الخميس، 14 نوفمبر 2013

نەزیهە دلێمی مەشخەڵهەڵگری بزوتنەوەی ژنانی عێراق

نەزیهە دلێمی مەشخەڵهەڵگری بزوتنەوەی ژنانی عێراق

07:53:14/11/2013
وارڤین – هەولێر: نەزیهە دلێمی پرشنگدارترین ناوی ژنانی نیوەی دووەمی سەدەی رابردووی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو یەكەم ژنی عەرەب بوو، كە بووەتە‌ وەزیر، رۆڵێكی كاریگەری هەبووە لە دەرچوونی یاسای باری كەسێتی ساڵی 1959ی عێراق كەلەو سەردەمەدا بێوێنە بووە و گەشتی ژیانی لە 1923ەوە دەستیپێكردووە و لە 2007 كۆتایی پێهاتووە.

وێستگەكانی ژیانی نەزیهە دلێمی:
- نەزیهە دەودەت دلێمی، ساڵی 1923 لە گەڕەكی بارودیەی شاری بەغدا لەدایكبووە. هەر لەوێ قۆناغی سەرەتای تەواو كردووە.

- ساڵی 1941 لە بەشی پزیشكی بەغدا بووەتە فێرخواز و هەمان ساڵیش لەگەڵ هاوڕێكانیدا هەولی كۆكردنەوەی هاوكاری و پیتاكی داوە بۆ پشتیوانی لە سووپای عێراق و پشتگیركردن لە شۆڕشی ئەفسەرانی ئازادیخواز بە سەركردایەتی رەشید عالی گەیلانی.

- لە ناەڕاستی دەیەی چلەكانی سەدەی رابردوو، دەستی بە چالاكی سیاسی كردووە و لەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكانی ژنی هاوڕێیدا لە كۆمەڵەی قەڵاچۆكردنی "نازیەت و فاشیزم" كاریكردووە، كە ئەو كاتە سەرۆكی كۆمەڵەكە "ڤیكتۆریا نوعمان" بووە، كە دواتر بووە یەكەم ژنە بێژەری رادیۆی عێراق.

- ساڵی 1948، واتە دوای ساڵێك لە دەرچوونی لە كۆلیژی پزیشكی زانكۆی بەغدا، پەیوەندی بە ریزەكانی حزبی شیوعی عێراقەوە دەكات و بەهۆی توانا و لێهاتوویی لە كاروباری حزبی و تێگەیشتوویی لە سیاسەتدا دەكرێتە ئەندامی لیژنەی مەركەزی حزبی شیوعی. هەر لەو سەردەمەدا بەشداری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی دژ بە پەیمانی "پۆرتسمۆپ" كرد و یەكێك بوو لە رێبەرانی چالاكییەكانی ژنان دژ بە دەسەڵاتی ئینگلیز و ستەمی دەسەڵاتی پادشایەتی عێراق.

- تەواوكردنی زانكۆ بووە سەرەتاییەكی گرنگ لە ژیانی "نەزیهە" و بەهۆی پسپۆڕییەكەیەوە سەرەتا لە نەخۆشخانەی پادشایی عێراق دامەزرا، دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی "كەرخ"، پاشان بەهۆی تۆمەتباركردنی بە تاوانی جینائی، رووبەڕووی لێكۆڵینەوە كرایەوە، دواتر گواسترایەوە بۆ شاری سلێمانی و وەك پزیشك لە نەخۆشخانەی سلێمانی كاریدەكرد و تێكەڵی ژیانی رۆژانەی خەڵك بوو، زانیاری زۆری لە بارەی رەوشی ژن و شێوازی گوزەرانی كورد كۆكردەوە، دواتر گواسترایەوە بۆ كەربەلا لە باشووری عێراق و ماوەیەكیش لەوێ كاركردووە و بۆ جارێكی دیكە گواسترایەوە بۆ ناوچەی هۆرەكان. كاركردنی لە باكوور و باشوور و ناوەڕاستی عێراق وایكردبوو، "نەزیهە دلێمی" شارەزاییەكی هەمە لایەن لە بارەی رەوشی ژنان و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی توێژەكانی كۆمەڵی عێراقی بەدەستبهێنێت و دواجار دواسترایەوە بەغدا.

- لە ماوەی كاركردنی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق، "نەزیهە" توانی لە دوو توێی كتێبێكدا رەوشی ژنی عێراق تۆمار بكات. لەوێوە بیرۆكەی دامەزراندنەوەی رابیتەی لەلا گەڵاڵە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ 30 ژنی خوێندەوار و چالاك كۆبوویەوە و بیرۆكەكەی بۆ روونكردنەوە و بە پشتیوانی ئەوان داوای مۆڵەتی دامەزراندنی رێكخراوێكی ژنانی بە ناوی رێكخراوی "كۆمەڵەی رزگاری ژن" پێشكەش بە دەسەڵاتی پادشایەتی كرد. بەڵام بە بیانووی "پاراستنی بەرژەوەندی گشتی" دەسەڵات مۆڵەتی بە رێكخراوەكە نەدا.

- دوای رێگەگرتن لە راگەیاندنی ئەو رێكخراوە، "دلێمی" دەستیكرد بە كاری رێكخستنی نهێنی بۆ درووستكردنی رێكخراوەكەی و توانی بە بەشداری سەدان ژن، رێكخراوێكی نهێنی بەناوی "رابیتەی بەرگری لە مافی ژنی عێراقی" دابمەزرێنێت و ئامانج و بەرنامەی رێكخراوەكەش بە شێوەی چاپكراوی نهێنی بڵاو بكاتەوە.

- دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958، سەركردەی شۆڕش و یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق "عەبدولكەریم قاسم"، لەسەر راسپاردەی حزبی شیوعی، "نەزیهە دلێمی" وەك وەزیری شارەوانی لە كابینەی حكومەتەكەیدا دەستنیشانكرد و بەم شێوەیە نازناوی یەكەم ژنە وەزیری وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێنا، چونكە تا ئەو كاتە لە هیچ وڵاتێكی عەرەبی ژن نەگەیشتبووە پلەی وەزیری.

- لە سەردەمی كاری وەزارەتیدا، رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە بنیاتنانەوەی عێراق و دروستكردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان و لە دیارترین كارەكانی سەردەمی وەزیرییەكەی بنیاتنانی ناوچەی "الپورە"ی بەغدا بوو، كە ئێستا پێی دەگوترێت ناوچەی "الصدر".

- لە دوای سەركەوتنی شۆڕش ناوی رێكخراوەكەی  لە "رابیتەی بەرگری لە مافی ژنی عێراقی" گۆڕی بۆ  "رابیتەی ژنی عێراق"، كە لەسەرتاسەری عێراقدا ئەو كاتە 42 هەزار ئەندامی هەبوو. بە هۆی ئەو پشتیوانییەوە، خۆی و رێكخراوەكەی رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە دەرچوونی یاسای باری كەسێتی 188ی ساڵی 1959ی عێراق، كە تێیدا بە رادەیەكی بەرچاو و بێ وێنە لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە دانی بە مافی ژناندا نابوو.

- دوای سەرهەڵدانی ناكۆكی نێوان عەبدولكەریم قاسم و حزبی شیوعی، "نەزیهە دلێمی" وەك وەزیری بێ وەزارەت مابوویەوە.

- لە سەرەتای ساڵی 1963 سەردانی مۆسكۆی پایتەختی یەكێتی سۆڤیەتی ئەو كاتەی كرد و ئەو كاتەی لە عێراق كودەتای خوێناوی یەكەمی بەعسییەكان دژی عەبدولكەریم قاسم لە 8ی شوباتی 1963 روویدا ئەو لە سۆڤیەت بوو.

- دژی كودەتاچییەكان مۆسكۆی بەرەو پراگ بەجێهێشت و لەوێوە بەشداریكرد لە دروستكردنی بزوتنەوەی "بەرگی لە گەلی عێراق" كە هەریەك لە "محەممەد مەهدی جەواهیری"ی شاعیر و "فەیسەڵ ئەلسامر" و "شاكر خەصباك" گەڵاڵەیان كربوو.

- ساڵی 1968 گەڕایەوە بەغدا و لەگەڵ هاوڕێ شیوعییەكانیدا بە شێوەی نهێنی كەوتەوە كاركردن و لەو ماوەیەدا برایەكی و دایكی كۆچی دواییان كرد.

- ساڵی 1979 بۆ جاری دووەم عێراقی بەجێهێشت و روویكردە ئەڵمانیا.

- ساڵی 2004 ئەنجومەنی حوكم لە عێراق، بڕیاریدا موچەیەكی خانەنشینی بە بڕی 750 دۆلاری مانگانەی بۆ ببڕێتەوە و لە یەكی نیسانی ئەو ساڵەوە بۆی هەژمار كرا.

- دوای ململانێكی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشیدا، كە لە 2002ەوە بەدەستییەوە دەیناڵاند، رۆژی 9ی تشرینی یەكەم – ئۆكتۆبەری 2007، لە تەمەنی 84 ساڵیدا و لە وڵاتی ئەڵمانیا، "نەزیهە دلێمی" كۆچی دواییكرد. لەسەر راسپاردەی پێشمەرگیی خۆی، تەرمەكەیان هێنایەوە بەغدا و لە گۆڕستانی "شێخ مەعروف كەرخی" بەخاكسپێردرا.

سەرچاوەكان:
-عادل حبة، في أربعینیه‌ فقیدتنا الغالیة الدكتورة نزیهة الدلیمي، http://www.alnoor.se/article.asp?id=13838.

- رفعة عبد الرزاق محمد، العراق فی مثل هذا الیوم: رحیل نزیهة الدلیمي، http://www.almadapaper.net/ar/news/

- موقع الجدلیة، ملف من الارشیف: نزیهة الدلیمي، http://www.jadaliyya.com/pages/index/9439/

- بی بی سی: وفاة أول وزیرة في تاریخ العراق،http://news.bbc.co.uk/hi/arabic/world_news/newsid_7036000/7036349.stm

- ویكیبیدیا، نزیهة الدلیمي.

-  إنعام كجه جی، نزیهة الدلیمی الطبیبة العراقیة التی عشقت السیاسة،http://www.ankawa.com/forum/index.php?topic=135693.0;wap2.

- ستار عباس، نزیهة الدلیمی:كارزما المرأة العراقیة فی التاریخ الحدیث،الحوار المتمدن-العدد: 3501 - 2011 / 9 / 29،http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=277511

ئا: ئەرسەلان رەحمان

ليست هناك تعليقات: