپاتكردەوە، دڵخۆش بووم كە بینیم فریشتە نیگای چاوە رەشەكانی تێكردبووم و خەندە كەوتبووە سەر لێوە وشكهەڵگەڕاوەكەی".

لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەكانی فریشتە زۆرن، بەڵام كێ لە خەمی ئەواندایە، وەك كەژاڵ روونیكردەوە، ئەو جۆرە حاڵەتانە لە تەمەنی حەوت بۆ هەشت ساڵی پێویستیان بە قوتابخانەی تایبەت هەیە و هەفتانەش دەبێت راهێنەری تایبەت سەردانیان بكات و لە كێشە و خواستەكانیان بكۆڵێتەوە.

ئەوەشی نەشاردەوە، كە ئاواتی ئەوەیە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان فێرگەیەك یان سەنتەرێكی تایبەت بە راهێنان و فێركردنی ئەو منداڵانە بكاتەوە و لەو دامەزراوەیەدا كۆرسی راهێنان بۆ راهێنەران و سەرپەرشتیارانی خێزانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكاتەوە.

كەژاڵ ئەوەشی نەشاردەوە، ئەو پزیشك نیە، چارەسەری حاڵەتەكان بكات، بەڵكو كارەكەی مرۆییە و تەنیا دەیەوێت هاوكاری مرۆیی و مەعنەوی پێشكەش بە سەرپەرشتیارانی ئەو منداڵانە بكات و هاوكاریان بكات لەوەی چۆن رەفتار لەگەڵ حاڵەتی منداڵەكەیان دەكەن.

لە میانەی كاركردنیدا تا ئێستا هیچ لایەن و رێكخراوێكی ناوخۆیی و دەرەكی و حكومەتی بۆ ئەو كارە مرۆییانە، هاوكاری كەژاڵیان نەكردووە و داهاتی كۆمپانیاكەی و بەخششی زیادە كاركردنی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چالاكیانەی تەرخانكردووە و تەنانەت مانگانە بڕێك لە موچەكەشی تایبەت دەكات بۆ كڕینی ئەو دەرمانانەی منداڵان پێویستیانە و لە هەرێم دەستناكەون و وەك هاوكاری بۆیان دەنێرێتەوە.

ئەوەشی نەشاردەوە، كە پزیشكێكی خانەنشینی سویدی لە بارەی كەیسەكانییەوە هاوكاری دەكات و رێنمایی پێویستی خۆبەخشانە پێدەدات.

كەژاڵ لە میانەی پرۆژە خێرخوازییەكەیدا هاوكاری منداڵانی توشبوو بە نەخۆشییەكانی "diagnos"، " Neuropsykiatrik"، " Diagnos ADHD"، " Autism"، " Aspergers syndrom"، "Downsyndrom"، "mild intellectual disability" دەكات.

كێشەی سەرەكی ئەو منداڵانە لەوەدایە، كە بەهۆی بەندوباوە كلتوورییەكانی كۆمەڵگەی كوردەوارییەوە، بوونی وەها حاڵەتێك لەناو خێزاندا زۆرجار بە عەیبە و مایەی شەرم لێكدەدرێتەوه.

لەو دۆخەشدا منداڵانی كچ دووجار دەبنەوە قوربانی، جارێك لەبەر تووشبوونیان بەو نەخۆشییە، جارێكیش لەبەر ئەوەی كچن لە بەرچاوی كۆمەڵگە دەشاردرێنەوە و پیشانی دكتۆری تایبەت نادرێن و تەنانەت بەند دەكرێن بە پاساوی ئەوەی كچەكە شێتە و بەرگ و پۆشاكی دادەماڵێت.

كەژاڵ ئاكرەیی داوا دەكات لە هەرێمی كوردستانەوە رێكخراوەكان و وەزارەتی تەندروستی و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە تەنگ پرۆژەكەیەوە بێن و دەستباری لەگەڵ بگرن بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە بتوانێت ئەو پڕۆژەیە فراوانتر بكات و كاتی زیاتری بۆ تەرخانبكات و لە هەولێردا سەنتەرێكی تایبەت بۆ راوێژ و راهێنانی ئەو منداڵانە و بەخێوكارانیان بكاتەوە.

هەروەها داوای هاوكاری لە مرۆڤدۆستان و چالاكانی بواری مافەكانی منداڵ دەكات بۆ ئەوەی هەماهەنگی یەكتر بكەن لە خزمەتكردنی منداڵانی كورد.

كەژاڵ گوتی: "رۆژانە دەیان فریشتەی بێناز بەهۆی نەزانینی مامەڵەی بەخێوكارانیان و فەرامۆشكردنیان لە لایەن ناوەندە رەسمییەكان و نەبوونی هاوكاری پێویست بۆیان رووبەڕووی ژیانێكی دژوار دەبنەوە، با هەموومان كار بكەین بۆ ئەوەی خەندە و شادی بگێڕینەوە بۆ ئەو منداڵانە و خێزانەكانیشیان بەختەوەر بكەین و پێیان بڵێین كە ئێوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتە ناسروشتیەدا تەنیا نین و ئێمەش لەگەڵتانین".

بۆ پەیوەندیگرتن بە كەژاڵ ئاكرەییەوە: kurdakrawi@msn.com
ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: