الاثنين، 23 سبتمبر 2013

بەهۆی خوێنبەربوونەوە دوای شەوی بوكێنی گیانی لەدەستدا

بەهۆی خوێنبەربوونەوە دوای شەوی بوكێنی گیانی لەدەستدا

08:29:17/09/2013
وارڤین – یەمەن: لەوڵاتی یەمەن بەهۆی نەبوونی یاسایەك بۆ دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری حاڵەتی مردنی كچانی تەمەن حەوت بۆ هەشت ساڵ لەهەڵكشاندایە، كەدوا حاڵەتیان كچێكی هەشت ساڵانە كە شەوێك دوای گواستنەوەی بەهۆی خوێنبەربونەوە گیانی لەدەستدا.

"راقیە حەمیدان"، پارێزەرو چالاكوان  بۆ سایتی BBC ئاماژەی بەوە كردوە لەوڵاتی یەمەن ژمارەیەكی زۆری ئەو كچانەی لەتەمەنی زۆر بچوكدا بەشودەدرێن دوای شەوی یەكەمی هاوسەرگیری بەهۆی خوێنبەربونی زۆرەوە بوونەتە قوربانی، دەشڵێت "هەرچەندە یاسای باری كەسی لەیەمەن هەمواركراوەتەوە، بەڵام هیچ كات لەبەرژەوەندی ژنان نەبووه".

راقیە ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەی بۆ هەژاری خێزانەكان گەڕاندەوە كاتێك بژێوی ژیانی رۆژانەیان دەستناكەوێت‌و بەلایانەوە 500 دۆلار لەگیانی كچەكەیان زۆر بەنرخترە، بۆیە شووكردنی كچێكی تەمەن 8 ساڵان بەپیاوێكی سەروی 40 ساڵی‌و دواتر گیانلەدەستدانی بەهۆی خوێنبەربوون زۆر ئاساییە، دەڵێت "تەنانەت لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچونیشی بۆ ناكات".

هەرچەندە لەو وڵاتە هەوڵی زۆر درا دژی هاوسەرگیری پێشوەختە، چەندین رەشنوسی یاساش بۆ پەرلەمان بەرزكرایەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەگەڵ‌ هاتنی شۆڕشی یەمەن هەوڵەكان زیاتر شكستی هێنا ئێستاش قسەكردن لەسەر ئەو مەسەلەیە جێگای پێكەنینی دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتەیە، چالاكوانانی یەمەن دەڵێن حكومەت بەرپرسیاری یەكەمە لەگیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە.

"روان" ئەو كچە یەمەنیەیە كە لەتەمەنی 8 ساڵیدا بەشودرا‌و دوای شەوی بوكێنی بەهۆی خوێنبەربونی زۆرەوە لەكۆئەندامی زازوێ گیانی لەدەستدا. 

"حوریە مەشهور"، ژنە وەزیری هاوپشتی یەمەنی لەلێدوانێكیدا بۆ BBC رایگەیاندوە كە وەزارەتەكەی بەدواداچون بۆ گیانلەدەستدانی "روان" دەكات، ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە لەیەمەن یاسایەك نیە تەمەنی هاوسەرگیری دیاری بكات. 

پێشتریش دوای گیانلەدەستدانی كچێكی تەمەن 8 ساڵان بەناوی "نجود" لەساڵی 2009دا هەڵمەتێك كرا بۆ دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری كە ئەنجومەنی نوێنەرانیش رەزامەندی لەسەر پیشاندا، بەڵام ئیسلامیە توندڕەوەكان رێگایان پێنەدا جێبەجێبكرێت.

"حوریە" پێیوایە تەنها بەدیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری ئەو كێشەیە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو كۆمەڵگای یەمەنی پێویستی بەهوشیاركردنەوەو نەمانی هەژاریی و  گرنگیدان  بەخوێندن هەیە.

لەوڵاتی یەمەن هاوسەرگیری گەشتیاریش هەیە هەروەك "عەلی دیلمی" له ‌رێكخراوی پارێزگاری لەماف‌ و ئازادییەكان دەڵێت: "دەوڵەمەندانی كەنداو پارەی زۆر بەخێزانە یەمەنیەكان دەدەن بەرامبەر هاوسەرگیری لەگەڵ‌ كچە بچوكەكەیان". 

بەڵام وەزیری هاوپشتی یەمەن پێیوایە دیاردەی زەواجی گەشتیاری لەوڵاتەكەیدا روی لەكەمیكردووە "چونكە حكومەتی یەمەن ئەو كەسەی لەدەرەوەی یەمەن بێت پێویستە رەزامەندی سەفارەت‌و رێگەپێدان لەوەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی بێنێت". 

مردنی "روان" لەشەوی دوای گواستنەوەكەیداو گیانلەدەستدانی بەهۆی خوێنبەربوونەوە بووەتە باسی زۆرینەی میدیا جیهانیەكان ‌و هاوكات هاوسەرگیریەكەشی لەگەڵ پیاوێكی بیانی بووە.

"سوڵتان ئەلسامعی" وتەبێژی بزوتنەوەی دادوەریی و گۆڕان بە BBC راگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەران لەهەوڵی ئەوەدابوون تەمەنی 18 ساڵی وەك تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری دیاریبكرێت، بەڵام ئیسلامیە توندڕەوەكان چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دەیانوت ئەو یاسایە دژی ئیسلامە. دەشڵێت "ئەوەی لەیەمەن رودەدات فرۆشتنی منداڵ‌‌و بەها مرۆییەكانە بەتایبەت لەناو گوندنشینەكاندا".

"سوڵتان" ئاماژە بەوە دەكات لە 95%ی ژنە یەمەنییەكان لەناسنامه ‌و رەگەزنامەكانیان بێبەشن ئەوەش وا دەكات بەئاسانی كچانی تەمەن بچوك لەپیاوێكی بەتەمەن مارە بكرێن، تەنانەت لەبەردەم دادوەریش ئامادە نابن تەنها باوكی كچەو چەند شایەتحاڵێك بەبێ ئەوەی پرسیار لەتەمەنی كچەكە بكرێت پرۆسەكە بەڕێوەدەبەن.

ئیسلامییەكانیش حكومەت بەكەمتەرخەم دەزانن هەروەك "زەید ئەلشامی" سەرۆكی كوتلەی چاكسازی ئاماژەی پێدەكات كێشەكە تەنها دیاریكردنی تەمەنی هاوسەرگیری نیە، لەئەنجومەنی نوێنەرانیش ئیسلامیەكان تەنها كەمینەیەكن، بەڵكو وڵات كۆنترۆڵی لەدەستداوە.

"شامی" باسی لەوەشكردوە كەمنداڵ هەر منداڵە‌و هاوسەرگیریەكە پەیوەندی بەجەستەو عەقڵی كچەكەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش باوكان تەمەنی كچەكانیان تەزویر دەكەن.

رێكخراوی "هیومان رایتس ۆچ" لەدوا راپۆرتیدا ئاشكرای كردووە نیوەی هاوسەرگیری لەیەمەن لەخوار تەمەنی 18ساڵیەوەیە، بەڵام لەگوندەكان لەتەمەنی هەشت ساڵیش بچوكترە، ئەو راپۆرتە ئاماژەی بەوەشكردوە یەمەن بەهەژارترین وڵاتی جیهان ئەژمار دەكرێت‌و ئەوەش وایكردوە خێزانە هەژارەكان كچەكانیان لەتەمەنێكی بچوكدا بەشو بدەن.

"نادیە" یەكێكە لەو كچانەی لەتەمەنی 13ساڵی بەشوودراوە دەڵێت "هاوسەرگیری بۆ من تەنها ئاهەنگەكە بوو هیچی ترم نەدەزانی سەبارەت بەژیانی هاوسەری، بۆیە دژی ئەو جۆرە هاوسەرگیریانەم".

رێكخراوی "هیومان رایتس ۆچ" پێیوایە هاوسەرگیری پێشوەخت ژنان تووشی گۆشەگیری دەكات‌و رێگە لەكچ دەگرێت درێژە بەخوێندن بدات، هاوكات زیاتریش توشی توندوتیژی خێزانی دەبێتەوە، چونكە لەو كۆمەڵگەیەدا ژن دەبێتە ژێردەستەی پیاوەكەیی و خێزانی پیاوەكەی.   

ليست هناك تعليقات: