الاثنين، 18 نوفمبر 2013

لە وێركشۆپێكدا پرسی كاری میدیایی لەسەر یاسای توندوتیژی خێزانی خرایەڕوو

لە وێركشۆپێكدا پرسی كاری میدیایی لەسەر یاسای توندوتیژی خێزانی خرایەڕوو

12:00:18/11/2013
لايه‌نێك له‌ وێركشۆپه‌كه‌- سلێمانى.
وارڤین – سلێمانی:  لەچوارچێوەی پرۆژەی پاڵپشتی یاسایی، رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان وێركشۆپێكی لە ژێر ناوی "یاسای توندوتیژی خێزانی و كاركردنى راگەیاندنكاران له‌ باره‌ى ئه‌و ياسايه‌وه‌" سازكرد.

لە وێركشۆپەكەدا، كە رۆژی شەممە 16ی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەری 2013 لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ژمارەیەكی بەرچاو لە نوێنەرانی كەناڵەكانی راگەیاندنی بینراو، بیستراو و نوسراو بەشداربوون.

بەگوێرەی كارنامەی وێركشۆپەكە، سەرەتا پارێزەر و بەڕێوبەری رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان "شۆخان حەمە رەشید" پوختەیەكی لە بارەی ماددەكانی  یاسای توندوتیژی خێزانی و  چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و لیژنەی ئاشتەوایی و گرنگی و كێشەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاساكەی خستەڕوو.

دواتر لە ژێر ناونیشانی "رۆژنامەنووس و كێشەكانی لەگەڵ دەقە یاساییەكاندا" پارێزەر "بەكر حەمە سدیق"، بابەتێكی پێشكەشكرد و تێیدا پرسی یاساكانی پەیوەست بە كاری رۆژنامەوانی لەوانە یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامەوانی هەرێمی كوردستان و یاسای خراپ بەكارهێنانی مۆبایلی خستەڕوو و دەقە یاساییەكانی بەراورد كردن بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی عێراقی.

لەو چوارچێوەیەدا "بەكر حەمە سدیق" باسی لە ماددەكانی 433ی تایبەت بە ناوزڕاندن لە یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی 434ی هەمان یاسای تایبەت بە برینداركردنی هەست كرد.

لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا ئەو پارێزەرە، سەرنجی رۆژنامەوانانی راكێشا بۆ كاركردن لەسەر پرسەكانی: مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەواڵانەی پەیوەندیان بە دادگاوه هەیە،‌ ئەو هەواڵانەی پەیوەندیان بە كێشە كۆمەڵایەتی و تاوانە ئاكارییەكانەوە هەیە، هاوڕێ لەگەڵ ئەو هەواڵانەی پەیوەندییان بە كێشە خێزانی و ئاینی و نەتەوەیی و كلتوورییەكانەوە هەیە و داوای لە میدیاكاران كرد، زۆر ورد و ئاكارییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە هەواڵانە بكەن و لە داڕشتنیاندا وردی و دیقەت بەكار بهێنن.

لە بەشێكی دیكەی وێركشۆپەكەدا، مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی دكتۆر "هەڤاڵ ئەبوبەكر" باسێكی لە بارەی "كاریگەری توندوتیژی لەسەر راگەیاندنەكان و كایەی ئیتیكی راگەیاند" پێشكەشكرد.

"هەڤاڵ ئەبوبەكر" لە باسەكەیدا پرسی كاریگەری راگەیاندنی لە رووماڵی هەواڵە رانەگەیەندراوەكان كرد و ئاماژەی بەوە كرد، بڵاوكردنەوەی هەواڵی رووداوێك رێگەیەكە بۆ بەدیاردە كردنی ئەو رووداوە و بۆ ئەوەی كاریگەری نەرێنی لەسەر تاك و كۆمەڵگە بە شێوەی نەرێنی درووست نەبێت، پێویستە رۆژنامەوانان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووماڵی هەواڵەكان و داڕشتنەوەیان بكات.

ئەو رەخنەی لە كایەی میدیای كوردی گرت و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ماوەی چەند ساڵێكە میدیای خۆرئاوایی كار لەسەر جۆرە رۆژنامەوانییەكی پێشكەوتوو لە ژێر ناونیشانی "رۆژنامەوانی بەدواداچوون و كنە و پشكنینی ورد"دا دەكات، بەڵام هێشتا كایەی میدیای كوردی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.

لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا ئەو مامۆستایەی زانكۆ سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای پرسی لاساییكردنەوەی درامە و فیلمە بیانییەكان راكێشا و رایگەیاند، نەوەی دەیەی شەست و حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كەوتنە ژێر كاریگەری فیلمە میسر و هندییەكان و لە هەردوو جۆرە فیلمەكانیشدا ژنان كەسایەتییەكی ژێرچەپۆك و چەوساوەن و كەم فیلمی میسری هەیە كە پاڵەوانەكەی لە ژن نەدات و هەمان پاڵەوان رۆڵێكی رێزلێگیراوی لە كۆمەڵگەدا پێدراوە و ئەمە وایكردووە، ئەو جۆرە رەفتارە توندوتیژانە لاساییبكرێنەوە.

هەروەها ئاماژەی بە لایەنە نەرێنییەكانی رۆژنامەوانان كرد و تیشكی خستە سەر خۆبەكەمگرتنی رۆژنامەوانان لە ئاست كەساییەتیه گەندەڵ و لادەرەكان و بە وێنە گرتن لەگەڵیان جارێكی دیكە رۆژنامەوانان بوونەتەوە بە هۆیەك بۆ پارێزگاریكردن لە شكۆی كۆمەڵایەتی ئەو جۆرە كەسانە.

دوای كۆتایهاتنی باسەكەی دكتۆر "هەڤاڵ ئەبو بەكر" بەشداران بە سازدانی وتوێژێكی كراوە و گەڵاڵەكردنی پێشنیاز و راسپاردە كۆتاییان بە وێركشۆپەكە هێنا.

ئا: ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

ليست هناك تعليقات: