الجمعة، 27 سبتمبر 2013

سەید سادق: دوو ژن گیانیان لەدەست دا و ژنێكی دیكە خۆی سووتاند

سەید سادق: دوو ژن گیانیان لەدەست دا و ژنێكی دیكە خۆی سووتاند

01:34:27/09/2013
وارڤین – سەیدسادق: ژنێك بە لایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەقۆ كوژرا و ژنێكیش بەهۆی كارەباگرتنەوە‌ ژیانی لەدەستدا و ژیانی ژنێكیش بەهۆی سووتانەوە لە مەترسیدایە، ئەم سێ حاڵەتە دوێنێ لە سنووری قەزای سەیدسادق تۆمار كراوون.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ "وارڤین"، بەڕێوبەری پۆلیسی سەیدسادق موقەدەم "حەكیم عەزیز" رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 26ی ئەیلوول – سێپتێمبەری 2013، لە گوندی "بەردەڕەش"ی سەربەناحیەی "بەرزنجە"ی قەزای سەیدسادق، ژنێكی لەدایكبووی 1992 بەهۆی بەركەوتنی تەزووی كارەباوە ژیانی لەدەستداوە.

گوتیشی: "لە رووداوێكی دیكەدا كچێكی لەدایكبووی 1995 ی دانیشتووی سەیدسادق كە پیشەی خوێندكارە، بەهۆی بەربوونی غاز و ئاگر گرتنییەوە جەستەی سووتاوە".

روونیشیكردەوە، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی جەستەی ئەو كچە فێرخوازە، بەڕێژەی 61% سووتاوە و دوای چارەسەری سەرەتایی لە سەیدسادق رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە سلێمانی كراوە لێكۆڵینەوەلەو رووداوە دەستیپێكردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوبەری پۆلیسی سەیدسادق باسی لەوەشكرد، ئێوارەی دوێنێ هێزەكانی پۆلیس لە گەڕەكی "حەسار"ی قەزای سەیدسادق تەرمی ژنێكیان دۆزیوەتەوە، كە لە ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن هاوسەرەكەیەوە بە چەقۆ كوژراوە.

گوتیشی: "ئەو ژنەی بە چەقۆ كوژراوە، لەدایكبووی 1977ە و خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە".

روونیشیكردەوە، دەستبەجێ تەرمی كوژراوەكە رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە لە سلێمانی و تۆمەتبارەكەش كە هاوسەری ژنەكەیە، دەستگیركراوە و لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانیناوە بەتاوانەكەیدا و بە گوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندكراوە.

ليست هناك تعليقات: